Skip to Content

Thursday, March 28th, 2024

ئەو ئارەقە هەڵمانەى دەبن بە هەور …!!

Closed
by August 9, 2011 چیرۆک

 چیرۆک

هەموو جارآ کە دەمەوێ ئەو خەونەى کە سێ ساڵە لەسەر یەک و لەهەمان بەروارى شەوێکى بەهاردا دەیبینم بیگێڕمەوە شەرمێکى تۆخ دامدەگرێ ،ئیدى جەسارەت و حەوسەڵەى گێڕانەوەیەم نامێنێ، دەبمە ئەو سەربازەى لە چوار لاوە گەمارۆ درابێت و دەرفەتێک لە بەردەمیا بۆ بەرگرى کردن نەمابێتەوە، ئارەقەیەکى ساردى شین بەهەنیەمدا دێتە خوارێ و بە روومەت و لامل و چەناگەمدا زەنگوڵ زەنگوڵ و هێدى هێدى بەسەر سنگ و گازەراى پشتمدا دەکەوێتە ڕێ، بەشێک لەو عارەقەیە کە من نازانم ناوى بنێم عارەقەى ترس، یان شەرمەزارىو تەریق بونەوە، یان تێکشکان و هەڵوەشاندنەوە و لەبەر یەک ترازانى جومگەکانى جورئەت، تنۆک تنۆک بەسەر نووکى کەپومەوە دەکەوێتە سەر چیمەنتۆکەى بەر پێم، خاڵى تەِرایی بۆ ساتێکى کورت، ئەوەندەى تەمەنى جەند هەناسەیەک کە دەشێ بە باوەشێنى باڵى مەلێک  کزر و وشک ببنەوە لەسەر ئەرزەکە دەنەخشێنێ، بەشێکى تر لەو عارەقەیە بەسەر سنگ و پشتمەوە ناوەستێت، تا چاڵاییەک، هەر چاڵاییەک لە لەشمدا دەدۆزێتەوە، ئیدى لەوێدا ئۆقرە دەگرێت و چاوەڕێی بە هەڵم بوون دەکات، ئینجا ئەم هەڵمە نەبینراوانە بۆشاییەک لە بن باڵم و ژێر فانیلە و کراسەکەمدا دەدۆزێتەوە بۆ ئەوەى تێکەڵ بە فەزاى دەرەوەى من بێت و خۆى لە بەندێتى ئەم جەستەیەى من دەرباز بکات، ئەو عارەقانەى لە جەستەى منەوە رزگاریان دەبێت دڵۆپ دڵۆپ بە شێوەى هەڵمێکى تەنک و نەبینراو بەرەو ئاسمان هەڵدەکشێن و تێکەڵ بە هەورەکان دەبن، من گەلێک جار دڵم بەو هەورانە خۆش بووە کە دەبارین و دەبوونە مایەى ڕووان و پاکبوونەوەى دەم و چاوەکان و ڕاماڵینى شەقام و کۆڵان و جادەکان و جوانکردنى سروشت، زۆر کەرەت بەهەندێ نەشئەو چێژەوە بە خۆمم ووتووە:(منیش دەستێکم هەیە لە پاککردنەوە و بەشێکم لە شین بوون و دابەشکردنى جوانى ) بەڵام پاش بینینى ئەو خەونە روانینى منیش بۆ هەورەکان گۆڕا، ئەم هەورانە لە پێش چاومدا دیمەن و قەوارەیەکى تریان وەرگرت، ئەو خەونە دەسکارى زۆرێک لە تەماشا و پێشبینیەکانى من کرد، هەنووکە هیچ لەزەتێ لە هاتن و بارینى ئەو هەورانە نابینم، من پێشتر لە ژێریان رووت دەبوومەوە و سەمام دەکرد، ئێستاکە کاتێک ئاسمان بەو هەورانە ئاوس دەبێت و چاوەڕێ ى مامانى ( با ) دەکەن، ئەو پەڵە هەورانەى دێن، دەڕۆن ، پیر دەبن و کۆڵ لە باران ئەدەن، هەست دەکەم منیش کەسێکم بەرپرسیار بەرانبەر پیربون و نەبارینیان، هەست دەکەم ئەو هەورانەى شەرمیان لە بارین کردووە ،ئەو ئارەقە هەڵمانەى لە جەستەى منەوە هەڵئەفرن و بەرەو ئاسمان هەڵئەکێشن و ئاوێتە بە پەڵەکانى تر دەبن بوونەتە مایەى ئەو شەرمەى لە بارین دەیکەن، ئەوەتا ئەو ئاسمانە بەرینە، ئەو هەموو پەڵە هەورانە، بەهۆى چەند تنۆکە ئارەقەیەکى شەرماوى لەشى من، حاشا لە بارین ئەکەن، بەهۆى ئەو هەڵمە شەرمنەى لە گیانى داغ بووى منەوە دەردەچێت ئەوانیش سەریان دادەخەن و لە روویان نایەت سەردانى زەوى بکەن، وەک چۆن ئێستاکە من ناتوانم گێڕانەوەى ئەو خەونە بەسەردانى ببەم بۆ ماڵى دڵى هیچ کەسێک.
