Skip to Content

Tuesday, April 16th, 2024
ئەنفال و کیمیا باران کردنی دەسەڵاتی کوردی

ئەنفال و کیمیا باران کردنی دەسەڵاتی کوردی

Closed
by March 15, 2013 گشتی

 

 

 

کارەساتی کیمیا باران کردنی هەلەبجەو شاڵاوەکانی ئەنفالی حکوومەتی دڕندەی بەعس کە مەبەست لێی جینۆ ساید کردن و سڕینەوەی شوناسی نەتەوەیەک بوو، هەموو گەلی کورد بە گشتی، بە خۆی و سەروەت و ماڵ و ناسنامەی کورد بوونی زەرەرێکی ئیجگار گەورەی لێ کەوت و برینیکی وەهای خستە دڵی کورد بوونمانەوە تا ئەبەد بۆمان سارێژ نابێ. لەو هەردوو کارەساتی کیمیا باران کردنی هەڵەبجەو ئەنفال جگە لەو هەزاران ڕۆحە پەپولەیی خرانە چاڵ و مەرگ کرایە دیاری کورد بوونیان، هاوکات ئەو هەزارانەی تر کە بە هەر جۆرێک بووبێت ڕزگاریان بوو، تووشی گەورە ترین مەئسات و ژیانێکی تاڵ و دژوار بوونەوەو فەرامۆش کردنیان لە لە لایەن دەسەڵات و کۆمەڵگایی کوردیەوە مەئساتێکی تری ئینسانی خولقاند. خەڵکی شاری هەڵەبجەو سێوسێنان و هەموو شوێنە بەرکەوتە کیمیاویەکانی تر، ئەوەی شەهید کرا ڕۆشت و ئەوەشی مایەوە تا ئێستاش ئاسەوارەکانی ئەو گازە کوشندانە ژیانی لێ حەرام کردوون. ڕیزیک لە خەڵکی شاری هەڵەبجە و ناوچەکانی تر تا ئێستا نەخۆشی و تەنگە نەفەسی، شێواندنی جەستە و دەم و چاو، کۆرپەی سەقەت و ناتەواو، نەخۆشی دەروونی و زۆری تر لە یەخەیان نەبوەتەوە. ئەم خەڵکە دوای 22 ساڵ حوکم ڕانی کوردی، هەر چارەسەریان بۆ نەکراوە، کرابێتیش هێندە درەنگ و بەخەم ساردیەوە کراوە، کە نە سوودی هەبووە، نە شایەنی باس کردنن. ئەمە سەڕەڕایی ئەوەی ساڵانە بە ناوی شەهیدانی ئەو کارەساتەو خەڵکی شاری هەڵەبجە بە سەدەها دەفتەر دۆلار ئەدزن و کەرامەت و قوربانی دانی ئەو شارە جارێکی تر کیمیا باران ئەکەنەوە. کارەساتی ئەنفالیش لە دوایی بە قوربانی بوونی ئەو ژمارە زۆر زۆرەی خەڵکی سڤیل و بێ چەکی لادێکان،هاوکات ئەوانەشی چی لە نوگرە سەلمان ئازاد کران، یان ئەوانەی لە ناوچەی گەرمیان، کۆمەڵێک خەڵک بە هەر جۆرێک بێت خۆیان گەیاندە لادێکان و چەند کچ و منداڵێکیان ڕزگار کرد، چەند نموونەیەکی خزم کەسوکاری خۆم هەن کە لە ناو لادێکانەوە ڕزگار کران… بەڵام ئەم خەڵکەی کە بە حیساب ڕزگاریان بوو! جارێکی تر لە ناو خودی کۆمەڵگای کوردی و لە سایەی دەسەڵاتی کوردیدا ئەنفال کرانەوە. ژنانی دوای ئەنفال مەجبوور بوون بۆ بژێوی خۆیان و منداڵەکانیان سەخت ترین کار بکەن. زۆر زۆرن ئەو ژنانەی کاری دەست فرۆشی، سواڵکردن،هێنانی نەوت و جگەرە بە کۆڵ لە سەیترەکانی حکوومەتی بەعسەوە… ئەڵبەتە ئەو کارانە هی دوای 1991 بوو تا 2003. دواتر کارو زەحمەتەکانیان چووە ئاستێکی تر و منداڵەکانیان دەستیان دایە کار کردن و خۆیان دایە بەر مەشەقەتی ڕۆژگار، ئەڵبەتە ئەو ماڵانەی کە کوڕیان هەبوو… و هەر لە شەش و حەوت ساڵیەوە دەستیان دایە گۆڵەبەرۆژەو جلورە فرۆشی کە کۆڵان کۆڵان ئەگەڕان و گەرما و قرچەی هاوین ڕەنگی لێ پەڕاندبوون. بەڵام ئەو ژنانەی کە ئەو کوڕە بچووکانەشیان نەبوو، ئەوە هەر خۆیان کاری دەرەوەیان ئەکرد و ئەویش ئەو کارانەی کە باسم کرد!!! ئەم ژنە جوان و گەنجانە تەنیا کار کردن و ڕاکە ڕاکەی ژیان تەنگی پێ هەڵنەچنیبوون، بەڵکوو ڕوو بە ڕووی عەقڵیەتی پەتریارکی کوردی و حیزبە دیوەخان چیەکانی کوردستان بوونەوە، کە هیچ ڕێز و حورمەتێکیان لێنەگیرا، و وەک ژنی بێ پیاو تەماشا ئەکران، ئاشکرایە لە کوردستان و بە تایبەت ئەوساڵانەی پێشوو چ تێڕوانینێک هەبوو بۆ ژنی بێ مێرد !! ژن هەبووە کاتێک چووە داوای یارمەتی و باس کردنی کێشەی خۆی بۆ پیاوی ناوی حیزبێکی سیاسی کردووە، لەبری هەموو یارمەتی و دەست گرتنێک، داوای پەیوەندی سێکسی لێ کراوە!!! لە هەمووشی جیاوازتر ژنی مێرد ئەنفال کراوە، چونکە مەحروم ترین ژنی کۆمەڵگای کوردیە، بە تایبەت ئەو ژنانەی لە منداڵێک یان دووان زیاتریان هەبوو، ئیتر بە جۆریک ژیانیان تەڵاقدا و نە خۆیان بیریان لەوە کردەوە جارێکی تر ژیانی هاوسەرگیری درووست بکەنەوەو نە فرسەتی ئەوەیان بۆ ڕەخساو نە پیاوەکانی ئێمەش حازر بوون ئاوڕیان لێ بەنەوە .ئەو خەڵکە تا ئێستا نەک وەک پێویست قەرەبووی مادی و مەعنەوی نەکراونەتەوە، بەڵکوو وەزیرێکی وەک ئاشتی هەورامی منەتی درووست کردنی خانوو بە سەریاندا ئەکات و وەک شاکاری خۆی و حکوومەتەکەی باسی ئەکات. ئەو خەڵکە نەک مافی شەهید کردنی کەسو کاریان بە نەکرایەوە، بەڵکوو گوندەی کردنی جاش و موستەشارەکان کە دەستی گەورەیان هەبوو لە ئەنفال کردنی کورددا، و دابین کردنی ژیانێکی وەزیرانە بۆیان، هێندەی تر ئاگری بەرداوەتە دڵی کەس و کاری ئەنفال کراوان و دوای 25 ساڵ لەو کارەساتە ئەوان هەر چاوەڕێن و چاوەڕێن، چاوەڕێی زۆر شت کە بۆیان نەکراوە …

 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.