Skip to Content

Friday, December 3rd, 2021

ئێمه‌ عاشق نه‌بووین، ئه‌مه‌ چاره‌نووسی خۆمان بوو!!

Be First!
by September 15, 2009 ئەدەب

 

ئه‌م سه‌وداكردنه‌ چیه‌، كه‌هه‌ر                                          
ده‌چێته‌وه‌ سه‌ر شكانی شوشه‌كانی شعور
ئه‌م ده‌ستانه‌ مانای چیه‌، كه‌فێرن به‌سلاوی دابڕان
ئه‌م هه‌نگاوانه‌ بۆ له‌ت له‌تن، به‌مه‌ره‌كه‌بی ماڵئاوایی
ئه‌م شه‌وه‌ به‌تاڵانه‌ چین، كه‌جاهیلن به‌لوغزه‌كانی له‌زه‌ت
ده‌ست و پلی ئه‌م هه‌موو حه‌قیقه‌ته‌، بۆ به‌شوشه‌كانی
شه‌راب گه‌مژه‌ ده‌بن..
قریوه‌ی ئه‌م هه‌موو خه‌ون و خه‌یاڵه‌،
بۆ ده‌درێنه‌ به‌ر هاژه‌ی چۆڵه‌وانی
ئه‌م هه‌موو قسه‌كردنه‌ له‌ژێر پێڵاوه‌كاندا،
بۆ رێگایه‌ك خه‌به‌ر ناكاته‌وه‌
خه‌ریكی پاككردنه‌وه‌ی ژیان بێ
ئه‌م هه‌موو سه‌ته‌ڵه‌كه‌ پیاسه‌ ده‌كه‌ن
بۆ پڕن له‌تامی تینوێتی
ئه‌م هه‌موو خه‌رجكردنی ته‌مه‌نه‌، بۆ ئاشنان به‌له‌هجه‌ی گسك
ئه‌م هه‌موو فڕینه‌ بۆ هه‌ر ده‌بێ،
له‌قه‌فه‌سدا بڕوێن
ئه‌م هه‌موو بێدارییه‌ بۆ شه‌و ده‌دورن،
نووستنیش له‌چرپاكاندا باوێشك ده‌ده‌ن.؟
خودایه‌ ئه‌مانه‌ هه‌موو به‌دحاڵیبوونه‌ له‌عیشق
ئێمه‌ عاشق نه‌بووین، تازه‌ خۆكۆكردنه‌وه‌ مانای چی؟
كه‌ له‌یه‌ك گه‌یشتن چۆته‌ ئه‌ودیو پێیه‌كانی تاریكی
كه‌ له‌یه‌گ گه‌یشتن وا به‌سه‌ر شانی جه‌نگه‌وه‌،
دڵ به‌نیشانه‌وه‌ ده‌كا
كه‌ له‌یه‌ك گه‌یشتن ره‌شنووسێكه‌
ده‌نك، ده‌نك دۆڕان ئیعراب ده‌كا..
به‌دحاڵیبوون چ كاره‌ساتێكه‌،
مشتێك گه‌رمایی بگریت به‌ده‌سته‌وه‌و
نه‌چیته‌وه‌ بۆ لای هاوینێك كه‌ له‌ناو هه‌نجیرێكدا دانیشتووه‌
پرخه‌ی به‌رسیله‌ به‌ند بكه‌یت له‌ناو ستیانی دڵنیایی و
كه‌چی هه‌ر نه‌چیته‌وه‌ سه‌ر ئارشیفی ترێ..!
چ كاره‌ساته‌ سه‌ره‌رۆیی له‌سه‌ر عیشق
پێشبڕكێ له‌گه‌ڵ عیشق
بیره‌وه‌ریه‌ك نه‌بێ عیشق تیایدا سه‌رمه‌د بێ..!
ئێمه‌ ئێمه‌ ئێمه‌ عاشق نه‌بووین
ئاخر عیشق ئه‌وه‌یه‌ ئه‌گه‌ر گه‌رده‌لولێك بیه‌وێت،
خۆی بكوژێ چه‌قۆی به‌رباخه‌ڵی، بگۆڕینه‌وه‌ به‌چڵێ گیا
به‌چڵه‌ گیایه‌كیش بڵێین گۆره‌ویه‌كانت بخه‌ره‌ كلۆری چه‌مێ
له‌وانه‌یه‌ پایزێك به‌پاڵتۆی كانونێكه‌وه‌ بگه‌ڕێ و بیكاته‌ پێی!
