Skip to Content

Friday, March 29th, 2024
ئێمە زەرەرمان کرد … شێرکۆ عادل

ئێمە زەرەرمان کرد … شێرکۆ عادل

Closed
by May 7, 2012 گشتی

 

     
          ئەگەر زەرەر کردن تەنها لە ناو گيرفان بێت ڕەنگە بير لە ڕۆژێکى تر يان ڕێگايەکى تر بکەينەوە بۆ پڕکردنەوەى ، بەڵام زەرەرکردن لەسەر ئاستى چارەنووسى  ميللەت و کۆمەڵگايەك باچێکى قورسە و ئاستەنگى گەورەيە تا  بتوانين هەروا بەئاسانى ڕێگاى ڕاستکەينەوە ؛ لەمێژووى ميللەتان و کۆمەڵگاکاندا بەگشتى شتێك نيە پێى بووترێ مێژووى کۆن و نوێ تەنها لە بوارى ژمارەکان و ڕيزکردنى سەدەکانيان نەبێت ، چونکە هەموو ڕووداو و کاتەکانى لەگەڵ پەند و نموونەکانى  بەندە بە هەڵسەنگاندنى هوشيارى و لێکدانەوەى ڕاست و دروستى کاريزمە ڕاميارى و هێزە بزووێنەرەکانى کۆمەڵگاوە  ، بۆيە ڕابردوو بۆتە پەندوو عيبرەت بۆ هەموو مێژووى مرۆفايەتى و کۆمەڵگاکانى لەسەرتاپاى گۆى زەوى ولەم ناوەندەشدا  پەيتا پەيتا لێکۆڵينەوەى ئەکاديمى و زانستى مێژوويى بۆدەکرێ لە لاى  زانکۆ و سەنتەرى لێکۆڵينەوە و مێژووناسان خویندنەوە و لێکدانەوە و تێروانين و هەڵسەنگاندنى بۆ ئەنجام دەدرێت تا سوود و قازانج و نموونەى مێژوويى بۆ ئێستا و داهاتوو بەبەرهەم بێت .
       وا نزيکەى سەدەيەکە لە مێژووى ڕابردووى ئێمە وەك کورد بەگشتى و هەرێمى کوردستان بەتايبەتى بە دەورانێکى سياسى ئاڵوز و پر لە کارەسات و نشێوى و نسکۆدا تێپەڕيوە و گەورەترين قووربانى بەخشيوە و تاوانى گەورەى دڕندانە لە ئاستى جينۆسايدى بەشەرێتدا ناونيشانى تراژيديايەکى ترسناکى بوە  ؛ لاپەڕەکانى مێژوى سەدەى ڕابردوومان ئەو زەرەرە مێژوويانەمان نيشانەدەن لە ڕۆژگارى ڕابردوودا هەر لە سەردەمەکانى جەنگى جيهانى يەکەم و دووەم  ى بەشى يەکەمى سەدەى ڕابردوو وە هەروەها ئاڵووگۆڕە سياسيەکانى ناوچەکە و عێراق لە نيوەى دووەمى سەدەى ڕابردوو وە بەتايبەتيش شەڕە گەورەکانى ناوچەکە لە ناو عێراق و دەورووبەرى بەگشتى لە  ڕۆژگارى دەورانى سياسى و بەرژەوەنديەکانى هێزە ناکۆکيەکان ڕێگريەکى سەرەکى و گەورەبوون لەبەردەم داخوازيەکانى خەڵکى کوردستان  و خۆشمان وەك خەڵکى کوردستان و هێزە سياسيەکانى لە ئاستى پێداويستى بابەتيانەى ئەو هەلوو مەرجەدا نەبووين و نەمان توانيوە سوود لە فرسەتە مێژوويەکان و ڕۆژگارەکان ببينين و دەرەقەتى سياسەتى ڕۆژگار بێين و هەموو کاتێ لۆمەى ڕۆژگار و دووژمنان کردوە و خۆمان لە بەرپرسيارێتى ئەرکەکانمان بەدوور گرتوە .
سەيرە و جێگاى سەرسووڕمانە لەم ڕۆژگارەدا و لەپاش ئەو هەموو ڕوودا وبەسەرهاتە مێژوويانە ، تەنها باس لە بەدەست هێنانى چەند دەست کەوتێکى وەهمى بکرێ کە ئەويش جێگاى مشتوومڕێکى زۆرە و لێکدانەوەى جياوازى بۆ دەکرێت ، سەير لەوەدايە ئەمڕۆ هێزى بەرەى هەردوو حزبى دەستەڵات تەنها بۆ پاساو هێنانەوەى سەرکەوتن و بەردەوام بوونيان هەموو زەرەرێك بەناونيشانى قازانج و دەستکەوت ووێنە دەکێشن و دان بەڕاستيە تاڵەکان نانین و بە ڕاشکاوانە قسەى لەسەر ناکرێت و خۆيان بەبێ دەستەڵاتى چارەسەرکار نازانن تا ڕێگا چارەسەرى بۆ بدۆزریتەوە ، تەنانەت لەهەندێ کێشە و مەسەلەى ئاڵۆزدا لە ئاستى