Skip to Content

Sunday, September 20th, 2020

ئەو رۆژەی نەخۆشخانە گازباران كرا

Be First!
by May 20, 2008 گشتی

  ناسیح قه‌ره‌داغی……..

 پێش ئەو كاتەش چەند جارێك ناوچەی قەرەداخ كەوتوبووە بەر هێرشی كیمایی، بەڵام ئەوە یەكەمجار بوو نەخۆشخانە وا لە نزیكەوە یببَتە نیشانەی فرۆكەكانی رژێم ئەویش بە چی. بە گازی كیمیایی.
 
 نەخۆشخانەی مەڵبەندی یەك لە پەنا چەمۆڵكەیەكدا بوو لە دۆلێكی بچووكدا لە دەرەوەی گوندی بەلەكجار  بەلاشانی بەرزاییەكی بچووكەوە و رووەو دەبەرند بەرەوڵی و "حەوشی گەورە"ی كێوی سەركەش و دیوارئاسای قۆپی قەرەداخ. بەچواردەوری نەخۆشخانەدا تا چەندسەد مەتریش هیچ بینایەكی تر نەبوو، لەبەرئەوە نەخۆشخانە تا ئەو كاتە شوێنێكی ئەمین بوو و پێ دەچوو، هیچ نەبێ خۆمان وامان هەست دەكرد، كە نەبووبێتە جێی سەرنجی فرۆكەكانی رژێم كە زۆر جار بەسەر ئاسمانی ئەو ناوەدا سووڕابوونەوە بۆردومانیان كردبوو. كارمەندانی نەخۆشخانە، ئەوانەی ئەم ساتە لەبیرمدا بن، بێجگە لە بەندە، بریتی بوون لە د. فایەق( كە ئەو ساتە لە ناو مەڵبەند بوو) د. جەلال(كە ئەو كاتە لەگەڵ هێزدا لەناوچەی مەڵبەندی دوو بوو) ، د.مەحموود، د. ناجح، وە پزیشكیارەكان بۆتان(یادی بەخێر) و حەسەن و عوسمان برایم و  جووتیار و شوان  سەركەوت، سەرەڕای مام برایم و چەند پێشمەرگەیەكی تر.
 
 ئەو رۆژە، 27 ی شوباتی 1988 واتە بیست ساڵی رێك لەمەوبەر،  رۆژێكی نیمچە ساماڵی زستانی بوو، هەوا لەچاو چلەیەكی درەنگدا گەرم و ئاسمان شین و دید ڕوون  بوو و چەند گەواڵە هەورێك شینایی ئاسمانیان لە نێوان خۆیاندا بەش كردبوو. پێنج شەش نەخۆشمان هەبوو لە دوو ژووی نەخۆشخانەدا راكشابوون و ئێمەش هەریەكەمان لە ژوور و دەشتی بەردەم نەخۆشخانەكەدا مەشغوولی شتێك بووین. هەرچەندە گوێی پێشمەرگەو گوندنشین ئەوكاتە بۆ دەنگی فرۆكە مشك ئاسا تیژ بوو لەگەڵ ئەوەشدا هەر ئەوەندەی هەستت بە ئەگەر و نەگەری ئەو دەنگە دوابڕاوە دەكرد، بە ئاستەم فریای ئەوە دەكەوتی خۆت بگەیەنیتە كونەتەیارەیەك یان بن بەردێك. كاتژمێر سێ و نیو بوو  ئەوەندەمان زانی گرمەی فرۆكە هات تا سەرمان بەرز كردەوە چەند فرۆكەیەكمان بینی بەسەر بەلەكجاردا دەسوورانەوە. بە نزمی و سورانەوەكەیاندا دیاربوو نیازی ئەو ناوەیان هەیە. ئەوەندەی بەپەلە پێمان كرا بە فڕكانێك خۆمان گەیاندە ناو ئەو پەناگەیەی كە لە بەردەم نەخۆشخانەكەدا دروستمان كردبوو.
 
