Skip to Content

Tuesday, September 29th, 2020

بابەپێكەنینەوە پیاسەیەك بەحوزندا بكەین

Be First!
by April 22, 2008 ئەدەب

سوارە نەجمەدین……
 
 
 -1-
 هاوڕێیانى ئازیز و
  ئازیزانى بەخشندەیى
  ئێوارەیە و
  وشەكان ریزیان بەستووە
   نێرگزێكى كەمەرباریكى باڵابەرزم
  كردووەتە كەمەربەند
   لەم بیابانە سپیەدا
   ڕەشبەڵەكە و من پرسە دەنووسمەوە
  -2-
   لە ئەمەزۆن
  پیاوێك دەمرێت
  من لێرە پرسەى بۆ دادەنێم
  لە زۆزانا
  بەفر  تا بینەقاقا دێت
   من لە ئاران
  سەرمام دەبێت
   لە بەرزەخیش
  ڕۆحێك بفڕێت
  من لێرە سزا دەدرێم
  -3-
  ئیرەیى
 بەپیرەمێردێك دەبەم كەسبەینىَ دەمرێ
 بەدوای فریشتەیەكدا ڕادەكەم
 كەنهێنی ژیان لەژێرسەریدایە
 -4-
  لە ناو ئاپووراى مرۆڤدا
  لەم ئەزمەى تاكبوونەدا
  من هەر خۆم و خەیاڵێكى درێژدادڕم…. چبكەم
   كەسێك شك نابەم
  دەمەوێـت تا بەرزەخ بچم و
   رۆحێكى غەریب بدۆزمەوە
   ئەى دۆست هاوشانم بە
   تا بەهەشت دەچم و
   كەمێك گۆرانى خۆشبەختى  لەگەڵ دایكم دەچڕم
  دڵنیابە هەر دێمەوە
   دواین سەفەرم لە گەڵ باوكمە بەرەودۆزەخ
  -5-
  ئێوارە
   سەداى دەنگى خەیاڵى
  لەسەر بەرماڵەكەوە سوژدەى پێكێكم پێدەبا
  نیوە شەویش
  لە پەیڤەكانى ئەو موریدەى
  لە مەیخانەوە دەمباتە كونجى مزگەوتىَ رادەمێنم
   -6-
   ئەى دۆست هاوشانم بە
  كەمێك پێدەكەنم و
  فرمێسكەكەم بۆ بسڕە
 دەچمە مزگەوتێك و
  بە مجێورەكە دەڵێم پێكێ شەرابم بۆ بێنە
  هاوشانم بە
  كىَ دەڵێ ئەهریمەن بەخشندەتر نییە؟
   بۆ نابێت؟
   دیكتاتۆر لە بەخشندە جوانتر بێت!
  كارەسات لێرەوە دەست پێدەكات
  دیكتاتۆر لە بەخشندە دەچێت و
  بەخشندە لە دیكتاتۆر
  -7-
  مەهزەلەیە
   چ تاوانێكە هەمەچەشنى مرۆڤ
  پاسارى و قوڵە باڵدارن
  كارەساتە
   شۆڕشى گوڵ هەر هەڵناگیرسێت
  جوانى هەر لە چنگى تاریكیدایە
  چ تاوانێكە
  من تاكو ئێستا
   لە پاڕانەوەى پاسارى و
  لە قاقاى كەنارى تێناگەم
 بەخشندە بە هاوڕىَ
   شەقامەكان بە تەنها موڵكى تۆ نیین
   كەمێك لەو رێبوارە دۆستە رامێنە
  كە بە پەناماندا گوزەر دەكا
   بەخشندە بە
   شۆڕشى گوڵ وا زوو هەڵناگیرسێت
  ئەى یار
  بەخشندە بە
   چیدى بەسە
  پایزان بە باڵى پەپوولە داتپۆشم
  چیدى بەسە
   لە نێو دووكەڵى جگەرەكەمەوە بتبینم
   ببە
 بەو مرۆڤەى لە ریزى هەڵپەڕكێیەكدا
   پەنجەتوتەم بگووشێت
   ئەزیزم
   بەسە پرسیاركردن  بۆ دەستكەوتنى وەڵام
   تۆ پرسیار لە خودا بكە
