Skip to Content

Sunday, October 25th, 2020

ئەو دیوو سنوور، باڵەفڕە بەنێو دارستانەکانی مانگدا

Be First!

 

 

ئاراس وەهاب

 

 

 

(ئیسماعیل حەمەئەمین) لە ڕۆمانی (ئەو دیوو سنوور، باڵەفڕە بەنێو دارستانەکانی مانگدا)دا هەوڵ دەدات ئەتمۆسفێرێکی جیاواز بخوڵقێنێت و تێیدا کارەکتەرەکانی بە ئاڕاستەی جۆراوجۆردا بجووڵینێت، بۆیە پێوەندییەکی گریمانەیی لەنێوان واقیع و خەیاڵدا دادەمەزرێنێت. واقیعێک دروست دەکات وەک ئەوەی زمان دەیخوازێت، نەوەک وەک ئەوەی مێژوو دەیسەپێنێت. ئەگەر مێژوو هەر لە بنەڕەتەوە لەسەر ئەوە کار دەکات تاکەکان لەژێر یەک ئەدرێسدا کۆ بکاتەوە و یەک شوناسی گشتگیریان بداتێ، ئەوا ئەدەب لە ڕێگای زمانەوە جیاوازیی نێوان هەر تاکێک لەگەڵ ئەوەی دیەکدا دروست دەکات. ڕۆمانیش زەمینەیەکی فراوانی هەیە بۆ پێشاندانی ئەو جیاوازییانە. هەوڵی ڕۆمانی (ئەو دیوو سنوور، باڵەفڕە بەنێو دارستانەکانی مانگدا)یش بۆ ئەوەیە ئەو دەستەڵاتە لە مێژوو بستێنێتەوە و کارەکتەرەکانی لەناو ئەتمۆسفێرێکی ئازاددا هەڵبسووڕێنێت تاکو چ خۆیان و چ شتەکانیان بەپێی یاساکانی زمان بجووڵێنەوە، کە خەیاڵ وەک دیوەکەی دیکەی ئەو زمانە تێیدا بەشدارە. لێرەدا گێڕانەوە لەوە دەردەچێت ببێتە پرۆسێسێک بۆ سەلماندن و بەڵگەهێنانەوە، بەڵکو هەر لە سەرەتاوە ئەو قاڵبە تێک دەشکێنێت کە لەسەر بنەمای (دەستپێک، پێشکەشکردنی بابەت، هێنانەوەی ئارگۆمێنت و کۆتایی) وەستاوە. لەمەوە گێڕانەوە پابەند نابێت بە سیستەمی کات و شوێنی دیاریکراوەوە، بەڵکو لە ڕێگای هەردوو تەکنیکی فلاشباک و فلاشفۆوەرد (Flashback and Flashforward)ەوە ڕووداوەکان جێگۆڕکێیان پێ دەکرێت و لە ڕەهەندە واقیعییەکەیان دادەماڵرێن. دەکرێت بڵێین دیاڵۆگێکی نەبیستراو لەنێوان حیکایەتبێژ و خوێنەردا دروست دەکات، بێ ئەوەی نە نووسەر و نە کارەکتەر ببنە بەربەست لەنێوان ئەو دووانەدا. ئەمەیش پێوەندیی بەو سەردەمەوە هەیە، کە دەیەوێت تەعبیری لێوە بکات. ئەوەی سەردەمی مۆدێرنتە لە سەردەمەکانی پێش خۆی جیا دەکاتەوە ئەوەیە، کە ئیتر زمان بواری ئەوەی نییە بە شێوەی ڕاستەوخۆ باس لە ئازارەکانی مرۆڤ بکات، چونکە ئازارەکانی مرۆڤی سەردەمی شارستانی لە دەرەوە نین، بەڵکو لە ناوەوەن و لە شێوەی سیمبۆڵدا دەردەکەون. بە مانایەکی تر ئەگەر ئازارەکانی مرۆڤی