Skip to Content

Thursday, December 3rd, 2020

بازنه‌یه‌کی داخراو……. به‌ندی عه‌لی

Be First!
by November 12, 2008 گشتی

 .. پاییزی 2008
 بازنه‌یه‌کی داخراو……. به‌ندی عه‌لی
 
 ئاستی گه‌شه‌کردنی په‌یوه‌ندیه‌ کۆمه‌ڵایه‌تیه‌کانی هه‌ر کۆمه‌ڵگه‌یه‌ک،په‌یوه‌سته‌به‌ئاستی گه‌شه‌کردنی په‌یوه‌ندیه‌کانی به‌رهه‌م هێنانی ژێرخانه‌ ئابوریه‌که‌ کۆمه‌ڵگه‌کانی رۆژهه‌ڵاتیش، چونکه‌زۆربه‌یان زیاتر به‌رهه‌مخۆرن وه‌ک له‌وه‌ی به‌رهه‌مهێن بن ، بۆیه‌ گه‌شه‌ی په‌یوه‌ندیه‌ کۆمه‌ڵایه‌تیه‌کان تێیاندا خاوتره‌و  نه‌ریته‌ کۆنه‌کانیش ته‌مه‌نیان درێژترو کاریگه‌ریان زیاتر بووه‌ له‌سه‌ر مرۆڤ به‌م پێیه‌ش گۆڕان سه‌خت تره‌و پێویستی به‌کۆشش و خه‌باتی زیاتره‌و
  به‌ده‌ر له‌مه‌ش به‌ده‌ست هێنانی ماف له‌هیچ کۆمه‌ڵگه‌یه‌کی گه‌شه‌کردو یاننه‌کردو ، هه‌رگیز دیار ده‌ستی ده‌سه‌ڵات نه‌بووه‌و نابێت چونکه‌ له‌کۆمه‌ڵگه‌ی چینایه‌تیدا ، جیاوازیه‌ کۆمه‌ڵایه‌تیه‌کان به‌بێ ئاگاداری و خوازیاری خودی چینی ده‌سه‌ڵاتدار نیه‌و قارچک ئاساش خۆڕسکانه‌ په‌یدا نابن ، به‌ڵکو جیاوازیه‌کان خۆیان ده‌رئه‌نجامی بوونی کۆمه‌ڵگه‌ی چینایه‌تین کێ بڕکێی نێوان چینه‌کانی کۆمه‌ڵگه‌یش ، مێژوویه‌کی دووری هه‌یه‌و چه‌ند   قۆناغێکی درێژیشی به‌خۆوه‌ دیوه‌ .. پێ به‌پێی گۆڕانی هۆکاره‌ بابه‌تیه‌کان هۆکاره‌ زاتیه‌کانیش گۆڕاون ئه‌گه‌رچی هه‌ندێ جار جوڵه‌یان خاوتر بووه‌ له‌جووڵه‌ی هۆکاره‌ بابه‌تیه‌کان .. به‌ڵام هه‌ندێ دیارده‌ی کۆمه‌ڵایه‌تی و ڕه‌هه‌ندی فه‌رهه‌نگی ، هه‌رچه‌نده‌ مێژووی په‌یدا بوونیان گه‌لێ کۆنه‌وله‌قۆناغێکی زۆر دوور له‌ئه‌مڕۆ هاتوونه‌ته‌ ئاراوه‌ ، که‌چی تائه‌مڕۆش بوونیان  ماوه‌و کاریگه‌ریه‌کی به‌هێزیان هه‌یه‌ له‌سه‌ر دیدو هۆش و ژیانی کۆمه‌ڵگه‌ ئه‌ویش به‌دووباره‌ به‌رهه‌م هێنانه‌وه‌یان له‌لایه‌ن چینی ده‌سه‌ڵاتداره‌وه‌و بۆ سودو به‌رژه‌وه‌ندی چێنایه‌تی خودی ده‌سه‌ڵات ڕوونترین نموونه‌ش په‌یوه‌ندی نێوان ڕه‌گه‌زی نێرو ڕه‌گه‌زی مێیه‌ ، هه‌ر له‌خودی خێزانه‌وه‌ تاکو گشت شوێنه‌کانی تری کۆمه‌ڵگه‌ .. ڕوونترین شێوه‌ی ئه‌م په‌یوه‌ندیه‌ش له‌مه‌سه‌له‌ی زه‌واج دا ڕه‌نگ ئه‌داته‌وه‌ ،به‌جۆرێکی وه‌ها توند که‌ده‌کرێ له‌چۆنێتی ئه‌م په‌یوه‌ندیه‌ تایبه‌تیه‌وه‌ ، چه‌ندێتی ئاستی گه‌شه‌و به‌ره‌وپێش چوونی گشتی کۆمه‌ڵگه‌یه‌ک ده‌ستنیشان بکرێت
