Skip to Content

Friday, September 18th, 2020

ئەدەبیاتی ڕاپەڕین خوازانە….ن: پێشەنگ سادقی

Be First!
by January 14, 2008 ئەدەب

  بە چاو خشانێکی خێرا بەسەر ئەدەبیاتی ڕاپەرین خوازانە و خوێندنەوەیەکی خێرایانە لەم ڕوانگەیەوە بەسەر دوو دەفتەرە شێعر دا:
1-باران و دلۆپە کە کۆمەلە شێعری کاک سەعیدی ئەمانی یە و ناوەندی چاپەمەنی کۆمەڵە بڵاوی کردۆتەوە
2-زامستان کۆمەلە شێعری کاک ڕەحیمی لوقمانى یە کە ناوەندی چاپەمەنی گۆران لەشاری سنە بڵاوی کردۆتەوە

  ئەدەبیاتى ڕاپەرین خوازانە لە قوڵایى دڵى ئینسانەکانەوە سەر چاوە دەگرێ و لە چەوساوەکان ژنان و وەرزیران و بە گشتى پشتیوانى لە مافى ئینسانى دەکا. کەوایە دەتوانین بلێین ئەدبیاتى ڕاپەرین خوازانە، لە شۆرشە کومەڵایەتیەکانەوە سەرچاوە دەگرێ و رووى لە هەموو چین و توێژەکانى ناو کومەڵگایە. بەڵام تاى تەرازووى زۆرتر بۆ لاى زەحمەتکێشان ووەرزیران و چینى چەوساوەى ناو کومەڵ دا سەنگینى دەکا . هەر لەبەر ئەوە دەکرێ بلێین، میژووى ئەم ڕەوتە، کونتر لەوەیە کە بیرى لێ دەکەینەوە. یا بە واتەیەکى تر هەر بەوەدى هاتنى ئینسان ئەم ڕەوتەش بوونى خۆى سەلماندووە و هاتۆتە ئاراوە. هەربویە شۆێن پێى ئەم ڕەوتە لە ئەدبیاتى زارەکیش دا بە جوانی هەست پى دەکەین. چوونکە هەر لە هەوەڵەوە چەوسانەوەى ئینسان بە دەستى ئینسان هەر بووە، بەڵام لە هەر سەردەمیک دا، بە پێى هەلوومەرجى ناو کومەڵگا، ناوەکەى گۆڕانى بە سەردا هاتووە. هەر لە کۆیلە و کۆیلەداریەوە بگرە هەتا دەگاتە دەورانى سەرمایەدارى و ئێستا. جا هەر بەم پێیە لە هەر سەردەمێک دا ڕەوت گەلێگى دژى زۆرداران و حاکمان هاتۆتە ئاراوە وچونکە لە لاى حاکمان جیگەى نەبووە، زۆرتر لە ئەدبیاتى زارەکى و لە ناو خەڵکى ئاسایى دا کە بە ئاشکرایى قسەى دڵى خویان لە قالبى ئەدەبیاتى فولکلورى دا بەیان دەکەن، دیتۆتەوە. نموونەى ئاشکراى ئەوانە ئەدەبیاتى کەوناراى جیهانیش دا وەها ڕەگەیەک هەست پێ دەکرى، کە نموونەى ئاشکراى ەوانە ئەدەبیاتى عامیانەى فارسى و بەستە و بەیت و گورانى کوردین کەئەم روانگەیەیان تیدا دەبیندرى. هەربەم شیوەیە لە ئەدەبیاتى کەوناراى جیهانیش دا وەها رەگەیەک هەست پێ دەکرێ، کە نموونەى بەر چاوى ئەمە، بەسەرهاتى گیلگەمیشە کە نزیک بە چوار هەزار ساڵ لەمەوبەر لە نێوان دوو رووبارى دیجلە و فورات دا حکوومەتى دەکرد و لە دژى مەرگ ڕاپەرى و بە شوێن رێ چارەیەک بۆ ڕزگارى لە مەرگ هەوڵى دا. بەڵام بە شێوەیەکى زانستیانە و بەر بڵاو لە سەدەى بیستەم دا بە تایبت لە سەر دەستى نووسەرانى چەپگەرا، گەشەى سەند، ئەم ڕەوتە لە ئەدەبیات هەروەک سەرهەڵدانى هەموو ڕەوت و شۆرشێکى تر بوار و هەلوومەرخى تایبەتى خۆى هەیە کەئێمە لێرەدا بەخێرایى چاوێکیان بە سەردا دەخشێنین.
