ئەى وێنەکێش من کچێکم تێپەڕ
لاى ئێوارەیەکى سۆعبەت چییەوە هاتووم ،
لە بازگەى دڵشکانەوە باز ئەدەم و تێدەپەڕم ،
دەچمەوە سەر چەمێکى پایزى کەدەزانم لەرۆحا لەیەکترى نزیکین
ئەو لە تەریقبوونەوەى هاژەیدا دەگاتە خەتمبوونى کەنار ….
من لە تەریقبوونەوەى تەنیاییمدا دەچمەوە سەر ئولفەت بوونى یار …
کە من دەگەمە قەناعەتىتێپەڕ بوون
هەموو کەلوپەلى ناو ژوورەکەم نابینا
پەنجەرە موتاڵاى تاریکى و
کەنتۆر شەو قەد دەکا و
سیسەم باوێشک ئەدا ..
.نازانن درەختێک هاتۆتە ژوورەکەم
پیاسەى بادەشێلێ و بە حیکایەت شەو ڕەنگ دەکا !!
تۆ ئەى حیکایەتەکانى من لە زیندانى ناخما زیندان …
تۆ ئەى لوغمى نهێنى لە قەراغ تینوێتى تەقینەوە
من نیشتەجێى چیرۆکێکم تێپەڕ …
بەهانەیەکم نییە بۆ کلۆمدانى شەو،
کلیلێک شک نابەم بۆ کرانەوەى چاوەڕوانى …
من ئاشنام بە تەلیسمبوونى تێپەڕ
لەو پەڕى قاچاخبوونى ئاسودەییەوە هاتووم …
من چاوەڕوانیم دەهرى بوو،
کە خامۆشیم بەست لەهاوارەکانم ،
کە گەشتمەحزوورى جەدەلەکانى تۆ …
تۆ ئەى وونترین یار
بیستومە لەپردى خەیاڵە ئاوییەکانتەوە
دەپەڕێیتەوە بۆ دەفتەرى وێنە کێشان ….
وەرە ئەم ژوورەم ڕەنگکە کە پڕە لە وونبوونى خۆم ….
ئاگادار بە گەر ڕەنگى خۆڵەمێشیت دى ،
تۆخى مەکە نەوەک لە ناویا
پێکەنین بدڕێ و
هەنسکى گریانێک لە دەمارەکانیا لەت بێ ….
وەرە وێنەیەک بکێشە … تیشک قاچ درێژکا بۆ سوراحییەک ئاو
تاڵە موویەکى پرچم موتوربە بکە،
لە گەڵا و ڕەشەبا ….
چونکە هەندێک جار درەختەکان
گەڵا دەکەنەشەپقەیەکى شەل و
ڕەشەباش بە بۆینباخێکى شێواو ….
* * *
من هەموو رۆژێک خەیاڵێکم لێدەکەوێت …
نازانم دەچنە کۆڵانى خۆشبەختى یان خامۆشى
من ئەوەندە سەرقاڵم لە مەحەبەتى تۆ
جەنجاڵیم پشتى ژان دەکاو
تەنیاییم تلاوتل ….
عیشق ناچێ بۆ ماڵى پرسیار …
تۆ چ پرسیارێک دەکەى ئەى وێنەکێش؟!
عیشق پێویستە دڵنەواى بکەیت ،
کە دائەنیشێ و داڵغە دەچنێ ،
ئەبێت پێى بڵێى زەمەن، مەرگ
لە خوار پێیەکانتەوە نووستوون ….
عیشق واتە درەوشانەوە ….
لە دڵۆپێک ئاو
لە تنۆکێک ڕووناکى
لە فەنەرى فرمێسک و
لە چوار ڕیانى ڕۆح …!!
لە هەژارکەوتنى هزرمدا کەئیتر
دەکەومە سەر ساجى عەلى ….
منیش دەمەوێ خەونێ قەرز بکەم ،
ببمە وێنەکێَش ….
تۆ وەفا ڕەنگ دەکەى لە بێدەنگى هاوار ،
من مناڵى سێوەکان لە باخى خەیاڵ ….
تۆ مانگ دەکەیتە حەرەس بۆ شەوى پەردە ،
هەتا چڵە گیایەک بچێتەوە سەر ئۆفى ئۆرگازم ….
من گومان و گیانەڵڵاو گریان ،
بە خەم ڕەنگ دەکەم ،
تا بچنەوەسەر دڵۆپێک دالى خۆم
* * *
ئەى موحیبەترین مەخلوق
مەهێڵەئەم تەنیاییەم بچێتەوە خەرابستان …
ئەوە چراوگى چراى تۆیە
دەڕژێتە هەوا تەڵخەکانى من
ئەوە عەترى قسەکانتە ،
دەڕژێتە بیرەوەرى ترش و تاڵیم …
من لە دڵێکى نابیناوە دەگەمە سواغدانى مەحەبەت ….
