Skip to Content

Tuesday, October 20th, 2020

ئەدەبیاتی مناڵان …. ن: سەمەد بێهرەنگی

Be First!
by May 27, 2012 ئەدەب

 

ئیتر کاتی ئەوە بەسەر چووە کە ئەدەبیاتی مناڵان سنوردار بکەینەوە بە برەوپێدان و گونجاندنی ئامۆژگاریە ووشکە بێ ئەملاو ئەولاکان، پاک و خاوێنی دەست و پێ و جەستە، گوێڕایەڵی دایک و باوک، گوێرایەڵی کردن لە گەورەکان، دەنگەدەنگ نەکردن لەلای میوان، بەیانیان زوو هەستە تا تەندروست بیت، پێبکەنە تا دونیا بەڕوتا پێبکەنێت، یارمەتیدانی هەژار و بێ دەسەڵاتەکان بە خێرخوازانە و بابەتگەلێکی لەم چەشنە کە ئەنجام و بەرهەمی گشتی و کۆتایی هەموو ئەوانە بێ هەواڵ مانەوە و نەزانینی مناڵانە لە بابەتی گەورە و تایبەت و گرینگی شوێنی ژیانیان. بۆچی لەکاتێکدا برا گەورە دڵی بۆ هەناسەیەکی ئازادانە و هەوایەکی پاک و خاوێن تەنگ بووە، مناڵ لە قۆزاخەیەک لە “بەختەوەری و شادی و هیوادا” بخنکێنین؟
دەبێ منداڵ لە هۆکارە هیوابەخشە پوچ و بێ بنەماکان بێ هیوا بکەین و دواتر ئاواتێکی جیاواز لەسەر بنەمای ناسین و ڕاستیەکانی کۆمەڵگا و شێوازی بەربەرەکانێ لەگەڵیاندا لەجیاتی ئەو هیوایەی پێشووتر دابنرێت. ئایا منداڵ جگە لە فێربوونی پاک و خاوێنی و گوێڕایەڵی گەوەرەکان و گوێگرتن لە مامۆستا (کام مامۆستا؟) و ئەدەب (کام ئەدەب؟ ئەدەبێک کە دەسەڵاتداران و چینی زاڵ و خۆشگوزەران برەو پێدەر و ناسێنەرین؟) هیچی تری پێویست نییە؟ ئایا نابێت بە منداڵەکانمان بڵێین، کە لە وڵاتی تۆدا منداڵانێک هەن کە ڕەنگی گۆشت و تەنانەت پەنیریش مانگ بە مانگ ساڵ بە ساڵ نابینن؟ چوونکە کۆمەڵێک خەڵک حەز دەکەن کە هەمیشە (قازی سورکراوە لە شەرابدا) لەسەر خوانەکانیاندا بێت.
ئایا نابیت بە منداڵ بڵێین، کە زۆرتر لە نیوەی خەڵکی جیهان برسین و بۆچی برسی بوون و ڕێگای لەناوبردنی برسێتی چییە؟ ئایا نابێت تێگەیشتنێکی ڕاست و دروست لە مێژوو و گٶڕان و گەشە و پێگەیشتنی کۆمەڵگای مرۆڤایەتی بە منداڵ بدەین؟ بۆچی دەبێ منداڵانێکی شۆراو و پاک و خاوێن و بێ خەش و خەول و بێ دەنگ و گوێڕایەڵ پەروەردە بکەین؟ مەگەر دەمانهەویت مناڵەکانمان بخەینە پشتی شوشەی دوکانی بوکەڵە فرۆشیەکانی ماڵە دەوڵەمەندەکان و وەها بوکەڵەگەلێکی جوانیان لێ دروست بکەین؟ بۆچی دەڵێین درۆ خراپە؟ بۆچی دەڵێین دزی خراپە؟ بۆچی دەڵێین گوێڕایرڵی دایک و باوک کارێکی باشە؟ بۆچی نایەین ڕەگ و ڕیشەکانی سەرهەڵدان و گەشەکردنی درۆ و دزی بۆ مناڵان ڕوون بکەینەوە؟
