Skip to Content

Thursday, March 28th, 2024
ئەنجومەنی باڵای دانوستاندن، کرانه‌وه‌ی گرێی نێوان ده‌سه‌ڵات و ئۆپۆزسیۆن…

ئەنجومەنی باڵای دانوستاندن، کرانه‌وه‌ی گرێی نێوان ده‌سه‌ڵات و ئۆپۆزسیۆن…

Closed
by August 16, 2012 گشتی

ئەنجومەنی باڵای دانوستاندن، کرانه‌وه‌ی گرێی نێوان ده‌سه‌ڵات و ئۆپۆزسیۆن، له‌سه‌ر حسابی بێئیراده‌کردنی خه‌ڵکی کوردستان!

 

سەرجەم فراکسیۆنەکانی پەرلەمان ولایەنە سیاسیەکانی سەر بەخانەوادەی بۆژوازی کورد بەدەسەڵات وئۆپۆزیسێۆنەوە! بەئیسلامی و قەومیەوە، لەسەر پێکهێنانی ئەنجومەنی باڵای دانوستاندن لەگەڵ حکومەتی عێراق، پێكهاتن. وەکو خۆیان دەڵێن مەبەست لەپێکهێنانی ئەم ئەنجومەنە به‌رێوه‌بردن وچاودێریكردن وئه‌نجامدانى گفتۆگۆیە له‌گه‌ڵ حكومه‌تى به‌غدا، له‌سه‌ر ئه‌و پرسه‌ چاره‌نوسسازانه‌ى په‌یوه‌ستن به‌ به‌رژه‌وه‌ندییه‌ باڵاكانى هه‌رێمى كوردستانه‌وه‌.

دیارە گفتوگۆ ودانوساندنی ناسیونالیزمی کورد” بەتایبەت حزبە دەسەڵات بەدەستەکان” چ لەگەڵ بەعسی لەدەسەڵاتخراوی پێشوو، چ لەگەڵ لایەنە ناسیونال قەومی وشیعیەکان وئیسلامیەکانی عێراقی دوای بەعس وتا دەگات بەدانوستاندن وگفتوگۆ لەگەڵ وڵاتانی ناوچەکەو دنیا وناوەندە نێودەوڵەتیەکان و.. لەسەروی ئیراده‌ی خەڵکی کوردستانەوە ولە ژێر ناوی خەڵکی کوردستاندا، پرۆسیسێکی درێژ و مێژووییە.

لەهەموو ئەم دانوستاندن وگفتۆگۆیانەشدا کەناسیونالیزمی کورد لەگەڵ ئەم لایەنانە ئەنجامی داون، لەسەرکەوتنی گفتوگۆکان و پچڕینی بەشدا، هەرچی بەدەستیان هێناوە بۆخۆیانیان بردووە ولەهەموو ئەو گفتوگۆ دانوستاندنانەشدا کە توشی پاشەکشە و نسکۆ هاتوون وباریان کەوتۆتە لێژی… خەڵکی کوردستانیان کردۆتە مادەیەکی قوربانی ئەم شکستانەو زەخیرەی قەرەبۆکرنەوەی مایەپوچ بوونەکانیان. بەدرێژایی مەیدانداری ناسیونالیزمی کورد وگفتوگۆکانی، سەرانی حزبەکانی بەناوی خەڵکی کوردستانەوە، بەناوی بەرگری لەبەرژەوەندیە نیشتمانی ونەتەوەیەکان و به‌ناوی بەرژەوەندیە باڵاکانی هەرێمەوە… گفتوگۆکانیان ئەنجامداوە ومەرگەسات ودۆسیەکانی خەڵکی کوردستانیان کردۆتە کارتی گفتوگۆ وسازانەکانیان، بێئەوەی بۆ یەکجاریش بگەرێنەوە بۆخەڵکی کورستان و پرسیان پێبکەن وتەنانەت بێئەوەی بگەڕێێنەوە بۆ لای حزبەکانی تری دەرەوەی بازنەی قەڵەمڕەوی سیاسی وئیرادەیان بەهەند بگرن، چۆنیان ویستووە و چۆنیان خواستووە لەبەرژەوەندی خۆیان وچینەداراکانی کۆمەڵگای کوردستان، ئاوا دانوستاندنەکان و سازانەکانیان بەڕێوە بردووە. زێدەڕۆیی نییە، هەموو ئەم دانوستاندن وگفتوگۆیانەی ئەنجامدراون، ناوەڕۆکەکەیان نهێنی هێڵراوەتەوە، که‌وایه‌ دەبێ چاوەڕوان بین تا لە ئەدەبیاتی بیرەوەری و گێڕانەوەی میژوو یان لەو دانپیانانەدا زانیاری دەست بخەین، وه ‌یا له‌ئاکامی قوڵبونەوەی ململانێی نیوان خۆیاندا… بۆ فریودان ولەسەرحەق بوونی خۆیان بەناچاری دانی پیا دەنێن.

