Skip to Content

Saturday, April 20th, 2024
ئەو ئەگەرەی ئەم هەڵدێرەی لە ڕێدا بوو!

ئەو ئەگەرەی ئەم هەڵدێرەی لە ڕێدا بوو!

Closed
by June 25, 2012 گشتی

 

 

 

ڕووخاندنی حکومەتی داسەپاوی١ عێراق خەونی لە مێژینەی مرۆڤی بە ئاگای کورد بوو، هەر چەند پرۆسەی ڕووخاندنەکە، بەدەستی کورد نەبوو بەڵام بەدڵی هەر تاکێکی کورد بوو، نەک هەر لە باشوور بەڵکە لە هەرچوار پارچە داگیرکراوەکەی تری کوردستانیش٢.

ڕووخاندنەکە، داگیرکردنەکە، لەبەر یەک هەڵوەشاندنەوەکەی ماشێنی جەنگی عێراق تەنێ لە لایەن ئەمریکاوە جێ بەجێ کرا، ئاکامی ئەمەش دەستکەوت و قازانجی زۆری بۆ دۆزی کورد بوو، بە تایبەت بۆ سەرانی کورد و هەردوو پارتی زلهێز٣. 

بەڵام ئەو هەلە زێڕینەی  کە بۆ پرسی کورد هاتبووە پێش لە دەستدرا، لە بار برا، وەک جاری پێشووی سەردەمی ڕاپەڕین، ئەوسا و لە سەر و بەندی چڕبوونەوەی نوچەی هێرش و پەلامارەکانی سوپای ئەمریکا، هێشتا هەردوو پارتی پاوانخواز، مەست و سەرگەرمی، گەرمەی شەڕی یەکتر قڕکردن بوون، کەچی لە پڕو خێرا دەستیان لە شەڕ شلکرد، بوون بە هاوپەیمانی ئەمریکا، لەگەڵ هێزە سەربازییەکانی کەوتنە کار، لەکاتێدا هێزە خۆی مۆری داگیرکەری  لە خۆدا بوو، دواتریش وەک خەمخۆری ڕاستەقینەی سەرلەنوێ بنیاتنانەوەی عێراق دەرکەوتن. 

ئەگەری بیرۆکەی دامەزراندنەوەی عێراق هەر لە سەرەتا ڕا ترسی ئەم هەڵدیرە هەزار بە هەزاری بن بەست و ملشکانی لە ڕێدا بوو٤. 

کەچی ئەمان یەکسەر چوونە ناو پرۆسەکە، بەبێ گەڕانەوە بۆ ڕای گەل، جەماور، کۆمەڵانی خەڵک٥، کە پرۆژەی سەرلەنوێ ئاواکردنەوەی حکومەتی عێراق بوو، ئەمیش بێ هەبوونی هیچ مسۆگەری و دڵنیا بوونێک لە هەگبەی ئەم پرۆژەیەدا سەبارەت بە پرسی مافە ڕەواکانی خەڵکی کوردستان٦.

سەرانی کورد تێکڕا و بە تایبەتیش بارزانی و تالەبانی لە مارەکردنەوەی حکومەت و پەرلەمانی باشووری کوردستان٧،هەڵەیەکی مەزنیان کرد، گوێیان بە ڕیفراندۆمی ئازادانەی خەڵکی ئازادیخوازی باشوور نەدا کە تێکڕا، گوتیان نا بۆ عێراق و بەڵێ بۆ مافی چارەنووس٨.

ئێستاش بەدرەنگانەوە لەسەر لێواری ئەم هەڵدێرە هەزار بە هەزارە، گەڕانەوە بۆ بیرۆکەی خۆ تەلاقدانێکی شەرمنانە، کارتێکی دۆڕاوە، وەشاندنی بەردێکی وا زل کە بەرزکراوەتەوە زۆر جێگای بڕواو متمانە نییە، بەتایبەت کە یەکدەنگی و یەکڕیزی لەم خاڵەدا بوونی نییە.    

                                                                                        سەرکەش/ ئوپسالای سوید

                                                                                               ٢٤/٥/ ٢٠١٢

…………………………………………………………………………………………………..

