ئەو نامانەی کە ناخوێنرێنەوە، ڕووبەڕوی ئەو دامەزراوەیەی پێی دەڵێن میدیای ئازاد
هەر وەک ئەو نامانەی کە ناخوێنرێنەوە ئاوا دەست پێدەکەم
بۆ / بەڕێزان ماڵپەڕی ” ئێن ئاڕ تی ، لڤین پرێس، ئاوێنە، هاوڵاتی” لەبەر ئەوەی ئێوە خۆتان بەقارەمانی ڕاپەڕینەکەی ١٧ی شوبات و خاوەن و ساحێب حەقی سۆران و سەردەشت دەزانن .
بابەت / ئەمە بخوێننەوە
دیاردەیەکی ناشرین و بێتام و بێمانا کە هەندێک لەو ڕۆژنامە و سایتانەی خۆیان وەک ئازاد و ئەهلی ناساندوە، بڵاوکردنەوە و کۆپیکردنی ئەو وتار و بۆچون و دەربڕینانەیە کە لەلایەن کەسە دیارەکانی ناو دەسەڵات و ئۆپۆزیسیۆن و کادرە حیزبی و حکومییەکانەوە دەنوسرێت.
ئاخر هەر یەکە لەو پیاوە سیاسی و گەندەڵ و پەرلەمانتارە فاشل و باگخواز و قارەمان و ناودار و سەرۆک و سکرتێر و کادر و شتانە، خاوەنی دەسەڵاتێکی ڕەهان لەناو پێگە و دەروازە ئیعلامیەکەی خۆیاندا، دەتوانن ئەمر بکەن هەرچییەکیان بوێت دەیان جار شەیر بکرێت و تازەبکرێتەوە. لە دە قۆڵەوە ئەو قسە بێتامانە بەخەڵک دەگەیەنن و خەڵکی پێ بێزار دەکەن. لە هەمووی ناخۆشتر ئەوەیە هیچ کام لەو بابەت و نوسینانە بەقەد لافیتەی دەستی گەنجێکی توڕەی سەردەمی ١٧ی شوبات کەڵکی نیە و کاریگەر نیە لە واقیعی ئەمڕۆی هەرێمدا. بەڕاستی ئەم دیاردەیە زۆر بێمانایە و قۆرخکارییەکی مۆدیل بەرزی پیاوە گەورە و پیرەکانە بۆ دەستگرتن بەسەر هەموو شتەکاندا. لە ژێر کاریگەری هەندێ بەخششی مادی، یان بێمەعریفەیی بەڕێوەبەرانی ئەو جۆرە لە میدیا، یاخود بازاڕگەرمییەکی قێزەون کە لەسەر حسابی هۆشیاری خەڵک و لەژێر چەتری ئازادی و سەربخۆییدا پەیڕەوی دەکەن.
ماڵپەڕی ” ئێن ئاڕ تی ” و ” لڤین پرێس” بەشی شێریان بەردەکەوێت لە قوتکردنەوەی ئەم دیاردەیەدا. ئەگەر سەیرێکی گۆشەی بیروڕای ماڵپەڕەکانیان بکەیت کۆمەلێک کەللە دەبینیت کە وێنەی ڕۆژانەی ناو تیڤی و ڕۆژنامە و سایت و پێگەکانی فەیسبوک ن.
ئاخر عەیبە بڵاوکردنەوەی دوسێ دێڕی سەلام عەبدوڵای سەرنوسەری رۆژنامەی خەبات. لەکاتێکدا ڕۆژی پێشتر لە خەباتدا بڵاویکردۆتەوە و زۆرترین خەڵک بینیویەتی. پاشان ئەو جۆرە کەسانە دەستیان بەسەر هەموو شتێکدا گرتووە و لەهەر شوێنێک بیانەوێت بیروراکانی خۆیان دەگەیەنن. جگە لەو چاوشۆڕییەی خۆی و دەسگاکەی کە چۆن لە ئاست تاوانەکانی پارتەکەیدا کوێرایی داهاتوە. یان بۆڵە بۆڵی نێوان عەلی باپیر و ئاری هەرسین.. تو ویژدانتان ئەوە قابیلی بڵاوکردنەوەیە؟ ئەو هەمووموجامەلە و یەکتر ماکیاجکردن و بێتامییە هی ئەوەیە پیشانی منێکی توڕەی بێتاقەت و بێ هیوا لەو سیاسیە …….. ی بدرێت؟ سۆران عومەر دەردی حەمە سەحید حەسەن ووتی ” بە دوو ئەبرۆی پەیوەستەوە” دە ماڵپەڕ و سەتەلایتێک ودوسێ ڕۆژنامەی بەدەستەوەیە و بایان ئەدات، کەچی هاوڵاتی و ئێن ئار تی و لڤین و کوێ و کوێ بون بە شوێنی تەخشان و پەخشانی نوسینە ڕۆتینی و بێتامەکانی.
