ئێمه دارین و دڵداره‌كانمان باڵنده… محه‌مه‌د كوردۆ
هاوڕێیه‌كم، كه ئاگام لێیه چه‌ند ساڵًێكه به دڵ كه‌سێكی خۆش ده‌وێت، له‌و ڕۆژانه‌دا هات بۆ لام. زۆر غه‌مگینانه وتی ده‌زانی جێیان هێشتم؟ وتم بۆ؟ وتی نازانم. وتم ئاخر هه‌ر ده‌بێ شتێكی لێ بزانی. وتی به خوا ئه‌وه‌نده ده‌زانم ماوه‌یه‌كه جۆرێك له بێتاقه‌تی تێدایه، دوێنێ پێی وتم: ((مێشكم زۆر هیلاكه، ئیتر ناتوانم به‌رگه‌ی ئه‌م خۆشه‌ویستییه بگرم، تۆ له‌مڕۆوه ئازادیت، خوات له‌گه‌ڵ)). لێی پرسیم: چی بكه‌م باشه؟ وتم: به بڕوای من هیچ نه‌كه‌یت باشه. ته‌نها خۆشه‌ویستی و هه‌سته گه‌رمه‌كانی خۆتی بۆ دووپات بكه‌ره‌وه و پێی بڵێ ئه‌مه بۆ من كاره‌ساتێكی ڕاسته‌قینه‌یه، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا من ڕێزی بڕیاره‌كه‌ی تۆ ده‌گرم. ئه‌مه‌ی پێ بڵێ و چاوه‌ڕوان به، بزانه ئه‌وه بڕیاری دڵێتی، یان له ژێر فشارێكی كاتییدا ئه‌و بڕیاره‌ی داوه. وتم: من ئێستا دڵداره‌كه‌ی تۆ به باڵنده‌یه‌ك ده‌زانم و تۆیش به دارێك، ئه‌گه‌ر تۆ به ڕاستی نیشتمانی ئه‌و بووبیت، ناتوانێت بڕوات، خۆی دێته‌وه. ئه‌گه‌ر نا، چ پێویست ده‌كات شتێك بكه‌یت؟ بۆ نمونه: ئه‌گه‌ر دارێكی دیكه دڵی ئه‌وی بردبێت، تۆ ئه‌گه‌ر خۆیشی بهێنیته‌وه، ناتوانی دڵی بهێنیته‌وه. ته‌نها شتێكیش له دڵداریدا له سه‌رووی هه‌موو شته‌كانی دیكه‌وه بێت، دڵه. جه‌سته‌ی بێ دڵ هه‌ر چه‌ند جوانیش بێت له بووكه‌شووشه‌یه‌كی دروستكراو زیاتر نییه. ئه‌وه‌ی له ناو ملیاران كه‌سدا دوو كه‌س وا لێ ده‌كات نه‌توانن به‌بێ یه‌ك بژین، دڵیانه. هه‌ر به‌و بۆنه‌یه‌وه من وشه‌ی دڵداریم زۆر پێ جوانه، چونكه ئه‌وه‌ی له‌و بواره‌دا ڕوو ده‌دات دڵدارییه، له‌شداری نییه. به هاوڕێكه‌مم وت: ژیان فێرمان ده‌كات هه‌ر كاتێك باڵنده‌یه‌ك ویستی بڕوات، لێی بگه‌ڕێین بڕوات. پێویسته باڵنده‌كان ئازاد بن، پێویسته ئازادیی باڵنده‌كان به هیچ بیانوویه‌ك نه‌خرێته مه‌ترسییه‌وه، چونكه جگه له‌وه‌ی سته‌مێك به‌رامبه‌ر به‌وان ده‌نوێنین، بۆ ئه‌وه‌یش كه ناچاریان بكه‌ین لای ئێمه بمێننه‌وه هیچ ئاكامێكی نابێت. من ده‌زانم ئه‌م قسانه‌م بۆ كه‌سێك كردووه كه ئه‌ژنۆی شكاوه و كه‌س وه‌ك خۆی له ئازاره‌كه‌ی تێ ناگات، به‌ڵام من ویستم ڕاستگۆ و واقیعیی بم له‌گه‌ڵیدا، مه‌رجیش نییه ئه‌وه‌ی ده‌یڵێین ڕاست بێت، به‌ڵام مه‌رجه له‌گه‌ڵ یه‌كدا ڕاستگۆ بین. هیوادارم ئه‌و كێشه‌یه‌ش چاره‌سه‌ر ببێت.
* گۆشه‌ی ڕاز و نیاز، كوردستانی نوێ، ژماره (5917) 2 / 11 / 2012