 ئەوانەی لەو نزیكانە بووین و فریاكەوتین بە پرتاوێك خۆمان خزاندە ناو پەناگەكەوە. ئەوی بۆردومانی فرۆكەی جەنگیی بینیبێ یا موشەك و تۆپ بەرەو رووی هاتبێ، ناسینەوەی دەنگی بۆردومان بەرەو رووت زۆر ئاسانە. ویژەیەكی قایم تا دێ زیاد دەكات و وا هەست دەكەی بۆمبەكە راست بەرەو تۆ دێ و هەر ئََێستا ئێسك و پروسكت دەبا بە ئاسمانا. ویژەی دابەزینی فرۆكە تا دەهات زیاتر دەبوو. ئێمەش هەناسەمان لەخۆمان بریبوو، كەس هیچی بۆ نەدەهات. خواخوامان بوو هەرچی زووترە بۆمبەكە بدات لەئەرز و لەو چاوەروانییە رزگارمان ببێ. ویژەی دابەزینی فرۆكە گەیشتە ئەوپەری و دەنگێكی كپ وتی "ترپ!"
 "حەو!" لە دڵی خۆمدا وتم، " ئەمە هی ئەو دابەزینە نەبوو!"
 
 بەڵام من پێشتر بۆردمانی كیمیاییم بینیبوو و لەدەورەیەكی راهێنانی كیمیاییشدا بەشداریم كردبوو لە گوندی یاخسەمەر. لەبەرئەوە زۆر سەیر نەبوو بەلامەوە. كە دەنگی فرۆكە كەم بووەوە، یەكسەر لە پەناگەكەوە سەرم هێنایە دەرەوە. رێك بەرامبەر كونی پەناگەگە پەنجا مەترێك دوور لەخۆمان بەسەر بەرزاییەكەوە دووكەڵێكی سپی چووبوو بەئاسمانا.
 
 "كیمیاییە، كوڕینە، وەرنە دەرەوە" بە هەڤاڵەكانم وت.
 
 هەموو بەپەلە هاتینە دەرەوە و شپرزە بووین، چی بكەین. بە پێی رێنماییەكان پێویستە تا ئەتوانی لە شوێنیەكە دوور كەویتەوە بۆ بەرزایی و بە پێچەوانەی ئاراستەی باوە برۆی. ئەی نەخۆشەكان؟ خۆناتوانین ئەوان بگوێزینەوە. بۆیە سەرەتا بە پەلە چووینە ژووری نەخۆشەكان پێمانوتن كەوا كیمیاییە، لەبەر ئەوە پێویستە خۆیان بپارێزن. پەردەكانمان دادایەوە، دەرگاو پەنجەرەمان لێ داخستن و وتمان خاولیەك تەڕكەن و بیدەن بەسەر دەموچاویاندا و نەچنە دەرەوە تا خۆمان پێتان دەڵێین. خۆشمان بە راكردن سەركەوتین بۆ بەرزایەكانی بەرامبەر نەخۆشخانە و لە بن بەردەكاندا خۆمان مەڵاس داو چاودێری بارودۆخەكەما دەكرد. فرۆكەكان نزیكەی 20 دەقیقە مانەوە چەند سوورێكی تریان خوارد بەسەر ناوچەكەدا و نزیكەی 40 بۆمبایان هاویشت. بێجگە لەوەی كە یەكسەر بینیبوومان، سێ بۆمباری تریش لە دەوروبەری نەخۆشخانە بە دووری 50-100 مەتر دایان لە زەوی. دێهاتەكانی تریش كە گازباران كران بریتی بوون لە بەلەكجار و بەردێ و تەكیە و بەڵخە و گومەتە و مەڵبەند.
 
 دوای ئەوەی فرۆكەكان رۆیشتن ئێمە دابەزینە خوارەوە بۆ نەخۆشخانە. ئەو رۆژە نەمان وێرا بچینە سەر شوێنی بۆمبەكان. بەڵام لە دوورەوە سەیری نزیكترینیانمان كرد. رێك لەبەر لووتی ئەمبولانسەكەماندا دابووی لە زەوی. دیار بوو ئەمبوڵانسەكەی بەدی كردبوو. ئەم ئەمبوڵانسەمان لە ئازادكردنی شارۆچكەی قەرەداخ ساڵی پێشوو دەست كەوتبوو. بە قوڕ سواخمان دابوو و لە ژێر داربەروویەكدا دامان نابوو بەڵام رۆژی پَشتر باران بوو و زۆربەی قوورەكەی شۆرابووەو و دیاربوو لامەزەب بریقەكەی خەبەری ئێمەی بە فرۆكەوان دابوو.
 
