Skip to Content

Thursday, March 28th, 2024
ئە‌حمە‌دی مە‌لا لە تەوەرى نوسین و خوێندنەوەدا

ئە‌حمە‌دی مە‌لا لە تەوەرى نوسین و خوێندنەوەدا

Closed
by April 30, 2008 گشتی

ئامادەكردنى : توانا ئەمین…..
 
 ئەمڕۆ نێوەندى روناكبیرى كوردى لەكۆمیدیایەكدا ژیان دەكات، بەدەست دەردێكەوە دەناڵێنێت كەدەتوانین بەپەتاى نەخوێندنەوە ناوزەدى بكەین! دەیان روژنامەى زەردو سەدان كتێبى هیچ لەبازاڕدا بەرچاودەكەون، دەزگاگەلێكى چاپو پەخش لەم هەرێمە بچوكەى ئێمەدا دەبینرێن كەبەزەحمەت لە بیۆگرافیاكانیاندا كتێبێك، تەنها یەك كتێبى چاك دەدۆزیتەوە، ئەگەر بەختت هەبێت.
 رۆژنامەى هەرزان، نوسەرانى سادەگۆو پیشەیى، روشنبیرى موزەیەف و بەناو روناكبیرى بێئاگا لەدونیا، دەسەڵاتێكى سیاسى بێخەمو بێخەبەر، لە زەمینە سازیەكانى ئەم نەخۆشیەن… ئەمڕۆ لەلاى ئێمە تاڕادەیەك هاوكێشەى نوسەرو خوێنەر لەپێچەوانەبونەوەدان، خوێنەرانێكمان لە ئاستێكدا هەن كەلێناگەڕێن هەموو شتێك بەسەریاندا تێپەڕێت، لەحاڵێكى وادا دەبێت نوسەرى ئێمە حسابێكى جدى تر لەدەیەكانى پێشوو بۆ خوێنەر بكات.
 ئێمە لێرەدا لەبارەى گرنگى خوێندنەوەو ئاشنابوون بە كتێبو كلتور، وەك دەروازەیەك بۆ دۆزینەوەى پێگەى خۆمان جارێك وەك مرۆڤو جارێك وەك نەتەوە، لەمەڕ بەهەند وەرگرتنى مەعریفە وەك مەرجى یەكەم لەپرۆسەى نوسیندا، ئیشى ئیلهامو رۆڵى مەعریفە لەبەرهەم هێنانى دەقدا، لەمەڕ ئەو پاشا گەردانیەى رۆژنامەوانىو رۆشنبیرى كوردى، دەستەیەك روناكبیرو نوسەرى جدیمان لەم تەوەرەدا كۆكردەوەو لەم پرسیارەدا پەیامى خۆمان كورتكردەوە:
  
 لەكاتێكدا تێكستە گەورەكانى دونیا زادەى مەعریفەن نەك ئیلهام، كەچى نووسەرى ئێمە كەم دەخوێنێتەوەو زۆر دەنووسێت! نووسینى دواى ئەم هەموو نەخوێندنەوەیە رۆشنبیریى كوردىو بەتایبەتیش ئەدەبیات بەرەو سادەگۆیىو هیچ نەوتن نابات؟
 
 ئە‌حمە‌دی مە‌لا:
 گە‌ورە ‌نووسە‌رانی كورد لە‌ مزگە‌وتو حوجرە‌كاندا زمانیان پژاوە‌و دە‌بێ ئە‌و راستییە‌ تاڵە‌ش بزانین كە‌ مە‌عریفە‌ی حوجرە‌ پاشماوە‌ی مە‌عریفە‌ی چاخە‌كانی ناوە‌ندە‌.
 