١- دوای داگیرکردن و سەختی بەڕێوەبردنی عێراقی عەرەبی، مەملەکەتی پاشایەتی عێراق لە لایەن ئیمپریالیزمی زلهێزی بەریتانیا دروستکرا، بە بێ پرس ڕا بە خەڵکی کورد، باشووری کوردستان بە زۆردارەکی بەو حکومەتە نۆکەرەی ئینگلیز لکێنرا.

٢-لە لبنان و ئەرمەنستان وتاراوگە، لە هەرکوێ کورد ئەم هەواڵەی زانیبێ، پێی شاگەشکە ببوو.

٣- ئەمان پشکی شێریان بەرکەوت. 

٤-کێشە و گرفتەکە تەنێ تایبەت بە تێگەیشتن و دونبا بینی نوری مالیکی، دەوڵەتی یاسا، حکومەتەکەی ئەوەوە نیيە، بەڵکە ئەمە گرێ کوێرەی پرسێکی گشتگیری گەورەتر  بووە بە درێژایی مێژوو، ئەمە پرسی دیدگای نەتەوەی سەردەستە کە لە وەتەی عێراق دروست بووە، دەوڵەتانی دەوروبەر، ناوچەکە دروست بوون. تەواوی حکومەتە یەک بەدوا یەکە کانی عێراق لە سەودەمی پاشایەتی، کۆماری تا ڕووخان و دواتریش پاش سەرلەنوێ دروستکردنەوەیی هەر لە حکومەتی عەللاوی جەعفەری ئێستاش نوری مالیکی، هەمان تێڕوانین، دونیا بینیان بووە، لەسەر پرسی کەرکوک، کورد، کوردستان، مافی چارەنووس، هتد. 

٥-سەری زمان و بنی زمانی سەرانی کورد گەڕانەوەیە بۆ ڕای گەل، جەماور، کۆمەڵانی خەڵک بەڵام هەر بەزار نەک بە کار … بگەڕێنەوە بۆ مێژوو یەکجار بەکردەوە ئەم بەڵێنەیان گەیاندبێتە سەر.

٦-لەم بارەیەوە لە لایەن دوست و دوژمن زۆر گوترا، کەم بیسرا، وەک هەمیشە گوێ لە کەس نەگیرا.

٧-تا ڕادەیەک حکومەتی ناوچەیی هەرێمی باشووری کوردستان بۆرە سەربەخۆییەکی هەبوو، بەڵام بیری سیاسی بەشێک لە سەرانی کورد لە ئاستی پێویست دانەبوو، هاوئاهەنگ نەبوو بەم بۆرە سەربەخۆییە، ئەوساش ترسی دابڕان لە ناوندی دەسەڵات لە دڵیاندا بە هێز بوو، ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ ووتارەکەی مەسعود بارزانی لە پەرلەمان دوای گەڕانەوە و سەردانییەکەی ئەوێ ڕۆژێی ئەوروپای کە هێشتا هەر باوڕی بە حوکمی زاتی هەبوو، گوتی (عیلاجی کێشەی ئێمە تەنیا لە بەغدایە). شەڕی ئەوسای ناو هۆڵی پەرلەمانیش لە نێوان مەلا بەختیار و فەرنسۆ حەریری بۆ لا بردنی ئاڵای عێراق، نموونەیەکی ترە.

٨-ئەمە جاری یەکەم نەبوو کە خەڵکی بەشمەینەتی کوردستان لە دەنگدانێکی چەند ملیۆنیدا نا بە حکومەتی عێراق بڵێن، کۆچە میۆنییەکەی خەڵکی باشووری کوردستان لە بەهاری ١٩٩٠ ڕفراندۆمێکی ڕاشکاوانە بوو بە ڕووی حکومەتی داسەپاو. ئەوساش سەرانی کورد هۆکاری ئاشبەتاڵ و هەرەسیانی ئەم ئەم یاخی بوونە شکۆمەندە نەتەوەییە بوون، کە کۆدەنگی کۆمەڵگای نێودەوڵەتی بەدەست هێنا بوو، کەچی ئەوان جوامێرانە چوون ماچە مێژووییەکەی دەم و چاوی دکتاتۆریان لە بەغدا تۆمار کرد.

 

 

 

 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.