الف) چەوسانەوە و جیاوازى چینایەتى و نەتەوایەتى:
چەوسانەوە ئەمرۆکەش، هەر باسى سەرەکى ناو جەماوەرە. هەڵبەت هەر وەک وتمان ئەمە باسێکى دێرینى هەیەو دەگەرێتەوە سەرەتاکانى ژیانى ئینسان. بەڵام بە پێى زەمان، ئەم چەوسانەوەیە، ناوەکەى گوڕاوە. سەردەمێک کۆیلە و کۆیلەدار بووە، کەلەودا کۆیلەدار مافى، چەوسانەوەى کۆیلەى بووە. نموونەى بەر چاوى ئەمە، چەوساندنەوى ڕەش پێستەکانى ئافریقا، لەلایەن سپى پێستەکانى ئامریکاوە بوو کە بە زۆرى لە وڵاتى خۆیان کۆچیان دان. لەم پێوندیەدا قەشەکان و گەورەکانى ئایینى هەروەک هەمیشە، بە قازانجى حاکمان و زۆرداران دەنگیان هەڵبڕىو گوتیان ئەم کارەى کۆیلە داران تەنانت کارێکە کەلە ئەنجیلەوە سەرچاوەى گرتووە."ئەوان بۆ قسەیەى خۆیان نموونەیان لە تەفسیرى فەسڵى 9ى ئافراندن دەهێناوە، کە گوایە ئەو حەولادەى نوح کە تووشى غەزەبى خوا بووە، مناڵانى ڕەش پێستى لە خۆى بە جێ هێشتوە، هەتا تاوانەکەى بۆ قەرەبوو بکەنەوە. هەر بۆیە دەیانگووت کە ئەم ڕەش پێستانە بە جێ ماوانى حەولادى نوح ن، کەدەبێ کۆیلەیى بکەن، هەتا بەشکوو ببەخشرێن"ئەمرۆکەش ئەم کۆیلە وکۆیلەداریە هەر هەیە، بەڵام بە شێوەیەکى ئەمرۆیى. لەئاکامى ئەوشێوەیە لە ناو کومەڵگادا، دەبێتە هۆى سەرهەڵدانى ڕەوتێکى دژى ئەم بارودوخە، کە لە ئەدبیاتى رَاپەرین خوازانەیە.
ب) برسیایەتى و هەژارى:
لە ئاکامى چەوساندنەوە و زەخت و زۆریەک کە حاکمان پێکى دێنن، برسیایەتى دێتە ئاراوە، کەئەوەشدەکرێ بە یەکێک لە هۆکارەکانى سەرهەڵدانى ڕەوتى ئەدەبى ڕاپەرین خوازانە لە قەڵەمى بدەین. لێرەدا کە ئەدەبى ڕاپەرین خوازانە لەگەڵ شۆرشێکى کومەڵایەتى لێِکتردا رەنگ دەدەنەوە و لەئاکام دا دەتوانین بلێین هەر لە بەر ئەوەشە کە ئەدەبى کرێکارى لەگەڵ ئەدەبى ڕاپەرین خوازانە نزیکایەتیان زۆرە. لەم پێوەندیە دا و لە ناو جەماوەرێکى برسى دا، ڕەسالەتى ئەدەبیات و شاعیر و نووسەر چیە؟ یا دەبێ خۆ لەو کۆمەڵگایە جیاکاتەوە و لەئاکام دا ئەدەبیاتێکى دوور لەو بارودوخە، کە ڕەنگە ئەدبیاتێکى بێ رۆح بێت، بێتە بەرهەم یا ئەوەى کەخۆى تێکەل بەم بارودوخە کات و بە قازانجى ئەدەبیات، کەڵکى لێ وەرگرێ.