نیگەرانی بەشێک لەحزبەکانی خانەواده‌ی بوژوازی کورد “بەتایبەت ئۆپۆزیسێۆن”، لەئێستادا لە دانوستاندنی حزبە دەسەڵات بەدەستەکان لەگەڵ بەغداو ناوەند، ئەوە نییە کەحزبەکانی بزوتنەوەی کوردایەتی و دەسەڵات لەسەروی خەڵکی کوردستانەوە، سات و سەوداو سازان دەکەن، ته‌نانه‌ت ڕەخنەیان ئەوە نییە کەکۆبونەوەکان بۆ بەرژەوەندی حزبی و دوور لەچاوی خەڵک و میدیاکانە و ناوەڕۆک شاراوەیە، بەڵکە نیگەرانی سەرەکیان ئەوەیە کەئەمان بەشێک نین لەوەفدی دانوستاندکار، هاوبەش نین لەدانوستاندنەکان وپێگەیان لاوازە لەپرۆسەی دیبلۆماسی کوردیدا، وە لەلایەن حزبە دەسەڵات بەدەستەکانەوە بەهەند نەگیراون و لەدەستکەوتی دانوساندنەکاندا بەشیان پێنەدراوە.

ئۆپۆزیسیۆنی بۆرژاوزی کورد، لەچوارچێوەی ڕەخنە لاوەکیەکانیاندا لەدەسەڵات وسیستەمی سیاسی، مەسەلەی بەنیشتمانی کردنی دانوساندنیان هێناوەتەوە ئاراوە، تا لەو ڕێگایەوە خۆشیان بەش وجێگەیان لەپڕۆسەی دیبلۆماسیەتدا لەگەڵ بەغدا پێببڕێت وپێگەی سیاسیان بەهەند بگیرێت. بەڵام هەر ئەم ئۆپۆزیسێۆنە کەداوای پێکهاتنی ئەنجومەنی باڵای دانوستاندن و بەنیشتمانی!! کردنی، دەکات لەگەڵ بەغدا. بیری بەلای بە نیشتمانی کردنی ئەم لیژنەیەوە نییە بۆ دانوستاندن لەگەڵ وڵاتانی کۆنەپەرستی ناوچەکە وەک وئێران و تورکیا، یان لایەنە نیودەوڵەتیەکان و وڵاتانی زلهێزو خاوەن بەرژەوەندی دنیاوە. چونکە لەم پرسەیاندا خۆیان خاوەنی هەمان کارنامەو پەیڕەوی حزبە دەسەڵات بەدەستەکانی کوردستان دەکەنەوە و بەدوور لەچاوی میدیا وخەڵکی کوردستانەوە، لەگەڵیان پەیوەندیان هەیەو دانوستاندن دەکەن وخەڵکی کوردستان وتەنانەت ڕیزەکانی خۆشیان لە ناوەرۆک وهۆکارو وئاکامی ئەم دانیشتنانە، بەئاگا نین.

