Skip to Content

Wednesday, April 24th, 2024
ئەگەری لیستی سەربەخۆی نەوشیروان وگۆڕان لەشێوەی هەڵبژاردندا

ئەگەری لیستی سەربەخۆی نەوشیروان وگۆڕان لەشێوەی هەڵبژاردندا

Closed
by February 15, 2009 گشتی

 ئەگەری لیستی سەربەخۆی نەوشیروان وگۆڕان لەشێوەی هەڵبژاردندا
 ئا:ستیڤان ئەحمەد "شەمزینانی"

 
 پێدەچێت هیچكات هێندەی ئەم چەند رۆژە كاریگەریی سیاسیی وقورسایی باڵی ریفۆرم وخودی نەوشیروان مستەفا دەرنەكەوتبێت، هەرواش هیچكات ریفۆرم ونەوشیروان مستەفا بەقەدەر هەنووكە جێی بایەخی سیاسیی وپارتە كوردییەكان وماسمێدیای كوردیی نەبوون. لەوەتی نەوشیروان مستەفاو هاوكارەكانی كەنارگیرییان لەریزەكانی یەكێتی نیشتمانیی كوردستان راگەیاندووەو بەكۆمپانیای وشەوە خەریكن، بەردەوام قسەوباس لەسەر كارەكانی ئەو كۆمپانیایەو نەوشیروان مستەفا پانتاییەكی بەرچاوی لەمیدیاكاندا بۆخۆی داگیركردووە، لێ راو سەرنجەكان لەمەڕی زۆر جیاواز ولێك دووربوون، چون هەندێك وابڕوایان دەكرد نەوشیروان وباڵەكەی چیتر نین جگە لەهێزێكی ئیحتیواكار، بەپێچەوانەشەوە خەڵكانی هەبوون لەو باوەڕەدابوون باڵی ریفۆرم سەرەتاو چاوگی گۆڕانێكی جیددی دەبێت هیچ نەبێت لەسەر ئاستی یەكێتی وئیدارەی ژێر قەڵەمڕەوی یەكێتی. بەڵام ئەو رووداو وگۆڕانانەی وردە وردە دێنە پێشەوە، پێماندەڵێن باڵی ریفۆرم خەریكە ئەدگارو سیمای سیاسەت لەم بەشەی كوردستان دەگۆڕێت بۆ ئەوەش یەكەم هەنگاو لەرێگەی پرۆسەی هەڵبژاردنەوە دەستپێدەكات، چونكە دروستبوونی لیستی ركابەری بەهێز بۆ هەردوو هێزی سەرەكیی كوردستان كەدۆخی كوردستانیان لەئاستێكدا راگرتووە، تەكانێكی گەورەو بەهێز دەبێت بەئاقاری گۆڕینی ئەو چەقبەستووییە سیاسییەی تاهەنووكە هەبووە. بەهەمەحاڵ تازە بەتازە تیشكەكە دەچێتە سەر تابلۆ سیاسییە تاریكەكەو هەندێ رووناكیی بەدەركەوتوون كەدەشێ بڵێین ئەگەر ریفۆرم بتوانێت بەمیسداقییەت وبەردەوامییەوە كار لەسەر پڕۆژەكانی بكات بەتایبەت ئەو پڕۆژە پێشنیارانەی نەوشیروان مستەفا بڵاویكردوونەتەوە، بارودۆخێك لەباشووری كوردستان دێتە پێشەوە، سەرەتایەكی گەش دەبێت بۆ ئەزموونی حكومداریی ودەسەڵاتداریی وسیاسەتكردن وخاڵی پایان وكۆتاییش دەبێت بۆ گەندەڵیی وخراپ بەكارهێنانی دەسەڵات وتێنەگەیشتن لەچۆنێتی هەڵسوڕاندنی كاروباری حكومەت. 
