Skip to Content

Friday, September 25th, 2020

ئێمە گوناهبار ترین كوڕەكانى ئادەمین…هەردى شەفیق

Comments
by January 29, 2008 ئەدەب

 ئێوارەیەك دەمردین  دەبوو عیشقى تێدابكەین
 بەیانینك عاشق دەبووین دەبوو تیایدابمرین
 لەشوێنێكدا ڕقمان دەچاند دەبومیهرەبانى سەوزبكەین
 لەشوێنێكدا میهرەبانیمان دەناشت دەبوو ڕقى تیادا بنێژین
 لەجێیەكدا دەمردین دەبوو عیشق لەوێوە دەست پێبكەین
 ئێمە نەوەى خێڵێكى گوناهكار بووین، پێدەچوو خوداش لەبیرى كردبین
 خێڵێك لەو خێڵانەى مناڵەكانیان دەكردە قوربانى خواكانیان
 بەدەم تەپڵى شەڕەكانەوە هەڵدەپەڕین
 بەبۆنى خوێنى كوژراوەكان مەست دەبوون و
 لەنێو گوناهەكانیاندا سەرخۆش دەبوون
 ئێمە بەیەك پشت دەچووینە سەرخێڵە قەرەرەجێكى گوناهكار
 نیوەى لەمرۆڤ و نیوەى لەشەیتان
 نیوەى لەفریشتەو نیوەى لەئینسان
  ئێمە گوناهبارترین كوڕەكانى ئادەمین
 نەدەبوو سەربەماڵى  ئەو  ئەستێرەناسانەدابكەین
 كەسابەتیان بەسەرمیهرەبانى خواوە ئەكرد
 ڕو لەماڵى ئەو دەروێشانە بكەین
  كەلەماڵى یەقینەوە دێنەوە گومانیان لێئەڕژىَ
 لەگوناهى ئەو برینانە ڕابمێنین لەبرى خوێن ئاویان لێدەهات
 ئازارى ئەوبرینانە تیماربكەین لەززەتیان پێئەبەخشین
 لەگەڵ ئەو بەختیاریەدا پێبكەنین  ڕۆحى پڕ ئەكردین لەبرین
 دەستى ئەو كوێرانە بگرین بەخەیاڵ هەموو شتێكیان دەبینى
 ئەو نوستوانە خەبەركەینەوە لەمارەكانەوە فێرى ویژدان بووبوون
 وەك شارێك خودا لەغەزەبى خۆیدا نغرۆى كردبێ و
 وەك ماڵێك دیوارەكانى لەسەهۆڵ دروستكرابن
 وەك شارێك بازرگانەكانى چاوەڕوانى هەزارەها بارى تابووت بن
 وەك خێڵێكى مرۆڤ كوژ خەزێنەكانیان بڕابىَ
 وەك زیندانى كردنى سەماكەرێك لەپەرستگایەكدا
 لەونبوونم بڕوانە لەنێو ونبوندا
 لەشێت بوونم لەمەوداكانى ئەقڵدا
 لەگومانم لەنێوەڕاستى یەقیندا
 لەو كوچانەى لەبوونەوە دەتبەنە ونبوون
 لەو ڕێگایانەى بەسەوزەڵانیەكانى مەرگدا دەتبەنە وڵاتى بەختیارى
 ئاخرشەوێك گومان ئەم بەخشێت بەیەقین و
 بەیانیەكیش یەقین بەگومان
 ئەشبێت خودا لەدڵى ئێمەدابىَ و مەیخانەكانى بۆبگەڕێین
 لەنێو دڵى گوڵێكى سوردابێ و جەنگە كانى بۆ بگەڕێین
 لەڕۆحى سپى ئێمە دابىَ و عیبادەتگاكانى بۆ بگەڕێین
 ئێمە لەم ژورە دوكەڵاویەدا
  پەنجەرەمان بۆ چیە سەیرى دەریاى تێدابكەین
 ئاوێنە مان بۆ چیە جەللا دێكى درۆزنى تیا ببینین ؟
 عیشقمان بۆچیە دڵمان بەخوێنى شمشێرەكانەوە بىَ و
 ڕۆحمان بەشەقى پێڵاوەكانەوە؟!