 
 "خوێندن و نووسین" دوو دە‌ستە‌خوشكی یە‌كگرتوونو پێكڕا چە‌مكێك لە‌ بواری دیداكتیك واتە‌ لە‌ بواری فێربوون و پێداگۆژێ دا وە‌كو چالاكییە‌كی گرینگ دە‌ناسرێنە‌وە‌. پێش ئە‌وە‌ی پرسیارە‌كە‌ ئاراستە‌ی نووسە‌رانی لای ئێمە‌ بكرێت، بە‌ پێویست دە‌زانرێت، هە‌مان پرسیار بە‌ بە‌جۆرێكی دیكە‌، ئاراستە‌ی وە‌زارە‌تە‌ پە‌یونددارە‌كان بكرێتو هە‌ڵوێستە‌یە‌كی گرینگ لە‌ سە‌رجە‌م ئە‌و بابە‌تانە‌ بكرێت كە‌ پە‌یوندییان بە‌ خوێندنو نووسینە‌وە‌ هە‌یە‌. بە‌ڵكو بە‌ شێوە‌یە‌كی فراوانتر، پە‌یوە‌ندییان بە‌ سیستە‌می پە‌روە‌ردە‌وە‌ هە‌یە‌.
 خوێندنە‌وە‌ چالاكییە‌كی فیكرییە‌ دە‌كە‌وێتە‌ پێش نووسین، واتە‌ ئینسان زووتر فێری خوێندنە‌وە‌ دە‌بێت تا نووسین، زووترە‌ فێری تێگە‌یشتن دە‌بێت تا قسە‌كردن. ئە‌م راستییە‌ بۆ زمانی دایك و زمانی بییانیش دە‌شێت.
 كاتێك جە‌وهە‌ری گرفتە‌كە‌ دە‌گە‌ڕێنینە‌وە‌ سە‌رە‌تاكانیو لە‌ پێكهاتە‌كانی ورد دە‌بینە‌وە‌، ئە‌وكات دە‌كرێ بە‌ دوای رێگاچارە‌سە‌رە‌كان بگە‌ڕێین. قووتابی كورد لە‌ قۆناغی سە‌رە‌تایی چ دە‌خوێنێتە‌وە‌و چۆن دە‌یخوێنیتە‌وە‌؟ خوێندنە‌وە‌ تە‌نها گواستنە‌وە‌یە‌كی میكانیكی وشە‌كان نییە‌و لە‌ سە‌رجە‌می تێگە‌یشتنی‌ وشە‌كاندا لە‌ رستە‌ تێبگە‌ینو پاشانیش لە‌ تێكێستێك. بە‌ڵكو هە‌موو نووسینێك لە‌ نێو تە‌ونێكی دیاریكراو ماناكانی دە‌خە‌مڵێنو ئە‌و تە‌ونە‌ش‌ پە‌یوە‌ندیی بە‌ مێژووی و سیاقە‌كانی كولتووریو كۆمە‌ڵایە‌تییە‌وە‌ هە‌یە‌.