 لیستەكان ولیستی سەربەخۆی نەوشیروان مستەفا
 بەگوێرەی ژێدەرەكانی هەواڵ وهەندێك سەرچاوەی نێزیك لەخودی كاك نەوشیروان وكۆمپانیای وشە،بۆ هەڵبژاردنەكانی دادێ باڵی ریفۆرم بەلیستێكی سەربەخۆ بەشداریی وركابەریی دەكات لەپاڵ پارت ولیستەكانی تردا. بەپێی لێدوانی سەرچاوەیەكی نێزیك لەكۆمپانیای وشەو نەوشیروان مستەفا "ئێستا بڕیاری دروستكردنی لیستەكە دراوە، بەڵام چۆنێتی دەستنیشانكردنی كاندیدەكان هێشتا باس نەكراوە، چونكە كاك نەوشیروان پێیوایە بڕیارێكی قورسەو ئیتر ململانێكان دەچنە قۆناغێكی سەخت وئاڵۆزەوە". هەروەها باس لەوەش دەكرێ مەرج نییە پاڵێوراوەكانی لیستەكەی كاك نەوشیروان هەمان ئەو كەسانەبن پێشتر لەریزەكانی یەكێتی نیشتمانی كوردستاندا كاریان كردووە یاخود ئێستا لەكۆمپانیای وشە كاربكەن، بەڵكو خوازیارن كەسانی پسپۆرو تەكنۆكرات رابكێشنە ناو لیستەكەیانەوە بەمەبەستی ئامادەكردنێكی لیستێك توانای كاركردن وئیدارەی هەبێ. دەربارەی هۆكاری ئەم بڕیارە چاوەڕاوننەكراوە لەلایەن نەوشیروان مستەفاوە، سەرچاوەكەی كۆمپانیای وشە دەڵێت "كاك نەوشیروان بێهیوا بووە لەچاكسازیی لەناو یەكێتی وهەروەها لەناو حكومەتدا، بۆیە ئەو بڕیارەی داوە" لەدرێژەشدا رایدەگەیەنێت "نەوشیروان مستەفا تائێستا ناوی پاڵێوراوەكانی ئامادە نەكردووە، بەڵام لەئایندەیەكی نزیكدا ناوەكان ئامادەكات بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق وپەرلەمانی كوردستان". بەگوێرەی زانیارییەكانی بەردەستی ئێمە خودی نەوشیروان مستەفاو هاوكارەكانی لەجموجۆڵ وكاركردنی جیددیدان بەمەبەستی ئامادەكردنی لیستەكەیان وزەمینەسازیی بۆ ناساندنی لیستەكەیان لەكاتی پرۆسەی پڕوپاگەندەی هەڵبژاردنەكاندا، لەبەرئەوەی یەكەمجارە بەشداریی هەڵبژاردنەكان دەكەن وهەروا یەك لیستیی پارتی ویەكێتی مەترسییەكی ترەو لەوانەیە ببێتە هۆی كزكردنی دەنگی لیستەكەی نەوشیروان مستەفا. چونكە بەپێی لێدوانی كاربەدەستانی هەردوو پارتی دەسەڵاتدار هەردوو پارت بەیەك لیستی هاوبەش بەشداریی هەردوو هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئێراق وئەنجوومەنی نیشتمانیی كوردستان دەكەن. لەوبارەوە "محەمەد مەلا قادر" ئەندامی مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان بەئاژانسی "ئەلئەسوات ئەلعێراق" رادەگەیەنێت "تا ئێستا بەشێوەیەكی رەسمی پارتی ویەكێتی بەیەك لیست بەشداریی لەهەڵبژاردنی داهاتووی‌ كوردستان دەكەن، چونكە ئێمە ئەزموونێكی باشمان لەگەڵ یەكێتی هەیە‌و دابەزینمان بەیەك لیست سوودی گەلەكەمانی تێدابووە".  