Skip to Content

Thursday, September 24th, 2020

ئەو تەنگژەیەى ماددەى 24 دروستى کرد

Be First!
by August 13, 2008 گشتی

 ئەو تەنگژەیەى ماددەى 24 دروستى کرد
 پەردەى لە رووى کۆمەڵێ گرفتى شاراوە هەڵماڵى
  محەمەدى مشیر

 تێپەڕاندنى ئەنقەسدى یاساى هەڵبژاردنى ئەنجومەنى پارێزگاکان لە لایەن پەرلەمانى عێراق، بەتایبەتیش ماددەى 24، دواتریش دواخستنى دەنگدان بۆ 9/9، تەنگژەیەکى دەستوورى وسیاسیی لێکەوتەوە کە دەرەنجام پەردەى لەرووى کۆمەڵێک گرفتى شارەواوە و هەندێکى چاوەڕوانکراو هەڵماڵى. دواى ئەم تەنگژەیە، کە رەنگە تا ماوەیەکى دیکەش بە شێوازى جۆراوجۆر درێژەى هەبێ، پارسەنگى هێزى هاوکێشە ورێککەوتنە سیاسییە دوو قۆڵى و چەند قۆڵییەکانى گۆڕەپانى سیاسی عێراقیش روونتر و زەقتر گوزارە لە خۆیان دەکەن. جێگۆڕکێ و جوڵەى لایەنە سیاسییەکان ئاکامێکى چاوەڕوانکراوى رۆژان و هەفتەکانى داهاتووە و بەپەلە کارى بۆ دەکرێ، سەرکەوتنى هەر لایەنێک لەم کێشمەکێشە سیاسییەدا مەرجدارە بە چۆنیەتى سوودبینین لە کات وبەکارهێنانى ژیرانەى ئەو کارتانەى لە بەردەستیدان.
  تاکە خاڵێکى سەربار بۆ هەڵوێستى سەرکردایەتى سیاسی هەرێمى کوردستان لەم هەلومەرجە ئاڵۆزەدا، کە خۆى هۆکارێکە بۆ گەیشتنى بەم ئاستە، ئەوەیە کە هەستیارانەتر و دووربینانەتر لەجاران رەفتارلەگەڵ پێشهاتە سیاسییە چاوەڕوانکراوەکانى نێوخۆى عێراق بکا و تابکرێ لە چوارچێوەى ململانێى سیاسی و میتۆدى دان بەخۆداگرتن و رێوشوێنە دەستوورییەکان رەفتار بکات.
 زۆربەى ئەو لایەنانەى ئەمڕۆکە بە ئاشکرا و دوێنێ بە نهێنى کاریان بۆ جێبەجێنەکردنى خواستە رەواکانى گەلى کوردستان و دۆزى رەواى کورد دەکرد هەموو توانایەک بۆ هاندانى سەرکردایەتى سیاسى کوردستان وەگەڕدەخەن و تابکرێ بەرەو ناوچەیەکى بەرتەنگتر لەوەى ئێستا ئاراستەى دەکەن. بە هاوکارى فرە لایەنیى ئاشکراو نهێنى رژێمە کۆنەپەرست و شۆڤینستەکانى ناوچەکە چەندین حزبى بیرتەسکى شۆڤینى لە گۆڕەپانى سیاسی عێراق وسەدان کەناڵى ئاسمانى گومانلێکرا و بەکرێگیراوى عێراقی و عەرەبی و غەیرە عەرەبی بەردەوام ئاگرى تەنگژەکان گەشتردەکەن و ئاراستەى ململانێکانى نێوان حکومەتى هەرێم و حکومەتى فیدڕاڵ بەرەو ئەو لێوارە مەترسیدارە دەبەن کە لەوەتەى رووخانى رژێمى بەعسەوە کارى بۆ دەکەن. پێشگرتن لەو ئاکامانەى ئەوان دەیخوازن هێورکردنەوەى دۆخەکەیە، بەمەرجێک بە هەمان میتۆدى هەڵوێستە چەوتەکانى بەر لەم تەنگژەیە تەماشاى پێشهاتە تازەکانى ئەمڕۆ و دواتر نەکرێت. خۆشکردنى ئاگرى ئاژاوەو شەڕى نەتەوەیى ئامانجێکى دیکەى نزیک و چەپەڵى تەواوى ئەو هێزو لایەنە بیرتەسک وشۆڤینستانەیە کە پێویستە سەرکردایەتى سیاسی کوردستان لە رۆژانى داهاتوودا بەوپەڕى هوشیارییەوە مامەڵەى لە گەڵدا بکات و نەچێتە ژێر بارى میتۆدى ژەهرواى ئەم بیرۆکەیە.
 دەنگدان لەسەر بوودجەى تەکمیلى دەرفەتێکى باش وکارتێکى فشار بوو بە دەستى لیستى هاوپەیمانى کوردستان کەچى بەسەر لیستەکەدا تێپەڕى و سوودى لێوەرنەگیرا. گرنگە ئەو لیستە بزانێ چۆن سوود لە کارەتەکانى دیکە وەردەگرێ بەر لەوەى بە سووتاوى لە گیرفانى پەرلەمانتارەکانماندا بمێننەوە!!
  
 

Previous
Next

Leave a Reply