 رستە‌ی : "دارا دوو داری دی" چ بە‌ منداڵ دە‌ڵێت زیاتر لە‌وە‌ی كە دانە‌ری ئە‌م رستە‌یە‌ مە‌بە‌ستی‌ دووبارە‌كردنە‌وە‌ پیتی "دال"ە‌. واتە‌ رستە‌یە‌ك لە‌ خزمە‌تی پیتێكدا دروست بووە‌، بە‌ بێ ئە‌وە‌ی زانیارییە‌كی دی بۆ منداڵ پێبێت! رستە‌ دە‌بێت دە‌وڵە‌مە‌ند بێت. سە‌رە‌‌ڕای ئە‌وە‌ی كتێبی پۆلی یە‌كە‌می سە‌رە‌تایی تە‌مە‌نی پە‌نجا ساڵە‌. هیچ گۆڕانكارییە‌كی بنە‌ڕە‌تی لە‌ فێركردنی منداڵ نە‌هاتۆتە‌ دی.
 لە‌م قۆناغە‌دا‌ منداڵ دە‌بێ فێری خوێندنە‌وە‌ و نووسینی راستە‌قینە‌ بكرێت، واتە‌ فێری ئە‌وە‌ی بكرێت كە‌ بیركاتە‌وە‌. بیر لە‌و شتانە‌ بكاتە‌وە‌ كە‌ دە‌یخوێنێتە‌وە‌.
 هە‌موو دە‌قێك مێژووی خۆی هە‌یە‌ چ لە‌ دارشتندا، چ لە‌ سە‌رجە‌م ئە‌و زانیارییانە‌ی كە‌ هە‌ڵیگرتووە‌و ئە‌م ئاستە‌ش لە‌ پاڵ تە‌مە‌نو قۆناغە‌كانی پە‌روە‌ردە‌یی قووتابی دا دە‌بێ بخوێندرێتە‌وە‌. ئێمە‌ هە‌موومان دە‌یان دە‌قمان لە‌بە‌ر كرد بە‌ بێ ئە‌وە‌ی واتای ئە‌و دە‌قانە‌ فێركرابێتین، دە‌یان بیردۆزە‌یان كردینە‌ مێشكە‌وە‌ بە‌ بێ ئە‌وە‌ی هیچ پە‌یوە‌ندییە‌ك لە‌ نێوان ئە‌و بیردۆزانەو ژیان بە‌ مانا فراوانە‌كە‌ی دا هە‌بووبێت، یا دروست كرابێت. بۆ نموونە‌ وانە‌كانی مێژوو لە‌ قۆناغی سە‌رە‌تایی، لە‌ چاخە‌كانی بە‌رد و مرۆڤی نێە‌ندرتاڵ دە‌ستی پێدە‌كرد لە‌ كاتێك ئە‌م زانیارییانە‌ دە‌بێ درە‌نگتر فێری قووتابی بكرێنو پێویستە‌ بخرێنە‌ دوا قۆناغە‌كانی ئامادە‌یی. بە‌ پێویست دە‌زانرێت لە‌ گە‌شە‌كردنی مێشكیو حە‌زو تواناكانی منداڵ ئاگادار بینو لە‌ ژێر ئە‌و رۆشناییانە‌ كتێی پە‌روە‌ردە‌ دابرێژرێت. تا نووسە‌رانی كتێبی مناڵانیش ئاگاداری ئە‌م كە‌لێنانە‌ نین، ئە‌وانی تە‌نها لە‌ سۆز و خۆشە‌ویستییانە‌ ئە‌م كارە‌ ئە‌نجام دە‌دە‌ن. پە‌روە‌ردە‌ لە‌ پاڵ خۆشە‌ویستی پێویستی بە‌ كاری زانستیش هە‌یە‌.
 