بەوتەی سەرۆكی حكومەتی هەرێم "نێچیرڤان بارزانی" هاوكێشەكە پێچەوانە دەبێتەوە وپۆستی سەرۆكایەتی حكومەت دەدرێت بەیەكێتی لەبەرانبەردا پۆستی سەرۆكی پارلەمان بۆ پارتی دەبێت. جیا لەمانەش پێشبینی دەكرێت چەندان لیستی دیكە بەشداریی هەڵبژاردنەكان بكەن وبدوور دانانرێت هەر چوار پارتەكە "یەكگرتوو، زەحمەتكێشان، سۆسیالیست، كۆمەڵ" بەیەك لیستی هاوبەش بەشداریی هەڵبژاردن بكەن. چونكە نزیكبوونەوەی زۆر لەنێوانیاندا هەیەو دەتوانن بەو رێگەیە دەنگێكی زیاتر مسۆگەر بكەن. لەو بارەوە "محەمەدی حاجی مەحموود" سكرتێری پارتی سۆسیالیستی دیموكراتی كوردستان رایدەگەیەنێت "ئێمە باسمانكردووە لەگەڵ ئیسلامییەكان بەلیستێك بەشداریى هەڵبژاردن بكەین، بەڵام هێشتا بڕیارمان نەداوە هەموو شتێكیش دەبێت. گفتوگۆمان لەسەر كردووە، بەڵام بۆ نەبێت؟ هەموو شتێك قابیلى ئەوەیە ببێت". پێشبینیش دەكرێت هەریەك لەپارتی چارەسەری دیموكراتی كوردستان وپارتە نوێیەكەی هەڵۆی ئیبراهیم ئەحمەد وكاندیدە سەربەخۆكان وبەرەیەكی تازە دروستبوو بەناوی بەرەی رزگاریی كوردستان"بڕك" بەلیستی سەربەخۆ بەشداریی لەو هەڵبژاردنە چاوەڕوانكراوانەدا بكەن. بەڵام لەباری واقیعییەوە لیستی نەوشیروان مستەفا ولیستی چوار پارتییەكە كاریگەرترین دوو لیستن كەپارتی ویەكێتی حیسابیان لەسەر دەكەن، چون ئەو دوو لیستە ئەگەر بەشداریی هەڵبژاردن بكەن وتا ئەو وادەیە تووشی لێكترازان وپەشیمانبوونەوە نەبن بێگومان رێژەیەكی باوەڕپێنەكراو دەنگ كۆدەكەنەوە كەزۆربەیان دەنگی دوو پارتەكەن. كەواتە هەڵبژاردنی داهاتووی كوردستان وعێراق جیاواز دەبێت لەهەڵبژاردنەكانی پێشوو بەهۆی فرەرەنگی وفرەلیستییەوە.
 لیستی نەوشیروان وكاردانەوەكانی دوو پارتەكە
 پارتی ویەكێتی بەتەواویی نیگەرانن لەهەڵوێستە چاوەڕاوننەكراوەكەی نەوشیروان مستەفا بەئامادەكردنی لیستێكی سەربەخۆ. یەكێتی نیشتمانیی كوردستان چاوەڕێی ئەو هەنگاوە نەبوون لەهەڤاڵێكی دێرینی خۆیان، بۆیە بەم بڕیارەی كاك نەوشیروان تەواو شڵەژاون وناتوانن بەرگەی بگرن. "مەلا بەختیار"ی ئەندامی دەستەی كارگێڕیی و وتەبێژی مەكتەبی سیاسیی یەكێتی دەڵێت "یەكێتیی‌ نیشتمانیی‌ كوردستان لەبەرامبەر ئەگەرێكی‌ وادا كەبەڕێز نەوشیروان مستەفا لیستی‌ سەربەخۆ لەهەڵبژاردنەكاندا دابەزێنێ‌‌ وبەتەواوەتی‌ دەست لەیەكێتی‌ هەڵبگرێ‌، بڕیار‌و سیاسەتی‌ خۆی‌ دەبێ‌". ئەگەرچی مەلا بەختیار روونی نەكردۆتەوە چ جۆرە سیاسەت و كاردانەوەیەكیان دەبێت، بەڵام چاوەڕوانی ئەوە لەیەكێتی دەكرێت سیاسەت وكاردانەوەیەكی توندوتیژی هەبێ. چونكە لیستی سەربەخۆی نەوشیروان جگە لەوەی لەدەنگی