جاریکیان تى. ئیس. ئیلیوت گوتبووى:(ئەدەبیات ڕزگار دەر نیە) بەڵام ئەگەر لەمن بپرسن دەلێم هەم ڕزگارى دەرەو و هەم ڕزگارى دەر نیە. چونکە ئەوەى کەتا ئێستا ئینسانێکى ئەدەبى لە چنگ زۆرداران و حاکمان بە تایبەت لە ولاتانێک کە حاکمانی چەوسینەر حکومەت دەکەن رزگار کردوە، ئەدبیات بووە، کەوایە ئەدەبیات لە لانى کەمى خۆیدا، هەر هیچ نەبێ خاوەنەکەى خۆى رزگار کردووە. هەرچەند مەبەستى ئیلیوت بەستنەوەى ئەدەبیات بە چوار چیوەیەکى ئیدولوژیە ولەم روانگەیەوە، دەکرێ بلێین لەگەڵ ئیلیوت هاورێین. بەڵام ئەوەش بەستراوەتەوە بە بارودوخى زەمانى و مەکانى خاوەن بەرهەم و مایە و جەوهەرى ئەدەبى بەرهەمەکە. دەنا گائوشینگ جیان کە بەرەندەى خەڵاتى نوبیلى 2000بووە، زۆرتر بە خاترى رۆمانى کویستانى رۆح بوو کە ئەویش رۆمانێکى تەواو سیاسى و ئیدۆلۆژیانەیە. کەوایە دەتوانین بلێین ئەدەبى بوون لە ئەدبیات دا قسەى هەوەڵ دەکا.
ج) دیکتاتۆرى و جورم و جەنایەت:
یەکیکى تر لە هۆکارەکانى سەرهەڵدانى ئەم ڕەوتە ئەدەبى یە، کوشت و کوشتارى دیکتاتۆرانە کە لە کوشتن و بڕینى هیچ کەس، تەنانەت ژنان و منداڵان ناپرینگێنەوە و پاشان زۆر بە ئاسانى بە تەفسیر و تەعبیریک، لە کتیبە ئاینیەکانى دەلکێنەوە. نموونەى بەر چاوى ئەو جەنایەتى دیکتاتۆرى پێشووى عێراقە کە لە ژێر ناوى ئەنفال دا، زیاتر لە 182000کەسى لە خەڵکى بێ تاوان، خستەژێر گڵەوە و پاشان زۆر بێ شەرمانە بە کارێکى موقەدەس و ئایینى لە قەڵەمدا وبە تەفسیرى ئەنفالى لێکداوە کە دەلێ: لە شەڕ لەگەڵ نەیاران دا هەرشتێکی لێیان بگرن و لە بەینیان بەرن، غەنیمەتە. ئەو بەم شێوەیە ئەم جەنایەتە دڕاندانەیەى خۆى پاساو کرد و بە بەریۆە بردنى ئەرکێکى ئایینى زانى.
د) یەکێکى تر لە هۆکارەکانى سەرهەڵدانى ئەم ڕەوتە، بەکەم زانین و ماف پێ نەدان بە ژنان و منداڵان و لەم کارەش دا زۆر بە ئاسانی بە کتێبە ئایینى یەکانی دەلکێننەوە، یا ئەوەی کە خۆیان تێز و یاسای بۆ ساز دەکەن.
 سآ لایانە بە کەڵک و باشەکەی ئەم ڕەوتە:
ئەلف: ماف دان بۆ کەسایەتى ئینسانى و خۆ ڕاهینان لەگەڵ خواستەکانى ئینسانى پێشرەو
ب: سڕینەوەى هەر چەشنە کۆیلەیى و چەوسانەوەیەک، جا لە ژێر هەر ناوێک دابێت. هەروەها لابردنى ڕەگەز پەرەستى و هەرجۆرە ستەمێکى ئینسانى.