حزبە دەسەڵات بەدەستەکانی کوردستانیش، پێشوازیان لەم پێشنارە کردو تەنانەت سەرۆکی حکومەت لەکارنامەی خۆیدا پێویستی پێكهاتنی ئەنجومەنی باڵای دانوستاندنی، ڕاگەیاندبوو. ئامانج لەوەی حزبەکانی دەسەڵات بەدەستی کوردستان پێشوازی لەپێکهاتنی ئەنجومەنی دانوستاندنی هەرێم و بەغداد دەکەن ئەوەیە کەلەلایەکەوە دەیانەوێ کارتەکانی دەستی ئۆپۆزیسیۆنی نەیاریان ناکام بکەنەوەو لەدەستیان دەربهێنن، لەلایەکی تریشەوە دەیانەوێ بیانکەنە هاوبەش لەشکست و سەرنەکەوتنی دیبلۆماسیەتی خۆیاندا. بۆرژوازی دەسەڵات قۆرغکەری کوردستان، دابەشکرنی شکستەکانی دانوساندن بەسەر نەیارانی خۆیدا، بەیەکێک لەکارنامەکانی خۆی دەزانێت. بۆیە پێشوازی دەکات لەپێکهاتن وبوونی ئەنجومەنێکی وەهادا. دیارە بەپێی هاوسەنگی هێزو قورسایی لایەنەکان بەشداریان پێدەکات. لەم ڕاستایەشدا هەم خۆی لە ژێر باری ناکامی هەر دانوسان وسازان وگفتوگۆ وڕیکەوتنامەیەک، رزگار دەکات و هەم ئەو لایەنانە دەکاتە بەش لەو داکشان و ناسەرکەوتنانەدا کەلە زەمینەی گفتوگۆ و دانوستاندنەکاندا، پێش دێن.

بێگومان هێزی دانوستاندنی هەر حزب ولایەنێکی سیاسی لەخودی دانیشتن ودانوستاندنەکاندا نییە، لەپسپۆر بوون وشارەزایی لە گفتۆگۆکاندا نییە، بەڵکە هێزو پێگەی سیاسی و دەسەڵات وهاوسەنگی هێزو باڵادەستی سیاسی ودەستپڕی کارتەکان و پشتیوانییە ناوچەیی وجیهانیەکان دایه‌، کە بڕیار لەوەرگرتنی پشکی زیاتر دەدەن لەهه‌ر دانوستاندن گفتوگۆیه‌کادا. ئەگەر بەم دیدەوە تەماشا بکەین بێگومان دەسەڵات لەدەستی هەر حزبێکدا بێت، بەشی زیاتر لە هەر دانوسانێکدا بۆ ئەو دەبێت. هەزار ئەنجومەن وسەدان پسپۆری بواری دیبلۆماسی ناتوانێ پێگەی سیاسی حزب و لایەنێکی سیاسی کەدەسەڵاتی بەدەستە بەراورد بکات بەحزب ولایەنێکی سیاسی بێ پێگەی سیاسی و بێ جێگاو رێگای جەماوەری و بێ پشتیوانی ناوچەیی و جیهانی. ئەمە کایەیه‌کە که‌بنەماکەی ئەوەیە، ئەوەی هێزی هەیە، پێگەی سیاسی بەهێزە، پشتیوان ناوچەیی و جیهانی هەیە، دەسەڵاتی هەیە، لەسەر مێزی گفتوگۆ و دانوستاندندا، ڕەواجی زیاترو توانای فرەترە. هەروەها ئەوەی زۆر ڕۆشنە ئەوەیە پەرلەمانی کوردستان، بێ پێگەترین دامەزراوەی سیاسییە وئیداری وحقوقییە. حزبە دەسەڵات بەدەستەکانی کوردستان دەزانن کە پەرلەمان موچەخۆری حزبە و گوێرایەڵی حزب و بڕیاری سەرۆک و سکرتیری حزبەکانی خۆیانە وجێگای بڕانەوەی هیچ پرس و مەسەلەیەکی جدی نییە، حزبە ئۆپۆزیسیۆنەکانیش دانیان ناوە بەم ڕاستیەدا کە پەرلەمان دامەزراوەیەکی قۆرغکراوی حزبی و دەستەمۆکراوە. خەڵکی کوردستانیش لەحزبە دەسەڵات بەدەستەکان و ئۆپۆزیسێۆنیش باشتر دەزانن کەپەرلەمان هەموو شتێکە نوێنەری ئەوان وخواستەکانیان نەبێت، وە دەزانن کەپەرلەمان شوێنی کۆبونەوەی بەشێک لەکادرە حزبیە پلە نزمەکانە، حزبەکان لەئاستی سەرۆک وسکرتێر وئەمیرو ڕێکخەرو… جەنگی بنەڕەتی وسازانی بنەڕەتی وبڕیاری چارەنوسسازو، ڕێکەوتنامەی گرنگ ویاسایی و دەستوری!!.. تاد، دەکەن وپەرلەمانیش گوێڕایەڵ ودەزگایەکی قورمیشکراوە. کەچی باسی پێکهاتنی ئەنجومەنی باڵای دانوستاندن لەئەنجومەنی حزبی وحزبی دەسەڵات بەدەستدا، دەکەنە بنەمای پێکهێنانی ئەنجومەنی باڵای دانوستاندن ودامەزراوەی نیشتمانی و یاسایی!.