ئاخر عیشق ئه‌وه‌یه‌ دڵت بسووتێ به‌ئاخ هه‌ڵكێشانی برینی،
هه‌رمێ و هه‌ڵوژه‌و به‌پێستی هه‌نار بیان پێچی..
دواجار كۆی هه‌موو عیشقه‌كان هه‌ر دڵی خوایه‌،
كێ ئه‌توانێ دڵی خوا ته‌ئویل بكا، كێ؟!
عیشق هه‌ر له‌ئه‌زه‌له‌وه‌ هه‌بوو
ئا ئه‌وه‌تا ئاو به‌و هه‌موو جه‌به‌روته‌ی خۆیه‌وه‌،
بیر له‌ئاوێزانی خاك ده‌كاته‌وه‌،
به‌كه‌ندو له‌ندی، رۆحیا رۆچێ..!
(با) به‌هه‌موو روتانه‌وه‌ی سه‌ریه‌وه‌،
بیر له‌راموسانی مه‌زرا ده‌كاته‌وه‌،
قاپێك له‌قاقای ماچ به‌ده‌ستیه‌وه‌ بگرێ..
دره‌خت به‌و هه‌موو نازو مه‌كره‌یه‌وه‌
چه‌تر بۆ باڵنده‌ چێده‌كا..
باڵنده‌ به‌غه‌ریزه‌ عاشقه‌،
به‌ڵام خوا فێری كرد له‌باڵه‌كانیا ئاوڕشێنی فڕین بكا..!
زۆرجار كه‌ به‌خه‌یاڵا ده‌چینه‌وه‌ سه‌ر كانی عیشق و ئه‌وین
چاومان گومان ده‌یڕێژێ و
ده‌ستیشمان پڕ له‌دووكه‌ڵی دڵه‌راوكێ!
به‌ڵام حه‌قیقه‌تێكیش هه‌یه‌
عیشق عیشق عیشق پێكێ له‌ئاوی تاڵییه‌،
ده‌بێ هه‌ر هه‌موومان فڕیكه‌ین،
ئه‌مه‌ جاڕنامه‌یه‌كه‌ ژیان دۆستی
تۆ سه‌یركه‌ هه‌موو سه‌رگه‌ردانییه‌ك سوچی عیشقه‌
ئێواره‌یه‌ك به‌تاكێ نه‌عله‌وه‌ بگه‌ڕێ و
زه‌رده‌په‌ڕێكی په‌ژمورده‌ نه‌بینێ
شه‌و به‌تاكێ ده‌ستكێشه‌وه‌ نه‌فه‌س بكێشێ و
رووناكی له‌دڵیا پێ نه‌گرێ
گه‌ڕه‌كی لاولاوه‌كان به‌سه‌ر بڕبڕه‌ی پشتی دیواردا بڕژێن و
دڵی دیوای حه‌فتاو پێنج جار چركه‌ چركه‌ نه‌كا..!
ده‌ستی گه‌ڵا پڕبێت له‌خه‌م و په‌ژاره‌ی پاساری و له‌كه‌یلی كه‌ناری
كه‌چی نه‌توانێت حه‌فتاجار ناوچه‌وانی (با)
توشی سه‌رئێشه‌ بكا
خودایه‌ ئه‌مه‌ هه‌موو حیكایه‌ته‌كانی عیشقمانه‌ ترش و تاڵ،
جودا نییه‌ له‌گه‌مه‌كانی منداڵ
ئه‌مه‌ چاره‌نووسمانه‌ چاره‌نووس
ده‌بێ له‌ناو هه‌موو عیشقێكدا كرۆكی كۆتایی،
چاو دابگرێ پێش ئه‌وه‌ی سه‌ره‌تا بڕوانێ
*  *  *
لێره‌وه‌ ته‌ماشاكه‌ن ژیان بێ عیشق،
چه‌نده‌ سه‌رابترین سه‌رابه‌ لێره‌وه‌
-1-
كۆترێكی داروسێم هه‌بوو،
له‌به‌ر ئابڵوقه‌ی بێ كه‌سی،
چووه‌ تیپی كوشتن
-2-
پایزێك ده‌ڵێ (با) بۆ هه‌ر كوێ ده‌ڕوا،
سه‌رشانی پڕه‌ له‌ته‌رمی گه‌ڵا
چونكه‌ تشرینی سێیه‌م هاوڕێیه‌تی ناكا
-3-
مناره‌یه‌كی به‌ئیمان هاوڕێم بوو،
دڵی ئه‌وه‌نده‌ پڕبوو له‌كوفر
كه‌مه‌ری مه‌رگ چووه‌ پێچی پشتوێنه‌كه‌ی..!