ئەمە سێ ساڵە لەسەر یەک، لەهەمان مێژووى هەمان شەوى گەرمەى وەرزى بەهاردا ،هەمان خەون بە هەمان رەنگ و بۆن و تامەوە، بە هەمان جوڵەى هەڵس و کەوتەوە دەبێتە میوانى کاسەى سەرم، من تا ئەمڕۆ جورئەتى گێڕانەوەى ئەو خەونەم نیە تەنانەت لاى نزیکترین هاوڕێشم، ئەمە سێ ساڵە لەسەر یەک، لە سێ رۆژى یەکەمى دواى بینینى ئەو خەونە یەک بەیەکى خانەوادەکەم و هەندێ هاوڕێى زۆر نزیک درک بەگۆڕانکارى یەکى گەورە دەکەن لە رەفتارو جموجۆڵمدا، هەندێکیان لە جاران زیاتر لێم نزیک دەبنەوە، دەیانەوێ هۆى ئەو دڵتەنگى و بێدەنگى و نا ئارامیەم بزانن، بەڵام من بەبێ ئەوەى بایەخ بە ئەڵها و پەرۆشییەکەى ئەوان بدەم ،بەردەوامى بە بێدەنگیەکەم دەدەم و هیچ شتێک ئاشکرا ناکەم، وەک چۆن لە شەوێکى گەرمەى بەهاردا هەمان ئەو خەونەى پار و پێرار لە هەمان مێژودا بینیم ،ئەترسم لەمەودوا ببێتە نەریت و خوویەک بۆ هەموو ئەو بەهارانەى ئایندەم، ئیدى هەموو ساڵێک لەو وەرزە قەشەنگ و جوانەدا هەمان خەون ببینمەوە ،کە دەبێت مرۆڤەکان لەو وەرزەدا خەون بە گوڵ وبولبول و سەوزایی و پێکەنینەوە ببینن، دەبێت لەو وەرزەدا خەونەکان بەهەشتى بن، نەک وەک ئەو خەونە دۆزەخى یەى من دیم ،کە نەک هەر بەروخسارەکانى بەهار ئاشنا نیە، بەڵکو بە هەموو  وەرزەکانیش نامۆیە، ئەم ساڵیش بە هەمان رێو رەسمى پار و پێرار، بۆ سبەینێ ى دواى ئەو شەوەى خەونەکەم تیادا بینى ، بۆ دڵنەوایى کردنەوە و هێور کردنەوەى خۆم بە نیازبوم سەر لەو هاوڕێیەم بدەم، کە لە قۆناخى خوێندنى سەرەتاییەوە تا تەواوکردنى پەیمانگاى کشت و کاڵ رێکەوت وابوو پێکەوە ببین و هەر پێکەوەش پەیمانگا تەواو بکەین، من لەهەر کێشەو ئاڵۆزییەکى دەرونى خۆمدا ئەوم کردۆتە داڵدەو پەناگە، بۆ چارەسەرکردنى کێشەکانم¬ نا.. بەڵکو بۆ بەخشینی جۆرە فەرامۆشیەک بۆ دیوى ناوەوەى خۆم ،کە لە هەمان کاتدا بۆ خاڵى کردنەوەى ساتە بارگراویبووەکانى خوێنم بە هەڵچون و داچون و دامرکانەوە ئەچومە ژێر سێبەرى قسە گاڵتەئامێزیەکانیەوە کە تێکەڵەیەک بوو لە سووربوون و گاڵتە و فشقیات، لەو هەموو چاوپێکەوتن و بەیەک گەیشتنانەدا هەموو یادەوەرییەکانى مناڵى و هەرزەکارى و کامڵبوونمان دەهێنایەوە بیرى یەکتر ،باسی پشتێن و جنێوە تەِرەکانى نامیهرەبانى باوکانمان دەکرد، سەر گوزشتەى کوشتنى ئەو بێچووە چۆلەکانەى کەنەیاندەتوانى لە