ج: سادقى و سەر ڕاستى لە زاتى خاوەن بەرهەمانى ئەم جورە ئەدەبیاتەدا. ئەوان بە وتەى چگوارا"ڕەنگە هەڵە بکەن بەڵام درۆ ناکەن".
تا بە ئێستا لە باس کردنى ئەدبیاتى ڕاپەرین خوازانە دا زۆر جار سنوورى نێوان ئەم ڕەوتە لەگەڵ ئەدەبیاتى بەرخۆدان جیا نەدەکراونەوە. هەربۆیە بە پێویستى دەزانم کە قامک لە سەر خاڵى هاوبەش و جیاوازیەکانیان دابنێم.
هەروک لە بەرا ئاماژەمان کرد، بە پێى هەلوومەرجى ناو کوماڵگا و چونیەتى چەوساندنەوەى خەڵک بە دەستى حاکمان، جۆرى ئەدەبیاتى ڕاپەرین خوازانەش جیاوازى هەیە. ڕەنگە لە بەر ئەوەى کەتا ئێستا لە ولاتانێک کە لە ڕوانگەى ستەمى نەتەوایەتى یەوە دەچەوسێنەوە، ئەدەبیاتى بەرخۆدان هاوشان لەگەڵ ئەدەبیاتى ڕاپەرین خوازانە بێت،. هەر بۆیە لەو باسەمان دا کەتیشک دەخاتەوە سەر ئەدەبیاتى ڕاپەرین خوازانە و ئەو دوو دەفتەرە شێعرەش لەم رَوانگەیەوە بە خێرایى هەڵدەسەنگێنێ، ڕەگەى بەرخۆدان، سەرەڕاى لایەنى ڕاپەرین خوازانەکەى، دەبیندرێ. بەڵام بەهەمووى ئەوانەوە، ئەدەبیاتى ڕاپەرین خوازانە، ڕەسالەتێکى ڕەسەنى هەیە، کە ڕەنگە ئەو تایبەتمەندیەى، ئەو لەگەڵ ئەدەبیاتى بەرخودان جیا دەکاتەوە، ئەویش ئەوەیە کە ئەدبیاتى ڕاپەرین خۆازانە خۆى لەناو هیچ ئیدۆلۆژیەک حاسى ناکا، یا ئەوەى کە بەزمانێک بەیان دەکرێ کە ناتوانى لە هیچ ئیدۆلۆژیەک دا حاسیى کەى. هەر ئەویە کە ئەم ڕەوتە بە درێژایى مێژوو حالەتێکى هەرمانى بە خۆیەوە گرتووە ولە هەر سەردمێک دا وەک ئەدبیانیکى زیندوو سەیرى دەکرێ. بەڵام هەروەک ئاشکرایە، لە ناو ئەدەبیاتى کوردى دا بە هۆى بارودۆخى خەڵکى کورد، ئەم ڕەوتە بەردەوام هاوکات بووە لەگەڵ ئەدەبیاتى بەرخۆدان و بە تایبەت دواى شۆرشى 1357ى هەتاویش بەدواوە ئەم لایەنە زیاتر خۆى بەرجەستە کردۆتەوە. ئەمە هەر لە قانعى شاعیروە کە وەک شاعیرێکى سەر کەوتووى ئەدەبى ڕاپەرین خۆازانە و لەلایەکى تریشەوە بە شاعیرێکى سەر کەوتووى بەرخۆدانیشى لە قەڵەم دەدەن و تا دەگاتە سەردەمى ئێستا، هەروا لەگەڵى رووبەروین.
