Skip to Content

Sunday, January 24th, 2021

ئەکتەری نەبینراو …. دانا ڕەووف

Be First!
by August 11, 2011 شانۆ

بۆ چەند جارێک‌و بەهۆی شوێنپێکەوتنەکانی خۆمەوە بەدوای پیتەر بروکدا، ئەکتەری بەنەژاد ژاپۆنی (یۆشی ئۆدیا)م لەسەر شانۆکانی پاریس‌و ئەوروپا دیبوو، کە بە نمایشێکی تایبەتی خۆشی هاتە ستۆکهۆڵم، لە نزیکەوە چاوم پێکەوت‌و ئامادەی نمایش‌و سیمنارەکانی بووم‌و ڕاستەوخۆش قسەم لەگەڵدا کرد. بەڵام ئەم هونەرمەندەم زیاتر بە کتێبی <ئەکتەری نەبینراو> ناسی.
یۆشی ئۆدیا وەک نووسەرێکی بە سەلیقە لەبوارێکی گەلێک دژوارو سەخت، کە هونەری نواندنە، بە زمانێکی ساکارو بە تێگەیشتنێکی مامۆستایانەوە، باسی ئەزموونی خۆی‌و ڕاهێنانی ئەکتەرو مەشقە جۆراوجۆرەکان دەکات. پیتەر بروک لە پێشەکییەکی کورتدا سەبارەت بەم کتێبە دەڵێت (یۆشی ئۆدیا ئەوەمان بۆ دەخاتە ڕوو، کە چۆن نهێنی‌و تەلیسمەکانی نواندن، هێزێکی جیانەکراوەیە لەو زانستە کۆنکرێتی‌و پڕ کارامەیی‌و هەمەلایەنەی لەڕێی ئەزموونەوە فێری دەبین).
یۆشی ئۆدیا لە دەروازە بەرینەکانی ئەزموونی خۆیەوە، هەر لە ژاپۆنەوە، لەوانەکانی شانۆی کابوکی‌و نووی ژاپۆنی‌‌و ڕەهەندو مەشقە گرانەکانی شانۆی کلاسیکی ڕۆژهەڵاتەوە، هەتا دەگاتە بنەماکانی هونەری نواندن لە ڕۆژئاواو هاوکارییەکانی لەگەڵ پیتەر بروک، دەخاتە ڕوو. مەشقەکانی رۆژهەڵات‌و ڕۆژئاوا، دیدە جیاوازەکان‌و بنەما فەلسەفییەکانیان پێکەوە دەبەستێتەوەو ئاوێتەی یەکتریاندەکات‌و وانەیەکی تایبەتمەند، قووڵ‌و لەهەمانکاتدا ساکارمان بۆ هونەری نواندن بۆ دەخاتە ڕوو.
یۆشی ئۆدیا لە خاوێنکردنەوەوە، (خاوێنکردنەوەی شوێن، جەستەو ناوەوەمان) دەستپێدەکات‌و بە چاڵەکانی جەستەدا گوزەردەکات.. بە ئەندامەکانی جەستەماندا هەڵدەکشێت‌و هەڵوێستە لەگەڵ جۆرەکانی جووڵەو هەڵسوکەوتەکانماندا دەکات‌و لەنێوان دیدو پراکتیکدا هەڵیان دەسەنگێنێت. باسی چێژمان بۆ دەکات؛ چۆن چێژ لە مەشقەکانمان وەربگرین تا ببینە ئەکتەرێکی نەبینراو و لەوێوە بەنێو بنەماو وانەکانی نواندندا، لە رۆژهەڵات‌و ڕۆژئاوا، رۆدەچێتە خوارەوە. لە پرۆسەی دووپاتکردنەوەدا بۆشایی شانۆو مامەڵەکردن لەگەڵ کات‌و بنەما ناوەکی‌و دەرەکییەکان قووڵ دەکاتەوە.
یۆشی ئۆدیا بۆ هەموو ئەم شتانە مەشقەکانی وزەی مرۆیی، رۆچوونە خوارەوەو تێبینیکردنی خود، ڕاهێنانی جەستەو هەست‌و سۆزو وردەکارییەکانی تری لەیاد نەکردووەو بەوردی باری سەرنجیان دەخاتە سەر.
نووسەر لەم کتێبە ناوازەیەیدا، ئاورێکی جددی لە پەیوەندییەکانی ئەکتەر بە ئەکتەرەکانی ترەوە دەداتەوەو ئەم مەسەلەیە بەهەند وەردەگرێت‌و دەیبەستێتەوە بە مەسەلەکانی ترەوە، بەتایبەتی چێژوەرگرتن (ئەکتەر خۆشی لەو پەیوەندییە چێژ وەردەگرێت، کە بە ئەکتەرەکانی دییەوەی وابەستە دەکاتەوە). لەم پرۆسەیەدا پەیوەندییەکانی ئەکتەر بە بینەرانەوە دەگاتە ئاستی ترۆپک‌و دەبێت (بینەر سەرشاربێت لە ژیان و زیندەگی).
