Skip to Content

Monday, September 28th, 2020

ئێوە بیركردنەوەشتان گەندەڵ بووە؟!

Comment
by May 2, 2008 گشتی

 ئاسۆعەبدوللەتیف……

 بۆ یادی 3/5/1988 رۆژی كیمیابارانكردنی گۆپتەپە پێم خۆش بوو بوەستم و هەندێ شتی دیكە بڵێم و بێژم كە ئەوەی كراوە شایەنی باسكردنیش نییەو هەر هیچ هیچە لە چاو ئەو پارەو سامانە زەوەندەی كە بەرپرسان بۆ ماڵ و مناڵیان كۆكردۆتەوەو لە یادەكانیشماندا شینمان لەگەڵ ئەكەن، ئەوەی كراوە بە ناوی ئاوەدانیەوە بۆ هەندێ ناوچە جگە لە گاڵتەو گەپی پاش مەست بوون و پەڵەی رەش و شەرمەزاری هیچ نییە؟! " ئێستاش سەیرم لێ دێ ئەم دەسەڵاتە بازرگانە باسی ئەنفال و قوربانیانی ئەو كارەساتەو گۆپتەپەش بكەن، ئاخر گۆپتەپەش رەمزی تێكۆشان و نەبەزین و بەرگری بوو، دەستەخوشكی هەڵەبجەبوو كە تازە چلەی هەڵەبجە چووبوو پاش 47 رۆژ لە ئازاری هەڵەبجە ژەهربارانیان كردوو خنكاندیان وەك چۆن ئێستاش دەسەڵاتی خۆماڵی پاش 20 ساڵ بە فەرامۆشكردن و پەراوێزخستن دەیخنكێنێتەوە، بەڵام چۆن خنكاندنێكی كوردی بە ناوی ئاوەدانیەوە!! ئەوان ( بەعس) بە كیمیایی و ئەمانیش (حیزب و هەرێم و حكومەت) بە ئیهمالكردن!؟
  من سەیرم لێ دێ ئەم دەسەڵاتە زاتی ئەوە ئەكات لەبەردەم كەس و كاری قوربانیاندا باسی شەهیدەكانمان ئەكەن و ئێمە ئەلاوێننەوەو فیستیڤاڵمان بۆ ئەسازێنن، ئاخر فیستیڤاڵی چی و حاڵی چی؟ نانا ئاخر فیستیڤاڵیش گەندەڵاوی نەكەن ئەدی چ بكەن؟ ئەی شەفاعەتیان بۆ دەیان سەرۆك جاش و ئیستیخبارات و ئەندازیارانی ئەنفال و دەیانی وەك سوڵتان هاشم و وەفیق سامەرائی و خەزرەجی نەكردو ئێستاش پشی پشی بۆ بەعسیە شۆرشگێرو ئەكادیمیستەكانی بەغدا ئەكەن، سەیرم لێ دێ بەراستی سەیر وەك ئەو كورە مەسئولانەی ساڵانە بە خۆشی دایكانی رەشپۆشی هەڵەبجەو گەرمیان و گۆپتەپەوە سەیارەكانیان ئەگۆرن، لە كاتێكدا ئێمە ناتوانین فڵچەی دەمودانەكانیشمان بگۆرین، سەیرم لێ دێ سەیر بەو مانایەی ئەم دەسەڵاتە لەوە بچوكترن بتوانن ئەنفال و كیمیابارانكردنی هەڵەبجەو گۆپتەپەی جوان و سەردەشت و بالیسان و دەیان برینی دیكە  بكەن بە كەیسێكی سیاسی و لە مەحافیلی نێودەوڵەتیدا بیچەسپێنن و لەولاشەوە لە بكەرانی خۆش بن، سەیرم لێ دێ، سەیر بەو مانایەی ئەوەی لە بیری ئەم حیزبانەدا نەبێ ئەوەیە كە ئەنفال بكەن بە سەرمایەیەكی رەمزی و سیاسی میللی و لە بیری ئەوەدابن لە پرۆتۆكۆلاتی عیراقی و نێودەوڵەتیدا وەك جینۆساید بیچەسپێنن؟ ئاخر بۆیە سەیرم لێ دێ چونكە دەسەڵاتی كوردی و سەركردایەتیە سیاسیەكەی زانی ئەنفال بۆچی كراو كێش كردی كەچی ئێمە نەمانزانی بۆچی ئەوەندە سەر شۆڕ بوون لە بەردەم بكەرانی ئەو تاوانە گەورەیەدا؟ سەرشۆری بە مانا ئابوریەكەی؟!