دواى شۆرشى گەلانى ئێران لە سالێ 57دا ئەم حەزو تاسەیەى کە لە بەر دیکتاتۆریەتى پەهلەوى پەنگى خواردبۆوە و لە رواڵەت دا نەیتوانیبوو، خۆى وەدەر بخات، بەڵام لە ناخەوە هەر لە برەو نەکەوتبوو،هەتا ئاوارە و بە شوێنى دا ڕەوتە ئەدەبیەکانیش هاتنە ئاراوە لە کوردستان دوو ڕەوتى ئەدەبى ڕاپەرین خوازانە کە تیکەلێک لە ئەدەبى کرێکارى وبەرخۆدان بوون، لە دوو شوێنى جیاواز سەرى هەڵدا. ڕەوتێکیان لە شاخ و لە سەر دەستى شاعیرانێکى سیاسى وەک فاتح شیخۆلءیسلامى(چاوە)، ریبوار، ئەحمەد بازگر، نەکەرۆز، کاکە، شەبەق و… 
دەستى پێ کرد، کە زۆرتر لە شێعرى ئەم شاعیرانە دا ئاستى رَاپەرین خوازانە شۆینى کاریگەرى هەیە. لە لایەکى تریشەوە لە ناو شارەکان دا ئەم ڕەوتە هاتە ئاراوە کە لە بەرسانسۆڕ و خەفەقانى توند و تیژى حکومەت، تا ڕادەیەک لە چاو ئەوى شاخ ئاستى ڕاپەرین خوازانەى کەم ڕەنگترو ئارامتربوو. کە ئەویش خەفەقان و سانسۆرى رۆژنامەوانى لە ناو خۆى وڵات بوو، کە لە سەر دەستى شاعیرنێکى وەک، د.ئازاد، ڕەحیم لوقمانى، حەمە سالەى سوزەنى، مارف ئاغایى، سەعید ئەمانى، ژیلا حوسینى،  نادر ئیبراهیمى، جەلال مەلەکشا دەستى پێ کرد.
ئەم دوو دەفتەرە شێعرەش هەر ئاکامى ئەم شۆرشە ئەدەبیەیە، کە دواى دوو دەیە توانیویەتى لایەنى ئەدەبى بوون و ڕاپەرین خوازانە، تێیان دا بەرجەستە ببێتەوە.
یەکەم) باران و دڵۆپە و ئەدەبیاتى ڕاپەرین خوازانە:
سەعید ئەمانى بەرهەم هێنەرى ئەم کۆمەڵە شێعرە لە شاعیرانى دەیەى 60(بەرەى یەکەمى دواى شۆڕشى ساڵى 1357هەتاوى) ئەو دواى شۆرش لەگەڵ ڕەوتە سیاسى یەکان تێکەڵ بوو، خوودى شێعرەکانیشى ڕەنگ دانەوەیەکى ئەم ڕەوتانەن. ئەو بۆ خۆى جوان ئەم ڕەوتە لە ئەدبیات بە شێعرى"شیعرچى یە" شیناسە دەکا. بێگومان شاعیر نایهەوێ شێعر بە گشتى پێناسە بکات، بەڵکو دەیهەوێ ئەم جۆرە لە شێعر پێناسە بکات کە خۆى دەیبینێ و باوەڕى پێى هەیە. کە وایە شێعر لە ڕوانگەى شاعیرەوە، بانگەشەیە کە، بۆ ڕاپەڕین و تەنانت ئەم بانگەشەیە جارى وایە لە نەستى(زەمیرى ناخوودئاگاى) شاعیرەوە دەبێتە خرکە بەرد و دنیاى ئەو کەسانە دەهەژینى کە ئاگادارى دنیاى ڕاپەڕین خوازانەى شاعیر نین. جارى واشە شاعیر بە دەنگى نەرمى باران پەیامى ڕاپەڕین خوازانە بە گوێى خۆینەرانى دەگەیەنێ. لە لایەکى تریشەوە ئەم بانگەشەیە لە قەڵاى جەماوەر دایە و ئاسوى روونى ئەم هەلقوڵینە، بە جەماوەر نیشان دەدا. بە گشتى ئەم لایەنە لە شێعرى ئەمانى دا، گرینگترین لایەن لە ڕەوتى ڕاپەڕین