Skip to Content

Monday, September 28th, 2020

ئەوکاتەى بێدەنگى دەبێتە چەکێکى خۆکوژ…. محەمەدى مشیر

Be First!
by February 26, 2008 گشتی

(لە پەراوێزى هێرشەکانى ئەم دواییەى سوپاى تورکیا بۆ سەر خاکى هەرێمى کوردستان)

چەند مانگێک لەمەوبەر وتارێکم بە هەمان ناونیشان و لە بارەى هەمان بابەت نووسى و بڵاوکردەوە، کە تێیدا ئاماژەم بۆ بێدەنگى و کەمتەرخەمى حکومەت و پەرلەمانى هەرێمى کوردستان کردبوو لە هەمبەر دەستدرێژییە سەربازییە بەردەوامەکانى رژێمى تورکیا.
رەنگە بێدەنگى لە زۆر شوێنکاتدا هەڵوێستێکى باش و پەسند بێت، بەڵام لە زۆرى دیکەش، بەتایبەتیش لە بوارى سیاسەت و دیپلۆماتیکدا، کوشندەو ناپەسندبێت. بە هەمان شێوەش جۆرى بەدەنگ هاتن و دەنگ هەڵبڕین لە راست پێشێلکارى و دەستدرێژییەکان پێویستە لەگەڵ جۆرى کیشەکەدا بگونجێ و مەرجیش نییە توندوتیژبێت، بەڵکو گەلێ رێوشوێنى ناتوندوتیژ و ئاشتیانە لە ئارادان کە پێویستە لە کاتى هەڵبڕینى دەنگى ناڕەزایەتى لە هەمبەر کێشەکەدا بگیرێنە بەر و لایەنى ستەملێکراو ئەوپەڕى سوودیان لێوەربگرێ، لەوانەش بایکۆتى فەرمى و جەماوەرییانەى کەلوپەل و کاڵاى ئەو وڵاتە یان ئەو لایەنەى هەڕەشە و دەستدرێژى دەکاتە سەر مافەکانمان و سەروەرى و ئازادى خەڵک و خاکمان پێشێلدەکات، هەروەها رێپێوان و خۆپیشاندانى ئاشتیانەى جەماوەر و هەڵمەتى بەرفراوانى راگەیاندنەکان لە سەر هەردوو ئاستى ناوەخۆ و دەرەوەدا و هەڵمەتى کۆکردنەوەى واژۆى ناڕەزایەتى و مەحکومکردنى لایەنى دەستدرێژکار و… تاد.
ماوەیەکە سوپاى رژێمى تۆتالیتارى ئیسلامى تورکیا بە شێوەیەکى بەردەوام و بێشەرم و دڕندانە بۆمبباران و تۆپبارانى ناوچە سنوورییەکانى هەرێمى کوردستان دەکات و تادێ دڕندانەتر دوور لە هەموو عورف و یاسایەکى نێودەوڵەتى و مرۆڤایەتى درێژە بە دەستدرێژییە سەربازییەکانى دەدات. ئەوەى پێویست بە ئاماژەناکات ئەوەیە کە خاکى هەرێمى کوردستان گۆڕەپانى مەشقى بەردەوامى سوپاى رژێمە شۆڤینیستەکەى ئەردۆگان نییە تاکو بە بیانووى لەبنهێنانى پەکەکە دەیان گوند و هەزاران گوندنشینى سڤیلى کورد قڕبکات. بێتوانایى ئەو رژێمە نەژادپەرستە لە پەنابردنە بەر زمانى دیالۆگ و دانوستاندن لە چارەسەرکردنى کێشەکەى لە گەڵ گەلى کورد لە تورکیا و گوشارى بەردەوامى ژەنەڕاڵە کەمالیستەکان رێبژارە سیاسى و دیپلۆماتییەکانى لە بەردەمدا بەرتەسکتر کردۆتەوە و بۆ دەربازبوون لەو قەیرانە هەمیشەییەى رژێمەکانى پێشترى تورکیاش تێیکەتبوون پەنا دەباتە بەر هەمان میتۆدى توندوتیژ کە مێژوو سەلماندى تا چەند شێوازێکى ناسەرکەوتووە.