یەكێتی دەبات، رەنگبێ وا لەپارتیش بكات فشاری زۆرتر بخاتە سەر یەكێتی وناچاری بكات تەنازولاتی زیاتر بكات چونكە بێگومان دەنگی یەكێتی لەبەرامبەر پارتیدا بەراددەیەكی زۆر كەمتر دەبێتەوە. لێدوانەكەی "فازڵ میرانی"ش كەگوتبووی"نەوشیروان مستەفا بەتەنیا نیوەی یەكێتییە". بۆنی ئەوەی لێدێت لەكاتی لیستی سەربەخۆی نەوشیرواندا، پارتی بەهەمان مەرجی جارانی نیوە بەنیوە ودابەشكردنی پۆستەكانی كوردستان وعێراق بەشێوەی یەكسان لەگەڵ یەكێتی رازی نەبێت. هەرچەندە یەكێتی و وتەبێژی مەكتەبی سیاسیی یەكێتی لەبەرانبەر ئەو لێدوانەی "میرانی"دا وەڵامێكی لاوازیان پێبوو، بەڵام لەراستیدا لیستەكەی نەوشیروان مستەفا لەدوورماوەدا كاردەكاتە سەر رێككەوتنە ستراتیژییەكەی پارتی ویەكێتی. كەواتە هەڕەشەكەی یەكێتی لەوەوەیە نەوشیروان مستەفا پارتەكەیان لەبەرانبەر پارتیدا لاواز دەكات. لەگەڵ ئەم هەڕەشەو گوڕەشانەشدا هێشتا كۆمپانیای سوورە لەسەر ئامادەكردنی لیستی سەربەخۆ وپێیانوایە سیاسەتی هەڕەشكردن دژی هەركەس سەركەوتوو بووبێت بێگومان لەدژی نەوشیروان رووی لەشكستە. "د.لەتیف شێخ مستەفا" دەڵێت "تائێستا هەركەس ویستبێتی لیستێك دروستبكات یەكێتی وپارتی بەخیانەتكارو نەیاری هەرێم داویانەتە قەڵەم، بەڵام ناتوانن بەرامبەر كاك نەوشیروان ئەوەبكەن، چونكە ئەویش بەقەد یەكێتی وپارتی خەباتی كردووە، جگە لەوەش جەماوەری تایبەتی خۆی هەیە بەتایبەتی لەسلێمانی". بەیەك دێڕ دەتوانین بێژین: لیستی سەربەخۆی نەوشیروان یەكێتی شڵەژاندووەو پارتیشی دووچاری شۆك كردووە.
 وشەی كۆتایی
 نەوشیروان مستەفاو كۆمپانیای وشە وەك دەستگەیەك ورێكخراوێكی كۆمەڵی مەدەنی لانیكەم بەهۆی نفوزی جەماوەریی كاك نەوشیروانەوە دەتوانن سەرەتایەكی نوێ دابمەزرێنن لەژیانی دیموكراسیی لەكوردستاندا. هەنگاوی لیستی سەربەخۆ كەپێشبینی ناكرێت لیستێكی لاواز بێت ئەو هەنگاوەیە وەرچەرخان لەئەدگاری سیاسیی كوردستاندا درووستدەكات، ئەگەر پارتی ویەكێتی هەتا ئێستا بەیەك لیستی ودابەشكردنی یەكسانی سامان وپۆستە سیاسیی وئیدارییەكان جەستەی دیموكراسییان وردوخاش كردبێت، ئەوە هێزەكانی تری لەنموونەی كۆمپانیای وشە دەتوانن پێچەوانەكەیمان پێشكەش بكەن و وەك فراكسیۆنێكی بەهێزی سیاسیی لەنێو پەرلەمان وحكومەت رێگریی بكەن لەوەی تائەمڕۆ گوزەراوە. كەواتە ئێستا تۆپەكە لەقاچی نەوشیروان مستەفاو هاوڕێكانیدایە، بۆئەوەی بزانین گۆڵ دەكەن یان نا؟ ئەوە حەوسەڵەیەكی كەممان بەسە، چونكە چەند مانگێكی تر هەموو شتێك روون دەبێتەوە. 
  
 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.