باڵاى گوڵە باخێک زیاتر بەرزببنەوە، ئەو هەمیشە دارلاستیکێکى لە گیرفاندا بوو ،وەک ئەو ناسنامەیەى کە دەبوو هەمیشە لە گیرفان و بەر باخەڵى لاوانى ئەم نیشتمانە ببوایە لە دەوران و رۆژگارى دیکتاتۆردا، وەک چۆن دەست و پەنجە و دەم و چاو و لوتمان لێمان جیانەدەبوەوە، ئەو ناسنامانەش دەبوا ئاوها بە لەشمانەوە بنوسابا، نەبوونى ژورى تایبەت بە خۆمان ،کە پڕ بە دڵ حەزمان دەکرد ئێمەش هەر یەکەو ژورى تایبەت بەخۆمان هەبێت کاتێک هاوڕێیەکى سەردانى دەکات زۆر جار دەبوو تەوەرێکى سەرەکى گفتوگۆکانمان.
ئەو هاوڕێیەم بە ئەمساڵەوە ئەوا ((24)) ساڵى رەبەقە دامەزراوە و ئەو فەرمانگەیەش کە ئەو کارى تێدا دەکات هەر بە فشقیات وەریگرتووە، رۆژەکان لەوێدا بێبەرهەم  دەباتە سەر، لە هەندێ لەویەکتر بینینانە بەشێوەیەک ئاوێتە بەگاڵتە پێم دەڵێت:
ـ دەى کوڕى باش شوێنى بەتاڵمان زۆرە ، وەرە با داتمەزرێنین.
بەڵام وەڵامى حازر و ئامادەى من لە هەموو جارێکدا ئەوەیە کە دەڵێم:
ـ من و دامەزراندن کوجا مەرحەبا، تازە هیچ کامێکمان فریای ئەوى ترمان ناکەوێ، نە من سود لە دامەزراندن دەبینم، نە ئەویش قازانجێکى لە من دەسدەکەوێ، من بەوەوە جوانم کە لە هیچ دام و دەزگایەکدا دانەمەزرێم، هیواش دەخوازم بتوانم تا دوایین نەفەس  بەرگرى لەو جوانیە بکەم و وەک چاوەکانم بیپارێزم.
هەر کە بمەوێ ئەو خەونە بگێڕمەوە ئیدى نازانم بۆچی ئەوەى پێی دەوترێ ئازایەتى و جورئەت، توانا و سەرکێشى لە دەربڕین و گێڕانەوەدا تیامدا نامێنێ و هەر بە بیرهێنانەوەى پەردەیەک لە خەجاڵەت و تەریق بوونەوە رووم دادەپۆشێ، بەڵام سەرەنجام هەر دەبێ بیگێڕمەوە، نەبادا ئەو خەونەش وەک گەلێک رەوشت و ئاکارو خووى تر ببێتە بەشێک لە هەڵس و کەوتم و بلکێتە لەوحەى ژیانمەوە، دەشزانم لایەنێکى زۆرى هەڵس و کەوتە ناشرینەکانمان خۆمان خەتاکارین لە پەیڕەو کردن و هەڵگرتنیان، چوون دەرەنجامى کەڵەکە بوونى ئەو هەموو ساڵە گوناهکارانەیە کە تێکەڵ بە ژیان و سروشتى ئێمە بوون و وەک ناوەکانمان پێیان دەناسرێنەوە و بوونەتە بەشتێک لە ئێمە، وەک چۆن ئێستاکە زمانى گفتوگۆ و دیالۆکى زۆربەمان پڕە لە توندو تیژى و توڕەبوون تەنانەت لەگەڵ هاوڕێ و منداڵەکانیشمان، هەر بۆیە نیگەرانم لە گێڕانەوەى ئەو خەونە نەوەک ببێتە هۆکارێکى تر و بەرەو ئاقارێکى کە لەهەڵس و کەوت و مامەڵەکان بمبات.