خوازانەى ئەوە. هەرەوک لە پێشدا ئاماژەمان پێ کرد ئەم ڕەوتە باوەرێکى قولێ بەم ڕاپەڕینە هەیە کە لە ناخى ئینسانەکانەوە سەر چاوە دەگرێ، بۆیە هیچ تۆفیر ناکا کە لەچ بەستێنێک دا بەیان کرابێ. هەر بۆیە شاعیریش لە ئاوێنەى ڕەنجى ئینسانەکان دا، هەر چەند ئێستا شەوێکى ڕەش بۆتە لەمپەرى، بەڵام ئاسوى گەش، چاوەروانێتى. یا بە قەولى شاعیر:
لە ئاوینەى/ڕەنجى تۆدا/بەسەر تەوێڵى شەوەوە/ئاسویەکى/گەش دەبینم/لە ئاوینەى ڕەنجى تۆدا/بەسەرشانى/کازیوەوە/تەرمى شەوى/ڕەشدەبینم/لە ئاوینەىڕەنجى تۆدا/
 لە تەرازوى/داهاتوودا/بۆگشت بێ بەشانى زەوى/بەش دەبینم/بەش دەبینم/
هەر چەند ئەم شێعرە رووى لە کومەڵگایە و کومەڵگا لەوە دڵنیا دەکاتەوە، کە ئاسۆى گەش چاوەڕانیەتى، بەڵام توانیویەتى خۆى لە شوعار کە جارى وایە شاعیرى ڕاپەرین خوازانە، لەبەر ئەوەى کە رووى لە جەماوەرە، توشى دێت، خو بپارێزێ، چونکە زۆرجار ئەدەبیات لەو بەستێنە دا تا ئاستى شوعار دادەکشێ و سنوورى نێوان شێعر و شەعار تێکەڵ دەکا. بەڵام شاعیر بە بەرەو لوتکە هەڵکشانى ئەدەبى بوونى شێعرەکە. لایەنى شوعارى سڕیوەتەوە. هەر ئەوە دەبێتە هۆى ئەوەى کە ئەدەبیاتى ڕاپەرین خوازانە حاڵەتێکى زیندوو هەروەها بەردەوام لە گەڕیان دابوونى هەبێت. هەر ئەوەشە کە شێعرى ئەمانى-مان خستە ئەو خانەیەوە، دەنا لە هێندێک جێگە دا لایەنى بەر خۆدان بە سەر لایەنى ڕاپەڕین خوازانەدا زاڵە. نموونەى زیندووى ئەم وتەیە شێعرى کاروانە، کە ئێمە بە شێعرێکى بەرزى ڕاپەڕین خوازانەى دەزانین. بەڵام لە ڕوانگەى خۆرا گریشەوە، هەر شێعرێکى سەکەوتووە.لەمروانگەیەوە کە ڕایەڵ و پۆى بێ پسانەوەى وەک: کاروان(کە وەبیر هینەرەوەى حەرکەتە هەروەها ئاژوان، بەریۆەبوون، ماندوو نەبوون، دەنگى زەنگى کاروانى ئازادى ورێگابڕین بە نێو شەوى ئەنگوستەچاو دا هەموویان نیشانەى لایەنى ڕاپەرین خوازانە لەم شێعرە دان. بەڵام لەم ڕوانگەیەوە کە پەیامى خۆڕاگرى وەک پەل کران کەچى هەر بەریۆە بوون، قەقنەسێکى بەدەیان جار هەلقرچاو، کەچى هەر زیندوو، هەموویان نیشانەى خۆڕاگرى و بەر خۆدانى ئەو شێعرەن. ئەمە سەرەڕاى ئەوەى کە نیشانەى سەرکەوتووى شێعرەکەیە ئەمەش بۆئێمە روون دەکاتەوە کە لە فەزاى سیاسى و بارودۆخى ئێستاى کوردستان دا شێعرى ڕاپەڕین خوازانە و بەرخۆدان لە یەکتردا ڕەنگدانەوەیان هەیە و تێکەڵی یەکترین، بەڵام شێعری ڕاپەڕین خوازانە لەهەر ئاستێک دا ڕەسالەتی خۆی دەپارێزێ و هەرگیز خۆى بە شوعار و لایەنێکى دیاریکراو نابەستێتەوە.