  با بە هێمنی و كەمێ زبر بەم دەسەڵاتە بڵێم و بیریان بخەمەوە كە ئەنفال كردەیەكی عەفەوی سادەو فیزیكیانەی ئایدۆلۆژی نەبوو تا بە زاراوەگەلێكی لاستیكی بتانەوێت یادەوەریە بیست ساڵەكەی نەمر بكەن، یان لە چاوەروانی شانۆگەریەكداو بە دوو دڵۆپ فرمێسك قەرەبووی كەس و كاریان بكەنەوەو دوای فیستیڤاڵیش بێژن بە هاورێكانتان ئەو كچە جوانانەتان بینی؟! ئەزانم ئێستا ئەم دێرانە ئەخوێننەوەو پێكەنینتان پێ دێ چونكە ئێوە قەت نازانن بگرین و دەم و لێوتان ناشوكری نەبێ بەس شەراب و ماچ و گۆشتی ساج و پێكەنینی دیوەو بەس، گریانی چی و حاڵی چی؟! تەنانەت ئێوە وەك (tevz) ی یاریزانی ئەرجەنتینیشتان پێ ناكرێ كە بە منداڵی لاملی سوتاوەو ئێستاش پاش ئەو هەموو دەوڵەمەند بوونە وەك وەفایەك نایەوێت تەجمیلی دەم و چاوی بكات بۆ ئەوەی هەژاری و كڵۆڵی مناڵی بیر نەچێتەوە؟! كە ئەو دیارە چۆن دەوڵەمەند بووەو ئێوەش چۆن؟! ئێوە مەخلوقێكن لە كەس ناچن ئای چەندە عەجایبن ئێوە تەنانەت لە سێرچی گوگڵیشدا نادۆزرێنەوەو نین، بەراست ئێوە چین؟! بۆ وا ئەو میللەتە لە بیر ئەكەن، تەنانەت ناتوانن تەنها شەوێك پێش مەستی بیربكەنەوەو رۆژانی سەخت بخەنەوە بیرتان، ئێوە وەك فەیلەسوفێك ئەڵێ بیریش ناكەنەوە كەواتە نین و بونتان نییە؟ ئێوە پارە پەرستن كەواتە بیر لە پارە ئەكەنەوە، ئەوەی لە پارەش نزیك بویەوە رەوشتی بەرزی بیر ئەچێتەوە  دیكارت ئەڵێ"من بیر ئەكەمەوە كەواتە هەم" (انا افكر انا موجود)..
  كاتێ كورد ئەنفالكرا و هەڵەبجەو گۆپتەپەش شەهیدكرا دەسەڵاتی كوردی بریتی بوو لە چەند حیزبێكی پەرتەوازەو میدیایەكی رادیۆیی و هەندێ كێشەی ناوخۆیی، لەگەڵ برێك جەنگاوەری خاكی كە دواتر بوونە سوتەمەنی خولی ئایندەی شەری براكوژی و داهات و كورسی و دەستكەوت و پارەو خیانەت، ئەوكات كەس ئەنفالی نەدەناسی وەكو پرۆسەیەكی رەشەكوژی و ژینۆساید، هەروەك چۆن كەسیش حیزبی كوردی نەئەناسی بەودیوەی كە چ خۆشەویستیەكی بۆ كورسی و دەسەڵات هەیە، بێگومان نەشمان ئەزانی گەلی ئێمەو دەسەڵاتەكەمان ئەوەندە بێ ئینتیمایە بۆ ئەنفال و هەڵەبجە، هەموو ئەنفال لە گوتاری تەبلیغاتی و سۆزو بەیاننامەی حیزب تێپەری نەئەكرد، ئەم تەبلیغاتەش بێگومان بۆخاتری ئەنفال نا بەڵكە بۆ خاتری شەرە پەرۆی حیزب،