یۆشی ئۆدیا بۆئەوەی ئەمانە هەموو بگەیەنێتە ئاستی پراکتیکی‌و سوودبەخشین‌و ئەکتەر بتوانێت لەسەر شانۆ قسەبکات، هەناسەدان و دەنگ بەوردی شیدەکاتەوە، لە نموونەیەکی مامۆستاکانیدا دەڵێت (خەڵکانی ئاسایی لەڕێی سنگیانەوە، خەڵکانی هۆشمەند لەڕێی هاراوە، خەڵکانی کارامەش لەڕێی قاچیانەوە هەناسەدەدەن). بۆئەوەی ئەمانە هەموو بچێتە قۆناغی کردەییەوە، یۆشی ئۆدیا لە دوا بەشەکانی کتێبەکەیدا باسی (پیەس)مان بۆ دەکات‌و بنەماو ڕایەڵە گرنگەکانی پیەس بە هونەری نواندن‌و مەشقەکانیانەوە روون دەکاتەوە (تۆ دەبێت شوێن مەبەستی نووسەرەکە بکەویت، هەروەها ڕێز لە دەنگی ئەو وشانە بگریت، کە ئەو هەڵیبژاردوون، ئەوجا دەتوانی لەودیو سەمتی چیرۆکەکەوە شتێکی دی بدۆزیتەوە). پاشان ئەوەشی لەبیرناچێت کە هونەری نواندن ڕەنگدانەوەیەکی هەقیقەت‌و ڕاستییەکانە. بۆئەوەی لەم بەهایەش بگەیت، دەبێت خوێندنەوەو دیدی تازەگەریانەو قووڵبوونەوەت هەبێت. تۆ وەکو ئەکتەر لە هەقیقەتەوە (لە بایەخی ڕیتم‌و خێرایی) تێدەگەیت.
یۆشی ئۆدیا دوا بەشی کتێبەکەی بە وانەیەکی گرنگ بەناوی (فێربوون)ەوە کۆتایی پێدەهێنێت: لە مەشقەکانەوە، لە هونەری نواندن‌و لە مامۆستاکانمانەوە چی فێردەبین؟ چۆن دەبێت رێچکەی خۆمان وەکو ئەکتەر بدۆزینەوە. هەر بۆ ئەم مەبەستە بە وتەی ئەکتەرێکی دێرینی کابووکی، کتێبەکەی کۆتایی پێدەهێنێت، کە دەڵێت: (من دەتوانم ئەو تەرزی ئاماژەیەت فێربکەم، کە نیشانەیەکە بۆ تەماشاکردنی مانگ. دەشتوانم ئەو جووڵەیەشت فێربکەم کە چۆن دەکەویتە سەرنووکی پێت، بۆئەوەی تەواوێک ئاماژەکردن بۆ ئاسمان نیشان بدەیت. بەڵام لەسەری نووکی پێتەوە بۆ مانگ ئەوە بەرپرسیارێتیی خۆتە).
ئەم نووسەرە زۆر بە بەهاوە لە مەشق‌و هونەری نواندن دەدوێت، مەشقەکانی هونەری نواندن بە مەشق‌و شارەزابوونی هونەرە جەنگییەکان بەراورد دەکات‌و چەندین ڕایەڵەی لێکچوون‌و شانەی هاوبەش لە نێوانیاندا دەبینێت. لۆڕنا ماڕشاڵ، ئەکتەر و ڕەخنەگرو هونەرمەندی فەرەنسی، لێرەو لەوێ هەڵوێستە لەسەر مەشقەکانی یۆشا ئۆدیا دەکات‌و باری سەرنجیان لەسەر دەردەبڕێت. هەندێک لەبنەماکانی شانۆی کلاسیکی ژاپۆنی روون دەکاتەوەو لەسەر ئاستێکی بەرز لەگەڵ یۆشی ئۆدیا دەدوێت. ئەمەش هێندەی تر ئەم کتێبە ناوازەیەی دەوڵەمەند کردووە.
کتێبی (ئەکتەری نەبینراو) فاروق هۆمەر لە ئینگلیزییەوە، بە سەلیقەیەکی بەرز، تێگەیشتنێکی قووڵ‌و بە بایەخێکی زۆرەوە کردوویەتی بە کوردی. ئەو زمانە کوردییەی فاروق هۆمەر بەکاریهێناوە، ئاماژەی باڵادەستی ئەم وەرگێڕە ئازیزەمان بۆ دەکات لە بواری زمانی کوردی‌و هونەری وەرگێڕاندا. کتێبەکە لەلایەن زنجیرە کتێبی گۆڤاری (شانۆ)ی تیپی شانۆی سالارەوە بڵاوکراوەتەوە.

Previous
Next

Leave a Reply