بێگومان ئەگەر پەرلەمانێك پێگەی لەخوار پێگەی حزب بێت، هەر بڕیارو یاسایەک دەربکات، ئەوە ئەو یاساو بڕیارە، هێزو تواناییەکەی، رەواج و مەودای کاربردەکەی لەخوار توانایی ودەست ڕۆشتوی حزب وبڕیارەکانی دەبێت. وە هەموو بڕیارو یاسایەکی پەسەندکراوی ئەم دەزگایە” پەرلەمان” مەزاجی حزب ولە ناوحزبیشدا سەرۆک وسکرتیری حزبی باڵادەست دەیان بزوێنێ.

کێشەکانی خەڵکی کوردستان، لەگەڵ حکومەتی مالیکی وناوەند چەندە، هێندەش خەڵکی کوردستان کێشەی لەگەڵ دەسەڵاتی حزبەکانی بزوتنەوەی کوردایەتی لەپەیوەند بەهەمان ئەم کێشانەوە، هەیە. بۆیە نوێنەری حزبەکانی بزوتنەوەی کوردایەتی بەدەسەڵات وئۆپۆزیسێۆنەوە، نوێنەری خەڵکی کوردستان نین بۆ چارەسەری گرفتەکانی خەڵکی کوردستان لەگەڵ دەسەڵاتی ناوەندا. نوێنەرایەتی دانوستاندنی حزبەکان لەگەڵ بەغدا، حزبە دەسەڵات بەدەستەکان بەتەنها بیکەن، یان لەگەڵ ئۆپۆزیسیۆنی خانەوادەی خۆیان، بەبڕیاری حزبی بکرێن و یان پەرلەمانی حزبی ئاراستەیان بکات، هیچ لەو ڕاستیە ناگۆڕێت، کەهیج کام لەوانە نوێنەری خواستەکانی خەڵکی کوردستان و کێشەکانیان نیین، بەڵکە نوێنەری حزبەکانی خۆیانن بۆ بەش و پێگەی سیاسی حزبیان و دەسەڵاتیان.