من و هاوڕێکەم لەسەرەتادا و تا چەند ساڵێکیش زۆر شتمان لەیەک دەچوو، رەسم و زەخرەفەکانى ناوەوەمان تا رادەیەکى تەبایی و گونجان لەیەکەوە نزیک بوون. نەخشەو هاوکێشەکانى خوێنمان تا ئاستى هۆگرى و ئولفەت بەیەکتر دەچوون. بەڵام ئەو زوتر توانى دەستبەردارى نیگارەکانى ناوەوەى خۆى ببێت و لەگەڵ ژینگەى دەرەوەدا راهاتنێک تۆمار بکات. وەلێ گۆڕانکاریەکانى من ئاراستەیەکى دیکەى وەرگرت و خاڵێکى ترى کردە ئامانج.
من لەکاتى سەرهەڵدانى گەلێ کێشەو هەبوونى ئاڵۆزى و شڵەژانەکانى باری دەرونیم سەردانى ئەو هاورێیەم دەکەم ، ئەو سەرەڕاى پشت کردنى لە دونیاى ناوەوەى خۆى ،بەڵام هێشتاکە هەڵگرى بەشێکى گەورەیە لە وەفاى هاوڕێیەتى و پابەندى رەستە و پەرەگرافەکانى مەخزونەکانى ئەو سەردەمانەیە کە من و ئەو پێکەوە قەرزاریانین و پێکەوە ئەبوینە مایەى دڵدانەوەى گوڵدانەکانى دڵى یەکترو تامى هێشوى زەردەخەنەکانى مناڵێتیمان دەکرد و فرمیسکە عەترمان بە چوار دەورى خۆماندا پەخش دەبوو، ئاى کە جوان بوو گوڵە گەنمە چاوڕەشەکانى مناڵێتى ،زۆر کەرەت گوێمان دەخستە سەر هاوارەکانى گۆزە خوێنى ڕژاوى چاوى یەکتر، گوێمان لە شیوەنى گژوگیاکانى سەر سینەى ناخى یەکتر دەگرت، هاڕژنى مامزەکانى دڵى یەکترمان دەبیست، تەزووى شەوبۆى هەناسەکانمان نەسیم ئەیهێنایەوە نێو سیەکانى یەکتریەوە، ئەو رۆژگارانە سنەوبەرى باڵامان پڕ بوو لە پرسیارى ئەو پاساریانەى ئێمە دەمانکوشتن، مانگ و ئەستێرەکان ببونە پۆستەبەرمان.