ئەی قسە بێماناکانی کاک ئومێد خۆشناو، یان وتاری ئەمیندارە کۆنەکەی یەکگرتوو، یان مەکتەب سیاسییە تۆراوەکە، قسە سەر ئێشێنەکانی کاک دانای سەعید سۆفی و هاوپیشە و هاوپارتەکەی سۆزانی خاڵە شەهاب کە دەبینین لەولاوە حیزبەکەیان بوە بە ساباتی پیاوکوژانی حەڤدەی شوبات و ڕۆژانی دوایی. لەگەڵ دەیان تڕوهاتی تر کە تەنها خزمەت بە ڕەوشێکی شکستخواردو و مرداربوەوەی سیاسی لە کوردستاندا دەکات ؟؟؟
بەڵام لەپاڵ ئەماندەدا سەدان نوسین و بیر و هزری نوێی دەیان گەنجی خەمخۆر و خاوەن پڕۆژە و ئەکادیمی و بەتوانا لە ماڵپەڕێکدا یان لە گۆشەیەکی ئەو بەحری فەیسبوکەدا تێدەپەڕێت بەبێ ئەوەی لە دەستیان بێت لە دوریشەوە بە بچوکیش ئاماژەیەکیان پێ بدەن. وتارێکی ” کامیار سابیر” کە باسی لە هەردو کۆمپانیای زەبەلاح و بێ مۆراڵ ” ئاسیاسێل و کۆڕەک تیلیکۆم” کە چۆن ڕووتکردنەوەیەکی قێزەون بەکاردەبەن لە دادۆشینی گیرفانی تاکی کورددا. پیاوێک یان ژنێکیان نەبوو ئەوەندە غیرەت بکەن بڵاوی بکەنەوە و هاونیشتیمانیەکانیان سودمەند بن لەو زانیارییانەی کە بەڕاستی پێویستە خەڵک پێی بزانن.
ئەوەی جێگای داخە ئەم دەسگا هەواڵی و ڕۆژنامەوانیانە خۆیان بە ئازاد و سەربەخۆ و بوێر و ڕاستگۆ و خێرا و یەک دنیا نازناوی قەبە و بێ ناوەڕۆک لەقەڵەم دەدەن، خۆیان بە خودانی زەردەشت و سۆران و ڕاپەڕین و خۆپیشاندانە جەماوەرییەکان دەزانن. خۆیان بە دەمڕاستی گەنجانی توڕە و مافخوراو خەڵکی خاوەن داخوازی پیشاندەدەن.
من منەتم بە هیچ کام لەوانە نیە بابەتەکانم بڵاو بکەنەوە و بەدوای جێگەدا ناگەڕێم، نە زمانەکەی من لە ئاستی شەرمنی ئەواندایە و نە بوێرییەکەی ئەوان ئەوەیە. ئەوان ئەوەندە ئازا نین ڕستەیەک یان ناویشم لەلای خۆیان پیشان بدەن. وایە داوام لێکردون و بابەتیشیان بڵاوکردومەتەوە، بەڵام ئەو بابەتانەی بۆ ئەوانم ناردوە ئەوەندە پێیدا چومەتەوە و دوایی شەرمم لە ساردوسڕی و بێتامیەکەی کردوە. ماڵی خودانی ئەم فەیسبوکە ئاوا بێت ئێستا خەڵکی ئازادیخواز دەتوانێت بەهەر شێوەیەک بیەوێت تەعبیر لە بۆجونەکانی خۆی بکات و بەبێ سانسۆر کە ئەوان ناویان لیناوە ” یاسا، ڕێز، ئەتەکیەت” بڵاو بکەنەوە. من ئەم نوسینەم بەم زمانە شڕە نوسیوە چونکە کەسێک نیە داوام لێبکات زمانی توندم شل بکەمەوە و بێڕێزی نەکەم و ئەوان ڕوبەڕوی یاسا نەکەمەوە. هەرچەندە حەزم ئەکرد لە میمبەرێکەوە بۆ خەڵک باسم لە …….. ئەوان بکردایە و زۆرترین گەنجم بە دەستی ئەوان لە شکستەکاندا، لە گیرخواردنی ئەم ماشێنی قەیرانانەدا، لە بێ هەواسی ئەو گەنجەدا کە ئەمان دەیانەوێت دروستی بکەن ئاشنا بکردایە.
هێمن ڕەئووف
کەنەدا