 جگەرەكەت لەسەردڵى من بكوژێنەرەوە
 دڵى هەموو كچە تەنیاكانى شار
 لەنێو قەفەزە ئاڵتونیەكاندا مەستن ،مەست
 ڕۆحى هەموو كوڕەعاشقەكانى شار تەنیا لەخەیاڵدا بەختەوەرن
 جگەرەكەت لەسەر ڕۆحى من بكوژێنەرەوە
  ئێمە گوناهبارترین كوڕەكانى ئادەمین
 ئەى ئەو گۆڕستانەى شوێنێكت نیە بۆ ڕاكشانى من
 ماڵێكم دەوىَ بۆ كرىَ و
 یەكێك لەو مردووە نابەدڵانە بگێڕەوە بۆ ژیان
 ئەى ئەو كۆترەى جگەلەئاسمانى ڕۆحى من هیچ ئاسمانێك ناتگرێتە خۆى
 ئەى ئەو فریشتەى جگەلە مەیخانەى ڕۆحى من لەهیچ شوێنێ تردا مەست نابیت
 من دەمزانى لەم بازاڕى نائومێدیە دا بێنرخترین كاڵا ئومێدە
 لەم مەیخانەى ڕۆحەدا ڕیسواترین پیرى موغان سەرخۆشەكانن
 لەم وڵاتى تابووت و خیانەتەدا
 نابووت ترین بونەوەر زیندوەكانن و
 دڵشكاوترین گۆرانیبێژ قەرەجەكانن
 ڕێگایەكمان نیشان بدە ڕۆحى تێدا ببەخشین نەك خوێن
 دڵمانى تێداببەخشین نەك بەڵێن
 ژیانى تێدا ببەخشین نەك مەرگ
 عیشقى تێداببەخشین نەك سامان
 ڕێگایەكمان نیشان بدە
 سواڵى میهرەبانى تێدابكەین نەك گوناه
 بمان خەرەئاسمانێك عیبادەت بۆ پاك بوونەوە بكەین نەك لەترسى دۆزەخ
 بۆ جوانكردنى ژیان خوامان خۆشبوىَ نەك لەترسى عەزاب
 لەبەرئەویتر خوامان خۆش بوێت نەك تەماحى بەهەشت
 قەفەزەكان بۆ گوناهكارەكان بن نەك گوناهباركراوەكان
 ئەى ئەو پیاوەى جگەلەماڵى ڕۆحى من هیچ ئاوەدانیەكى تر نادۆزیتەوە
 ئەى ئەو كچەى جگە لەدڵ و ڕۆحى بریندارى من
 لەهیچ شوێنێكى ترا خۆت نابینى
 دونیاتان ئەدەمەوە ڕۆحى خۆمم بدەنەوە
 جوانیتان ئەدەمەوە مناڵیم بدەنەوە
 دڵمتان ئەدەمەوە ڕۆحى خۆمم بدەنەوە
  چەقۆ كۆنەكانتان ئەدەمەوە دڵى بریندارم بدەنەوە
 یا ژیانتان ئەدەمەوە وبەیەكجارى مردنم بدەنەوە
 دڵێكى بێگیانم بۆ چیە لەڕۆحمداو
 ڕۆحێكى بێگیانم بۆچیە لەدڵمدا ؟!
