Skip to Content

Saturday, April 4th, 2020

ئەوین …. بەشی دووەم….. جوانە ئەسوەد

Be First!
by February 9, 2014 گشتی

 

 

 

 لەبەشی یەکەمدا باسی ئەوەم کرد، ئەوین نابێت لە یەک رێچکەدا بەرتەسک بکرێتەوە بەڵکو دەبێت وەک هەر بوارێکی تری ژیان  بەرەو گۆڕانکاری سەردەمییانە بڕوات. هەر لەم سۆنگەوە:

ئەوینێکی پاک و مەم و زین شێوەئاسا، دەگوازمەوە بۆ پەیوەندی. بەمانا نزیکبوونەوەکەی، کە نزیکترین نزیکبوونەوەیە لە واقیعدا. لە هەمانکاتدا، مەحاڵییەکی تێدایە. تەمومژێک هەمیشە  لەناو خویدا ڕاپێچمان دەکات بۆ توڕەیی، بێ متمانەیی و دڵشکانی. جەمسەری باشەو خراپە، کە هیچ ئەڵتەرناتیڤێکی تر ناهێڵنەوە، تەنیا دوو کۆنسێپتی، خۆنەویستی و خۆویستی نەبێت. یەکەمیان قوربانییە بۆ دەوروبەر، دووەمیان بەپێچەوانەی یەکەمە. لە نێوان هەردوو کۆنسێپتەکەدا، ئازار جێدەگرێتەوە، چەختکردن بۆ پەسندکردنی قوربانی وەک تاکێکی نمونەیی، خۆویستنیش لە ژێر فشاری سادیزمدا،  ئەمەش گەورەترین فێڵە کە ڕووی مرۆڤ دەگرێتەوە.

لە هەموو پەیوەندییەکی شیاو و گونجاودا، قوربانیدان نییە لە کەسێکەوە بۆ کەسێکی تر. هەرکاتێ خولیایی کەسەکان یەکدەگرنەوە و ئارەزووی هەردوولا دەگۆڕدرێتەوە، بێزۆرکردن لەیەکتری یا هۆکارێکی دەرەکی. ئەم پەیوەندییە تەنیا فۆرمێکی شیاو و لێهاتوە لە نێوان  کەسە یەکسانەکاندا. هەرفۆرمێکی تری پەیوەندی دەچێتە چوارچێوەی بەندێتی و قوربانییەوە.

تێنەگەیشتن و کەم زانیاری لەسەر بیرکردنەوەو سایکۆلۆژی ژن و پیاو، وەک دوو رەگەزی جیا، هۆکارێکی سەرەکییە بۆ دروستبوونی کێشە لە پەیوەندییدا، نەک لەبەرئەوەی ژن و پیاو، دوو رەگەزی دوور لە خۆشەویستین و هەوڵی ئارامی و ئاسودەیی ژیان نادەن. بەڵکو ژن و پیاو هەموو تواناییەکی خۆیان بەکاردەهێنن بۆ ئەوەی ژیانێکی بێ دوودڵیی لەگەڵ یەکترو خێزانێکی بێ کێشە و جوان بێننە ئاراوە. سەرچاوەی گەیشتن بە پەروەرەدەکردنی پەیوەندی، سەرچاوەیەکی لۆژیکی نییەو بنەمایەکی ئاینی و کولتووری هەیە، کە ژن و پیاو وەک رەگەز، لە کارو بوارە کۆمەڵایەتییەکاندا جیادەکاتەوە. لەگەڵ بارگاویکردنی بە هەندێ ویستی پێشوەخت و بەرنامەکێشی، کە لەهەستێکی بێئاگاییانەی نەزانراو و هەڵبژاردنێکی هەژارانەوە دێت.

 

هەندێ جیاکاری گرنگ  لە رووی سایکۆلۆژییەوە.

 

ژن و پیاو به‌ دوو زمانی جیاواز ده‌دوێن، ژن هه‌موو كارو كاردانه‌وه‌یه‌ك له‌ ڕوانگه‌ی خۆشه‌ویستییه‌وه‌ ده‌بینێت و لێكدانه‌وه‌ی بۆ دەکات. پیاو شته‌كان وه‌ك كردار سه‌یرده‌كات و هه‌وڵی چاره‌سه‌ركردنیان ده‌دات. یه‌كێك له‌ دیاریده‌كانی نێرینه‌یی كه‌ به‌لای ژنه‌وه‌ قورسه‌، فۆكسكردنه‌. پیاو كه‌ فۆكسی كرده‌ سه‌ر كارێك، هه‌موو دونیای لا ده‌وه‌ستێت و بوونی نامێنێت، ژنان به‌م دیاریده‌ییه‌ په‌ست ده‌بن، كه‌ به‌لای ژنانه‌وه‌ بێئاگایی پیاوانە له‌ خۆشه‌ویستی و فه‌رامۆشكردنیانه‌.