-4-
شه‌پۆلی ده‌ریاچه‌یه‌ك ئه‌وه‌نده‌ خه‌ونی به‌فڕینه‌وه‌ بینی
نه‌وره‌سێك نامه‌یه‌كی بۆ نه‌نارد،
بۆیه‌ له‌قه‌هرا هه‌ر چوارپه‌لی رۆحی،
چووه‌ ترۆپكی ئاسمانی ئاسمانه‌كان..!
-5-
كه‌هه‌وا پێیه‌كانی ده‌قڵیشێ،
ئه‌وه‌ بێ مه‌یلی دڵی بارانه‌ به‌قه‌رزیش بێ،
جووتێك پێڵاوی بۆ ناكڕێ..!
-6-
كه‌ بولبولێك له‌كۆڵانه‌كانی كه‌ڕولاڵیدا خوێندی
ئه‌وه‌ خه‌تای به‌زمی به‌هاره‌،
چرپه‌ی گوڵێك نادا له‌یه‌خه‌ی..!
-7-
كه‌ره‌نگی سه‌وزو شین نه‌خۆش ده‌كه‌ون و
ده‌چن بۆ كوچه‌ی مه‌رگ ئه‌وه‌ مه‌رحه‌مه‌تی ئاوه‌
جانتاكه‌ی پڕ له‌ئاویلكه‌ی ئاودامان و
چاوێكی چاویلكه‌كه‌شی، له‌خوار ماڵه‌كانی ره‌نگ..!
-8-
قه‌فه‌سێك وتی: ئه‌گه‌ر مانای عیشقم بزانایه‌،
ئه‌وا دالم بچووك، بچووك
تا بچووكترین مه‌ل نه‌یبینێ،
مه‌دلولیشم دڵفڕاوان له‌ئاسمانێكدا
بێ كلیللدان بێ ته‌یمان..!
-9-
كه‌مێك تێڕامان له‌حاڵه‌تی به‌رد
ئه‌و ژیانی نه‌ویست و عیشقی دابه‌ش نه‌كرد
ئه‌گه‌ر ژیان هه‌ڵنه‌كۆڵین و
عیشق ئاوه‌دان نه‌كه‌ین،
ده‌بینه‌ به‌ردو ده‌چینه‌وه‌ بۆ ناو حاڵه‌تی به‌رد..!
-10-
به‌شه‌وه‌زه‌نگێك ده‌ڵێن: دڵی زیندانی تاریكیه‌
شه‌وه‌زه‌نگ ده‌ڵێ: گوناهبارم مه‌كه‌ن
من دڵم هه‌یه‌ دڵ
ئه‌وه‌ خه‌تای ئه‌ستێره‌یه‌ كه‌ له‌حه‌وشه‌كانی مانگه‌شه‌وا،
به‌خه‌تخه‌تێنه‌وه‌ خۆی خه‌ریك ده‌كا..!