 جگەرەكەت لەسەر دڵى من بكوژێنەرەوە
 ئێمە لەم قومارخانەدا حەقیقەتمان دۆڕاند و
 ئومێدێكى هیچمان بردەوە
 ئێمە گوناهبارترین كوڕەكانى ئادەمین
 ئێمەبەبىَ چرابەڕىَ كەوتین
 بەدواى ئەو دڵە شێتانەماندا كەهەردەبوو لەچارەمان بنوسن
 ژیان یەكەمین وێستگەى كارەساتەبەرەو مردن
 باڵ دەركردن یەكەم نەهامەتیە بەرەو نائومێدى
 فڕین یەكەم سەفەرەبەرەو شێتى
 جگەرەكەت لەسەر دڵى من خامۆشكە
  باڵدارەكان بۆیە دەفڕین تا نازبكەن بەسەر ئاسماندا
 سۆفیەكان بۆیە خەڵوەیان دەكێشا
 تاوەك شمشێرێكى هەزار سەر بەعیبادەت بریندارمان بكەن
 ئەى ئەو پیاوەى بەخوێنى ڕۆحى من گوناهەكانت ڕەنگ ئەكەى
 ئەى ئەو كچەى بە خوێنى دڵى من لێوەكانت سورئەكەی و
 ڕۆحى من لەجانتاى سەفەرەكەتدا ئەپێچیتەوە
 گوڵەكانى ڕۆحى من بۆدڵى ئێوە
 گوللەكانى ڕۆحى ئێوەش بۆدڵى من
 تەرمى ڕۆحى خۆمتان نیشان ئەدەم
 دڵى خۆمم نیشان بدەن
 جوانیتان پێ ئەبەخشم مەرگم پێببەخشن
 ڕۆحى خۆمتان پێئەبەخشم دڵى خۆتانم پێببەخشن
 ئیدى ئەو پاساریانە نابینین بەیانیان
 بەگوێسەبانەى ماڵەكانەوە دەخوێنن
 ئەو كچانەى بۆكانى ئەچن ئارایشت ئەكەن
 ئەو كوڕانەى بۆسەیرى ماسیەكان ئەچن گۆرانى ئەڵێن
 ئەم دار ستانە شوێنێكە دەبێت هەریەكێكمان ئەویترمان بكوژین
  شارى ئەو مەیخانانەیە
 بادەكانیان تەلیسم و ساقیەكانیان جادو بازن
 وڵاتى ئەو پەپوە لاسارانەیە بەدواى وێرانەدا گۆرانى ئەڵێن
 مەملەكەتى ئەو شەمشەمەكوێرانە یەبەدواى تاریكیدا دەفڕن
 ئێوارانیێك كچانێك لەدەریا ڕائەمێنن ڕۆحیان لەچاویاندایە و
 كوڕانێك لەكەشتیەكان ڕائەمێنن ڕۆحیان لەگوێچكەیاندا
  ماسیگرەكان ماسیەكان فێرئەكەن لەبیاباندابژین
 جەللادەكان قوربانیەكان فێرئەكەن خۆیان سەرى خۆیان ببڕن
 تابووت سازەكان درەختەكان ڕائەهێنن بەرلەچرۆكردن ببنە دارەمەیت
 هاوڕێم ئیدى شكاندنى شوشەكان
 ئەو ماسیانە ڕزگارناكا
  لەحەوزى ژورەكاندا بۆ جوانى زیندانن
 دەبێت بیانبەینەوە دەریا
 پەڕینەوە بەو كەشتیانەى بارەكانیان خۆڵەمێشەو
 كەشتیەوانەكانیان تەلیسمن
 دادى كەسمان نادا
 جگەرەكەت لەنێو خوێنى دڵما بكوژێنەوە
 ئێمە گوناهبار ترین كوڕەكانى ئادەمین
 كاتێك بەو پەڕى هەستكردن بەسەركەوتنەوە پاساریەكمان دەكوشت
 مناڵێكى گەورەبووین
 من دەمزانى ئەو سەرخۆشانەش خوا دەبینن