پیاو توانای فره‌ كرداری كه‌متره‌ له‌ ژن، له‌ یه‌ك كاتدا ته‌نیا ده‌توانێ شتێك ئه‌نجام بدا و له‌ هه‌مانكاتدا، ژن ده‌توانێ له‌ كاتێكدا چه‌ند كردارێك بە ئه‌نجام بگه‌یه‌نێ، هه‌ر ئه‌وه‌شه‌ وا له‌ ژن ده‌كات بپرسێت، بۆ پیاو فێرنابێت نه‌رمبێت و له‌گەڵ كاركردنیدا هۆشی لای منیش بێت. پیاو به‌هه‌مان شێوه‌ پرسیار ده‌كات، بۆ ژن ئازار ده‌كێشێ كه‌ من سه‌رقاڵی كارێكم، ده‌توانێ له‌وه‌ بگات كه‌ په‌یوه‌ندی به‌ كه‌سایه‌تی و خۆشه‌ویستی ئه‌وه‌وه‌ نییه.

پیاو گرنگترین شت بەلایەوە ئازادی خۆیەتی، کە دەچێتە پەیوەندیشەوە، تەنیا شتێک بیری لێدەکاتەوە لەدەستنەدانی ئازادییەکانیەتی وەک تاک، چونکە پیاو ‌ژیان لە دەرەوەی خۆییەوە سەیردەکات. تاکێکی ماڵی نییە. تەنانەت لایەنە رۆحییەکەی لەدەرەوەی خۆیدا دەبینێت. پیاو سەیرکردنی ژنێک لە کاتی سەماکردندا زیاتر لەزەتی پێدەبەخشێت لەوەی خۆی سەمابکات. لێرەدا بەپێچەوانەوە ژن کە چووە ناو پەیوەندییەوە، ئاسانە بەلایەوە قوربانی بە ئازادییەکانی خۆی بدات و دەست لە بەهرەو تایبەتمەندییەکانی هەڵبگرێت.

سەرەکیترین ترسی نێرینەیی ترسە لە سەرنەکەوتن لە ژیان، بەڵام سەرەکیترین ترسی مێنیەیی ترسە لە لەدەستدانی خۆشەویستی و سەرنەکەوتن لە پەیوەندییدا، ئەوەش دەگەرێتەوە بۆ خولیای نێرینەیی و مێیینەیی. پیاو ئارەزووی کێشە هەڵکردنی زۆرە، بۆیە زۆرینەی کێشە هەستییەکانیش هەر بەم شێوەیە دەبینێت. ژن زۆرینەی کێشەکان لە رووی هەست و جۆشەوە دەبینێت، بەلایەوە پیاو بێ هەست و بێ خۆشەویستییە.

قسەکردن، بڕیاردان، گوێگرتن لای ژن لە سەنتەری هەست و نەستەوە دێن. لای پیاو لە سەنتەری کردارو بیرکردنەوەوە دێن.  ژن گفتۆگۆ ناکات لەسەر چەمکەکانی  کردار و لێکۆلینەوە لە پەیوەندییدا. کاتێک پیاو دەپرسێت، بێتاقەت دییاریت؟ ژن هەرگیز وەلامی راستەوخۆی پێ نییە زیاتر وەلامێکی هەستی دەداتەوە. پیاو لەمە بێتاقەت دەبێت و نازانێ بۆ ژن وەڵامی راستەوخۆی ناداتەوە. لێرەدا ژن داوای خۆشەویستی دەکات نەک چارەسەری کێشە، پیاو هەولی چارەکردنی کێشەکە دەدات، کە بێتاقەتیی ژنە. پیاو بکەرێکی کردارییە نەک هەستی.

دەیفد دیدا سەنتەری گفتوگۆ  بە سەر سێ سەنتەردا دابەش دەکات لە لەشی مرۆڤدا.

 

١- سەنتەری کردن و کردار دەکەوێتە  نزیک ناوکەوە.

٢-سەنتەری هەست و نەست دەکەوێتە سنگەوە.

٣- سەنتەری بیرکرنەوە دەکەوێتە مێشکەوە.

 

دەیڤد دیدا پێی وایە، پیاو لەسەنتەری مێشکەوە قسە دەکات و ژن زیاتر لە سەنتەری هەستەوە، هەر ئەوەشە وادەکات لە پەیوەندیدا دوای ماوەیەک کێشەکان سەرهەڵبدەن و ڕوانیینیان بۆ پەیوەندی بە هەڵواسراوی بمێنێتەوە. ئەم جیاوازەییە هۆکارێکی گرنگە لە پەیوەندی خۆشەویستی و جووتبووندا. پیاوان جووتبوون وەک کردارێکی پێوست و ئارەزوو دەبینیین، هەروەک خواردنی، خواردنێکی بەتام و دواتر لە یادیان دەچێتەوە تا کات و ساتێکی تر کە ئارەزووی دەکەنەوە. 

