Skip to Content

Friday, April 19th, 2024
ئەو کاتانەی کە گەنجێکی حەماڵ ڕەق دەبێتەوە، هێشتا شار هەر ئارامە  ! ؟… ڕێبوار عارف

ئەو کاتانەی کە گەنجێکی حەماڵ ڕەق دەبێتەوە، هێشتا شار هەر ئارامە ! ؟… ڕێبوار عارف

Closed
by February 8, 2008 گشتی

( گەنجێکی تەمەن 25 ساڵ کە پیشەی حەماڵە لە ناوجەرگەی شاری سلێمانی لەسەرما ڕەقبووەوە. بە وتەی کەسوکارەکەی " گەنجەکە ناوی حوسەینە و دوینێ عەرەبانەی حەماڵیەکەی لەلایەن پۆلیسەوە براوەو ئەویش نەیوێراوە بچێتەوە ماڵەوەو لە نزیک سینەما سیروان شەو لەنیوان دوو پارچە تەختەدا خەوتووەو تا بەیانی لەسەرما گیانی لەدەستداوە .." ئەمە تەواوی چیرۆک وجاروجەنجاڵێکە کەلەسەر مەرگی گەنجێک بەرپا دەبێت. ئەویش ماڵپەڕی سبەی ئەو زەحمەتیەی بەخۆیداوەو بەچەند دێرێک وەک هەوال لەسەر مەرگی گەنجێک دووێنی بلاویکردۆتەوە.
دیارە هەواڵی ڕەق بوونەوەی گەنجێکی25 ساڵ، تایتلی ڕاپۆرتی ئەو ڕۆژنامەنووسە نەبوو کەلەسەر گەندەڵی دەسەلات و دەوری هەردوو سەرۆک نووسی بووی، تا هەردوو سەرۆک بۆخۆیان بە پەلەپرۆزە شمشێری شکاتکردن هەلکێشن و بێنە دەنگ. هەواڵی ڕەق بوونەوەی گەنجێکی25 ساڵ، مادەی 140ی لەپەلوپۆکەوتوو نەبوو تا دەیان پەرلەمانتارو دەسەلاتدارو پارەدارو قەڵەمدار ماندوونەبن لەمشتوماڵکردنی بەند بەبەندی ئەم مادە نەزۆک وبێ بەرهەمە. هەواڵی ڕەق بوونەوەی گەنجێکی 25 ساڵ، نە مەرگی هیچ کوڕە بەپرسێک بوو تا شالاوی دەیان وسەدان بروسەکە بەدوای بکێشێ، نەکۆبوونەوە هاوبەشەکانی نیوان پارتی ویەکیەتی بوو تا دەیان ڕۆژنامەو بلاوکراوەو دەزگای ڕاگەیاند باس لە گرنگی و مێژووی بوونی ئەو کۆبوونەوەیەش بکات.
حسین ئەو دەست فرۆشە عەرەبانچیە بوو کە لە شەختەوبەستەڵەکی ئەمڕۆژانەی شاری سلیمانیدا بەوە قایل بوو کە پاڵ بە عەرەبانە دەستیەکەوە بنێت بۆ دابینکردنی ژیانێکی مەمرەو مەژی. ئەو یەکێک بوو لەو هەزاران گەنجەی ئەمڕۆی کوردستان کە هەرنەبێت دڵی بە عەرەبانە دەستیکەی خۆش بوو کە ژیانی پێ بچەرخێنێت ، بەلام …. دڵنیانیم لەوەی کە ئایا حسین نانئاوەری سەرخێزانێکی چەند کەسی بوو، یا کام کچۆڵەی گەڕەک وکۆلانی شار ئێستە بەدزیەوە پرسەی گیان لەدەستدانی حسینی خۆشەویستی دەگرێت. بەلام لەوەیان دڵنیام کە حسینیش وەک زۆربەی زۆری گەنجانی کوردستان بەحەسرەتی ژیانێکی شایستەوە سەری نایەوەو لە نێوماندا نەما بەبێ ئەوەی کە کەسێک بپرسێتەوە کە ئایا کێ بەرپرسی گیان لەدەستدانی حسینەکانە؟. ڕەنگە ئەو بەفەرز وەرگیرابێت کە ئەگەر حسین ڕەقیشی نەبوایەتەوە، یا ڕۆژی لەخۆپیشاندانێکدا چەند گولەیەکی گەرم لەسنگیدا سارد دەکرایەوە بەتاوانی " گێرەشێوێن "، یا وەک هەزاران هاوڕێ وهاوتەمەنی خۆی ئەم ولاتەی جێ دەهێشێت و لەسەرڕێی هەندەران بەهیوای حەوانەوە لەسەر بستە زەمینێکی ئارامدا دەبووە خۆراکی دەریاو ڕووبارەکان و دەچووە ڕیزی قوربانیانی ویڵبوون بە دوای ژیانەوە یا وەک سەدان گەنجی تر ئەگەر شانسی ئەوەی هەبووبێت کە نەکەوێتە داوی حەشیش و تلیاک کێشان ئەوا ڕۆژێک لەڕۆژان پەنای دەبرد بۆ خۆ دەرمانخوارکردن تا ئەم دەسەلاتە کەمێک شانی سووکتربێت لەبەرامبەر بە جێ بەجێ کردنی ئەرکەکانیدا بۆ گەنجان .  