ئەگەر حزبەکانی بزوتنەوەی کوردایەتی کێشەی بودجە، سنور، مادەی ١٤٠، سەرژمیری، سوپاو، ناوچە کیشە لەسەرەکان، سامانی نەوت وغازو گرێبەستەکان، دەستورو هەموارکردنەوەو… هەیە لەگەڵ ناسیونال قەومی وئیسلامی وعێراقدا، ئەوا خەڵکی کوردستان جگە لەهەمان ئەم کێشانە کە لەگەڵ بەغداد هەیەتی وڕێگاچارەی تری بۆی هەیە، هاوکات دەیان کێشەی سەرەکی لەگەڵ ناسیونالیزمی کوردو حزبەکانی بزوتنەوەی کوردایەتیدا هەیە. وە چارەسەری ئەم گرفتانەی خەڵکی کوردستانیش لەگەڵ ناوەند، ئەگەر لەڕێگای گفتوگۆو دانوستاندنەوە بچێتە پێشەوە ئەوا تەنها نوێنەرانی هەڵبژێردراوی ڕاستەوخۆی خەڵکی کوردستانن، کەدەتوانن ودەبێ مافی گفتوگۆکردنیان لەسەر کیشەکانی خەڵکی کوردستان هەبێت، نەک نوێنەری حزبەکان.

پێکهێنانی ئەنجومەنی باڵای دانوستاندن لەگەڵ ناوەند، ئەگەر بتوانێ نوێنەری حزبەکانی تری دەرەوەی دەسەڵاتی بۆژوازی کورد بۆ گفتوگۆکردن لەگەڵ بەغدا، بەشداری پێبکات، بەڵام ئەمە سیاسەتی بیئیرادەکردنی خەڵکی کوردستان بۆ خستنەڕووی کێشەکانی خۆی لەگەڵ ناوەند دایه‌، نەک کۆتایی پێهێنانی ئه‌م کێشانه‌. بگره‌ ئەمجارە هەموو حزبەکان بەناوی خەڵکی کوردستان و کێشەکانیەوە، سات و سەودا ودانوستاندن دەکەن لەپێناو خواستە حزبی و پێگەی سیاسی و بەشیان.

بەدرێژایی دانوستاندنی وەفدەکانی هەرێم لەگەڵ بەغدا، بۆ یەکجاریش ئەم وەفدانە پرسیان بەخەڵکی کوردستان نەکردووە کە بۆچی دەچن بۆ بەغدا وپڕۆژەیان چییەو لە گەڕانەوەشیاندا دیسان هیچ شتێکیان لەئاکامی گفتوگۆکان بەئاگاداری خەڵکی کوردستان نەگەیاندووە، بەڵام کاتێک گفتوگۆکان بەبنبەست گەیشتوون تەنگژەکان دەمەزەرد بوونەتەوە، دەستە ودامێنی خەڵکی کوردستان بوون وئاکامی ناکامی خولەکانی گفتۆگۆی خۆیان لەگەڵ بەغدا، خستۆتە سەر شانی خەڵکی کوردستان… بەم جۆرە دەستکەوتەکان بۆ حزب، ناکامییەکان و قوربانیدانەکەو قەرەبووەکە بۆ خەڵکی کوردستان ماوه‌ته‌وه‌. هه‌ر بۆیە زۆر بەسادەیی پێکهاتنی ئەنجومەنی باڵای دانوستاندن ئەگەر گرێیەکی نێوان حزبە دەسەڵات بەدەستەکان و ئۆپۆزیسؤن دەکاتەوە، بەڵام ئەم ئەنجومەنە هیچ گرفتێكی خەڵکی کوردستان چارەسەر ناکات وهیچکام لەنوێنەری ئەم حزبانەو پەرلەمانی کوردستان نوێنەری خەڵکی کوردستان نیین… لە پەیوەند بە گرفتەکانی بەغداو کوردستانەوە.

ناوەراستی ئابی ٢٠١٢

  عەبدوڵا مەحمود

abdulla.mahmud@gmail.com

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.