دەیڤد دیدا لە شوێنێکی تردا دەلێت: پیاو ژیان وەک ناچاری دەبینێت، هەم وەک خودی خۆی، هەم لە پەیوەندی و کارکردنییدا. تا ئەو کاتەی فێری پراکتیزە کردنی خۆشەویستی دەبێت، هەروەک مەسیح لەسەر خاچ. زۆرینەی پیاوان هەست بە هەڵواسراوی دەکەن لەلایەن ژیانەوە، دیدا دەلێت پیاوانی پێگەیشتوو و رۆحانی فێری خۆشەویستی دەبن لە ناوەندی هەڵواسیندا، تەنانەت لەو کاتەشدا لەوانەیە هەست بکەن ژیان هەر قوربانییە.

پیاو لە پەیوەندییدا پێویستی بە دوورکەوتنەوە هەیە لە کاتی بێزارییدا، یا کە کێشەیەک رووبەرووی دەبێتەوە. جۆن گرەی، بە چوونە ناو ئەشکەوتەوە، وەسفی دەکات. جۆن گرەی دەڵێت: پیاو لە هەوڵدان بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی، دەچێتەوە ناو خۆی و لە مێشکیدا ئەشکەوتێک دروستدەکات تایبەت بەخۆی تەنانەت جێی خۆشەویسترین کەسی ناکاتەوە، تا ئەو کاتەی کێشەکانی چارەسەر دەکات، گەر توانای چارەسەر کردنی نەبوو، لە ئەشکەوتی مێشکیدا دەردەچێ بۆ سەیرکردنی تەلەفزیۆن، یا گوێگرتن لە هەواڵەکان و خوێندنەوە. لێرەدا پیاو بەپێویستی نازانێ کێشەکانی بەشداری پێبکات لەگەڵ کەسی نزیک و خۆشەویستەکانی. ژن بەپێچەوانەوە، لەکاتی بێزاری و کێشەدا، زۆر بەکراوەیی توانای قسەکردن و بەشدارکردنی هەیە لەگەڵ کەسانی نزیک و خۆشەویستەکانی. ئەم جیاکارییە لە لێکدانەوە بۆ چارەسەر کردنی کێشە، هۆکارێکی بەرچاوە بۆ تێنەگەیشتن لە سایکۆلۆژیای پیاو و ژن لەیەکتری.

ژن و پیاو، دوو پێکهاتەی جیاواز لە سروشتی لەشدا، سەبارەت بە جووتبوون. کرداری جووتبوون لەلای ژن ناوەکییە، پەیوەندیەکی تەواوی هەیە بە دڵ، لەش، هەست تا قوڵترین سۆز بۆ تێکەڵاوبوون. بانگێشکردنی کەسێکە بۆ ناو خۆی و پێناساندنیەتی لە جەوهەری ژنێتی خۆی، لای ژن رووداوێکی پیرۆزو پر سۆزو خۆشەویستییە. بە پێچەوانەوە، لە رووی بایۆلۆجیەوە  ئەندامی جووتبوونی پیاو لە دەرەوەی خۆیەتی، بە هەستدارترین ئەندامی لەشی پیاو دادەنرێیت، دوورە لە دڵ. جووتبوون کردارێکی دەرەکییەو دوور لە لەشیەوە بە ئەنجام دەگات، بۆیە پیاو دەتوانی جووتبوون تەنیا وەک چێژ ببینێت. ئەمە مانای ئەوە نییە، پیاو بخرێتە دەرەوەی بێئاگایی سۆزو خۆشەویستییەوە.

هەموو ژن و پیاوێک ووزەی نێرینەیی و مێینەییان  لە ناودا هەیە. له‌ ٪١٠ پیاوان هاوسه‌نگییه‌ك تێیاندا به‌دیده‌كرێت، بە بوونی‌ وزه‌ی مێینه‌ تێیاندا. له‌ ٪٨٠ یان به‌ ته‌واوی ووزه‌ی  نێرینه‌یی به‌سه‌ریاندا زاڵه‌، ئه‌وه‌ش وایانلێده‌كات كه‌ ره‌ق ده‌ركه‌ون، چونكه‌ ووزه‌ی نێرینه‌یی په‌یوه‌سته‌ به‌ كاری ماسولكه‌یی، ده‌ره‌وه‌، كاركردن، شه‌ڕ، تووندووتیژی، فۆكس كردن، به‌تایبه‌ت پاراستنی ئازادی خۆیان وەک پیاو. ژنان له‌ ٪٨٠ یان به‌ سروشتیان وزه‌ی مێینه‌ییان  تێدایه‌، كه‌ ئه‌ویش په‌یوه‌سته‌ به‌ دڵنه‌رمی، خۆشه‌ویستی. جۆش، سۆز،، خۆبه‌ختكردن له‌ پێناو خێزان و گوێگرتن، به‌تایبه‌ت وازهێنان له‌ تایبه‌تمه‌ندییه‌كانی خۆیان وەک ژن.

نیتشە دەڵیت: پەیوەندی نێوان ژن و پیاو لە گفتوگۆییەکی دوورودرێژ زیاتر هیچیتر نییە!

 

Previous
Next

Leave a Reply

Your email address will not be published. Required fields are marked *

*