 با بێینە‌وە‌ سە‌ر پرسیارە‌كە‌، زۆر قووتابی هە‌یە‌ قۆناغی ئامادە‌یی تە‌واو دە‌كات بە‌ بێ ئە‌وە‌ی هێشتا لە‌ خاڵبە‌ندییو دروستكردنی پە‌رە‌گراف تێگە‌یشتبێت، بە‌ بێ ئە‌وە‌ی بە‌ شێوە‌یە‌كی لۆژیك رستە‌كان پێكە‌وە‌ گرێ بداتو خاڵ لە‌ دوای رستە‌كان دابنێت. قووتابی تایبە‌تمە‌ندیی دە‌ق ناناسێ‌، جوداووازیی لە‌ نێوان دە‌قێكی كە‌ كاری وە‌سفی هە‌بێتو دە‌قێكی دی‌ زنیاری رووت بگوازێتە‌وە‌، نادۆزێتە‌وە‌.
 ئە‌م گرفتانە‌ تە‌نها پە‌یوە‌ندیی بە‌ مامۆستاوە‌ نییە‌، بە‌ڵكو پە‌یوە‌ندیی بە‌وكە‌سانە‌شە‌وە‌ هە‌یە‌ كە‌ دە‌قی كتێبە‌كان دە‌نووسنو ئامادە‌ دە‌كە‌ن، پە‌یوە‌ندیی بە‌سە‌رجە‌م ئە‌و زانستە‌ نوێیانە‌وە‌ هە‌یە‌ كە‌ لە‌ بواری پە‌روە‌ردە‌دا پە‌یا دە‌بن. باڵە‌خانە‌ی پە‌روە‌ردە‌ لە‌ وڵاتی ئێمە‌ دە‌بێ دە‌سكاری بناغە‌ و تە‌مە‌ڵە‌كە‌ی بكرێت. بە‌ بێ دە‌سكارییە‌كی تە‌واو كۆمە‌ڵگای ئێمە‌ مومكین نییە‌ بتوانێ بكە‌وێتە‌ سە‌ر پێی خۆی. جگە‌ لە‌وە‌ی كە‌ بە‌ پێویست دە‌زانرێت زمانانی ئینگلیزی یا فە‌رە‌نسی لە‌ پۆلی یە‌كە‌می سە‌رە‌تاییە‌وە‌ بوترێنە‌وە‌. لە‌ رووی زانستییە‌وە‌، منداڵ ئە‌و قودرە‌تە‌ شك دە‌بات كە‌ سێ زمان یا زیاتر فێر بێت.
 كە‌واتە‌ نووسە‌ری كورد بە‌رهە‌می ئە‌م سیستە‌مە‌ سە‌قە‌تە‌یە‌. جگە‌ لە‌ سە‌رجە‌م ئە‌و گۆڤارو رۆژنامانە‌ی كە‌ دە‌ردێن هە‌ندە‌ی لە‌ باوە‌شی سیاسە‌تو حیزبە‌وە‌ دێنە‌ خوارێ هە‌ندە‌ بە‌رهە‌می كە‌سانێك نین كە‌ هە‌می دە‌ركردنی گۆڤاریان هە‌بێتو شتێكی تایبە‌تیان هە‌بێتو بیانە‌وێ لە‌‌ رێگای گۆڤارێكە‌وە‌ بیگە‌یە‌ننە‌ خوێنە‌ر. دامە‌زراوی سیاسی بە‌ مانا فراوانە‌كە‌ی گۆڤاری ئە‌دە‌بی دە‌ردە‌كات!! لە‌ كۆتایی دا دە‌بێتە‌ جۆرە‌ رزق پە‌یاكردنێك…
 