 گیرفانەكانیان لەسواڵكەرەكانى شاردا خاڵى ئەكردەوە و
 ڕۆحیان پڕئەكرد لەمەرگ
 ئەو سۆزانیانەش عیبادەت ئەكەن
 دواى هەرمردن ولەئامێز گرتنێك
 گەنم بۆ زەڕنە قوتەبرسیەكان ئەكڕن
 ئەوشێتانەش عیبادەت ئەكەن هەمیشە ئەڵێن
 خواناسى لەویژدانى مرۆڤدا گەورەئەبىَ و
 عیشق لەڕۆحى مرۆڤدا سەوزئەبىَ
 من دەمزانى ئەوەى كەنامرێت ڕۆح بەخشە نەك خوێن بەخش
 تۆش بەم كۆڵانە سەرابیانەى حەقیقەتدا تێ مەپەڕە
 لەم ڕۆژگارى ڕۆحە سەرابیانەدا
 ئەم ڕێگایانە بەرەو مەغریب ئەچن
 تەفسیرێكى تر بدۆزەرەوە بۆ ژیان
 ئەى ئەو پیاوەى لەبەردەم ئاوێنەیەكدا
 دەتەوێت سیماى عاشقێك ببینى وكەللەسەرى جەللادێك ئەبینى
 ئەى ئەو كچە دڵ تەڕەى بۆ گوڵى سور ئەگەڕىَ ى و
 خۆڵە مێش ئەدۆزیتەوە
 بۆ دڵى تەڕى خۆت ئەگەڕىَ ى و
 مەرگى ڕۆحى خۆت ئەدۆزیتەوە
 بەدواى كلیلێكدا مەگەڕێن كەدەرگاكان ماڵى كرانەوە نین
 سەیركەن ژیان چ شەڕ فرۆشتنێكە بەمردن!
 جگەرەكەت لەسەر ڕۆحى من بكوژێنەرەوە
 ئێمە گوناهبارترین قابیلە كانى ئادەمین
 ئەشێت خێڵێك لەو خێڵانەى یەشتا بەئاوەدانى نامۆن
 لەئێمە شارستانى تربن
 درەنگ زانیم ئەشێت ئومێدیش بچێتەوە سەر ئەسڵى نائومێدى
 دەكرابەئاگر ژیان ڕۆشن بكەین نەك بەلاشەى خۆمان
 بەڕۆح ژیان بنیاد بنێین نەك بەمەرگى ڕۆحى خۆمان
 جگەركەت لەسەردڵم دانىَ
 ئێمە هەمووشەوىَ لەگەڵ مەرگ پیاسەى ژێر مانگەشەو مان ئەكرد
 سەیرى ئەو كچانەمان ئەكرد لەگەڵ ئاگر دەگەڕان
 ئەو پیاوانەمان ئەدوان عیشقیان بەقامچیەكانیان ئەكرد
 لەگەڵ ئەو جەللادانەدا مەست دەبووین دونیایان بەكوێرى دەبینى
 من دەمزانى ژیان تابووتێكەو بەزیندوویی هەموومان تیایدا ڕاكشاوین
 جەللادێك ئەمكوژێت عەیامێكە خوا ڕۆح و ویژدانى ئەوى كێشاوە
 دەشێت گۆڕستانە كان پڕكەین لەزیندو
 شاریش پڕكەین لەمرد و
 ئەشێت كۆشكەكانى جوانى هەر سەراب بن و
 ئومێدەكانیش هەر خەیاڵ بن
 جگەرەكەت لەسەر دڵى من بكوژێنەرەوە
 ئێمە مناڵى بێڕەحمترین سۆزانیبازەكانى شار بووین
 منیش یەكێكم لەكوڕەنەمەك حەرامەكانى ئادەم
 لەو شەقامانەدا سواڵم ئەكرد سەرمایەدارەكانیش تیایدا نائومێدن
 فاڵى درۆینەم بۆ ئەو ژنانە گرتەوە ئومێد تەڵاقى دابوون
 دڵى ئەو پیاوانەم ئەدایەوە بەدواى گوڕێكدا وێڵ بوون بیكەن بەنیشتمان
 منیش نێهلیزترین و گوناهبارترین كوڕى ئەو پیاوەم
 لەبەردەرگاى ئەو ماڵەى حەشیش كێشێكى نائومێد
