Skip to Content

Sunday, October 17th, 2021

ئەفسانەی جوانیەكانی مێیینە….ناڵە حەسەن

Be First!
by January 12, 2009 ئەدەب

 ئەفسانەی جوانیەكانی مێیینە
    ناڵە حەسەن

  تابلۆی یەكەم :  
                  مێیینەی خاك                
 
 بەفر
 ملوانكەی مێیینەی خاكە
 لەنێو مەمكۆڵەی شەوەكاندا
 شیعریش
 هەناسە سپیەكانی منە
 لەنێو خەونەكانی غوربەتیمدا
 لەنێوان ,
 تەنیایی من و تەنیایی مێیینەی خاك
 باخچەیەك هەیە
  پڕ لە سێوی سپی سپی
 زەمەنێك هەیە
  پڕ لە كاتژمێری سپی سپی
 قەسیدەیەك هەیە
  پڕ لە هاواری سپی سپی
 باخچەكان و زەمەنەكان و قەسیدەكانیش
 لەنێو وەرزە سپیەكانی
 نێو ڕۆمانەكانی عەشق
 دەردەكەون .
  
 
 تابڵۆی دووەم :
                         مێیینەی خۆرەتاو
 
 ئەستێرەكان
 مەمكۆڵەكانی مێیینەی خۆرەتاون
 بەجێماون لە جێژوانەكاندا
 ئەودەمانەی دەدرەوشێنەوە
 شەوە تاریكەكانی
 نێو تەنهاییەكانی من و
 نێو جەستە ڕووتە شووشەییەكەی مانگ
 ڕوناك دەكەنەوە .
 
 تابڵۆی سێیەم :
                          مێیینەی ڕووبار
 
 مێیینەی ڕووبار
 شەوێك دێتە نێو خەونەكانی من
 شەوێك لە باوەشی عاشقە سەرمەستەكانی
 كەنار دەریا دەمێنێتەوە
 شەوێك گوێ لە سەمفۆنیا كلاسیكیەكانی
 تاڤگەكان ڕادەگرێ
 شەوێك لەنێو ,
 شەقامە ڕووناكەكانی با دەسووڕێتەوە
 ئەوشەوانەی مێیینەی ڕووبار
 سەما لەگەڵ شیعرەكانی مندا دەكات
 هەرچی دەماری پیاوەتیم هەیە
 لە جەستەی خۆی دەئاڵێنێ
 هەرچی یادەوەری كوڕێنیم هەیە
  لەنێو ئەلبومی ,
 یادەوەرییەكانی كچێنی خۆیدا
 هەڵیاندەگرێ .
 شەوەكانم پڕدەكات
 لە خەیاڵە پارانۆیدەكانی تەنیایی
 لە باڵكۆنە غوربەتیەكانی مردنیش دا
 بە تەنها دەمهێڵێتەوە
 خۆیشی , هەرشەوێك
 لەسەر سینگی شەپۆڵێك ڕۆژ دەكاتەوە .
 
 تابڵۆی چوارەم :
                           مێیینەی باخچە
 
 ئەودەمانەی
 گوڵە جوانەكانی عەشق بۆندەكەم
 یان سەیری ,
 ڕەنگە سیحراوییەكانی پەلكەزێڕینەی
 پاش بارانەكانی بەهار دەكەم
 مێیینەی باخچە دێت و
 تێكەڵ بە ڕەنگە ئەستێرەییەكان و
 گۆرانیە گەردەلوولیەكانی تەنیاییم دەبێ
 دێت و لەنێو ,
 چوارپایە نارنجیەكانی خەیاڵم ڕادەكشێ
 بە دەسماڵێكی ئاوریشمینی
 تەنك تەنك
 تەنك تەنك تەنك تەنك تەنك
 تەنك تەنك تەنك تەنك تەنك
 تەنك تەنك تەنك تەنك تەنك
 خۆی دادەپۆشێ
 نەرم نەرمیش ,
 مەمكە خرپنە زایەندییەكانی
 لە سینگی شیعرەكانم دەخشێنێ .
 