 ‌ ئێمە‌ لە‌ نێو گە‌رداوێكی تە‌واو دا دە‌ست بە‌ خوێندنو نووسین دە‌كە‌ین. كە‌واتە‌ ئە‌گە‌ر رۆشنبیرێكی كوردی ئیمڕۆ تە‌نها هە‌ر كوردی بزانێت لە‌ توانای دا نابێت بە‌رهە‌مێكی تە‌ندروست بە‌رهە‌م بهێنێ، لە‌ توانای دا نابێت جگە‌ لە‌ دە‌ربڕینی هە‌ندێ هە‌ست و هە‌ندێ دڵە‌ڕاوكە‌ی بتوانێ بە‌رهە‌مێكی مە‌عریفی كۆك پە‌یدا بكات. چونكە‌ بە‌ رای من، ئە‌م راستییە‌ بۆ بە‌شێكی هە‌رە‌ زۆری نووسە‌رانی عە‌رە‌بیش راستە‌، بۆ كۆكردنی زمانی ئە‌دە‌بی، بۆ خە‌مڵاندنی زمانێكی زانستی، ئیمڕۆ پێویستیمان بە‌ زمانە‌ زیندووە‌كانی جیهان هە‌یە‌ تا لە‌ رێگای ئە‌و زمانانە‌وە‌ فێری خوێندنە‌وە‌ و نووسین بین. چونكە‌ بیركردنە‌وە‌ و لێكۆڵینە‌وە‌ی زانستی بە‌و زمانانە‌ دە‌كرێن. وە‌ك چۆن زمانی عە‌رە‌بی لە‌ سە‌دە‌ی دە‌وە‌ بۆ سە‌دە‌ی سیانزە‌ زمانی بیكردنە‌وە‌وداهێنان بوو بۆ نە‌ك تە‌نها بۆ عە‌رە‌بان، بە‌ڵكو بۆ فارسو كوردو جوولە‌كە‌و مە‌سیحییە‌كانی رۆژهەڵات. وە‌كو زمانی لاتینی بۆ ئە‌ورووپای سە‌دە‌كانی ناوە‌ند بوو.
 بە‌ڵام ئیمرۆ پێوە‌رە‌كان تووشی گۆڕان هاتوونو دە‌بێ لە‌ نێو ئە‌م گۆڕانكارییانە‌ پێناسە‌ی كولتوورو شارستانیو زمانمان بكە‌ین. ئە‌مە‌ بۆ كە‌موكوڕی زمان وە‌كو پێكهاتە‌یە‌كی ماددی ناگە‌ڕێتە‌وە‌، خە‌تا لە‌ زمانە‌كان نین، بە‌ڵكو لە‌ چە‌مكو بۆچوونە‌كانن، لە‌ پێناسە‌و زاراوە‌كانن، لە‌ سە‌رجە‌م ئە‌و تێگە‌یشتنانە‌ن لە‌  هاوتە‌ریب لە‌ گە‌ڵ زماندا لە‌ رە‌وت دایە‌. گرفتێكی ئالۆزە‌و پێویستی بە‌ لێكۆڵینە‌وە‌ی زیاترو قسە‌ی زیاتر هە‌یە‌!
 با گریمانی ئە‌وە‌ بكە‌ین كە‌ قۆناغی ئیمڕۆمان (بۆ كوردستانی باشوور) بە‌ قۆناغی راپە‌ڕین نێوزە‌د بكە‌ین، ئە‌وە‌ دە‌بێ لە‌شكرێك پێكبهێنین كاری تە‌رجە‌مە‌كردن‌ ببێت، هە‌ر تە‌رجە‌مە‌یە‌ وە‌ك دە‌سپێك زمانی كوردی دە‌دۆزێتە‌وە‌و لە‌ سە‌ر پێی خۆی رایدە‌گرێت.
 جاران زمانی عارە‌بی بۆ نووسە‌رانی كورد، بە‌ تایبە‌ت تا ناوە‌ندی پە‌نجای سە‌دە‌ی رابردوو وە‌كو باگراوند سە‌یر دە‌كرا. چونكە‌ گە‌ورە ‌نووسە‌رانی كورد لە‌ مزگە‌وتو حوجرە‌كاندا زمانیان پژاوە‌و دە‌بێ ئە‌و راستییە‌ تاڵە‌ش بزانین كە‌ مە‌عریفە‌ی حوجرە‌ پاشماوە‌ی مە‌عریفە‌ی چاخە‌كانی ناوە‌ندە‌. زۆربە‌ی هە‌رە‌ زۆری ئە‌و زانیارییانە‌ لە‌ ساتە‌وە‌ختێكی مێژوویدا هاتنە‌ بە‌رهە‌م، بە‌رەە‌می شارستانییە‌تێكی گرینگ بوو، بە‌ڵام تووشی مە‌نگ بوونو لە‌ قسە‌كە‌وتن هاتوون. هە‌روە‌كو بیریاری جە‌زائیری ئە‌ركوون دە‌ڵێت زمانی عە‌رە‌بی لە‌ دوای سە‌دە‌ی سیانزە‌وە‌ تووشی لە‌ گۆچوون هاتووە.‌ بۆیە‌ ئە‌و زانیارییانە‌ مە‌گە‌ر بە‌شێكی یە‌كجار كە‌می نە‌بێت، ئە‌گینا وە‌كو ئە‌رشیف دە‌بێ سە‌یر بكرێن.