 چاوەڕوانى ئەمبولانسێكى ئەكرد بیباتە مەغریب سان
 
 نوسیم ژیان ئاشتكەرەوە
 بگەڕێرەوە بۆ ژیان
 بەگوىَ ى ئەو شێتەم نەكرد ڕۆژانە بەشەقامەكانى شاردا هاوارى ئەكرد
 ئەى ئەو كچەى جگە لەمردن كەسى تر ناناسى
 ئەى ئەو نائومێدەى جگەلەعیشقى ڕۆح چاوت هیچى تر نابینىَ
 لەو دەرگایانەمەدە
 زەمان هەزاران جار لێیداون و نەیكردونەتەوە
 مەرگ هەزاران جار لێیداون و نەیخستونەتە سەرپشت
 دەرگاكانم بۆ كردەوە
 ئەو مەینۆشە عەبەسیەم پەشیمان كردەوە
 ئێوارانێك بەوپەڕى نائومێدیەوە دەیوت :
 ئەى بادە گێڕى مەیخانە كانى خەیاڵ
 مەیخانەیەك لەڕۆحى خۆتدا دروستبكە
 كەمەیخانەكانى شار بەمەرگ مەینۆشە كان خەیاڵ ئەكەن
 ئەو مناڵە دڵشكاوەم ژیركردەوە
 بەبوكەڵەیەكى بریندارو گریانێكى تاساوەوە بانگى دەكردم :
 هۆ هاوڕىَ نەحلەتیەكەم
 تاكەى لەگۆڕستانى ژیاندا زیندانى بین؟
 تاكەى بەدیار ئەم تابووتانەوە دانیشین؟
 تاكەى بەدرۆوە مەستانە گۆرانى بڵێین ؟؟
 بەو پەڕى بێشەرمیەوە هاوارى لێدەكردم :
 هۆ هاوڕىَ خۆش خەیاڵە كەم
 خوابتگرىَ
 ژیان كەى شوێنى ئەو هەموو ئومێدو خەیاڵەیە ؟
 ژیان هەرخیانەت و خوێنە
 من نامەوێت لەمەیخانەیەكدا مەستبم سۆزانیەكان تیایدا خەیاڵن
 پشیلەكان كلكیان بەسەر بوتڵى بادەكاندا دەسڕن
 ئەو كوڕانە ببینم بەقەد تەرزە بارانێك ژنیان لەئامێزیاندا خەواندوە
 ئەو كچانەببینم بەدەرگاو پەنجەرەى ژورێك ئاشنان
 مەهدى ئاسادەم وت:
 (ئەم هەلە لەدەست مەدەن
 لەززەت لەئازارەكانتان بكەن)
 منیش نەمەك حەرامترین كوڕى ئەو پیاوەم
 جگەرەكانتان لەسەر ڕۆحى من بكوژێننەوە
 ئەىئەو كچەى زەمانێك گوڵەكانى خەیاڵ ئاو ئەدەیت و
 زەمانێكى تر قافڵە كانى ئەجەل
 دواهەمین دەرگا كەلىَ ى نوسراوە ئەمە دۆزەخە
 ئەوە دەرگاى دڵى منە
 یەكەمین كەلاوە كەلەسەر پەنجەرە خاپورەكانى نوسراوە
 ئەم ماڵە یاخیە لەبەهەشت
 ئەوە پەنجەرەى ڕۆحى منە
 جگەرەكەت لەسەر ڕۆحى من بكوژێنەوە
 وەك ئەو پیاوانەى بێوەفاییان لەماڵە كانیاندا جێئەهێشت و
 ئەو ژنانەى لەبرى چیمەن خۆڵە مێشیان لەحەوشەكانیاندا سەوز ئەكرد
 لەو شوێنەدا وێرانم كەن
 كەجێیەكى تیا نامێنێتەوە بۆ بنیاد نانەوە
 لەو سەرشەقامانەدا بم كوژن پەپولەیەكى تیا نافڕىَ
 
 *دێڕى ناو كەوانەكە هى شاعیرى ئازیز (مەهدى زریان)ە
 

Previous
Next

Leave a Reply