حسین گیانی لەدەستداو لەنێومان نەما بەخاتری ئەوەی دەسەلات بە ئەندازەیەک لەنیو گەندەلی خۆیدا خەسیوە کە هەست بە هیچ جۆرە لێپرسینەوەیەک ناکات لەسەرشانی خۆی لە پەیوەند بە ڕەق بوونەوەی حسین ناوەکان و نەک هەر ئەمە بەڵکو لەکاتێکدا کە ترۆپی گەندەڵی ئەم دەسەلاتەی خاڵی کردوەتەوە لە هەر زەڕە ویژدانێک ، بۆیە ئیتر لەباتی دابینکردنی کار یا بیمەی بیکاری پاساوی پاراستنی نەزم ونیزامی شارو ڕوخساری جوانی شەقامەکان و پاراستنی لەعەرەبانە شەق وشڕەکانی حسینەکان بەم چلەی زستانەو لەم شارە بێنەوت و ئاو کارەبایەدا عەرەبانەکەی حسین لەلایەن پۆلیس وئاسایشی شارەوە دەستی بەسەردا دەگریًَت وئەویش لە ترس ونیگەرانی لەدەستدانی عەرەبانەکەی ناگەڕێتەوە بۆ ماڵەوەو شەو لەنێو چەند پارچە تەختەو مقەبا دەخەوێت و هەرهەمان ئەو تەختانەش دەبنە تاتەشۆری مەرگی و ئەوشەوە لەسەرما ڕەق دەبێتەوە ! ئەرێ بەڕاست هێشتا هیچ جۆرە پاساوێک ماوە کە ئەم دەسەلاتە ڕاستەخۆ تاوانی مەرگی حسینی حەماڵ لەئەستۆ نەگرێت ؟
ئەوەی کە من لیرەدا بۆم پرسیارە ئەوەیە کە تۆ بلێی پاش تراژیدیای مەرگی ئەم گەنجە وویژدانمان بێتە جۆش و هەست بە مەرگەساتی ئەو خێزانە بکەین کە هەم نانئاوەری ماڵەکەیان لە دەستداو هەم عەرەبانەکەشیان ؟
ئەرێ بەڕاست لەخۆمان دەپرسین کە ئاخۆ ئەم گەنجە کام دنیا لە حەسرەت وئاواتی لەگەل خۆیدا بە دەم خەونی وەرگرتنەوەی عەرەبانەکەی لەلای پۆلیس بردە گۆڕوە . 
تۆبلی ئەگەر تەنیا بۆ یەک جاریش بووە ئەوەمان بەبیرداهاتبیت کە ئاخۆ بۆ ئەم ولاتەو تەواوی یاساو ڕێساو سەرو خواری ئەم دەسەلاتە بووتە دەزگای تێکشکان وقوربانی کردنی کەسایەتی گەنجان و ژنان ؟ تۆ بڵێی ئەمانە لە کوێوە سەرچاوەی گرتبێت ؟ من وەلامدانەوەی ئەم پرسیارە بۆ ئێوە بەجێ دەهێڵم کە دیارە هەر کەسە خوێندنەوەو راڤەکردنی خۆی هەیە. بەلام ئەوەی کە من پێی قالیم ئەوەیە دەسەلاتێک کە چوونە سەرەوەی ڕۆژ بەڕۆژی کوشتن وسووتان وقەسابی کردنی ژانانی بۆ مەسەلە نەبێت، دەسەلاتێک کە چۆل بوونی ئەم مەملەکەتەی لە گەلنجان بۆ جێگەی پرسیار نەبێت کەلەبەر بێ دەرەتانی وکیشە سیاسی وکۆمەلایەتی و ئابووریەکانیانە، کەلەبەر بێ بەشبوونە لەماف وئازادیەکانیان… دەسەلاتێک کە پاش زیاتر لە شانزە ساڵ هێشتا بێ خەیاڵ بەتەنیشت تەرمی دەیان هەزار ژندا بگوزەرێت و ژیان وچارەنووسی نەوەی نوێ و زۆربەی خەڵکی ئەم کۆمەلگایەی بەلاوە مەسەلە نەبێت، ئایا شایستەی چ شتێکە جیاواز لەوەی کە بیسپێری بەو دۆزەخەی کە ئەمڕۆ بۆ خەڵکی کوردستانی داخستووە ؟

   6 / 2 / 2008
fediraq@welho.com

 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.