Skip to Content

Saturday, December 5th, 2020

ئەهرامەکان بڕوخێنن ئێوە ئیمانداری ڕاستەقینەی ئیسلامن!

Be First!
by November 13, 2012 گشتی

 

 

 

 

سەدەکانی ناوەڕاست لە ئەوروپادا بە سەدە تاریکەکان ناسرواوە، چونکە لە کۆی ئەو زەمەنەدا تا سەرەتای سەدەی شازدە، ڕێساو یاساکانی کلێسا جێبەجێ دەکرا بەسەر کۆی پانتاییەکانی ژیان و بەهای مرۆڤایەتی ئەو سەردەمانەدا، لە وڵاتانێک کە هێزودەسەڵاتی ئەو ئاینە زاڵ بوە. پێش هاتنی ئاینی مەسیحی و دەستگرتنی بەسەر دەسەڵاتی سیاسی و ئابوریدا، مێژویەکی جیاوازتر بونی هەبوە، کە بە مێژوی مرۆڤایەتی پێش زاین ناسراوە، ئەویش، زەمەنی فیرعەونیەکان و زەمەنی شێوازە ژیانە تایبەتیەکانی یۆنانی و ڕۆمای کۆنە.  کاتێک دەڵێن سەدە تاریکەکان، مەبەست ئەو سەردەمەیە و سەپاندنی ڕێساکانی کڵێسا و پیاوانی کڵێسا بەسەر ژیانی ڕۆژانەی کۆمەڵگاکاندا، هێند دڵڕەق و دژە ئازادی و دژی مافە مەدەنیەکانی کۆمەڵگای ئەوروپا بوون، بەهیچ شێوازێک ڕێگا نەدراوە بەوەی مرۆڤ مافی ئەوەی هەبێت بەبێ خواست و ڕێسای دینی مەسحیەت بجوڵێتەوە و بتوانێت ئازادیە فەردیەکانی خۆی دەربڕێت، یان بەدوای بکەوێت. خودی ئەو سەردەمانە بە سەدان هەزار لە ئینسانی زەحمەتکێشی کردوەتە قوربانی نێو ئامانج و خواستەکانی هەیبەتی کڵێسا و پیاوانی سەر بە کڵێسا لە ململانێیدا لەگەل سەڵتەنەتی دەسەڵاتی پادشاکانی ئیمپراتۆریەتی ڕۆمای پیرۆزدا، تا دەگات بە سوتاندن و ئەتککردن و بێسەروشوێن کردنی سەدان کەسایەتی و بیرمەندی دیاری ئەو سەردەمە.

 لێرەدا بۆیە ئەو نمونەیەم هێنایەوە تا تێبگەین لەوەی وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی نێو بەهاری ئیسلامی سیاسی هەنگاو بەرەو ئەو دیدە ترسناک و توندڕەوە دەنێن تا زەمەنی ئێستا بگەڕێننەوە بۆ ئەو سەردەمە تاریکانەو کۆی دنیابینی ئەوەی مرۆڤایەتی بەدەستی هێناوە تێکبشکێنن  و، زانستی بەرەەوپێشچونی سەردەم بگۆڕنەوە بە جیهانبینی کوێرەوەری و جەهل و نەزانین.

 لەو چاوپێکەوتنە تەلەفزیۆنیەی یەکێک لە کەناڵە عەرەبیەکان لەگەڵ کەسایەتیەکی ڕابەری بزوتنەوەی سەلەفی بەرانبەر بە کەسایەتیەکی دیکەی میانڕەوی ئاینی ئیسلام، لە سەر مەسەلەی ئەوەی کە پەیکەر یان بت شیاون بۆ مانەوە یان شیاون بۆ ڕوخاندن و تێک شکاندان، وە خودی ئەو بەرهەمە مەزنە مێژوییەی مرۆڤایەتی سەردەمی دەسەڵاتی فیرعەونەکان بە دەستیان هێناوە و تا ئێستا بەیەکێک لە کارە مەزنە سەڕسوڕهێنەرەکانی توانایی ئیرادەی مرۆڤی ئەو سەردەمە دەگەیەنێت، ئەویش ئەو کۆ هەرەم و پەیکەرە زەبەلاحانەن کە ساڵانە دەیان هەزار کەس ڕودەکەنە وڵاتی میسر بۆ بینینی، بێجگە لەوەی ئەو بەرهەمە ناوازەیە لە ڕوی ئابوریشەوە چ سودمەندیەکی زۆری هەیە بۆ ئەو وڵاتە، دەکەوتە نێو ئەو بابەتەوە کە ئەویش بەشێکە لە بت و کۆمەڵێک هەن دەیپەرستن، بۆیە ئەو بەرهەمە ناوازەیەش ڕەنگە بەتەواوەتی خرابێتە نێو بەرنامەی تاریک بینەکان و لە زەمەنێکی تایبەتدا بە سیحری خۆیان ژێرزەمین بکرێت و لە جێگاکەیدا مزگەوتی  زەبەلاح دروست بکەن؟!