دووهەم) زامستان و شێعرى ڕاپەڕین خوازانە:
ڕەحیم لوقمانى لە شاعیرانى دەیەى دواى ڕاپەرینى گەلانى ئێران لە سالێ 57هەتاوى یە. ئەو وەک شاعیرێکى خاوەن هەڵویست لە سەرەتاکانى دەیەى شەست و دواتریش وەک درێژە پێ دەرى ئەم ڕەوتە، بووبە شاعیرێکى خۆشەویست و هێندێک لە شێعرەکانى وەک"رۆژ لە ئاسوى سوور شەوق ئەداتەوە"و"من پشکویەک لەو ئاگرەم کە ئاسنیش دەتاوێنێ" بوونە وێردى سەر زاران. بەڵام ئەوەى کە بە لاى ئێمەوە گرینگە، لایەنى ڕاپەڕین خوازانە لە شێعرەکانى دایە. ئەویش شێعر هەر ئەم جۆرەى کە لە بیر و زەینى گەڕاوە، بە شێعرى ژیلەمۆ ئاوا پیناسە دەکا:
شیعر بۆمن/تەنیا ڕاز دارى ژینم بوو/ئەوەندەى جوانێک دەمپەرەست/ ڕازەکانى لەبن هەوداى/کەزیەکانى خۆى هەڵدەبەست/بەڵام رۆژى/دەستى شێعرێک لە خۆم ڕابوو/زارى خامە و سینگى پەنجەمى هەڵدڕى/وشەم یەخەى خۆمى دادڕى/لە گیانى ئەسپایى بێ دەنگى دا/دیل کەو تبووم/وەک ژیلمۆى گەرم و خامۆش/ دیتم مێشک گینگڵ دەدا/دنیایەکى شێعرى تازەم هاتبوە جۆش!
ئەوە هەمان ئەو شتەیە کە ئێمە بە ڕاپەڕین خوازانە باسى لێ دەکەین. دنیایەکى شێعرى تازە کە وەک ژیلەموى گەرم و خامۆش لە مێشکى شاعیر دا گینگڵ دەدا و دنیایەکى شێعرى تازەى بۆ دێنێتە جۆش. دنیایەک کە رووناکى ئاسۆى ژین بۆ ژێردەستان دێنێ و گورانى ژیان بۆ ئینسان دەچڕن. چ لەوە موقەد دەس تر کە گۆرانى ژیان بۆ ئینسانەکان بچڕى؟.
با پێکەوە شێعرى هەڵچوون بخۆینینەوە و زیاتر لە سەر ڕەوتى ڕاپەڕین خوازانە لە شێعرەکانى لوقمانى دا بدوێین.
تووڕەیى من/دەریایەکى بێ سنوورە/ئارام و مەنگ/دڵى سەبرم/گڕکانێکى ئامادەیە/پڕو بێ دەنگ/خنکا ئوقرەم/سووتا سەبرم/دەلێم گەرێن با هەڵنەچم/.

ئەم شێعرە لە ڕواڵەت دا شێعرێکى بەرخۆدانە. واتە مایە و جەوهەرى شێعرە کە لە ڕواڵەت دا ئەوە دەلێ کە ئەگەر نەیار لەو ئاستە دا بیهێلێتەوە و باسى نەکاو، تازە ئیتر هەڵناچێ. بەڵام ئەوە هەر ڕواڵەتى شێعرەکەیە و ناخى شێعرەکە شتێکى ترە، واتە شێعرەکە خۆى لە خۆى داهەستێکى ڕاپەڕین خوازانەى تێگەڕاوە. ئێمە دەبینین کە هەستى شێعرەکە گرینگى ئامادەیە و تازە لێگەرێن و لێنەگەرَین، هەر هەڵدەچێ. دەمهەوێ بە هێنانەوەى ئەم نموونەیە بەو ئاکامە بگەم کە جارى وایە هەستى ڕاپەڕین خوازانە، نە لە ڕواڵەتى شێعرەکە، بەڵکۆو لە ناخى شێعرەکەى دەبێ دەرکێشێن. ئەویش ڕەنگە هەڵگەرێتەوە سەر شێوەى بەیان کردن و زمانى تایبەتى شاعیر و هەروەها چۆنیەتى بارو دوخى ژیانى شاعیر، کە ئەم هەلەى بۆ دەڕەخسێنێ کەبەمجۆرە شێعر بڵێ. لوقمانى لە شێعرێکى تریش دا بە ناوى عەداڵەت وەک شاعیرێکى ئیماژیستى، تابلویەک دەکێشێتەوە و پاشان لە سەراپاى تابلۆکەدا، دەتوانین ئەم هەستە ڕاپەڕین خوازانەیە لە ناخى شیِعرەکەدا دەرکێشێن.
