Skip to Content

Thursday, October 1st, 2020

ئەوەى بەشدارى لەمانگرتندا بكات لە سێدارە دەدرێت …. كاروان نەجمەدین

Be First!
by February 24, 2008 گشتی

   تازەترین دیارى دەسەڵاتدارانى عیراق سێدارەیە بۆئەو كەسانەى لەڕیزى هێزەكانى ئاسایشى ناوخۆدان و لەكاتى خۆپیشاندان و بارى نائارامدا بەشدارى لە خۆپیشاندان و مانگرتندا دەكەن , لایەنگران و داڕێژەرانى ئەم یاسا دژى ئینسانیە لە ئەمریكاوە تادەگات بە جمهورى ئیسلامى ئیران و عەرەبستانى سعودى و هەمووئەو حكومەتانەى ئەو یاسا ڕەشەیان سەپاندوە بەدەرگیربونیان لەگەڵ بزوتنەوە ئینساندۆستیەكان  ئیعدام (قەتڵى عەمدى ) بە وەسیلەى كەمكردنەوەى تاوان ناودەبەن و ئەو ئینسانانەى پىَ لەناودەبەن كە دەرئەنجامى فەزاى نیزام و دەسەڵاتەكانیان ناچار بەتاوان دەبن , سەرەڕاى ئەوەى كە واقعى ئەمڕۆى وڵاتان و مێژووش شاهیدى ئەوەن كە حوكمى ئیعدام نەك ناتوانێت ڕێگربێت لەبەردەم كەمكردنەوەى تاوان لەكۆمەڵگادا بەڵكو خودىخۆى تاوانێكە لەلایەن دەوڵەتەوە دەرحەق بەئینسانەكان دەكرێت , ئەگەرچاوێك بگێڕین بەو دەوڵەتانەى ئەو قانونە ڕەشەى تێدا بەكاردێت لەگەڵ ئەوانەى تێیدا بەكار نایەت دەبینین ڕێژەى تاوان لە كامیاندا زیاترە , لەكاتێكدا كە بەرزونزمى ڕێژەى تاوان ناتوانێت شەرعیەتپێدەرى یاسایەك بێت كە ژیان لە ئینسانێك بسەنێتەوە تاوانەكەى زادەى بیرى داڕێژەرانى یاساكەبێت , هەرئەوەى ئەم یاسایە بۆ بەرهەم هاتوە؟ ئیسپاتى ئەوەیە كە جێبەجێكەرانى دژى ژیان و خۆشگوزەرانى و ئازادى ئینسانەكانن چونكە لەجێگاى ئەوەى دەستبەرن بۆ ڕیشەى ئەوپاڵنەرانەى ئینسان دوچارى كارێك دەكات زەرەر بێت بۆ سەر تاكەكانى دیكەى كۆمەڵگا ئەمان قەنارەى بۆ هەڵدەخەن , لەجێگاى باشكردنىگوزەرانى خەڵك خۆیان برسیان دەكەن و ناچار بە تاوانیان دەكەن و هەرخۆشیان ئیعدامیان دەكەن , لەجێگاى ئەوەى ئازادى سیاسى فەراهەم بكەن ئینسانە سیاسیەكان بەبەرچاوى خەڵكەوە لەسێدارەدەدەن , ئیتر لێرەوە هیچ گومانێك ناهێڵنەوە لەوەى كە ئەوقانونە بۆ بنبڕكردنى دزى و ڕاوڕوت و (تیرۆر) نیە , چونكە ئەوان سیاسەت بەوتاوانە دەزانن بۆ موخالفینى خۆیان كە سزاكەى خنكاندنە , باوەڕنەمان پێان و چۆڵكردنى ڕیزەكانیان هەڵگەڕانەوەو خیانەتە و خائینەكانیش دەبێت لەسێدارە بدرێن ,  ڕەخنەگرتن لە ڕابەر و ئیمام و دەسەڵاتەكانیان یەكسانە بە قەنارە كە زیندان و شەقامەكانى تاران جێگاى نمایشكردنى ئەو واقیعەن و نمونەیەكە لە ڕوى هەڵماڵراوى پارێزەران و لایەنگرانى ئیعدام , لەسعودیەمومارەسەكردنى سادەترین فافە مەدەنیەكان تادەگات بە دڵدارى لەڕیزى ئەوتاوانانەدان كە بێجگە لە خنكاندن هەر حوكمێكى دیكە كاڵكردنەوەى تاوانەكەیە . ئەوتاوانە گەورەیەى بەپێى بڕیارى (سەرۆكایەتى كۆمارى عیراق) ئەویاسایە دەیگرێتەوە و پیادەكەرانى لە ناو ڕیزى هێزەكانى ئاسایشىناوخۆدا لەسێدارە دەرێت بەشداریكردنیانە لە مانگرتن و خۆپیشاندان و زانیارى بەخشین