 بزانە بەختەوەرێكی دروستكردوە؟
  -9-
 من لەم زەمینەدا چ تەنهام
 هەر وەكو
  ئەو ساتەى بە دیار شووشەى عارەقێكى بەتاڵەوە
   لە ستایشى دواین پێكدا
  تامى سوێرى چاوەكانم دەگاتە لێوم
   وەك ئەو جارانەى
   راستە شەقامێك لەگەڵ بیركردنەوەدا دەبڕم
  وەكو
   ئەو گەڵایەى
   تۆفانێك لە چنگى دایكى دەریدێنىَ و
   خوداش نازانىَ
   لە كوىَ جێى دەهێڵىَ
  -10-
   من لەم زەمینەدا لە خۆمدا چ قەرەباڵغم و
   لە دەرەوەش چ تەنهام
    تەنهایى لە چنگى هۆش دەرمدەهێنىَ و
   لە گۆڕەپانى خەیاڵدا بەڕەڵام دەكات
   هێى خودایە
   من
  سایەى پێكى شەراب شارەزام و
   تەنها
  دڵى خۆشم دەناسم
   تۆ
  لە هەموو جوانیەكان ناڕازیت و
   من
  دەستى جەنجاڵیش ماچدەكەم
 تۆ
 لەسەر پشتى ئاسمانیت و
 من
 بەژێر سێبەرى درەختێكدا گۆزەر دەكەم
 تۆ
 خاوەنى زەمینیت و
 من
 بستێ خاكم نیە
  ئێوارەى
   شانشینى رەنگ زەرد
  بۆ سپێدە دەگریم
   سپێدەش
   دەست لەسەر كڵاوەكەم
  بۆ ئێوارە دەنووشتێمەوە
  ئەى دۆست
  من شەوم نییە
   شەوانى من موڵكى بیركردنەوە و تۆن
  -11-
  ئەى گوڵ
   چیتر  پەپوولە مەنێرە بە دوامدا
   مڵى من چووتە ژێر باڵى هوما
  چیدى من
  بە سەماى شەونم لەسەر دڵى تۆ
  دڵخۆش نابم
  لووتى من هێندە تەنگە
  بۆنى نیشتیمانەكەشت ناكات
  -12-
  وەكو چارەنووسى دەنگى تاریك
  لە بیاباندا بژەنرىَ
  بە ئاسماندا دەچم
  وەك پاڵەوانى چیرۆكنووسێكى رەشبین
  سەرى خۆم
  بەرەو تەنهایى هەڵدەگرم
  -13-
  بەختەوەرى تۆ لە كوێى؟
  رەنگە خودا لە گەنجینەى دەریاكاندا
  كەمێك نزیك لە چەقى زەمینەوە
   یان 
  لە سەكۆى دواهەمین ئەستێرە
  كەمێك نزیك لە چەقى ئاسمانەوە
  تۆى بۆ من دانابێت
  -14-
  ئەى یار
  تۆ لە كوێیت؟
  رەنگە خودا
  لەولاى  دەلاقەیەكى سوورەوە
  كەمێك دوورتر لە جریوەى پاسارییەك
    ئومێدیكى لە بەجێمابىَ
  لە نورى تاریكیدا
  مرۆڤێك بە دیدەكەم
  چارەنووسى لە چەنگى مندایە
  -15-
  تنۆك تنۆك هیوا دەبارێت
  كزە بایەكى ئومێدبەخش  دێت
  تێناگەم
  لەم تۆفانى رەشبینیەدا چیدەكەم؟
  ئەم رەهێڵەى بەدبەختییە
  بۆ كوێم دەبات
  رەنگە دواین ویستگەى ئەم سەفەرەم
  هێلانەى كوندە پەیوویەك بێت
  -16-
    لە باڕێزەى
    ئەم وەرزە سەوزەدا
    گەڵایەكى نەخۆشى رەنگ زەردم
    هێندە نییە
  سەرم لە لاشەم ببێتەوە
  ئازارێكى رەق ئەستوور بە دوامەوەیە
  نیوە شەوە و
  تنۆك تنۆك نەڕووخانم لىَ دەچۆڕىَ
 -17-
   نیوە شەوە و
  غوربەت
  بە رۆژیش ئەوین