 یەكسەر چووینە لای نەخۆشەكان، خۆشبەختانە هەموو سەلامەت بوون. دوای دوو كاتژمێر بەرایی برینداری كیمیایی لە گوندەوكانەوە سەری هەڵدا. لە بەردێ و بەلەكجار زیانی باشی دابوو، زیاتر لە سی سەر بزن و چەند مانگایەكی كوشتبوو. بۆمبێك راست لەبەردەم بارەگای لەشكری بەدردا دابووی لە زەوی و ئەوانیش پارێزیان لێ نەكربوو و تێر بەدەوریدا گەڕابوون. زۆربەی زۆری بریندارەكان، زیاتر لە 80% هی لەشكری بەدر بوون (رەنگە ئامانجێكی بۆردمانەكەش هەر ئەوان بووبن چونكە چەندی رۆژ لەوەو پێش چالاكییەكیان لە سەر رێگەی سەنگاو ئەنجام دابوو و چەند سەربازێكیان كوشتبوو). ژمارەیەك هاوولاتیش بریندار بووبوون. تێكڕا نزكەی 200 بریندار هەبوو، بێجگە لە خۆمان ستافی نەخۆشخانە كە شەو بە خۆمان زانی.  نیشانەكانی بریندارەكان بریتی بوو لە چاو سووربوونەوە، ئاوكردن، رشانەوە، كۆكە، تەنگەنەفەسی، بڵۆق. ئەمانە هەمووی نیشانەی گازە بلۆقێنەرەكان بوو لە جۆری خەردەل و ئەوانی تر. ئەم گازانە كوشندە نین ئەگەر پیاو زۆریان لێ هەڵنەمژێ. من پێشتریش لە ئازادكردنی قەەرداخدا ئەم جۆرە بۆردمانەم بینی بوو و بریندرام چارەسەر كردبوو. ئیتر ئەو عەسرە تا نیوە شەو ئێمە پەیتا پەیتا نەخۆشمان بۆ دەهات و چارەسەرمان دەكردن. ئەو دەرمانەنانی بەكارمان دەهێنان، پاش پاكردنەوەی نەخۆش بریتی بوون لە قەترەی سڕكەری زایلۆكاین بۆ ئازاری چاوو ، دەرمانی رشانەوەو …… چەند كەسێكیشمان لە لەشكری بەدر داخڵ كرد كە گازەكە كاری لە سییەكانیان كردبوو، نزیكەی دوو هەفتە مانەوە و سەرەنجام یەكێكیشیان شەهید بوو. ئەمە یەكەم قوربانیی گازی كیمیایی بوو لە ناوچەی قەرەداخ تا پێش كارساتی سێوسَینان.
 
 ئەو رۆژە و رۆژی دوایی بەردەم نەخۆشخانە، بە تەعبیری ئەوسام، وەك لە رۆژژمێرەكەمدا نووسیومە، وەك بەردەم مەرقەدی شێخ عبدالقادری گەیلانی وابوو ، هەركەسەو بەتانیەكی دابوو بە شانیدا و لە پەنا دیوار و لە حەوشەی نەخۆشخانەدا كزۆڵەی كردبوو و چاوەرێ بوو جارجار قەترەیەك یا دەرزییەكی بەركەوێ تا تۆزێ ئازاری بشكێ.
 