ئەفسانەيى و سوپەرماندا خۆيان نيشان دەدەن و قسەى لەسەر دەکەن  ؛ کێشە ناو خۆيەکانمان هێندە زۆرن تا ئاستى تەقينەوەى جەماوەرى و خوێن ڕشتن ، کێشە سنووريە دەرەکيەکان هێندە گەورەن تا ئاستى شەڕ هەڵگيرسان ، کێشە ناوچە دابڕاوەکان هیندە زەقن تا ئاستى قڕ کردن ، لەولاشەوە کێشە هەرە مەترسيدارەکە ى ناوەند کە وەك دوومەڵى بەهاران وايە هەموو سەرى ساڵێکى نووێ سەردەرکاتەوە و بۆنى خوێن و بارووتى لێبەرزەبێتەوە .  .
ئێمە دەبێت دان بنێين بە زەرەرەکانماندا و بە ڕاشکاوانە قسەى لەسەر کەين ؛ لەپاش بيست ساڵ لە حوکمى زاتى لە هەرێمى کوردستان  و نۆ ساڵ لە ڕووخاندنى ڕژێمى بەعس لە عێراق ؛ کە دەبوايە بەلانى کەم قەوارەى دەوڵەتى سەربەخۆيى خۆمان هەبوايە و خەلکى بە داد و يەکسانى تيا بژيانايە ، کەچى واتازە باس لە بەسەر چوون و لەدەست دانى ناوچە دابڕاوەکان دەکەين ! کە دووبارە قرکردنى کوردى تيا تۆمار دەکرێ ، تازە وا ئەبێ لەگەڵ فانتۆمى  وتانکى جەيشى عێراقى بەشەڕبێينەوە کە چل ساڵ لەگەڵ ميکوو سۆخۆى ڕووسى بەشەر هاتين ! ، تازە بەتازە باس لە دادگايى بکوژى کوڕەکانمان دەکەين کە دادگا تييا دەستەبەست و کۆڵەوارە ، ئەبێ تا کەى لەگەڵ گەندەڵى گوزەرکەين !، چۆنن چۆنى بتوانين خۆمان لەگەل سيستەمى چاو لەدەستى دووژمن ڕابێنين و سەوداکەين! . .
ئێمە بەردەوام لە زەرەر کردنداين بەبێ ئەوەى بەخۆمان بزانين ؛ بەردەوام لە پياهەڵدانى سەرۆك و وەزير و پەرلەمان و حزبداين ، گەورەترين باجى سەرەکيش  خەڵکى کوردستان و نەوەى نوێى دەيداتەوە کەڕاست کردنەوەى زۆر گرانتر و قورسترە بێت لە داهاتوودا ، خۆمان خۆمان هەڵەخەڵەتێنين بە” دووبەى کوردستان ” کە لەئاستى  بەسرەى کاول دانيە و ديموکراتيەتى  پەرلەمانێك کە لە ئاستى حوجرەيەکى شەريعەتى مزگەوتەکانايە بۆ ڕايکردنى سونەتى ژيان ؛ هەرکاتێکيش سەرۆکێ ، وەزيرێ ، ئەندام پەرلەمانێ ، مەکتەب سياسيەك : توڕە ئەبێ  خەڵکى بەسەنگى مەحەکى کێشەکان و چارەسەر دەزانن ! ، ئەوە لە مێژوا ساغبۆتەوە کەوا خەڵکيە بەردەوام زەرەرى سەرەکى و گەورەدەکەن و لە سەريانە باجى سەر و ماڵ بەن ؛ لە بەرامبەريشدا سەرۆك يان سەرکردايەتى يان حکومەت و پەرلەمان بەڕستەيەکى دڵ خۆشکەرانە مێژوو تێئەپەڕێنن و هەنێ جاريش ئەى کەنە سەروەرى و دەستکەوت و قازانج .
ئەرکە و فەرزيەتە لەسەر هەموان ” حزب و سەرۆك ، پەرلەمان و حکومەت ، ئٶپۆزسيۆن و فراکسيۆنەکان ”  لە هەر شوێنێکى بڕيار و هێز و پلان داڕێژەريدابن ، دان بە هەڵە و نادروستى کێشەکاندا بنێنن  وڕێگاو پلان و بەرنامە و چارەسەريان هەبێت بۆ گرفتەکان و زەرەرەکان بەچاوى خۆيان ببينن و تەنها بير لەقازانجى دەستکەوتەکانى خۆيان و حيزب و دەستەڵات نەکەنەوە و بتوانن زۆر ترين و گەورەترين قازانج بۆ خەڵکى دەستەبەرکەن ؛ سەرۆکێك ، حکومەتێك ،  پەرلەمانێك ، حزبێك ،  کەنەتوانێت قازانج و دەست کەوتى : داد و ژيان بۆ خەڵکى دەستبەرکات هەر ئاواش ناتوانێ بەردەوام زەرەر بەخەڵکى بکات و قازانجەکانى خۆى پێ مسۆگەربکات .


شێرکۆ عادل / لەندەن
sherkoedel@hotmail.co.uk
Sherko Adil@Facebook

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.