لە سەر دروازەى دادگاى شاردا/ڕەمزى عەداڵەت/وەک نامەیەکى هەڵچڕاوم دى/لە تاى تەرازوو/لانەى شێواو و/لاشەى کۆترێکى سەر بڕاوم دى/.
ئەم شێوەیە نەک هەرلەم دوو شیعرەدا، بەلکۆ لە زۆربەى شێعرەکانى لوقمانى دا و بەتایبەت لە شێعرەکانى وەک کارەسات، پێچەوانە، ڕاز، گڕکان وڕامان دا بە جوانى هەست پێ دەکەین، کە مایەى هەمووى ئەم شێعرانە، ڕاپەڕین لە دژى بێ عەداڵەتى و مل نان بەرەو ئازادى و سەر بەستى و سڕینەوەى بارى قورسى زوڵمى نەتەوایەتى یە. هەر بۆیە لە لاى شاعیر ئەم سەدەیە، زامستانى تیزاوە و ئەم زامستانەش پشتى شاعیر و گۆناى سوورى دیار بەکر و گۆڕى خۆین تێزاوى ئێمەمانانە. بەڵام بە هەمووى ئەوانەوە:
لە گەرمەشینى ژینەوە/ئەهووار دەنگى زامە دیت/دەڵێى فڕینى کۆترى وشەن/کە چەپکە گۆل ئەدەن لە سەر قژى چیا/وەکوو ترووسکە خشڵى بووکى تاو/کە ورشە ورشى وەک/وشەى زیرینى شاعیرن/بۆ زێروەشانى کاروانى رێ دەرۆن.
تێبینى:
ئەدەبیاتى ڕاپەڕین خوازانە لەگەڵ ئەدەبیاتى کرێکارى خاڵى هاوبەشیان زۆرە، بەڵام ئەوە بەو مانایە نیە کە هەر یەک بن چونکە خاڵى جیاوازیشیان هەیە. هەروەک لە پێناسە کردنى ئەدەبیاتى ڕاپەرین خوازانەدا هات، ئەدەبیاتى ڕاپەڕین خوازانە خۆى لە ناو هیچ ئیدۆلۆژیەک دا حاسى ناکا و لە لایەکى تریشەوە، ڕەنگە ئەدبیاتێک ڕاپەڕین خوازانە بێت، بەڵام کرێکارى نەبێت. نموونەى ئاشکراى ئەوانە شۆرشى فۆرمالیزمى رووسى کە دواى شۆرشى 1917هاتە ئاراوە و شۆرشێکى ئەدەبى زمانى لە دژى زمانى پراتیکى و رۆژانە بوو، ئەدەبێکى کرێکارى نەبوو. یا رۆمانى قەڵاى حەیوانەکان لە نوسینى جۆرج ئوورول کە ئەویش رۆمانێکى ئەدبى ڕاپەڕین خوازانەیە بەڵام کرێکارى نیە. هەروەها رۆمانەکەى شینگ جیان واتە کوێستانى رۆح کە ئەویش ئەدەبیاتێکى ڕاپەڕین خوازانەیە، بەڵام کرێکارى نیە.
فەقر و جەنایت لە ئامریکا، ئینسانى پەر خاشگەر.د. شیخاوەندى  

 

Previous
Next

Leave a Reply