( هاوڕێ گیان کەسێکى تر شک نابەم ئەم خەونەى بۆ بگێرمەوە،ئەم خەونە عاجبایەتیەى کە سێ ساڵە لەسەر یەک دەیبینم، ئەو خەونە سەیرو سەمەرەیەى کە خەریکە سروشت و ئاقارى ژیانم بەجۆرێکى تر دەگۆڕێ، هاوڕێ گیان هاتوم بۆ لات تاکو مشتێک تریفەى ئارامى و زەمیلەیەک ئۆقرە و دڵنەوایی بپرژێنیتە سەر رووخسارم، ئاخر هاورێ ئەو خەونە ئەو هەستەى پێ بەخشیوم کە ژیانى من دوبارە ئەبێتەوە بەڵام بەچەشنێکى تر، ئەو هەستەى لەناخمدا سەوزکردووەتەوە، کە من سێ ساڵە چەق وەستاوم و ئاوەڕۆکانى ژیانم مەنگن، واى لێکردووم ئەمساڵیش بە پار بزانم و ساڵى ئایندەش بە ئەمساڵ بچوێنم، بەڵام ترسى ئەوەشم هەیە تۆش وەک زۆرێکى خەڵکى ئەم شوێنە، ماڵى وەفات جێهێشتبێ و گوێم لێ نەگری، یان بەگاڵتە جاڕییەوە گێڕانەوەم لەسەر لەوحەى زەینتدا تۆمار بکەیت، یاخود لێکدانەوەکانى تۆش ببنە مایەى دەسخرۆبوونێکى تر بۆم، ئاخر من گومانم هەیە زستانەکان تۆشیان فریو نەدابێ و بە پیری شەتڵێکى قسەکانمەوە نەیەیت، نیگەرانم ڕاوبۆچوونى پایزەکان تۆشیان هەڵخەڵەتاندبێ و دەست بخەیتە بیناقاقەى گەڵاکانمەوە،من هەڵهاتووى ژێر خۆرى ئەو هاوینەم کە روخسارى هەمووانى بە زیپکەى درۆ ئاوڵاوى کرد، چیبکەم بە هارەکانیش هەنووکە توواناى دڵدانەوەى منیان نەماوە،ئەوانیش نیگامیان تۆزاوى و خۆڵاوى کردووە ،ئێستاکە من کەسێک شک نابەم لەو شوێنەى کە زۆر شتم بەبێ بەرامبەر پێ بەخشی ئەم خەونەى بۆ بگێڕمەوە جگە لە تۆ، بەڵام تۆش بوویتەتە مایەى دوودڵى و نیگەرانى…
لە کاتێکدا کە سەرقاڵى ئەم لێکدانەوانە بووم، خەریکى بەسەر کردنەوەى تابڵوو کەڤاڵەکانى پێشووتر بووم، لەنێوان ئەو کتێبانەى بەدەورو پشتمدا پەخش ببونەوە گویمَ لە دەنگێک بوو، دەنگێک هۆگرو ئاشنا بە پەردەى گوێچکەکانى من، زۆر بە ئارامى کە زیاتر لە دەنگى فریشتەیەک، یان باڵندەیەک دەچوو هاتبێتە قسە:
ـ بۆ منى بگێڕەوە، من گوێت لێ دەگرم.
سەرەتا شڵەژام ،دەستێکم بە دەم وچاوى خۆمدا هێنا، لەیەک بەیەکى کتێبەکان وورد بومەوە، لە کتێبێکەوە نیگام دەگواستەوە بۆ کتێبێکى تر، ژمارەیانم نەدەزانى چەند کتێبن و بەشدارى لەو نیگەرانیەم دەکەن و هەر لە سەرەتاوە لەگەڵما بونەو رۆچونەتە نێو رەگ و ریشاڵى ئەو ماتەمینیەم .جارێکى تر چاوم بەیەک بەیەکى کتێبەکان خشاندەوە،سەرچاوەى دەنگەکەم ناسى و دیاریم کرد، کتێبێکى قەوارە بچوک و مام ناوەندى، هەڵمگرت و ماچێکم کرد و بۆ چەند چرکەیەک نوسانمە هەنیەمەوە، هەڵمدایەوە و بە لاپەڕەى یەکەمى دواى بەرگەکەیدا ناسیمەوە، ئەمە ئەو کتێبەیە کە بەر لە ((18)) ساڵ ئەو هاوڕێیەم وەک دیاریەک پێشکەشى منى کردبوو، کەچى تا ئێستا رۆژێک لە رۆژان لە کتێبخانەکە نەمهێناوەتە خوارێ و نەمخوێندووەتەوە، (18)) ساڵ بەندێتى بۆ کتێبێک چەند زۆرە..؟! چ غەدرێکى گەورەیە دەرحەق بە کتێبەکان دەکرێن..؟
ئەگەر((18)) ساڵ لە مانگەکان بدەین ومانگەکان لە رۆژەکان و رۆژەکان لە سەعاتەکان ئەبێ چ ژمارەیەکى بێ شومارمان لە کاژێرەکان چنگ بکەوێ..؟ ئینجاش لەو ژمارە زەبەلاحە تەنها ژمارەیەک بەو کتێبە رەوا نەبینى، ئەو ناحەقى و نائینسافیەى بەرامبەر بەو کتێبە کردبووم منى لە ناخەوە هەژاند، خستمیە سەر ئەو هێڵەى لە نێو لاپەڕەکانى بە دواى زانیارى زیاتردا بگەڕێم ، لاپەڕەى دووەمم هەڵدایەوە، لێی نوسرابوو:
(( مۆڵەت لە خۆشەویستى وەربگرەو هەرچیت لەزار دەردەچێت من ئیمزاى دەکەم و گوێت لێدەگرم))..!