  دەست هەڵناگرن
  لە مێردەزمەى
 تەنهایى رزگارم دەبىَ و
  دەكەومەوە دەستى جەنجاڵى عیشقەوە
   ئەرىَ داد بۆ كىَ بەرم؟
   -18-
   ئەرىَ سەر بەرەو كوىَ هەڵگرم؟
   لە باكوردا
  من باشووریم
  لە زۆزانا
  من ئارانیم
  لە قوتبیشدا ئیستوائم
  ئەى خودا
  داد بۆ كىَ بەرم
  لە لاى تۆش من جەهەنەمیم
   -19-
   نە فریشتەى بەختەوەرى
  نە پەیامبەرى خۆشبەختیى
  دەروازەى ماڵەكەیمان نەدیوە
 ماڵى من
   لە كۆڵانى بێ رەحمانە
  نزیك شارە مێروولەیەك و
  بێ ئاگا لە بوونى عەبد
 -20-
   من سەركردەى
 رەوگەلێگ لە بىَ ئومێدى و
   دەریاوانى فرمێسكم
  ئیتر تەواو
  بە تەنها رووە و هیچ دەڕۆم
  ئیتر تەواو
  چیدى بەسە
  نووشتنانەوە بۆ كانییەك
  با سەرم رووە و ئاسمان بىَ و
  بخنكێم
  چیدى بەسە
  دەست و سەر بەرزبكەمەوە و
  تكات لێ بكەم
  رێك دەڕۆمەوە و
  تۆ لە پشتەوە بمكوژە
   ئەى دروشمى رەوگەلێك لە ناحاڵى
  تۆ بڕۆ
  رۆح لە منداڵى بستێنەوە
  من
  بەدیار تابلۆیەكەوە ڕادەمێنم
  جەنگ هەڵگیرسێنە و
  سەفەرىمرۆڤ رێكخەبەرەو نادیار
  من لێرە
  بەدیار سەرەمەرگى چۆلەكەیەكى نەخۆشەوە دەگریم
  بڕۆ
    بڕۆ لەگەڵ جوانترین حۆریى خۆدا بنوو
   لێرە
   بە دیار گوزەركردنى
  كچە خورماییەكەوە دەتاسێم
  بڕۆ
  بەلا ى حیكمەتى ژیانەوە
   من
  بە دیار حیكمەتى مردنەوە تاساوم
  كىَ دەزانىَ
  دەستپێكردنەوە كۆتایى نییە؟
   كىَ  دەڵێ كۆتایى دەستپێكردنەوە نییە؟
  رەنگە
 بەم هەمووبێ هیواییەوە
  بەختەوەرتیرین مرۆڤى دونیا بم
 -23-
    كىَ دەڵێ مەیومون بەو هەموو ناشرینییەوە
  شاژنى دارستان نییە؟
  پەپوولە
  بەو هەموو ناسكییەوە
  خوێنمژى گوڵ نییە؟
   -24-
   دواجار
  كە دەمرم دوایین بستى گۆڕستانم بەردەكەوێت
  شەوانە
  تەنها ئەو سەگانە دێنە سەرم
  كە بە منداڵى
  بە بەبردێكەوە باپیرانیانم ڕاودەنا
    -25-
   دواجار
  كە دەمرم
  لە زیهنى هیچ مرۆڤێكدا نامێنمەوە
   وەكو
  تەواوى ئەو پێكەنینانە
  چونكە
  مێشكى مرۆڤ گۆڕستانێكى بەرینە
 -26-
 [هەربەڵایەك لە ئاسمان بێتە خوارێ
 بالەوێش ڕانەهاتبێت بۆ من
 كە گەیشتە سەر زەوى دەكا پرسیار
 ئەرىَ لە كوێیە ماڵى مام هێمن ]
 -27-
 با بە دزى خواوە دڵى فریشتەیەك ڕازیكەین
 با بەكۆمەڵ پیاسەیەك بەتەنهابدا بكەین
 یا بە (حوزن) پێبكەنین تا (ئارامى) شاگەشكەبێت
 ئیدى هاوڕىَ
 هەموو شەقامەكان دەچنەوە سەر مەرگ
 با كەوشەكان پڕكەین لە پێكەنین
 
Swara_2000@yahoo.com
 

Previous
Next

Leave a Reply