مناڵەکانمان فێر دەکەین کە ڕاستگۆ بن، لەکاتێکدا، دەور و کات کاتێکە کە چاوی چەپ درۆ لەگەڵ چاوی ڕاستدا دەکات و برا لە برا بە گومانە و ئەگەر ڕاستیی ئەوەی لە دڵیدابێت بیهێنێتە سەر زمان، هيندە کێشە و گرفت دێنە ڕێ کە ناتوانێت رزگاری ببێت لێیان. ئایا گوێگرتن لە مامۆستایەک و دایک و باوکێکی ناتەمدروست و هەناسە پەرەست کە ئامانجیان تەنیا راحەت ژیان و هەرچی زۆرتر بێ کێشە و گرفت ژین بەڕێ کردنە و زۆرتر پارە پەیدا کردنە کارێکی پەسەندکراوە؟
بۆچی یارمەتی دان بە هەژار و بێدەسەڵاتەکان برەو پێبدەین و هیچکات ناڵێین ئەمە چۆن “هەژار” بووە و ئەمەیان “توانا” کە سینگ بداتە پێشێ و بەشێکی بەرچاونەهاتوو لە سامانی خۆی بداتە ئەو هەژارە و منەتی بەسەردا بکات، کە بەڵێ من مرۆڤێکی خێرخوازم و هەمیشە دەستی مرۆڤانێکی وەکوو تۆ دەگرم؛ هەڵبەتە ئەمەش بۆ رەزامەند کردنی خوایە، ئەگەر نا تۆ کە بۆخۆت مرۆڤ نیت.
ئێستا کاتی ئەوەیە، کە لە ئەدەبیاتی منداڵاندا سەرنج بدەینە دوو خاڵ و هەمیشە ئەم دوانە بکەینە بناخەی کار: خاڵی یەکەم: منداڵان دەبێت پردێک بن لە نێوان دونیای ڕەنگاڵەیی بێ هەواڵی و خەیاڵ و ئاواتە شیرینەکانی منداڵی و دونیای تاریکی زانین، نقوم بوو لە ڕاستیە تاڵ و بە ئازارەکان و قورس و گرانی ژیانی کۆمەڵایەتی گەورەترەکان. مناڵ دەبێت لەو پردە زۆر تێگەیشتوو و پڕ و ڕووناکی بەدەست تێپەر ببێت و بێتە ناو دونیای گەورەترەکانەوە. بەم شێوەیەیە کە منداڵ دەتوانێت یارمەتیدەر و هاوەڵی ڕاستەقینەی باوکی بێت لە ژیاندا و هۆکارێکی بگۆڕی پۆزەتیفی ئەم کۆمەڵگا وەستاوو هەردەم ڕۆچووە بێت. منداڵ دەبێت بزانێت، کە باوکی چ ڕێگا گەلێک بەکار دەهێنێت بۆ بەردەوامی ئەم ڕۆژگارە تاریک و ئەم زستانە دەستکردەی مرۆڤ .
منداڵ دەبێت لە هۆکارە (هۆکارە هیوابەخشە بێ بنەماکان) بێ ئومێد بکەین. منداڵەکان دەبێ بزانن. کە باوکەکانیشیان لەو زەلکاوەی کۆمەڵگا تەنیا پەلەقاژەکارێکن و هیچیتر، هەروەها هەموو مناڵەکان بەهەڵە تێدەگەن، باوکیان لە ڕاستیدا هەموو کارەکانی پێ ناکرێت و لەکۆتاییدا داخی خۆیان بە ژنەکانیان دەڕێژن. بە گشتی و خاڵی دووهەم: دەبێت دونیا بینیەکی ورد بدرێت بە منداڵان، ڕادەیەکی پێبدرێ کە بتوانێت بابەتە جۆراوجۆرە ئەخلاقی و کۆمەڵایەتیەکان لە هەلومەرج و کاتە هەڵگەڕاوە هەمیشەیی و جۆراوجۆرە کۆمەڵایەتیەکاندا پێی هەڵبسەنگێنێ. دەزانین کە بابەتە ئەخلاقیەکان لەو بابەتانە نین، کە نەگۆڕ وهەمیشەیی بن.

Previous
Next

Leave a Reply