Skip to Content

Friday, October 22nd, 2021

ئێمه‌ ئه‌مه‌ریکامان خۆش ده‌وێت ، به‌ڵام ئه‌وان گوێمان پێناده‌ن……هیدایه‌ت مه‌لا عه‌لی

Be First!
by March 1, 2009 گشتی

ئێمه‌ ئه‌مه‌ریکامان خۆش ده‌وێت ، به‌ڵام ئه‌وان گوێمان پێناده‌ن
( نێچیرڤان بارزانی )

له‌دوای ڕووخانی ڕژێمی به‌عسی سه‌ر‌کوتگه‌ر و داگیرکردنی عێراق له‌لایه‌ن( ئه‌مه‌ریکاوه‌) ئاڵوگۆڕێکی گه‌وه‌ره‌ له‌ ئاستی ناوخۆ و ناوچه‌که‌و جیهاندا هاته‌پێشه‌وه‌ ، هاوکێشه‌ی سیاسی له‌ عێراق به‌گشتی و کوردوستان به‌تایبه‌تی وه‌رچه‌رخانێکی بێ وێنه‌ی به‌خۆیه‌وه‌بینی ، داگیرکاری توانی پێناسه‌یه‌کی تازه‌ به‌ڕووداو پێشهاته‌کان بدات و کاریگه‌ری ده‌وڵه‌تان و جێگاوڕێگای هه‌ریه‌کێک له‌ هێزو بزوتنه‌وه‌ کۆمه‌ڵایه‌تیه‌کان  سه‌ر له‌نوێ دیاری بکاته‌وه‌ ،  له‌دوای ڕاپه‌ڕینی ئازاری ساڵی ( 1991 ) له‌ کوردوستان و پێکهێنانی ( ناوچه‌ی ئارام ) له‌لایه‌ن( ئه‌مه‌ریکاوه‌) چه‌ند فاکته‌رێک ڕێگایان بۆ ئه‌وه‌ خۆشکرد که‌ ( یه‌کێتی و پارتی ) له‌هه‌ر قۆناغێکدا ئاسۆی  به‌رژه‌وه‌ندییه‌کانی خۆیان به‌ یه‌کێک له‌ ده‌وڵه‌تانی ناوچه‌که‌وه‌ ببه‌ستنه‌وه‌ سه‌ره‌ڕای بوونی کێشه‌ی گه‌وره‌ له‌ نێوان( ئه‌مه‌ریکاو ) ئه‌و ده‌وڵه‌ته‌ ناوچه‌یانه‌ ،  فاکته‌ری یه‌که‌م/ ئاڵۆزی هه‌لومه‌رجی سیاسی عێراق و ناوچه‌که‌ ، فاکته‌ری دووه‌م / دابڕانی کوردوستان له‌ کۆمه‌ڵگای نێوده‌وڵه‌تی  به‌جۆرێک که‌ کوردوستان نه‌بۆخۆی ده‌وڵه‌ت بوو نه‌سه‌ر به‌ده‌ڵه‌تێکیش بوو ،  فاکته‌ری سێیه‌م / نه‌بوونی ستراتیژێکی ڕۆشن له‌لایه‌ن( ئه‌مه‌ریکاوه‌ ) بۆ ڕابه‌ری کردنی جیهانی یه‌ک جه‌مسه‌رو ئاینده‌ی عێراق و چۆنیه‌تی هه‌ڵسوکه‌وت له‌گه‌ڵ ده‌سه‌ڵاتی به‌عس ، ‌ ، به‌ڵام له‌دوای داگیرکردنی عێراق له‌لایه‌ن ( ئه‌مه‌ریکاو ) ڕووخانی ڕژێمی به‌عس  ‌ فه‌زایه‌کی سیاسی و کۆمه‌ڵایه‌تی و ئابوری واهاته‌ پێشه‌وه‌ که‌ ئه‌مجاره‌یان ( ده‌سه‌ڵاتدارانی کوردوستان ) وه‌ک تۆڕی جاڵجاڵۆکه‌ به‌رژه‌وه‌ندیه‌کانی خۆیان ببه‌ستنه‌وه‌ به‌چاره‌نووس و‌ به‌رژه‌وه‌ندییه‌کانی( ئه‌مه‌ریکاوه)‌ ، ( ده‌سه‌ڵاتدارانی کوردوستان ) به‌جۆرێک ئه‌م قۆناغه‌یان پێناسه‌کردو کردیان به‌ ئاسۆی خه‌ڵک که‌ ڕێگایان نه‌هێشته‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی خه‌ڵکی کوردوستان چاره‌نووسێکیتر هه‌ڵبژێرێت به‌ تایبه‌ت  ( جیابوونه‌وه‌ی کوردوستان و پێکهێنانی ده‌وڵه‌تی سه‌ربه‌خۆ ) ، ( یه‌کێتی و پارتی ) به‌شێوه‌ک باسی فریادڕه‌سی( ئه‌مه‌ریکایان) ده‌کرد ته‌نانه‌ت ڕۆشنبیرو قه‌ڵه‌م به‌ده‌سته‌کانیشیان ئه‌مه‌ریکایان وه‌ک په‌پووله‌ پیشان ده‌داو چاوپۆشیان ده‌کرد له‌ هه‌موو ئه‌و تاوانانه‌ی که‌( ئه‌مه‌ریکا) به‌رانبه‌ر کۆمه‌ڵگای ئینسانی ئه‌نجامیداوه‌ ، باسی به‌ر‌ژه‌وه‌ندی هاوبه‌ش و هاوچاره‌نووسی و هاوپه‌یمانیه‌تی تازه‌ی( ئه‌مه‌ریکا) و( ده‌سه‌ڵاتدارانی کوردوستان ) بابه‌تی سه‌ره‌تا و کۆتایی ڕاگه‌یاندنه‌کانیان بوو ، له ‌ئاڵوگۆڕه‌کانی سه‌ر گۆڕه‌پانی سیاسی عێراق و کوردوستاندا که‌هه‌ر ڕۆژه‌و خه‌ڵکی کوردوستان هه‌ستیان به‌ ترس و سه‌رکووتێکی تازه‌ و دوو دڵیه‌ک ده‌کرد ، یه‌کسه‌ر وه‌ڵامی ( یه‌کێتی و پارتی ) ئه‌وه‌ بوو  که‌ ئێمه‌ (ئه‌مه‌ریکامان ) هه‌یه‌و تازه‌ خه‌ڵکی کوردوستان چه‌وساندنه‌وه‌و پله‌ دووی نابینن ، ده‌یانووت ئێمه‌ شه‌ریکی به‌رژه‌وه‌ندی گه‌وره‌ترین هێزی دنیاین ، ئه‌م خۆڵکردنه‌ چاوی خه‌ڵکه‌ تا ئاستێک چووبوویه‌ ناو ژیانی کۆمه‌ڵایه‌تی خه‌ڵکه‌وه‌  که‌ هه‌موو که‌س له‌ ماڵه‌که‌ی خۆی دانیشێت و چاوه‌ڕوانی( ئه‌مه‌ریکای ) پارێزه‌رمان بێت تا مافه‌کانمان بۆ مسۆگه‌ر ده‌کات و له‌سه‌ر سینیه‌کی زێڕین  پێشکه‌شمان ده‌کات ، سه‌ره‌ڕای بوونی ده‌نگی ناڕازی به‌داگیرکاری و خۆشباوه‌ڕی ( ده‌سه‌ڵاتدارانی کوردوستان ) به‌( ئه‌مه‌ریکا) ، سه‌ره‌ڕای سه‌رده‌ر‌هێنانی ده‌یان ڕووداو ڕووبه‌ڕبوونه‌وه‌ که‌ چاره‌نووسێکی تاریک و نادیاری بۆ خه‌ڵکی کوردوستان وه‌ک گڵۆپی سه‌وز هه‌ڵده‌کرد‌ ، به‌رده‌وام ده‌بابه‌و بومبه‌کانی( ئه‌مه‌ریکا) وه‌ک په‌یامهێنه‌ری ئازادی و دیموکراسی نمایش ده‌کران و له‌ ( بۆش ) ه‌وه‌ بۆ ( ئۆباما ) سوێند دووباره‌ ده‌کرایه‌وه‌ ، به‌ڵام ماوه‌یه‌که‌ شانۆی سیاسی عێراق و کوردوستان له‌په‌یوه‌ند به (‌ئه‌مه‌ریکاوه‌ ) بۆ جێگایه‌ک ده‌ڕوات خه‌ریکه‌ هاوکێشه‌ی ‌هێز ئاڵوگۆڕێکی ڕیشه‌ی به‌خۆوه‌ ده‌بینێت و ده‌سه‌ڵات و کورسی و داهاتی عێراق به‌جۆرێکیتر ئارایشت و ساز ده‌داته‌وه‌ ، ئالێره‌دا که‌ مه‌وقعیه‌تی به‌رژه‌وه‌ندییه‌کانی ( ده‌سه‌ڵاتدارانی کوردوستان ) ڕووله‌خوار ده‌بێت و( ئه‌مه‌ریکای) پشت و په‌نا له‌م قوڕاوه‌ په‌لمان ڕاناکێشێت و خۆی وه‌ک سه‌یرکه‌ری گه‌مه‌ سیاسیه‌کان پیشان ده‌دات ،  ئیتر پردی ته‌حه‌موولی ( ده‌سه‌ڵاتدارانی کوردوستان )  ئه‌بچڕێت و ( نێچیرڤان بارزانی ) له‌و باره‌وه‌ ده‌ڵێت ( ئێمه‌ ئه‌مه‌ریکامان خۆش ده‌وێت ، به‌ڵام ئه‌وان گوێمان پێناده‌ن ، کاتێک ئێمه‌ ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌که‌ین که‌ ده‌مانه‌وێت پارێزگاری له‌ خه‌ڵکه‌که‌مان بکه‌ین ، ئه‌وان وه‌ک کێشه‌یه‌کی لێ تێده‌گه‌ن ، وه‌کو تێکدانی سیاسه‌تیان له‌ عێراق ) بۆ وه‌ڵام به‌م نیگه‌رانیه‌ ( ڕۆبه‌رت هود ) وته‌بێژی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ( ئه‌مه‌ریکا ) له‌ واشنتن ڕایده‌گه‌یه‌نێت ( که‌ هاووڵاتیانی عێراقی بۆ چاره‌سه‌رکردنی کێشه‌کانیان ده‌بێ پشت به‌ سیسته‌می ناخۆی عێراق ببه‌ستن نه‌ک ئه‌مه‌ریکا ) سه‌رچاوه‌ی هه‌واڵ بڕواننه‌ ( ڕووداو ) ی ژماره‌ ( 44 ) ی ڕۆژی ( 16/ 2/ 2009 ) ، بۆیه‌ گرنگه‌ خه‌ڵکی کوردوستان چاره‌نووسێکیتر هه‌ڵبژێرێت نه‌ک فریوودان و چاوه‌ڕوانی ئه‌مه‌ریکاو سیاسه‌ته‌کانی ، چاره‌نووسی پێکهێنانی ده‌وڵه‌تی سه‌ربه‌خۆو ژیانێکی ئینسانی بۆ خه‌ڵکی کوردوستان .
 هیدایه‌ت مه‌لا عه‌لی
hidayat_malaali@yahoo.com

Previous
Next

Leave a Reply