-11-
گوڵه‌كانی ئینجانه‌ ئه‌وه‌نده‌ گه‌مژه‌ن
هه‌ر جوانیان گرێ ئه‌ده‌ن،
به‌كراسی جامخانه‌وه‌ كاڵنابنه‌وه‌
هه‌ر بۆنیان قفڵ و
كلیل ئه‌ده‌ن،
به‌ژێر كراسی په‌نجه‌ره‌وه‌،
ته‌ریق نابنه‌وه‌
ئه‌مه‌ چه‌نده‌ چه‌واشه‌مان ده‌كا
له‌گه‌مه‌ی عیشق
گوڵه‌ كێویله‌كانیش نه‌كلیل و قفڵ و نه‌گرێ ده‌ناسن و
له‌ناو ستیانی توتڕكه‌كانه‌وه‌ شین ده‌بن
ئه‌مه‌شیان گه‌مه‌یه‌كی مێخۆشه‌،
له‌عیشق!!
-12-
شه‌ڕ ئه‌گه‌ر بگه‌شتایه‌ له‌عیشق
به‌جۆلانه‌ی ده‌وت: مه‌رحه‌با ئه‌ی گڕوگاڵ
به‌كچێكی ده‌وت: مه‌رحه‌با ئه‌ی شنه‌ی با
به‌پیرێكی ده‌وت: مه‌رحه‌با ماڵی هه‌تاو
شه‌ڕ بۆ ئه‌به‌د نه‌گه‌شته‌ عیشوه‌ی عیشق و
زنجیری مه‌حه‌به‌تی له‌مل نه‌كرد
بۆیه‌ هه‌تا ئێستا به‌رده‌وامه‌، به‌رده‌وام!!
-13-
كه‌شه‌مشه‌مه‌ كوێره‌یه‌ك ده‌مرێ،
ئه‌وه‌ بێ ئه‌مه‌كی تاری تاریكیه‌،              
-جكه‌ره‌یه‌كی ناداتێ هه‌تا شه‌و بكێشێ…!!
14
هه‌رچه‌نده‌ ده‌ریا
 په‌ناهه‌نده‌یه‌،
بۆ جۆگه‌ بێ پێڵاوه‌كان و
رووباره‌ نه‌خۆشه‌كان و
چه‌مه‌ ونبووه‌كان
چه‌نده‌ نیگه‌رانیم ده‌پلیشێته‌وه‌ بۆیان چه‌نده‌
چونكه‌ عیشق نییه‌ لای ده‌ریا
به‌یه‌ك پاروو هه‌موویان ده‌خوا!!
-15-
به‌كاتی وشكبوونه‌وه‌، ئاو حه‌قیقه‌تێكی هه‌یه‌ خنكان
به‌بارانێك ده‌ڵێم به‌سیه‌ نووستن
باخچه‌یه‌ك وا له‌چاوه‌ڕوانیا
به‌دڵۆپه‌ی دڵی تۆ ده‌موچاوی بشوا!
* * *
ئێمه‌ به‌هه‌ڵه‌ عیشقمان كرد له‌سه‌ر شه‌قامه‌كانی ژیاندا
به‌هه‌ڵه‌ جامێك ئاومان خوارده‌وه‌،
له‌چه‌مكی تێنه‌گه‌شتن
به‌هه‌ڵه‌ دره‌ختێكمان رواند،
له‌ژێر سێبه‌ره‌كه‌یدا تووله‌ڕێیه‌ك،
نه‌چووه‌وه‌ سه‌ر چاوه‌كانی چاوه‌ڕوانی
به‌هه‌ڵه‌ چیمه‌نێكمان رواند،
له‌دوگمه‌ی كراسه‌كه‌یدا درزێك نه‌بینرا،
هه‌تا خه‌یاڵ گوزه‌ر بكا،
به‌خه‌تی خه‌راباتێك..!
به‌هه‌ڵه‌ له‌زمانی سه‌تڵێك ئاو گه‌شتین،
له‌ده‌ماره‌كانیا دێڕێك شیعر نه‌بیسترا،
هه‌تا مۆسیقا بچێته‌وه‌ سه‌ر ژه‌نینی ئاله‌تێك..
به‌هه‌ڵه‌ ئاڵوگۆڕی عیشقمان كرد
كه‌نیگه‌رانی بووه‌ دیواری و
جه‌نجاڵی بووه‌ ده‌رگای
عیشق واته‌ شكانی دیوارو ده‌رگا،
له‌ماڵی به‌رزه‌خه‌وه‌ تا مه‌حشه‌ری خوا
عیشق واته‌ تاڤگه‌یه‌ك ئاو،
كه‌موتاڵا ده‌كا له‌ناو كتێبه‌كانی گوڵدا
عیشق واته‌ فڕینی فه‌رشێك به‌میزاجی مناڵ،
هه‌تا ده‌گه‌ینه‌ باڵی فریشته‌كان..