ـ ئاخر کتێبى هاوڕێم ئەو خەونەى من دیومە خەونێکى زۆر سەیرە!
کتێبەکە وا وەڵامى دامەوە:
ـ دیارە نەتزانیوە هەرچى شتى سەیر و سەمەرە هەیە ئێمە دەیگرینە خۆمان و مۆرى دەکەین.ئەوە دڵى ئێمەیە کە جێگاى هەموو شتێکى تیادا دەبێتەوە ..
ـ ئەوەى من دیومە لە هیچ پەرتوکێکى تەنانەت سەردەمى ( دۆنکیخۆتیشدا ) نەنوسراوە، دودڵم لە گێرانەوەى کە ببێتە مایەى سەر زەنشت کردنى هەموو کتێبەکانى نێو کتێبخانەکە.
ـ سوێند بە گیانى پاکى ئەو هەموو کتێبانەى ،تۆ لە نێو ئەو کتێبخانەیەدا لە بیرت کردوون، هیچ گازندەو سەرزەنشتیەکت نەکەین، چیە ..؟ئەڵێى دڵنیا نیت لە گەورەیی دَلى کتێبەکان ..؟
بۆ جارێکى تر کتێبەکەم هەڵگرتەوە، بەدەستورى پێشوو ماچێکم کرد و نوسانمە نێو چەوانمەوە، ئینجا دوو سەرینم هێنا و لەسەر یەک دامنان ، کتێبەکەم وەک دەقێکى پیرۆزو ئاسمانى خستە سەرى و بەرامبەرى دانیشتم و کەوتمە گێرانەوەى خەونەکە.
(( لەم خەونەدا دەستى راستم هەتا دەهات درێژو درێژتر دەبوو، چەند دەست و پەنجەى ترى لەسەر روواو لە ژوورەکەدا بڵاوەیان لێ دەکرد، تەنانەت ئەوەندە درێژ بووەوە هەر لە ژورەکەى خۆمەوە هەرچیم بویستایە دەستم درێژ دەکردو دەمهێنا، تینوم بوایە، هەر لە جێگاکەى خۆمەوە دەستم درێژ دەکردو لە یەخچاڵەکەدا ئاوى ساردم دەردەهێناو دەمخواردەوە، ئارەزوى کەمێک ترى و هەڵوژەم کرد کە دەمزانى کەمێک لەوەى ئێوارە ماوەتەوە، شوێنەکەیم دەزانى لە ژوورێکى تردا بوو، بەبێ ئەوەى لە شوێنەکەى خۆم بجوڵێمەوە، دەستم درێژ کردو هێنام و هەندێکم لێ خوارد. کە چی دەستى چەپم بە پێچەوانەى دەستى راستم، ئەوەندە بنێس و باریک و لاواز و کورت ببووەوە، تەنانەت بەسەریشم نەدەگەیشت بیخورێنم، دەستى راستیشم دەبوایە چەندین جار بینوشتێنمەوە و بیقەمچێنمەوە، بۆ ئەو مەبەستە کە ئەمەش هەرگیز نەدەکرا، سەرت نەیەشێنم کتێبى هاوڕێم سەرم زۆر خورا، چەندم کردو چەندم هەوڵدا سەرى خۆم بخورێنم ،بەڵام نەمتوانى، بۆیە بە ئاگا هاتمەوە، دەتۆ بڕیار بدە کتێبى هاورێم خەون لەمە سەیرتر هەیە کە دوو دەست لەیەک جەستەدا روابێت، یەکێکیان ئەوەندە درێژ بە هەموو شتێک بگا، یەکێکیان ئەوەندە کورت بەسەرى خۆشیا نەگا..!
   
بورهان ئەحمەد

2005

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.