رژێمى تورکیا پەند لە وانەکانى مێژوو وەرناگرێ و تەنیا بۆ ساتێکیش دەرفەت بە خۆى نادات بیربکاتەوە کە هەر قەوارەیەکى سیاسى بەزۆر لێکدارو ئەگەر بە ویستى تەواوى پێکهاتە ئیتنى و ئایینى و مەزهەبییەکانى سەرلەنوێ بە شێوەیەکى ئارەزوومەندانە بنیات نەنرێتەوە ئاستەمە تا سەر وەک خۆى بمێنێتەوە، بەڵکو تەنها رێگاچارە بۆ دۆخى ئاوا ئاڵوز رێزگرتنە لە ویست و مافەکانى ئەو گەلەى بەزۆر لەو قەوارە سیاسییە ئاخنراوە و بەردەوامیش لە رێگەى زەبروزەنگ سەرکوتکراوە. رێزنەگرتنى رژێمى شۆڤینیستى تورکیا لە ویستى ئازادیخوازانە و رەواى  نەتەوەى کورد لەو وڵاتەدا هەمیشە دەرنجامى نێگەتیڤى لێکەوتۆتەوە و تەنانەت لەمەشدا رژێمە یەک لە دواى یەکەکانى تورکیا هەمان هەڵەى کوشندەیان دووبارە کردۆتەوە و رێزیان لە ویستى ئاشتیخوازانەى نەتەوەکەى خۆشیان نەگرتووە. باشترین بەڵگەش بۆ دروستى ئەم بۆچوونە ئەوەیە کە لە ساڵى 2003 دا کاتێک ئەمریکا داواى لە هەمان ئەو  رژێمەى ئێستاى تورکیا کرد کە رێگە بە هێزەکانى بدات بە نێو خاکى وڵاتەکەیدا بەرەو عێراق رەتبێت، پەرلەمانى تورکیا لە دوو کۆبوونەوەى خۆیدا لە ژێر گوشارى دژ بە جەنگى خەڵکى ئەو وڵاتە نەیتوانى یاداشتنامەى رازیبوونى حکومەت مۆر بکات و داواکەى ئەردۆگان سەرى نەگرت . ئەو کات و ئێستاش دڵنیام رێژەى زۆرینەى گەلى تورک هەروەکو لە کەناڵە ئاسمانییەکاندا رۆشندەبێتەوە دژى ئەو هێرشە ناڕەوایەى سوپاى تورکیان و ئامادەنین رۆڵەکانیان لە سەر کێشەیەکى پێشوەخت دۆڕاودا بکوژرێن. هیچ شتێک لە پەیامى ئەو دایک و باوکە دڵسووتاوە راستگۆتر نییە کاتێک راشکاوانە لە وێنە هەواڵێکى کەناڵى رۆژ تى ڤى لە 24 ى ئەم مانگەدا دەنگ بەرز دەکەنەوە و بە زمانى تورکى رایدەگەیەنن و دەڵێن :" بانیم ئێولادم شەهید دایل"، واتە رۆڵەکەى من شەهید نییە. ئەم دەنگە ئەوە دەسەلمێنێ کە بەشێکى زۆرى میللەتى تورک ئێستاکە لەو سروشتە شەڕانگێزییەى سوپاى تورک بەرامبەر بە گەل و خاکى کوردستان و خودى رۆڵەکانى تورکیا رازى نین و کوژرانى رۆڵەکانیان لەم شەڕە دۆڕاوەدا بە شەهیدبوون لە قەڵەم نادەن هەروەکو رژێمى فاشیستى تورکیا دەیەوێ وایان تێبگەیەنێت.
 رەنگە ئەوەى پێویستە لە لایەن حکومەت و گەلى کوردستان لەم کاتەدا وەک لایەنى کەم بگیرێتە بەر کارکردنى چالاک و بە پەلە بێت لە سەر هەردوو ئاستى ناوەوە و دەرەوە بۆ هەڵبڕینى دەنگى ناڕەزایەتى و رێکخستنى خۆپیشاندانى ئاشتییانەى جەماوەرى کوردستان لە پێناو مەحکومکردن و ریسواکردنى ئەو دەستدرێژییانەى رۆژ لە دواى رۆژ رژێمە نەژادپەرستەکەى ئەردۆگان پەرەیانپێدەدات، هاوکاتى قۆستنەوەى پشتیوانى ئەو دەنگانەى لە نێو تورکیا و لە سەرتاسەرى جیهاندا دژ بە جەنگ و توندوتیژى و نەژادپەرستى تێدەکۆشن و خوازیارن کێشەى کورد لە تورکیا ئاشتیخوازانە چارەسەر بکرێ و هەرچى زووتریشە لە رێگەى گوشارى چڕوخەستى راگەیاندن و میدیاکاندا رژێمى کەمالیستى تورکیا، کە لە بەرگى ئیسلامیدا خۆى نوێکردۆتەوە، ناچاربکرێت سوپاکەى لە نێو خاکى هەرێمى کوردستاندا بکێشێتەوە و چیتریش بۆ مەرامە شۆڤینیستە ناڕەواکانى رۆڵەکانى تورکیا فریونەدا و نەکاتە قوربانى. 

Muhammad_mushir@yahoo.com

 

Previous
Next

Leave a Reply