دوێنێ لە برینی سەر جەستەوە هەڵدەقوڵان و جەستە خۆی شایەتیی بۆ بوونی ئەو ئازارانە دەدا، ئەوا ئازارەکانی مرۆڤی ئەمڕۆ لە ناوەوەن و لە شێوەی نیگەرانی، ترس، دڵەڕاوکێ و نامۆییدا دەردەکەون، کە جەستە ناتوانێت شایەتیی بۆ بوونی ئەوانە بدات، بۆیە لێرەدا زمان جێگای جەستە دەگرێتەوە. مرۆڤی ئەمڕۆ نە بۆ ئەوە باسی ئازارەکانی دەکات تاکو ئەوەی دیکە گوێی لێ بگرێت و نە دەتوانێت بەڵگە بهێنێتەوە، کە ئازاری هەیە. دەتوانین بڵێین مرۆڤی ئەمڕۆ بوونەوەرێکی زمانەوانیی بێجەستەیە. ئەمە لە ئەدەب و هونەردا ڕەنگی داوەتەوە و چیتر مرۆڤی تەواو، مرۆڤێک خاوەنی هاوڕێکیی نێوان جەستە و هۆشیاری بێت، بەرچاو ناکەوێت، بەڵکو خودێکی تێکشکاو شوێنی ئەو مرۆڤە دەگرێتەوە وەک لە بەرهەمەکانی (مارسێل پرۆست)، (ئیلیۆت)، (جەیمس جۆیس)، (تۆماس مان)، (فرانز کافکا)، (ولیەم فۆکنەر) و زۆری تردا دەبینرێت. بەم شێوەیە کارەکتەری ئەدەبی بۆ خۆی، نەوەک بۆ یەکێکی تر دەدوێت و زمانەکەی ناڕۆشنە. ئیتر زمان بۆ ئەوە نییە کار لە دەوروبەر بکات، بەڵکو ئەرکی دۆزینەوەی ڕێگای نوێی تەعبیرکردنە لە تەنیایی و نامۆییەکانی خود. لێرەدا دەبینین هەوڵی ئەدەبی سەردەمی پۆستمۆدێرن ڕزگاربوونە لە کۆتی ئایدۆلۆجیا و دۆگماتیزم، کە عەقڵانییەتی مۆدێرنتە سەپاندوویەتی، بۆ ئەوەی ڕێگا لە بەردەم کرانەوەی فکر بکاتەوە و زمان وەک ئۆرگانێکی سەربەخۆ هەڵسووڕێت. کۆبوونەوەی ئێڵەمێنتەکانی وەک شیعر، مۆسیقا، هونەری شێوەکاری، شانۆ و زۆری تر لەناو یەک تێکستدا بەرهەمی ئەو ڕزگاربوون و کرانەوەیەیە. تاقیکردنەوەی ڕێبازە جیاوازەکانی وەک دادایزم، سوریالیزم و زۆری تر گەڕانە بە دوای کەناڵی دیکەی دەربڕیندا. هەوڵی ڕۆمانی (ئەو دیوو سنوور، باڵەفڕە بەنێو دارستانەکانی مانگدا) ڕزگاربوونە لەو کۆتوبەندانەی واقیع سەپاندوونی. گوتمان ئەو بنەمایەی تێک شکاندووە کە لەسەر (دەستپێک، پێشکەشکردنی بابەت، هێنانەوەی ئارگۆمێنت و کۆتایی) وەستاوە و کارەکتەرەکان ڕاستەوخۆ بۆ خۆیان دەدوێن، بەڵام دیاڵۆگێکی ناڕاستەوخۆ لەگەڵ خوێنەردا دەهێننە کایەوە. کۆچ، یەکێکە لە خەسڵەتەکانی مرۆڤی سەردەمی شارستانی (شارستانی بە مانا فرۆیدییەکەی)، کە تەکنەلۆجیای گواستنەوە قورساییەکەی زیاتر کردووە. ئەگەر کۆچ لە سەردەمی پێش مۆدێرنەتەدا پێوەندیی یەکەمی بە شوێن و پێوەندیی دووەمی