 ئێمە بەم جۆرە مەشغووڵی نەخۆش بووین بێخەبەر لەوەی خۆشمان بریندرابووین. سەیر لەوەدابوو ئێمە خەمی نەخۆشكانی خۆمان بوو كە بەجێمان هێشتبوون، ئاخر بەحساب ئێمە دوور كەوتبووینەوە لە شوێنی بۆمبەكان.!! خەتێكی موەلیدەمان لە مەڵبەندەوە بۆهاتبوو كە شەوان كارەبای بۆ هەڵدەكردین. ئەو شەوە كە كارەبا هاتەوە گڵۆپەكان تینی نەبوو. لەسەر سفرە دانیشتبووین و هەندێ مشتومڕیشمان كرد لەسەر ئەوەی بۆچی گڵۆپەكان تینیان نیە.. هەركەسە شتێكی ئەوت، یەكێكیش بە سوعبەتەوە وتی دیارە موەلیدەكە كیمایی لێی داوە و سەرەنجام وتمان دیارە موەلیدەكە ئەمشەو ناتەواوە. ئەوەمان قەبووڵ كرد تا كاتژمێر نزیكی هەشت كە ئەچووین بۆ لای نەخۆشەكان دەرمانیان بدەینێ. نازانم كام لە برادەران بوو باسی گڵۆپەكانی كردبوو لای نەخۆشەكان و وتبووی ئەمشەو تینیان نیە. نەخۆشەكانیش  قسەكەیان بەلاوە سەیر بووبوو وتبوویان وەلڵا هیچ عەیبی نیە، هەر وەك شەوانی ترە. ئەویش حەپەسابوو. چۆن شتی وا ئەبێََ! لای پێشمەرگەكان گڵۆپ كزو لای نەخۆشەكان ئاسایی!! بانێكەو دوو هەوا!
 
 كە برادەرەكەمان بە ئێمەی وت، ئێمەش هەموو سەیرمان لێ هات. باوەرمان نەدەكرد گڵۆپ لای ئێمە كزبێ و لای ئەوان ئاسایی. هەموو چووینەوە لای نەخۆشەكان بۆ دڵنیایی! كەچی گاڵتەیان پێ كردین، وتیان بابە هەر وەك شەوانەی، هیچ فەرقی نیە!!
 
 كەواتە خۆیەتی، دیارە چاومان تەڵخ بووە و كاریگەریی كیماییەكەیە. شتەكانی ترم بیستبوو لە وێنەی چاو سووربوونەوە و ئاو كردن و ئازار، كە ئێمە هیچیمان نەبوو، بەڵام كزبوونی چاو بێ ئەوەی هیچ نیشانەیەكی تری لەگەڵ بێَ، ئەمەم نەبیسبوو. بەهەرحاڵ وتمان دیارە كیمیاییەكە كاری لەچاومان كردووە. هەموو دامانە پێكەنین گەرچی نیگەرانیش بووین. ئیتر زوو زوو بە لاقرتییەوە بە یەكمان دەوت، "بەڵێ گڵۆپەكان كز بوون!"
 
 بەوجۆرە خەوتین بەدەم نیگەرانیی چاومانەوە. بەیانی كە لەخەو هەستاین، هەموو كەم تازۆر تووشی چاو سووربوونەوە بووبووین. ئینجا دڵنیا بووین كە بەڵێ ئێمە كە بەحساب چووبووینە بەرزاییەكان و خۆمان پاراستبوو، كیمایی لامەزەب كاری لێ كردووین، كەچی نەخۆشەكان، كە لە ژوورەكاندا مانەوە پارێزراوبوون. لێكدانەوەكان بۆ ئەمە ئەوەبوو، ئێمە زۆر نزیك بووین لە یەكەم بۆمب و لەكاتی هاتنەدەرەوەدا و كاتێ چووینەتەوە لای نەخۆشەكان پاشان تا گەیشتووینەتە بەرزاییەكان هەوا هەندێ لە گازەكەی ماڵیوە بە سەروچاوماندا بەڵام نەخۆشەكان چونكە لە شونێكی قەپاتدا بوون، گازەكە زەفەری پێ نەبردوون.
 
 رۆژی دوایی بارانێكی چاك باری. شوێنی بۆمبەكانی تارادەیەك پاك كردبۆوە. من چوومە سەر جێگەی بۆمبی لای ئەمبوڵانسەكە تا بزانم چۆنە. چاڵێك بوو بە بە تیرەی سێ مەتر و قووڵایی یەك مەتر. لەناو چاڵەكەدا پارچە بۆمبێكم دۆزیەوە لێ نووسرابوو LVZ، كە وابزانم كورتەی لویزایتە كە یەكێكە لە گازە بڵۆقێنەرەكان.
 
 *****
 

Previous
Next

Leave a Reply