Skip to Content

Monday, November 29th, 2021

بابه‌س بێت زمانی شه‌ڕ ___ بۆ هیچ که‌س نه‌چۆته‌ سه‌ر

Be First!
by April 10, 2009 گشتی

بابه‌س بێت زمانی شه‌ڕ ___   بۆ هیچ که‌س نه‌چۆته‌ سه‌ر
یه‌کێتی نیشتمانی کوردستان _ بزوتنه‌وه‌ی ڕابوون

                                            
ماوه‌یه‌که‌ کۆمه‌ڵێک سه‌ری به‌تاڵ ، به‌تاڵ به‌تاڵ له‌ خۆشه‌ویستی نیشتمان ،به‌تاڵ به‌ تاڵ له‌ گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ مێژوویه‌ک بێ ئه‌نداز  تاڵ، له‌و مێژووه‌ی نیو سه‌ده‌یه‌ گه‌لی کورد ئه‌کات به‌ زوخاڵ، به‌ ووتاری توندو تیژو به‌ په‌نجه‌ ڕاوه‌شان ،ڕێ خۆشده‌که‌ن تا خوێن بکه‌نه‌ خه‌نده‌قی پاراستنی به‌رژه‌ونه‌ندیه‌کانیان و باڵابوونی کۆشکی خه‌یاڵ.ماوه‌یه‌که‌ کۆمه‌ڵێ سه‌ری به‌تاڵی سه‌وزو زه‌رد ،ده‌یانه‌وێت توڕه‌یی گه‌لێک قه‌تیس بکه‌ن و  وا نیشانده‌ن ئه‌و ده‌نگه‌ وروژاوانه‌ ته‌نها داوای ڕیفۆرمخوازانه‌‌. ماوه‌یه‌که‌ سه‌ره‌ به‌تاڵه‌کان که‌وتونه‌ته‌ درۆو بوختان ،گوایه‌ ئه‌و بزاڤه‌ دوژمنان و ناحه‌زان له‌ ده‌وروبه‌رو ئیقلیمه‌وه‌ ئه‌یبزوێنن، هه‌ڕه‌شه‌ ده‌که‌ن و به‌ ئاشکرا زه‌مینه‌ی په‌لامار خۆشده‌که‌ن.  به‌ پێویستی ده‌زانین پێتان بڵێین  ،ئه‌و ڕه‌فتارانه‌تان ،ڕه‌فتاری هه‌موو دیکتاتۆره‌کانی دنیایه‌و چاره‌نوسیشتان هه‌مان چاره‌نوس ده‌بێت ئه‌گه‌ر خۆتان ڕاست نه‌که‌نه‌وه‌.  شه‌ش مانگ به‌ر له‌ ئێستا که‌ ده‌مان گووت سه‌رانی عێراق و په‌ڕله‌مانه‌که‌ی ،له‌ سه‌رانی کوردو په‌ڕله‌مانه‌که‌ی  دیموکراتیترن و سیستماتیکترن، حاشاتان لێده‌کرد . ئه‌مڕۆ که‌ دیموکراتیه‌ت و سیسته‌م لای ئه‌وان و دیکتاتۆریه‌ت و بێسه‌رو به‌ری لای ئێوه‌ ڕوو له‌ هه‌ڵکشانه‌و ڕۆژ به‌ ڕۆژ ڕوونتر ده‌بێته‌وه‌، ئیتر توانای حاشاکردنتان نه‌ماوه‌و ،ئێستا ئیتر پوازشی نابه‌جێ دێننه‌وه‌ و ده‌ڵێن چونکه‌ ئه‌وان خاوه‌نی ده‌یان ساڵی ووڵات و خۆ به‌ڕێوه‌بردنن، ئێمه‌ ئه‌زمونمان که‌مه‌. ئێوه‌ که‌ ناتانه‌وێت خۆتان چاککه‌ن هاواری شێتانه‌ ده‌که‌ن و ده‌ڵێن چۆن هیچ نه‌کراوه‌ ؟ ئه‌وه‌ی ئێمه‌ش ده‌یبینین به‌ به‌راورد له‌گه‌ڵ ئه‌و بودجه‌یه‌ی هه‌یه‌ هیچ نییه‌. ئه‌وه‌ی ئێمه‌ ده‌یبینین له‌(1972-1991)، به‌ بودجه‌یه‌کی %5 وله‌سه‌ر ده‌ستی دوژمنێکی داگیرکه‌ر ،زیاتره‌ له‌وه‌ی له‌ (1991-2009 ) کراوه‌ به‌ بودجه‌یه‌کی زیاتر و به‌تایبه‌تی (2003-2009)که‌ له‌ %17 بوه‌، جگه‌ له‌ گومرگه‌کان و فرۆشتنی نه‌وتی قاچاخ. ئه‌وه‌ جگه‌ له‌وه‌ش که‌ به‌شێکی ئه‌وه‌ی هه‌یه‌ خێرخوازان کردویانه‌. داواتان لێده‌که‌ین هۆشتان بێننه‌وه‌ سه‌ر . ئیتر نه‌ که‌سوکاری شه‌هیدان و نه‌ کۆمه‌ڵانی خه‌ڵکی کوردستان به‌ درۆکانتان ناخه‌ڵه‌تێن . ووشیارتان ده‌که‌ینه‌وه‌ ئه‌وه‌ ئێوه‌ن گوێ ناده‌نه‌ مه‌ترسیه‌کان و چاره‌نوسی گه‌له‌که‌مان . ئه‌وه‌ ڕیفۆرمخوازه‌کان نین ، ئه‌وه‌ نه‌وشیروان مسته‌فا و جه‌وهه‌ر نامیق و ئه‌یوب بارزانی و  حه‌مه‌ی حاجی مه‌حمودو سه‌لاحه‌دین به‌هادین نین ،که‌ بونه‌ته‌ هۆی  ناشیرینبونتان و گه‌رم بونی کوره‌ی پڕ له‌ جۆشی چاکسازی . به‌ڵام ئێوه‌ گێلن یان خۆتان له‌ گێلی ئه‌ده‌ن ،که‌ ده‌تانه‌وێ  بیانو بۆ گێچه‌ڵ بێننه‌وه‌. ئه‌وه‌ کۆمه‌ڵانی خه‌ڵکی کوردستانن که‌ ئیتر ناتوانن چاو له‌و هه‌موو گه‌نده‌ڵیه‌تان بپۆشن ، ئه‌وه‌ کۆمه‌ڵانی خه‌ڵکی کوردستانن داوای گۆڕان و چاکسازی و دیموکراتیه‌ت و دادپه‌روه‌ری ده‌که‌ن . ئه‌و داواکاریانه‌ی کۆمه‌ڵانی خه‌ڵکی کوردستان به‌ ئامۆژگاری و پێشڕه‌وایه‌تی ده‌یان له‌ بیرمه‌ندان و ڕۆشنبیرانی وه‌ک جه‌مال نه‌به‌ز و بورهان یاسین و دلاوه‌ر عه‌لادین و  عه‌تا قه‌راخی و شاهۆ سه‌عید وشێرزاد حه‌سه‌ن و مه‌سعود و به‌ختیار عه‌لی و ڕێبین هه‌ردی و که‌مال ڕه‌ئوف و مه‌ریوانی وریا قانع ونه‌به‌ز گۆران و  چه‌ندان ده‌نگ و ڕه‌نگی دیکه‌و هه‌ریه‌که‌ و مه‌شخه‌ڵی گوزه‌رێک ، که‌سایه‌تیه‌ سیاسیه‌ خه‌مخۆره‌کانی گه‌لیش چونه‌ته‌ ئه‌و به‌ره‌یه‌وه‌ که‌ به‌ره‌ی  چاکخوازانه‌. که‌واته‌ سه‌رئه‌نجام ده‌بێت له‌وه‌ بگه‌ن که‌ زه‌روره‌تێک هه‌یه‌ پێی ده‌گوترێت (خواستی گۆڕان ) و ئه‌م زه‌روره‌ته‌یه‌ ڕۆژ به‌ڕۆژ بازنه‌ی  هه‌مه‌ڕه‌نگی و فره‌ده‌نگی بۆته‌ی ئه‌م خواسته‌ هه‌م فراوانترو هه‌م یه‌کانگیرتر ده‌کات .
یه‌کێتی نیشتمانی کوردستان _ بزوتنه‌وه‌ی ڕابوون
7-4-2009

Previous
Next

Leave a Reply