بە زەمەنەوە هەبوو، ئەوا لە سەردەمی فڕۆکە، کەشتی، شەمەندەفەر و ئەوانی تردا پێوەندیی یەکەمی بە زەمەنەوە هەیە. ئەوەی لای کارەکتەر دەبێتە پرسیار و مەتەڵ ئەو خێراییەی زەمەنە، کە دەتوانێت لە شوێنێکەوە بۆ شوێنێکی دیکەی بگوازێتەوە و بیخاتە بەردەم واقعێک کە تەواو لەوەی پێشووی جیاوازە. کۆچ، لە ڕۆمانی (ئەو دیوو سنوور، باڵەفڕە بەنێو دارستانەکانی مانگدا)دا تیمەی سەرەکییە و دەمانخاتە بەردەم پرسیاری زەمەنەوە. کۆچ، کارەکتەرەکان نەک هەر لە شوێنێکەوە دەگەیەنێتە شوێنێکی ترەوە، بەڵکو لە زەمەنی کۆمەڵایەتییشیان دادەبڕێت. مەبەست لە زەمەنی کۆمەڵایەتی ئەو زەمەنەیە، کە سەرجەم کۆمەڵگا لەسەر یەک ڕێتم ڕێک دەخات. بەم شێوەیە کارەکتەرەکانی ئەو ڕۆمانە گۆشەگیر دەبن و بەپێی زەمەنی ناوەوەی خۆیان دەجووڵێن، کە ئەمە لە هەڵسوکەوتیاندا ڕەنگ دەداتەوە و هەست بە نامۆییەکی قووڵ دەکەن، با ڕاستەوخۆیش ئەو هەستەی خۆیان دەرنەبڕن. ئەو گۆڕانکارییانەی بەسەریاندا دێن بە پلەی یەکەم ئەنجامی گۆڕانی زەمەنە، نەوەک شوێن. یان دەکرێت بڵێین ئەوە دەستەڵاتی زەمەنە کارەکتەر ناچار دەکات چۆن لە شوێن بڕوانێت و چ کارادانەوەیەکی لە ئاستیدا هەبێت. بەم شێوەیە شوێن لە ئاستی فیزیکییەوە بۆ ئاستی میتافیزیکی دەگۆڕێت. لەوە دەردەچێت لە ڕێگای هەستەکانەوە پێوەندیی پێوە بکرێت، بەڵکو دەبێتە گوتراو (Verbal) و خەیاڵکراو (Imaginary). دەکرێت بڵێین شوێن لە سەردەمی مۆدێرنتەدا ئەو پانتاییە نییە کە مرۆڤی تێدا هەڵدەسووڕێت، بەڵکو ئەو سەرابەیە کە مرۆڤ پێی ناگات. مرۆڤی سەردەمی شارستانی پێچەوانەی مرۆڤی سەردەمەکانی پێش خۆی لە شوێن دابڕاوە و وەک تارمایی دەیبینێت و بیری لێ دەکاتەوە، کە لەم ڕۆمانەی (ئیسماعیل حەمەئەمین)دا هەستی پێ دەکەین. دەرکەوتنی کۆمەڵێک ڕەگەزی وەک قاچاغچی، سەرخۆش، تریاککێش، سۆزانی، مەیخانە، دیسکۆ و زۆری تر لەم ڕۆمانەدا، ئەگەرچی ئەنجامی گۆڕانی شوێنن، واتە ئەنجامی کۆچی کارەکتەرەکانن لە ڕۆژهەڵاتەوە بۆ ڕۆژئاوا، بەڵام ڕاستییەکەی بەرهەمی ئەو گۆڕانکارییانەی زەمەنن، کە مۆدێرنتە سەپاندوویەتی و پێشتر لە ئەدەبی ئێمەدا كه‌م باسکراون. ئەمانە نەک هەر ئەتمۆسفێرێکی ترسناکیان خوڵقاندووە، بەڵکو کۆمەڵێک دەنگی جیاوازیشیان خستووەتە ناو ئەو ئەتمۆسفێرەوە و ڕەهەندی ئیستاتیکییان بە تێکستەکە داوە.