 هه‌میشه‌ چینی ده‌سه‌ڵاتدار له‌هه‌وڵی ئه‌وه‌دابووه‌ سود له‌هه‌موو جیاوازیه‌ سروشتی و زه‌مینیه‌یی و ته‌نانه‌ت بایۆلۆجیه‌کانیش وه‌ربگرێت و بیانکات  به‌هۆکاری به‌رده‌وامی خۆی و به‌هیز کردنی پێگه‌ی کۆمه‌ڵایه‌تیی، هه‌ر بۆیه‌
 ئه‌مڕۆش زۆرێک له‌و دیارده‌ کۆمه‌ڵایه‌تیه‌ کۆنانه‌ی که‌پێش چه‌ند سه‌دساڵێک باو بوون ،ده‌سه‌ڵات بێ ده‌نگ و بێ هه‌ڵوێسته‌ به‌رامبه‌ر به‌گۆڕینیان ،گه‌رچی ئه‌مڕۆ که‌مینه‌ی کۆمه‌ڵگه‌ش به‌ودای مانه‌وه‌ی ئه‌و دیارده‌کۆمه‌ڵایه‌تیانه‌وه‌ن
 وه‌ زۆرینه‌ش خوازیاری گۆڕانن .. لێره‌وه‌ ده‌کرێ دیارده‌ی فره‌ژنی وه‌ک نمونه‌یه‌کی به‌رچاوو زیندووی ئه‌مڕۆ ، باشترین به‌ڵگه‌بێ بۆ سه‌لماندنی ئه‌م ڕاستیانه‌ی له‌سه‌ره‌وه‌ باسکران ئێستا ده‌کرێ ئه‌و پرسیاره‌ بوروژێنین .. ده‌سه‌ڵات بۆ بێ ده‌نگه‌ به‌رامبه‌ر به‌داخوازه‌یه‌کانی زۆرینه‌ی کۆمه‌ڵگه‌ به‌هه‌موارکردنی یاسایه‌ک که‌دیارده‌ی فره‌ژنی له‌ڕه‌گه‌وه‌ ڕیشه‌کێش بکات و یه‌کێک له‌سه‌ره‌کی ترین مافه‌کانی مرۆڤی مێ ، که‌ساڵه‌هایه‌ لێی زه‌وت کراوه‌ ، بداته‌وه‌ به‌خاوه‌نه‌کانی بۆ وه‌ڵامی ئه‌م پرسیاره‌ .. ده‌بێ په‌یوه‌ندی نێوان ئایین و ده‌سه‌ڵات بزانین نه‌ک به‌و شێوه‌ ڕوکه‌شه‌ی که‌له‌سه‌ر زاری ده‌سه‌ڵات خۆیه‌وه‌ ده‌بیسترێت وکه‌به‌رده‌وام بانگێشه‌ی جیاکاری ئایین ده‌کات له‌ده‌وڵه‌ت و خودی خۆی وه‌ک ده‌سه‌ڵاتێکی سکولارو مۆدێرن پێناسه‌ ده‌کات .. به‌ڵکو ده‌بێ له‌حه‌قیقه‌تی ئه‌و په‌یوه‌ندیه‌ شاراوه‌یه‌ تێبگه‌ین که‌له‌نێوان ده‌سه‌ڵات و ئایین دا تاکو ئه‌مڕۆش به‌رده‌وامه‌و ته‌واوکه‌ری یه‌کترن ،ده‌سه‌ڵات وه‌ک هێزێکی ماتریال و ئایین وه‌ک هێزێکی ئایدیال ..وه‌تاکو نهێنیه‌کانی ئه‌م په‌یوه‌نده‌یه‌ ئاشکرا نه‌بێت باسکردنی هه‌ر شێکی تر ، به‌ڕای من ، سوڕانه‌وه‌یه‌ له‌بازنه‌یه‌کی داخراودا .
 
 

Previous
Next

Leave a Reply