  خاڵێكی دیكە‌یە‌ هە‌یە‌ دە‌بێ بە‌ جە‌ختە‌وە‌ ئاوڕی لێبدرێتە‌وە‌ ئە‌ویش ئە‌مە‌ی لای خوارە‌وە‌: كاتێك بە‌ تە‌واوی فێری خوێندنە‌وە‌ نابین، واتە‌ خوێندنە‌وە‌كانمان بە‌ نیوچڵی دە‌مێننە‌وە‌. ئە‌م نیوە‌چڵییە‌ پە‌یوە‌ندیی بە‌ چە‌ندایە‌تییە‌وە‌ نییە‌، بە‌ڵكو پە‌یوە‌ندیی بە‌ چلۆنایە‌تییە‌وە‌ هە‌یە‌. مە‌رج نییە‌ هە‌موو كتێبە‌كانی دونیات خوێندبێتە‌وە‌ تا بە‌رهە‌می چاك پێشكە‌ش بكە‌یت، بە‌ڵكو چۆن ئە‌و كتێبانە‌ت خوێندۆتە‌وە‌.
 ئێمە‌ شاعیر و نووسە‌ری وامان هە‌یە‌ زۆریان خوێندۆتە‌وە‌، بەڵام سە‌رجە‌م ئە‌و خوێندنە‌وانە‌ فریای نە‌كە‌وتوون تا دە‌قێكی زۆر جوان بنووسێت. كە‌واتە‌ مە‌سە‌لە‌ی نووسین تە‌نها پە‌یوە‌ندیی بە‌ سە‌رجە‌م ئە‌و كتێبانە‌وە‌ نییە‌ كە‌ خوێندوومانە‌تە‌وە‌، بە‌ڵكو پە‌یوە‌ندی بە‌و گۆڕە‌پانە‌شە‌وە‌ هە‌یە‌ كە‌ تیایا ژیاوین.
 كۆمە‌ڵگە‌ی كوردی تە‌قلیدییە‌. گۆڕانكاری لە‌ مە‌نتالیتێ واتە‌  لە‌ عە‌قڵییە‌تدا زۆر سستە‌، پە‌یوە‌ندیمان بە‌ شارە‌وە‌ نییە‌، كوردستان لە‌ تەكە‌توولاتی گو‌ندیی پێكهاتوون، گوندی گە‌ورە‌ گە‌ورە‌ دروست دە‌بن. سە‌رجە‌م پە‌یوە‌ندییە‌كان لە‌ سە‌ر ئاستی خزمایە‌تی و خێڵایە‌تیو هاوشاریو حیزبایە‌تی بە‌رقە‌رار بوونە‌، چە‌مكو تێگە‌یشتمان بۆ ژیانی شارستانی هیشتا نە‌خە‌مڵاوە‌. كولتوور ئیمڕۆ بە‌ بە‌شێكی نە‌بڕاوە‌ی دونیای شار دە‌ناسڕێتە‌وە‌. (هە‌رچە‌ندی بۆچوونی شارى نوێش دە‌كرێ رە‌خنە‌ی ئارستە‌ بكرێت، بەڵام ئە‌م خوێندنە‌وە‌یە‌ بابە‌تێكی دییە‌. هە‌روە‌كو ئە‌دگار مۆران سۆسیۆلۆژیی فە‌رە‌نسا لە‌م رووە‌وە‌ كتێبێكی نوێی نووسییە‌وە‌ و باس لە‌ دامە‌زراندنە‌وە‌یە‌كی دیكە‌ لە‌مە‌ڕ پە‌یوە‌ندییە‌كانی نێوان شار و گوند دە‌كات.)
 لە‌ لایە‌كی دیش، لە‌ كۆمە‌ڵگای كوردیدا، تاك عاجباتییە‌كە‌ دە‌بێ گوندبە‌دە‌ر بكرێت تا گرووپو كۆمە‌ڵ بە‌ كە‌مالی ئیسراحە‌ت پاڵبداتە‌وە‌. دروست نە‌بوونی چە‌مكی تاكو پاراستنی تاك لە‌ لایە‌ن كۆمە‌ڵە‌وە، لە‌ لایە‌ن یاساوە‌،‌ یە‌كێكە‌ لە‌ هۆكارە‌ بنە‌ڕە‌تییە‌كان كە‌ بە‌رهە‌می ئە‌دە‌بیو بە‌رهە‌می زانستیو بە‌رهە‌مە‌كانی دی بە‌ تە‌واوی پە‌كخستووە‌.
 لە‌ كۆتایی دا، ئێمە‌ موراجە‌عە‌و پێداچوونە‌وە‌یە‌كی سە‌رتاپە‌گە‌رییو هە‌مە‌لایە‌نیمان گە‌رە‌كە‌ تا هە‌نگاوی دروست بۆ گۆمە‌ڵگایە‌كی تە‌ندروست بهاوێژین كە‌ تیایدا خوێندنە‌وە‌و نووسین ببنە‌وە‌ بە‌ دوو چالاكی تا تە‌ندروستی زیهنیمان بۆ بگە‌ڕێنێتە‌وە‌.
 
 *ئەم تەوەرە لە رۆژنامەى چاودێردا بڵاوكراوەتەوە
 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.