 وا ئێستا ڕابەرە ڕاستەقینەکانی ئاینی ئیسلام دەخوازن بیروخێنن و ئاسەواری ئەو مێژوە مەزنە بسڕننەوە لەو وڵاتەدا. ئەوەی ئەم کارەیان بۆ دەکریت یان نا، ئەمە شتێکی ترە. بەڵام ئەو ڕەوتە ئیسلامیە لە هەناویدایە کۆی ئەو داهێنانە مەزنانە لە نێو بەرن کە دەست و بیر و مێشکی مرۆڤایەتی دایهێناوە. ڕوخاندنی پەیکەری بوزا لە ئەفگانستان لە سەردەمی کۆتایی دەسەڵاتی تالیبانەکاندا، بۆخۆی هەر ئەو هێمایە دەگەیەنێت کە ئەم دەسەڵاتە ئیسلامیە لە هەرکوێدا توانایان هەبوو، دەست دەبەن بۆ سەپاندنی ڕاستگۆیانەی ئاینی ئیسلام کە خۆی لە شەریعەت و قورئاندا دەبینێتەوە.

لەو چاوپێکەوتنەدا، ئەو ڕابەرە ئیسلامیە زۆر بە ڕاشکاوی دەڵێت؛ کاتێک پێغەمبەر مەککەی ئاوەدان کرد بە ئاینی ئیسلام یەکەم کاری ڕوخاندنی ئەو پەیکەرانە بوو کە ڕێهەڵگرانی دەیان پەرست یان ئیمانیان پێ بوە، کە ئەوە خودایانە. بۆیە گەر بە واقعیانە لە جیهانبینی ئاینی ئیسلام بڕوانین دەتوانین بڵێین؛ ئەوەی تا ئێستا بە شێکی زۆر لە شوێن هەڵگرانی ئەم ئاینە وا شیکار بۆ قورئان و ئاینەکەیان دەکەن کە دێتەوە لەگەڵ ژیانی کۆمەڵگای مۆدێرن و سەردەمدا، یان ڕێک دێتەوە لەگەڵ جیهانبینی دیموکراسیەت و مافە مەدەنیەکانی تاک و هاوڵاتیدا، دەتوانم بڵێم بێجگە لەوەی لە گەڵ خۆیاندا ڕاست ناکەن یاریش بە دینەکەیان دەکەن. ئەوەی لە ئاینی ئیسلام تێگەیشتوە کەسانی وەک مەللا عومەری سەرکردەی تالیبان و ڕێکخراوی ئەلقاعیدە و برایانی ئیسلام و سەلەفیەکانن. ئەمانە ئەو بەرەیەن کە لە دینی ئیسلام تێگەیشتوون. ئەوە دینی ئیسلام نیە ڕێگا بە ژنان بدات بە قژی ڕوت و ماکیاجەوە بڵێن ئێمە موسڵمانین، ئەوە ئاینی ئیسلامە کە ژنان وەک کۆیللە و داپشراوی تەواو وەسف دەکات و مافیان دەداتێ تەنها لە چوارچێوەی دیوارەکانی ماڵەکانیاندا بمێننەوە، نەک سەروکاریان هەبێت لەگەڵ دنیای سیاسەت و بەڕێوەبردنی کاری ئیداری دەرەوەی ماڵ. کاتێک دڵشاد گەرمیان لێدوانی دا دەربارەی ئەوەی ژنان نابێت بەو شێوازە مۆدێرنە ببینرێن لەسەر شاسەی تیڤیەکان و بەرنامە پێشکەش بکەن، کابرا لە خۆوە ئەو وتانەی دەرنەبڕیوە، بەڵکو گەڕاوەتەوە بۆ ئەو ڕێوشوێنانەی کە لە قورئاندا دانراوە بۆ مافی ژنان، یان پەیوەست بەمەسەلەی دیموکراسیەت، هەروایە دیموکراسیەت و ئاینی ئیسلام ناتوانن بۆ چرکەیەکیش پێکەوە هەڵبکەن گەر بە ڕاستی ئەو ئاینە جێبەجێ بکرێت. ئەوانەی دی کە بە جۆرێک خۆیان بەدەسەڵاتی عیلمانی و هەم ئیسلامی دەردەبڕن، تەنها بۆ قازانج و بەرژەوەندیە تایبەتیەکانی خۆیانە ئەو دینە بەکار دەهێنن، تا ئەوەی خەڵکی نەتوانێت لە ئەسڵی مەسەلەی دین تێبگات، گەرنا ئەوە ئاینی ئەسڵی نیە ئەم بەرەیە کاری پێدەکەن و دەیگونجێنن لەگەل سەردەمی کرانەوە و گونجاندنی لەگەڵ ماناسکانی ئازادیدا.

