Skip to Content

Wednesday, April 24th, 2024
بارینی باراناویترین باران

بارینی باراناویترین باران

Closed
by July 8, 2012 هۆنراوە

 

 

ئەمشەو بەهار ،بە پایزێکی ناسک ئاوس و

بە فرمێسکی گەڵایەکی تەریک خنکاو،

ژاکاو چەشنی ئەوین لە ماڵی تەنیایدا،

باوەڕ دەکەی؟

ڕاڤەی سێوێکی پێناکرێ لە کاتی وەنەوزا،

وەک شەهید جواناوی لێدەچۆڕێ و

وەک تەنهایی سارد.

 

پایز بە جلێکی شڕەوە هاتوەو

بۆنی گریان و ئاوابونی فوارەکانی بەهەشتی لێدێ،

بە شکۆیەکی سوێدارەوە،

بەناو قافڵەی پر لە دڕکی زەردیەکانی خۆیا دەیبا،

بۆ ئەو قولاپانەی،

کە لە بەردەم دەسکەنەی ساڵەکانی تەمەندا،

ڕۆدەچن و دەمامک دەکەنە سەری ئەقڵانیترین جریوە،

تا مەرگ دەم بخاتە ناوخوێنی بەناهەق ڕژاوی مێژو.

 

گریان گرتومی،خەیاڵ دایپۆشیوم،

شەونم حەلقە حەلقە دەڕژێنە سەر پێڵوم،

ئەمە دوا هەمینی میحرابی ئێوارانە،

دورنییە،ڕاهیبێکی ماسی گر نەبێ،

کێ دەزانێ؟

ڕەنگە حیکایەتی ڕوخانی کەعبەکان و

سیس بونی مەمکی قاسدێکی مێ بێ.

 

سەرەڕای بۆنی ڕێژنە،

پێم باش بو ساتێ گریان تەڕم کاو

دیمەنێ لە نێوان سلاوێکی بێ وەڵام و

لاوانەوەیەکی هەمیشە لەسەفەردا،

بکێشم.

 

ئەمشەو دڵم ساردو شەوم گەرم،

لەمانەش بەدەر خەونەکانم لەوەرینداو

ئۆقرەیەکانیشم نوێژخوێنێکی”هەرچەندە زۆر تەنیام”

نە بۆ مەرگ دەتاسێم،نە بۆ تاریکیەکی قەشەنگ،

کەوابێ،تریفە بە نیگا ڕاو دەکرێ و

جەنگاوەریش بە کەوان،

دەی خودایە دەستی کۆترەکان بگرە،

تا ئاسمان نەیەتە ڕێمان،تالەو سەری دنیا

ئەم دەفرە ساکارانە پڕکەین لە گریان،

لەڕێگادا هەر باسی شکاندنی تفەنگ و

سوتاندنی دۆزەخ دەکەین،تا

مناڵەکان سەوداسەرو ژیانباز بن.

 

وایە؟

دەمەوێ بڵێم ڕەنگە وابێ!

ژیان قەفەز و بەهاریش باڵندەیەکی لێوبەبار،

یان و یان، کاهینێکی نیوە سوتاو

بەسوتانی ناوەخت و ئەبەدیەتێک لە خاچ،

ئەوەتا،

ئاگر بە جۆرێ گەردنی باخاتی عومری گرتوە،

لە دورەدەسترین پەنجەرەوە

دەڕوانێتە هەر هەنجیرێک،

بۆنی باخ و باوێشکی ژنی لێیە،

بۆنی نێرگزی ئەشکبارو سەرنجی لارە مل و

ئاسکێکی مەزەداری لێیە،

ئاسکێکی پێکراوی خەنەییە  بەهار،

ئەو ڕۆژەی تەم پەنجەرەکانی گرتبو،نوسیبوی

گۆڤەندی زایەڵە هەڵکە،ئێستایشی لەگەڵدا بێ،

ڕەنگە شڵەژان گرتبێتی، یان،خەونێک بێ و بۆ

ماچ و گریانی ئاوو، دوێنێی گێڕابێتەوە.

 

زۆر سەیرە؟ 

سەرم سوڕماوە لە ماناکانی ساویلکەیی،

هەر کەس هەڵدەسێ هەر ئاقڵ،

لەهەر دەرگایەک دەدەی گورگ بۆت دەکاتەوە،

هەردەستێ دەبینی پەپولەی بێگوناه دەخنکێنێ،

ئەم زەمانە نیگاش دەفرۆشن،تا سوچی کۆڵانەکە لەگەڵت دێن و

دەڵێن،پێکەنینەکانیش پیر دەبن،کێ دەڵێ

ناسکترین گوڵەباخ خۆی نافرۆشێ؟

ئۆخەی لە بەهار،کە لە هەواڵی کڕین و فرۆشتن ناگا،

دانانیشێ و بەدەم ڕێوە،

عومری خۆی دەنوسێتەوە،ئەو گۆرانیانە وەریو ڕەنگ دەکا،

ویستی بیڵێ و نەیان هێشت،

وەک قەرەجێکی ڕاونراو،نە باوەڕی بە دۆڕان هەیە، نە بە

تۆزقڵێک ڕو وەرگێڕان لە تۆ.

 

خەیاڵێکی نازپەروەرو جوانە،

زۆر سەیرە ئاسودەیی!

لەئەزەڵەوە هەر نەبووو،کەچی مرۆ،

بە پۆشاکی پرسیارەوە بەدویدا وێڵ و

بەهۆشێکی کۆیلەوە،زانایەکی  هیچ نەزان،

ئارەزو بە دڵ ناسکی و بێنیازی لە فڕیندا،لێ

دادەگرسێ گومان، کە بەهار

دەسرەیەک پردەکات لە گوڵشەن و

بەدڵنەوایی ژنێکی گوڵبار تەڕی دەکاو

لەگەڵ فنجانێ وشەدا،

لەیەکەم بارینی باراناویترین بارانا،

دەیکا بە دەمی قەلەندەرێکی حوجرە ” باز” ەوە.

 

تێ ناگەم!

بەرلەوەی ڕێگا بریندارەکان بگرین،

بەر لە بیرچونەوەی بەستەزانی،

بەرلە بۆنکردنی چڵە ڕێحانەیەکی فریاد ڕەس،

ژورەکانی ئێستاو سبەیی بەهار

لە دورەدەسترین پەنجەرەوە

ئاوس بەگەڵاو بۆنی گریان و  ” تا”

پڕن لە ساکارترین سێبەرەکانی تەنهایی و

لە ڕوخساری ئەمڕۆدا سبەی دەناسنەوە،

درەنگ تێگەشتن،بەهار

سەرەتایەک بو بۆ گەشتێکی کورت،

لە نێوان دو لێویی پڕدا،

مەستانە،مەستانە،خول دەخوا گەردی دوون،

سەرەڕای سەوداسەری بۆ سەوداو فڕین،

شەکەت شەکەت

وەک لە جەنگی دۆزەخ گەڕابێتەوە

بزە دەیگرێ ساماڵ و

ساماڵ دەیگرێ بزە،

ئێوەش مسافیرێکی مەست بە مەراق و،

بەهاریش بەپایزێکی ناسک ئاوس.

 

ئارام ئەحمەد علی

 

 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.