Skip to Content

Tuesday, April 16th, 2024
ئەو رۆژەى لە چاوەروانیدا وندەبین

ئەو رۆژەى لە چاوەروانیدا وندەبین

Closed
by May 12, 2008 ئەدەب

 شەرمین وەلى…..
 
 ئەم ئێوارەیە حەزێك وە ئاگام دێنآ
  سەمفۆنیایەك لە دڵم پەلەقاژێى فڕینێتى
 
  چ ساتێكە تێكەڵ بە بۆنى ئەرخەوان و,
  سەداى ژەنینى بلوێرى چاوەروانیە
 
  لەگەڵ ترازاندا كەوتوومەتە گۆ، ئەو باسى
  خزانى خۆیى و منیش بێباكى مردن
 
  من لە ترسى راچەنین و رەهێڵە
  هاورێكەشم، لە ئیرادەى تەمەن دەدوآ
 
 من دەڵێم: فڕین جوانترین نیشتنەوە دەسازێنىَ
  ئەویش دەڵآ: بۆچى ئێوە لێم تێناگەن!!
 
  ژیان چەندە بە لێڵى دەمبینآ و,
  منیش چەندە گەمژانە دەگوزەرێم
 
  لە خواردنەوەى پەرداخآ شەربەت،
    تێدەگەم!
  دەبآ ئێمەیش بخزێینە خوارى خوارەوەى
  لاولاوى ژیان
  تا ئاشنا بین بە خاڵى و  وشكیەكانى..
  
  لە سێبەرى دارتووەكانى بەر ماڵەكان تێدەگەم
  چى ناخۆشترە ببیتە گیانى لەتوپەتى بەر پێكان
 
  من بە یاساكانى مێروولە دەزانم
  هاورێى رۆحى كەى و,
  كروزانەوەى باڵەكان
  چەندە مەترسیدارە بۆ هەڵفڕینى ساتى یاخیبوون
 
  بیژەنە..
  بە پەنجەكانت ئەم ژیانە بژەنە
  بهێڵە با هەنگاوى شەپۆلەكان
  زیاترو زیاتر بن
 
  بـا لە خۆمان زیاتر درەختەكان بناسین
  با لە سەوزیدا رۆحمان سروشى لێ بچۆڕآ
  با لە پەیژەكانى غوربەت ماندووبین
  تا لە چڕى ئاوێتە بوون تێبگەین
 
  ئێمە كە لە حیكمەتى تەنیایى تێناگەین
  بۆچى بیانوو بە گوزەشتەى سەفەر بگرین
 
  ئێمە كە بە تەڕى باران تووڕە دەبین
  یانى چى پێكەنینمان بە هەتاوبآ؟!
 
  وەرە با لە خۆمدا جوانتر و جوانتر بتبینم
  لە ئاوێنە راستگۆتر و لە نیشتیمان تەنها تربین
 
  بەشى من لەم گەردوونە دەریایەكە،
  مەلەكردنى تیا ئەستەمە
 
   حەزى من ئەوەیە سادە سادە بگریم و,
  بەهێزى هەناسەش ژیرببمەوە..
 
  رەنگە نەتوانم بەقەد باڵاى سنەوبەر
  بەرز بڕوانم,
 وەلێ دەتوانم رابچڵەكێم بەهەرشتآ
  بمباتەوە بۆ ساتەكانى گەمەى مناڵى,
 ساتەكانى نغرۆ لە نیگاى یار
 
 غەریبیم كردووى چۆلەكەى پاییزى
  سەیركە! رەنگتم لێئاڵاوە,
  سەراپا نوقمى تۆم!
 
 بمبە لەگەڵ خۆت..
 بمبە بۆ تەماشاى خودا
  بۆ باوەشى شەپۆل
  بۆ نزیكى باران,
  بۆ سەیرى لایەكى رۆح
 
  دەزانم..رۆژێك هەتاو خۆى دێت
  دەستمدەگرىَ، دەڵێ:
  كیژەكە لەگەڵ تۆمە
  وەرە با پیاسەیەكى پاییزى بكەین
  بچین روانینەكانى خۆمت فێربكەم بۆ دونیا
  لە وڵاتآ بۆ كەنار رووبار 
  لە مەملەكەتێ سەركەوتن بە پەیژەكانى ئومێد,
  لە جێگایەكى تر بۆ دەروازەى ئەزموون
 
  ئاه لەم هەموو جوانییە!!
 
 من رەزیلم !
  نامەوآ هەموو كەس لەم مەلەوانییەدا
  هاورێم بآ…
  نامەوىَ لە زەلكاوى بەردەم ترس بتۆقێم و,
  لە مانەوەى خۆم بزربم لە ئەوێندەر
 من ئەوێم دیوە!
  لەساتى فەنابووندا
  لەسەردەمى ئەوانبوون
  لەكاتى بێوەڵامى..
 
 من
  هەستم هێند پڕە
  خەریكە هێمن هێمن هەڵدەوەرىَ
  دەبێت بە ئاو
  دەبێتە باران
 
  بیسەنە!
  ئەم هەستە لە رۆح بسەنە
 با ماناكانى هەڵوەرین نەیسووتێنآ
 با تەنیایى نەیكا بەماڵى وەرزە تەزیووەكان 
 
 ببوورە یەزدانبەخشى دڵە ژاكاوەكەم
 ئەم ئێوارەیە رامچڵەكاندى
 سەبووریم دآ بەو گۆرانیانەى
 تۆ لە یاداشتى هاورێیەتیتدا
 پێمت بەخشى..
 
 سەفەرت پڕاو پڕ لە ژیان
 
 لە هەستەوەریتا ماڵێكم بۆ بچنە
 جودایى پەی پێنەبا
 
 لە وەسوەسەى نیگاتا
 دەریایەك رووانینم پێ بناسێنە
 كەس مەلەى تیا نەكردبآ
 
 من گریام!!
 گریام
 ئەوكاتەى تێكەڵت كردم لەگەڵ خۆت
 لە چاوت رۆحت بۆ سەندم و,
 لە لێویشت نۆتەى هەناسە
 
 من ئێستاش لەبەردەم خەندە
 هەڵدەلەرزم و لە ترسى كەوتن
 رۆشتنم بیرچووە!!
 
 
 لە وێنەكانتدا قسەم بۆ بكە..
 بە چاوەكانتا شتآ بڵآ
 با لە زمانى رووانینت دڵنیاتر بم
 با هەست بە گەرمى هەست و,
 بە ساردى  زمانت بكەم
 
 لێگەڕىَ با ئەم وەرزە قاقرانە بە كۆتابێن
 با پێبنێینە بارانێكى تر
 رەنگە ئەمجارە
 فریاى مانەوە نەكەوین
 لە وێستگە بێسەرو بەرەكانى وڵات
 
 لەو وێستگانەى لە ماناى سەفەر تێناگەن
  نایانەوىَ بە زمانى جوانى ببینن و
 بە رۆحى راستى بڵێن (ئــا)!!
 
 ئەمجارەشیان تۆ دێیت و دەلێى..
  ها ئەوە منم لە شەقامەكانى شیعرو,
 لە وێستگەى رووتبوونەوە چاوەرێتم   
 لە بەرگى پاییز بۆم وەرە
 بە ئاوازى هەناسەت ئاگادارم بكەوە لە خۆت
 
 منیش دێم و بە حاڵ رووناكیت دەبینم
 بە حاڵ دەتوانم بتناسمەوە
 بە حاڵ!..
 لە بێدەنگیدا.. وندەبین
 ئۆكتۆبەرى 2007
 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.