گەر ساتێک هات و ئیرادەی ڕاستەقینەی ئاینی ئیسلام بەدەسەڵات بگات، ئەو ساتە دەبێتە گەڕانەوە بۆ جێبەجێ کردنی شەریعەت و ئەحکامە توندڕەوەکانی ئەو ئاینە، بەسەر خواست و ئیرادەی کۆی کۆمەڵگادا. لە نێو ئەو ئاینەدا شتێک نیە ناوی ئازادی و مافی مرۆڤ بێت، لە نێو ئەو ئاینەدا شتێک نیە ناوی ستاتیکا و جیهانبینی هونەر بێت، خۆ گەر لە نێو ئەو ئاینەدا جێگایەک هەبوەایە بۆ ئەو تواناو ئیرادەیەی مرۆڤ وەک خواستێکی تایبەت هەیەتی لە بەرهەمی میوزیک و بەشی پەیکەر سازی و کاری شێوەکاری، ئەوا ئێستا ڕابەرانی ئەو ئاینە بەم ئەندازەیە شێتگیر نەدەبوون لەوەی پەلاماری هونەرمەندان بدەن لە میسر و دوا بەرهەمی ناوازەشیان فەتوا دەرکردن بێت بۆ ڕوخاندنی هەرەمە مەزنەکان.

تەرح کردنی ئەو بیرکردنەوەیە بۆخۆی دوا هەڵوێستی ئەو بزوتنەوە ئیسلامیە سیاسیەیە لەوەی دەخوازێت چ ئایندەیەکی تاریک بسەپێنن بەسەر ژیانی کۆمەڵگادا. خودی ئەوەی گوایە ئاینی ئیسلام ئاینی ئاشتی و برایەتی و پێکەوە ژیانە، دەتوانم بڵێم ئەوە تەنها مەقوەلەیەکە کاتێک ئەو ئاینە لە سەردەمی لاوازیدا بێت کار بەو دەربڕینە دەکات، بە پێچەوانەوە لەگەڵ سەرکەوتنیدا لە بواری سیاسی و ئابوریدا، ئەوکات دەست دەکات بە هێرش و کۆی مێژوی داهێنانی بەرهەمی مرۆڤایەتی پێش خۆی دەسڕێتەوە. ئەو کات و تەنها ئەو کاتەی دەستی دەڕوات، ئیتر بڕیار بڕیاری شمشێر دەبێت نەک بڕیاری دانوستان و گفتوگۆ! وڵاتی ژێر دەستی ئاخوندەکان و سعودیەی بنکەی ئیسلام، زیندوترین نمونەی ئەم سەردەمەن لە بێحورمەتی کردن بەبەهای مرۆڤایەتی. 

 

 

تاهیر حاجی حەسەن

١٢/١١/٢٠١٢

فەرموون کلیکی ئەم لینکەی خوارەوە بکەن بۆ بینینی ئەو چاوپێکەوتنە تەلفیزیۆنیە؛

http://www.lvinpress.com/K_Direje.aspx?Jimare=12757&Cor=3&Besh=Hewal

پەرتوکی مێژوی ئەوروپا لە سەردەمی ڕێنسانسەوە تا شۆڕشی فەرەنسی، لە نوسینی د. موحەمەد موحەمەد ساڵەح، بەزمانی عەرەبیە و تایبەت بوە بە زانکۆی بەغداد، بەشی کۆلێژی ئاداب، ساڵی ١٩٨٢، خوێندنەوەی ئەم پەرتوکە زۆر سودی هەیە بۆ کەسێک بخوازێت لە مێژوی ڕابردوی وڵاتانی ئەوروپا تێبگات.

 

 

Previous
Next

Leave a Reply