مەحەبەت واتە : موستیلەى تیشک لە پەنجەى تاریکى ،
گزنگێکى گەنجە لە گەڵایەکى کەسیرە ..
سڵاوى پەروانەیەکە لە چرایەکى مەلول
گۆرانى گوڵێکە لە میلۆدیاى بولبول .
شەرابى مەستێکە لە فەنا بوونى ترێ ….
سەخاوەتى ئێوارەیەکە لە نووچدانى شەو …!!
ئەى وێنەکێش لەم تەنهاییەم کەم مەکەرەوە
با بەکاولاشى بیرەوەرییەکانما ڕۆنەچم و
نیگەرانى کۆبکەمەوە ….
من کە باخچەیەک رەِنگ دەکەم ،
بۆنى گوڵ چەپڵە لێ ئەدا …
کە تەنهایى ڕەنگ دەکەم ،
دڵى بەرد لێم دەگا …
کە گەڵا رەنگ دەکەم،
جریوە کراسى ئاسمان دەچنێ ….
کە قۆپچەى کراسەکەى ئاسمانیش ڕەنگ دەکەم ،
ئاوێزە هەڵدەقوڵێ و
مانگ ناچێ بۆ مەلەوانى ،
حەوسەڵەى ڕووبارێک بشڵەقێ …..
ئەى وێنەکێش کە تۆش ڕەنگ دەکەم ،
بە خەیاڵێکى تەجرید
چین ،چین بەختەوەرى لە دڵما نوێژ دەکا …
تۆ چیت ئەى وێنەکێش لە گروپى تێنەپەڕى یان تێپەڕ ؟!
تەماشا من لەگروپى تێپەڕم بێ باک لە ڕەهابوون ….
بە ناو دیوارێکدا دەڕۆم ،
هەر چوار پەلى زیندان ….
بە ناو هەورێکدا دەڕۆم ،
چوار چێوەى لە باران ….
بە ناو حەوزێک ئاودا دەڕۆم ،
ماسییەکانى نغرۆى شوشە بەند …
بەناو شەهید بوونى شەقامێکدا دەڕۆم ،
پێیەکانى لەو دیو عەدەم …..
من لە گروپى تێپەڕ بەڵام کە دەگەمە تۆ ،
تێنەپەڕ…سەرم دەبەستم بە پرسیارێکى قەڵەمى و
دڵم بەملپێچى با ..
من لە گروپى تێپەڕ …ئەرێ ئەم مەرگە کە تێپەڕ بێ چەنى ئەوێ بۆ ژیان !!
کە ئاگر ڕەنگ دەکەم ، دڵم دەداتەوەو دەلێ :
بە کۆکردنەوەى پێکەنین ،
دەگەینە گریانى ئاو …
بە درێژ کردنى هەنگاو،
دەگەینە پرچى هەتاو ..
گەر بە ڕووبارى ئاسمانیشدا بفڕین ،
بە بەچکە ماسییەکانى دەڵێین سڵاو …
من لە گروپى تێپەڕ ئەى وێنەکێش
تەماشا باران … باران کە تێپەڕە،
بەدێڕى کراسەکەمدا دەڕواو
ژێرکراس و ستیان ژیر دەکاتەوەو
پێم دەڵێ : ئەرێ تۆى تێپەڕ گەر بزانى
بە چەند گۆچانى ئەم شەپۆلانەم
دەگەمەوە گەروى گوڵ …
بە چەند پێستى با ،
دەچمەوە خانەوادەى ئینجانە ؟؟
من کچێکم تێپەڕ …
پێکەنین هەڵدەکەم و
باڵندە دائەگیرسێنم و
گۆرانى دەکەمە بەر
بەڵام کە دەگەمە تۆ تێنەپەڕ …
تۆ بە ناوشەقامە تەڕەکانى قەسیدەمدا ڕۆشتى و
تەڕ نەبووى …
بە ناو گۆمى چرکە چرکەکانى دڵمدا ڕۆشتى و
شێدار نەبووى ….
بە ناوهەڵمبوونى هەستما رۆشتى و
لە خێڵى هەور نەبووى …
ئەم تەرازووە لاسەنگ دەبێ
من کچێکم تێپەڕ ….
ئاخر کە دڵى شەو پڕ دەبێ لە زوڵمەت و
تاریکى تۆخ دەبێ بە کوێر بوون …
ڕووناکى چ خەوێک دەبینێ ؟!
کە شەمەنەفەرێک لە وێستگە دەرئەچێ ،
ڕێگا هەر قسەیەک بکا
چ مانایەک دەبەخشێ ؟!
ئەى وێنەکێش من کچێکم تێپەڕ …
کە دەگەمە ئاستانەى تۆ و هەر وێنەیەک ،
بکێشم لە تۆ دەکاو
لە تۆ زیاتر تێنەپەڕ …!!
سلێمانى
14\1\2010
ڕۆژ هەڵەبجەیی