عیشق واته‌ جانتایه‌ك تریفه‌و تاریكی،
هه‌تا ده‌گه‌ینه‌ پلیكانه‌كانی مانگ
عیشق واته‌ هه‌ڵدانی كۆلاره‌یه‌ك،
به‌ده‌زووله‌یه‌كی مناڵیه‌وه‌،
هه‌تا پێكێك ئه‌ستێره‌ ده‌خۆینه‌وه‌
عیشق واته‌ ماڵی باخه‌وانێك ره‌نگاوره‌نگ،
هه‌تا باوه‌ێزه‌ی باران له‌خه‌یاڵیا شكۆفه‌ بكا..!
* * *
ئێمه‌ كه‌عاشق نه‌بووین،
به‌ڕێگه‌ی كوێردا هاتین و ته‌په‌ی تاریكی،
له‌ده‌سته‌كانماندا باڵه‌فڕو
ترپه‌ی نیوه‌رۆ قوڵه‌كانی هاوین،
له‌پێستماندا چه‌قی
چونكه‌ ختوره‌ی دڵی پایزێكمان نه‌خوێنده‌وه‌،
وه‌رین ده‌گاته‌ چه‌نی گه‌ڵا؟!
لێكمان نه‌دایه‌وه‌ شنه‌ شنی شه‌ماڵێك،
چ كه‌ناڵێكی ده‌وێ،
بۆ گسكدانی سیسبوونی خه‌وێك..
بێ ئاگابووین له‌ورته‌، ورتی حاڵی دره‌ختێك،
تا هه‌ڵهاتنی چۆله‌كه‌ له‌فرسه‌خێك فڕین
ده‌بێ چه‌ند چریكه‌ی ئاوی بوێ،
هه‌تا بگاته‌ سوڕی سه‌وزبوون..!
بیركۆڵ بووین له‌سرته‌ سرتی ئۆفی سێوێك،
بۆ گه‌یشتنی فه‌ریكه‌كانی ده‌بێ چه‌ند قوڵپی خرۆشانی بوێ،
هه‌تا بگاته‌ ئیحساسی باڵقبوون
بێباك بووین له‌قسه‌كردنی دڵی پرته‌قاڵێك،
تانووچدانی سه‌هه‌نه‌ی سه‌رما،
ده‌بێ چه‌ند مه‌كری مه‌ستبوونی بوێ،
بۆ حیكایه‌ته‌ شینه‌كانی میهری مزربوون..!
ئێمه‌ عاشق نه‌بووین ئه‌مه‌ چاره‌نووسی خۆمان بوو
ئا ئه‌وه‌تا ئه‌و گله‌یی له‌چاره‌نووسی خۆی ده‌كاو ده‌ڵێ
(ئاخ ئه‌مه‌ نسیبـی منه‌، ئه‌مه‌ نسیبی منه‌ نسیبی من(1)
ئاسمانێكه‌ كه‌هه‌ڵواسینی په‌رده‌یه‌ك لێمی شاردۆته‌وه‌)
ئه‌و له‌هه‌ڵواسینی په‌رده‌یه‌ك گله‌یی ده‌كا،
ئه‌ی ئێمه‌ له‌چی گله‌یی بكه‌ین
ئێمه‌ بۆ ئه‌به‌د عاشق نه‌بووین،
ئه‌مه‌ چاره‌نووسی خۆمان بوو
عیشق بۆ ئێمه‌ په‌لكه‌ ره‌نگینه‌ی عه‌ده‌م بوو،
په‌لكه‌ ره‌نگینه‌ی عه‌ده‌م..!
تێبینی: 1-ئاماژه‌ بۆ دێڕه‌ شیعرێكی ژنه‌ شاعیری ئێرانی(فروغی فروخزاد)

                                                                                                                       rozhhalabjay@yahoo.com

Previous
Next

Leave a Reply