 تابڵۆی پێنجەم :
                            مێیینەی سێو
 هەموو جارێك
 كە دەچمە نێو باخی سێوان
 لەنێو كاولۆكە تەنهاییەكانی مێیینەی سێو
 بەرانە كێویلكەیەكی نێو شیعرەكانم
 بەجێدێڵم
 شەوانانیش ,
 میلۆدی ناڵە ناڵ و ئاهە ئاهی
 جووتبوونیان دەنووسمەوە
 
 تابڵۆی شەشەم :
                           مێیینەی ڕەنگی سپی
 
 من لەنێو خەونەكانی
 مێیینەی ڕەنگی سپی
 لەبیرمایە ,
 یەكەمین ووردیلە شیعری خۆمم نووسی
 وشەكانی سادەبوون
 وەك ژیانە سادەكەی ,
 عاشقانی لێو بەخەمی نێو جێژوانگەكانی لای خۆمان
 خەیاڵەكانی سپی بوون
 وەك مردنی نیشتیمانە سپیەكەی ,
 نێو كیشوەری خەونەكانمان … !
 
 
 تابڵۆی حەوتەم :
                          مێیینەی لم
 
 سەردەمانێك ,
 لەنێو دەفتەرە شەست پەڕییەكانی منی شیعر
 تەنها دیوە جوانەكەی
 مێیینەی لمم دەنووسیەوە
 بەڵام لەوڕۆژەوەی : مێیینەی لم
 بوون و دەنگ و ڕەنگ و ئایندەمی
 لەنێو ناوەوەی خۆیدا خنكاند
 ئیدی منیش بڕیارمدا
 تەنها دیوە ناشیرنەكانی بنووسمەوە
 پەرتبوون و ئاوێزانبوونەكانیشی
 لەنێو كەژاوەی یادەوەرییەكانم بسڕمەوە .
 
 تابڵۆی هەشتەم :
                             مێیینەی خەون
 
 لە شەوێكی بێداری باراناوی
 لەنێو مێیینەی خەونێكی تەڕ
 بە ( خودا و خەم و خولیا ) كانی خۆم
 ئاشنا بووم
 لەو شەوەڕا من شێتانە
 هەناسە تەڕەكانی خەونەكانم دەنووسمەوە
 من شێتانە
 بۆ جوانیەكانی جنسی مێ دەچەمێمەوە !
 
 
 تابڵۆی نۆیەم :
                       مێیینەی بەفر
 
 هەموو ساڵێك
 لەگەڵ یەكەمین یەكشەممەی مانگی بەفرانباردا
 من : ئەفسانەی ئاوێتەبوونەكانی عەشق و
 ئەفسانەی جوانیەكانی مێیینە دەنووسمەوە
 هەموو ساڵێك لەگەڵ زەنگی ,
 یەكەمین كاتژمێری ئەم مانگەدا
 مێیینەی بەفر
 دێتەوە نێو شەوەكانم
 سڵاوێك لە غەریبیم دەكات و
 لە نێو بێدەنگی ژوورەكەمدا
 بە ڕووتی ڕادەكشێتەوە
 ژوورێكی :
 پڕ لە كتێب و لە زەردەخەنە و لە مۆم و
 لە گوڵ و لە میوەجاتەكانی بەهەشت
 ژوورێك :
 پڕاوپڕ لە سەمفۆنیای خۆشەویستی
 
 تابڵۆی دەیەم :
                   مێیینەی خۆڵەمێش
 
 من مێیینەی خۆڵەمێشم
 ڕەگەكانم لەنێو ڕۆحی ئاگر دایە
 چاوەكانم لەنێو ئاو و
 پەنجەكانم لەنێو خۆرەتاوی تۆفان دایە
 مەمكەكانم لەنێو برووسكەی
 هەورە سپیەكان و
 فرمێسكەكانم لەنێو ,
 شەونم و شەپۆڵە شینەكانی شیعر دایە
 من خۆڵەمێشی جوانیم
 تریفەی جوانیەكانیشم
 لەنێو ئەفسانەی
 شەوە ڕۆمانسیەكانی عەشق و
 لەنێو هاوارە گەرمەكانی ژیان دایە !
 
                                                                    ئۆكتۆبەری 2008
 
 
 
 
 
 
 
 
 
 
 

Previous
Next

Leave a Reply