  رۆژنامەگەری ئێمە كاتێ پاش راپەرین كەوتە گاوڵكێ بەدەست حیزبە دەسەڵاتدارەكانەوە بوو واتە بەدەست گومرگەكانەوە بوو، بێگومان پارەو داهاتی بێ حساب چاپخانەی كڕی و كۆمەڵێ كادری حیزبی لەدەور كۆكردەوەو لەباتی ئەوەی ئەم رۆژنامەیە دەست بگرێ بە چەمكی ئەنفالەوەو بیكاتە سەرمایەی رەمزی و فایلبۆكس و ناوەندی دیكۆمێنتاریانەی بۆ بكاتەوە، كەچی ئەم رۆژنامەیە كە بەدەستی حیزبەوە بوو فایلبۆكس و ناوەندی دیكۆمێنتاریانەی بۆشەری براكوژی و شەهیدە نوێكانی یەكتركوژی دوای راپەرین كردەوەو ئەنفالی لە قاڵبی دروشمسازی و وەعزێكی فریودەرانەدا هێشتەوەو تەنانەت زۆرجار درۆش بەدەمی ئەو شەهیدە نوێ و كەم تەمەنانەوە ئەكراو پاش شەهیدبوونیان ئەیانكردنە سەركردەی رۆژە سەختەكانی ئەنفال و كوڕی رۆژی تەنگانەوچوارەم و پێنجەمین شەهیدی بنەماڵەو ئیدی لەباتی قوربانیانی ئەنفال ئەمانە بوونە رەمزی نوێی شارو ئەنفال وەلانرا، واتە ئێستا ئەوەندەی شەهیدانی شەری ناوخۆو تەقینەوە تیرۆریەكان قورسی و سەنگیان هەیە ئەوەندە شەهیدانی ئەنفال و هەڵەبجە ئەو سەنگەیان نییە، ئەوەتا وەك ئەبینین تا ئێستاش نەلە سلێمانی و نە لە هەولێر كە دوو گەورە شاری یەكێتی و پارتین تاقە رەمزێ یان مینۆمێنتێكی شەهید یان ئەنفال یان هەڵەبجە یان گۆپتەپە نییە كە بیانیەك هاتە كوردستان هەڵوەستەی لەسەر بكات و ووردە وردەش كاڵ ئەبنەوە، بەڵام مینۆمێنتی شەهیدانی یەكی شوبات هەیە كە قوربانی دەستی تیرۆرن و زیاتر شەهیدی حیزبن، "ئەمانە سەر چاومان" ئەی شەهیدانی ئەنفال و هەڵەبجەو شوێنانی دیكەی وەك گۆپتەپە ئەخەنە كوێی مێژوو؟ ئەی ئەنفال بۆ لە گوتاری ستراتیجی و سیمای شاری سیاسی و حكومیماندا غائیبە؟ كام ناوەندی زانستیمان هەیە بۆ توێژینەوە لە ووشەی ئەنفال وەك و چەمك ؟ خۆ ئەنفال هەر بریتی نییە لەو ریپۆرتاژە سەرپێیی و گریانئامێزو سۆزدارانەی كە هەموو ساڵێك كوردسات و كوردستان تیڤی و رۆژنامە حیزبیەكان دووبارەی ئەكەنەوەو تەنها ژمارەی ساڵیادەكەی ئەگۆرن؟ یان بە سەردانی سەرۆكەكان و بەرپرسان و گریانە تەشریفاتیەكان بۆ ناوچە كارەساتبارەكان كێشەكانمان چارەسەر نابن ئەگەر لێبران و دڵسۆزی پێوە نەبێ وەك ئەو لێبران و دڵسۆزیەی كە هەتانە بۆ شارەكانی خۆتان!!! ئێستا دەیان پاركی گەورەو شەقامی سەیر سەیر هەیە بەناوی شەهیدی حیزبەكانەوە لەناو شارە سیاسیەكانی ئێمەدا ئەگەر شاربن كەچی ئەنفال غائیبە و نازانرێ بۆ؟ هەڵەبجە غائیبەو نازانرێ بۆ؟ گۆپتەپە غائیبەو نازانرێ بۆ؟ ئەی بۆ وێرانە هەر نازانرێ بۆ؟ ئایا بەراست ئەمەش عارەقی شەرمەزاری نییە؟ ئایا ناكرێت بپرسین ئێوە تاكەی كەمتەر خەمن و عارەقی شەرمەزاری ئەسرن تاوێ بۆ ئەنفال و تاوێ بۆ هەڵەبجەو ئەمرۆش بۆ گۆپتەپەی بێ كەس و بێ خزمەتگوزارو بێ خان* و لان و مان و سان*؟ بۆیە تكا ئەكەم بیر بكەنەوە تا بیرو هزریشتان گەندەڵ نەبووە.
 
Asolm2002@yahoo.com
 *خان..  وەك چەمكی ژێر خان و سەرخانی ئابوری بەكارم هێناوە كە نیمانە.
  *سان… واتە دەسەڵات و هەیبەت و شكۆ، كە نە هەڵەبجەو نە گۆپتەپە نیەتی.
 
 

Previous
Next

Leave a Reply