کارەکتەرەکان لە ئاستێکی بەرزی هۆشیاریدان، بۆیە واقیع بە تەواوی بە لاوە نانێن، بەڵکو دەیانەوێت بچنە ناو وردەکارییەکانیەوە و لە نهێنییەکانی تێبگەن، کە ئەمە وای کردووە زمانی هەموویان تا ڕادەیەک لە یەکتر بچن. بە مانایەکی تر هۆشیاریی نووسەر لێرەدا بەسەر هۆشیاریی ئەواندا زاڵ دەبێت. هەندێجار ئاسان نییە کارەکتەرێک لە کارەکتەرێکی تر جیا بکەیتەوە. ڕاستە وەکو زۆربەی ئەوانەی لەبارەی تیۆری گێڕانەوەوە نووسیویانە دەڵێن زمانی حیکایەتبێژ و زمانی نووسەر یەک سەرچاوەن، بەڵام مەودای ئەو ئازادییەی نووسەر بە کارەکتەری دەبەخشێت ئەوە دیاری دەکات تا چ ئەندازەیەک ئەو دوو زمانە دەتوانن جیاواز بن. بە لاکەی تردا ئەو هۆشیارییە وای کردووە قووڵایی ڕووداوەکان دەربخرێن و وا پێویست بکات لە کۆمەڵێک گۆشەنیگای جیاوازەوە لێیان بڕوانرێت، لە کاتێکدا گرفتی بەشێکی زۆری ڕۆمانی کوردی نەبوونی هۆشیارییە، کە ڕۆماننووسی ئێمە هێشتا نەبووەتە خاوەنی ئەزموونی مەعریفی. ئەگەر ئەم ڕۆمانەی (ئیسماعیل حەمەئەمین) لەگەڵ هەندێک لەو ڕۆمانانەی لەم چەند ساڵەدا چاپ کراون، بەراورد بکەین، ئەوسا بە وردی لەوە تێدەگەین چۆن ڕۆمانی کوردی بە دەست نەبوونی ڕەگەزی هۆشیارییەوە دەناڵێنێت. هۆکارەکەیشی ئەوەیە ڕۆماننووسی کوردی ئەزموونی کەمە و لە گۆڕانکارییە سۆسیۆلۆجییەکان قووڵ نەبووەتەوە. ئەو ڕۆماننووسە پێوەندییەکی وجوودییانەی لەگەڵ دەوروبەر دانەمەزراندووە. کاتێکیش ئەو پێوەندییە دروست نەبووبێت، ڕۆماننووس بۆ قووڵکردنەوەی تێڕوانینەکانی پێویستی بە بوارە جیاوازەکانی مەعریفە نابێت. لێرەدا بەرهەمەکانی (بەختیار عەلی) و (کاروان کاکەسوور) جێگای تێڕامانن، کە لە ئاستی هۆشیاریی بەرزدان و لە ڕێگای گێڕانەوەوە ئەو هۆشیارییە بە شێوەی ئیستاتیکی پراکتیزە کراوە. ڕۆمانی (ئەو دیوو سنوور، باڵەفڕە بەنێو دارستانەکانی مانگدا)یش لەم ڕووەوە هەوڵێکی ترە بۆ بەکارهێنانی هۆشیاری وەک ڕەگەزێکی گرنگی ڕۆمان لە دروستکردنی کارەکتەری جیاواز جیاواز و جووڵاندنیان لەناو کایە جیاوازەکانی ژیاندا، دواجار بۆ بەرهەمهێنانی مانایەک، کە ڕەهەندێکی فەلسەفیی هەبێت. هەر ئەو هۆشیارییە ئەوەمان بە دەستەوە دەدات هەست بکەین هەر کارەکتەرێک لە قەیرانێکی گەورەی ڕۆحی و سایکۆلۆجیدا دەژیی، کە پرۆسێسی گێڕانەوە هەموو ئەو قەیرانانە بە یەکتر دەگەیەنێتەوە، بۆ ئەوەی هەم لەیەکچوون و هەم جیاوازییەکانیان ببینین. زمانی گێڕانەوە لەم تێکستەدا بەسەر وەسفدا زاڵە. بە مانایەکی تر وەک تێکستە تەقلیدییەکان وەسف شتێکی سەربەخۆ نییە، بەڵکو بەشێکە لە پرۆسێسی گێڕانەوە. بە گشتی زمان ڕێتمێکی خێرای هەیە، بە چاوپۆشین لە هەڵەی داڕستن، ڕێنووس و خاڵبەندی، کە بە تێسکتەکەوە دیارن، تەنانەت ناونیشانی ڕۆمانەکەیش (ئەو دیوو سنوور، باڵەفڕە بەنێو دارستانەکانی مانگدا) لە هەڵە بە دەر نییە. وشەی (ئەودیو) پێکەوە دەنووسرێت و تەنیا یەک (واو)ی دەوێت، ئەگینا ماناکەی دەگۆڕێت. بەم شێوەیەی ئەو نووسیویەتی دەبێتە (ئەودیو) و (سنوور)، لە کاتێکدا مەبەستی تەنیا (ئەودیو)ە، واتە (ئەودیو سنوور). دیارە ئەو هەڵانە تایبەت نین بە (ئیسماعیل حەمەئەمین)ەوە، بەڵکو لە زۆربەی نووسینی ئەمڕۆی ئێمەدا بەرچاو دەکەون. 

 

 arasWahab2_347350221.jpg

 

Previous
Next

Leave a Reply