Skip to Content

Saturday, April 17th, 2021

ئەنجوومەنى پشتگیرى … جاشایەتییەكى مۆدێرنى مالكییە!

Be First!
by November 12, 2008 گشتی

 ئەنجوومەنى پشتگیرى … جاشایەتییەكى مۆدێرنى مالكییە!
  بەهرەوەر مەرزانى

 
 حكومەتى مالكى هەر لەسەرەتاى هاتنە سەر دەسەڵاتیەوە راستەو خۆ یا ناڕاستەوخۆ هەوڵى لەباربردنى دەسكەوتەكانى گەلەكەمانى داوەو بەپێى بەرنامەیەكى نەخشە بۆ داڕێژراو هەوڵى كەمكردنەوەى دەسەڵاتى هەرێمى كوردستان و پەراوێزخستنى سەركردایەتییە سیاسیەكەى دەدات و دەیەوێت لەپێناو بەرژەوەندییە شۆڤێنیە عەرەبیەكەى خۆیەوە سەركردایەتى سیاسى كورد بەچۆكدابدات و مل كەچى داواو فەرمانەكانى ئەوبێت , كە ئەمەش هەوڵێكى نەزۆكانەیەو هیچ كام لەرژێمەكانى عێراق بەرژێمى بەهسیشەوە نەیانتوانى ئەو خەونە گڵاوەیان بێننەدى كە ئەمڕۆ مالكى و شۆڤێنیەكانى وەك ئەو هەوڵى جێبەجێكردنى دەدن .
 هەڵس و كەوتى مالكى بەپێچەوانەى دەستوورى عێراق كە زۆرینەى خەڵكى ئەو وڵاتە لەنەتەوەو ئاین و مەزهەبە جیا جیا كانەوە دەنگیان بۆ داوە ئاماژەیەكى روونە بۆ هەوڵى مالكى لەپێناو دەست بەسەر داگرتنى دەسەڵاتى ئەو وڵاتەو زەنگێكیشە بۆ خەڵكى كوردستان و دەسەڵاتە سیاسیەكەى كە ئەگەر ژیرانە مامەڵە لەگەڵ بارودۆخەكەدا نەكەن جارێكیتر ناسنامەى نەتەوەیى گەلەكەمان دەكەوێتەوە ژێر مەترسى حكومەتەكەى مالكى كە هەمان سیاسەتى بەعس پەیڕەو دەكات و جینۆسایدێكى تر لەسەر دەستى مالكى و شۆڤێنیەتى عەرەبى لەچاوەڕوانى گەلەكەماندایە لەكاتێكدا مالكى داواى هەمواركردنى دەستوور دەكات دەیەوێت عێراق بەرەو هەڵدێر ببات و كوردیش لەوەدەست هێنانى مافە نیشتمانى و نەتەوەییەكانى بێبەش بكات , ئەوەتانىَ تادوێنىَ بە دروستكردنى كێشە بۆ ناوچە دابڕاوەكان و هێنانى هێزى سەربازى بۆ سەعدیەو جەلەولاو خانەقین و دابِڕانى شەبەك و ئێزیدى و كاكەیى و …هتد .. لەنەتەوەكەیان , ئەمڕۆش لەرێگاى دروستكردنى هێزى بەناو پشتگیرى و بەكرێگیراوەكانیەوە دەیەوێت بارودۆخى ناوچە كوردنشینەكان بشێوێنێ و ئاژاوەو دوو بەرەكى بخاتە نێو ریزەكانى خەڵكى كوردستان .
 ئەو زۆڵە كوردانەى تا دوێنىَ بەناوى مەفرەزەى تایبەت و فەوجى خەفیفەوە شان بەشانى موستەشارو سەرۆك جاشەكانى سەردەمى رژێمى سەدام شاخ و چیا سەركەشەكانى كوردستانیان بە قۆنتەرات دەگرت بۆ راوەدوونانى پێشمەرگە لەو شوێنانەى كە سوپاى رژێم نەیاندەتوانى تیایاندا رووبەرووى ورەى بەهێزو پۆڵاینى هێزى پێشمەرگەى كوردستان ببنەوە , كاتێكیش لەرووبەروو بوونەوەى پێشمەرگە دەدۆڕان , بۆ سپیكردنەوەى رووى رەشى خۆیان دەكەوتنە وێزەى دایك و باوك و خوشك و براو كەس و كارى پێشمەرگەو لەپێناو ئافەرین و چەند هەزار دینارێك رادەستى دائیرەى ئەمن و موخابەراتیان دەكردن و خانووەكانیشیان لەگەڵ زەوى دەكردن بەیەك , كەچى هەندێك لەسەرۆك جاش و بەكرێگیراوەكانى سەردەمى رژێمى بەعس , ئەوانەى دەستیان بەخوێنى خەڵكى ستەمدیدەو بێتاوانى ئەم گەلە سووربوو دواى راپەڕینى بەهارى 1991 ى خەڵكى كوردستان و بەسوود وەرگرتن لەلێبوردنى گشتى بەرەى كوردستانى خزانە نێو پارتە سیاسیەكان و دواتریش بەهەمان شێوەى جاران بوونەوە خاوەن دەسەڵات و لەرێگەیەوە ملیۆنان دۆلاریان كۆكردەوە .
 هەندێك لەو سەرۆك جاش و بەكرێگیراوانەى رژێم ئێستاش ئامادەن ئەگەر دەرفەتیان بۆ بڕەخسێت هەمان جاشایەتى رابردوویان دووبارە دەكەنەوە , بۆیە لەپێناو دووبارە نەبوونەوەى ئەو كارەیان كاتى ئەوە هاتووە پەرلەمان و حكومەتى كوردستان لەرێگاى یاسایەكى تایبەتەوە سزاى سەختى هەموو ئەو جاش و بەكرێگیراوانەى سەردەمى رژێمى بەعس بدات كە بەرپرسى بەشێكى ئەو كارەسات و ماڵوێرانیانەن كە دووچارى گەلەكەمان هاتوون و سزایەكى توندیش بۆ ئەو كەسانە دەربكات كە دەیانەوێت جارێكى تر ببنەوە بەجاش .

 Bahrawar_s@yahoo.com
 

Previous
Next

Leave a Reply