و شتى لەم بابەتە , سەرەڕاى ئەوەى كە ئەم كابینەیەى بوش لە عیراق كۆمەڵگاى لەخوێن هەڵكێشاوە و بىَ مافیەكانیانى بەوپەڕى گەیاندوە ئێستاش مانگرتن و خۆپیشاندان بۆ ئەو ئینسانانەى لەسایەى دەسەڵاتى ئەواندا بۆ پەیداكردنى بژێویان بونەتە پارێزەرى دەسەڵات و سامانەكانیان  بەتاوانێك حساب دەكەن كە سزاكەى لێسەندنەوەى ژیانیانە , بەشداریكردن لە مانگرتن و خۆپیشانداندا نەك بۆ موخالفینى ئەوان تەنانەت  بۆ ئەو كەسانەى كە لەدەزگاكانى خۆیاندا كاردەكەن تاوانێكە بە هەڵگەڕانەوە حیسابە و  لاى لایەنگرانى ئیعدام یەكسانە بە مەرگ , بەمجۆرە ئەگەر كەسێ ویستى لە مانگرتندا بەشدارى بكات , یان ویستى بەخۆپبشاندان ناڕەزایەتى خۆى دەرببڕێت ئەوا پێشتر بەپێى یاسا ڕۆحى بەبارمتە گیراوە , دەركردنى یاساى لەم جۆرە بێجگە لەوەى  درێژەدانە بەو قەتڵى عامەى كە ئەم نیزامە بەنسیبى كۆمەڵگەى بەشەرى كردوە , ماهیەت و ناوەرۆكى بزوتنەوەیەكیش عەلەنى تر دەكاتەوە كە ئەو پەیامە فریادڕەسەى بەرلەوەى یەك ملیۆن و بەرەوسەر ئینسانى ئەم كۆمەڵگە بكەنە سۆتەمەنى ئیعدامى ئاسایشە مانگرتوەكان و بەشداربوانى خۆپیشاندانەكان و (هەڵگەڕاوەكان ) ى لێكەوتەوە , پەردەیەكى دیكەش لەسەر ئەو سیناریۆیە هەڵدەداتەوە كە سەرۆك كۆمارى عیراق لەژێر ناوى لایەنگرى بۆمافى مرۆڤ لەپەیوەند بە ئیمزاى حوكمى ێەدام حسینەوە نمایشى كرد , ئەویش سیناریۆیەكى دكە بوونەك لەئینساندۆستى تاڵەبانیەوە سەرچاوەى گرتبێت,ئەوەتا سەرۆك كۆمار ئیمزاى لەسێدارەدانى مانگرتوەكانى وەزارەتى ناوخۆى حكومەتەكەى خۆى دەكات بەڵام ئەوەندە ئینسان دۆستە دەستى قەڵەمەكەى بۆناگیرێت ئیمزاى لەسێدارەدانى ێەدام حسێن بكات !!! وەك ئەوەى ێەدام مافى ژیانى هەیە و باقى ئینسانەكانى دیكە شایستە بە مەرگن ,. بەڵام ئەێڵى مەسەلەكەئەوەیە كە ئەم جۆرە حكومەتانە بەبىَ سەركوت و ئیعدام ناتوانن خۆیان بەپێوەبگرن , بە لەبەرچاوگرتنى مەكانەتیان لەنێو خەڵكدا كە خۆیان لە هەمووكەس باشتر دەزانن تادەگەنە دەسەڵات سەفەقاتى ژێربەژێر و لاشەو خوێنى ئینسانەكان بەردەبازیانە و تاكە وەسیلەى دامركاندنەوەى ناڕەزایەتیەكان و هێشتنەوەى خۆیان  خوێنڕێژى و سێدارە بوە , لەمەش باشتر هیچ چاوەڕوانیەكیان لێنەكراوە, بەڵام هەرگیز نەیتوانیوە تا كۆتایى درێژەى هەبێت و بەر بەشۆڕش و هاتنە مەیدانى خەڵك بگرێت هەمیشە مەیدان لەبەرانبەریاندا چۆڵ نەبوە  , لەئێستاشدا زیادلەپێویست بەهێزكردنى هەرچى زیاترى ئەوبزوتنەوەیەمان بۆ مەلموستر دەبێتەوە كە لەبەرانبەر نەزیفى خوێن لەعیراق و بەیاساییكردنەوەى مەرگى ئینسانەكاندا چاوى لەئاسۆى سۆسیالستى بڕیوە و بەرەوبنیاتنانى كۆمەڵگایەك خەبات دەكات كە بێبەرى بێت لەنەهامەتى و هیچ جۆرە كاركردێكى ئینسانەكان نەبنە هەڕەشە لەسەر ژیانیان , ئەویش كۆمۆنیزمى كرێكارییە و بەهێزكردنى پێویستیەكى هەنوكەییە بۆ كۆتایى بەو حەمامى خوێنەى بەڕێخراوە .    

Previous
Next

Leave a Reply