Skip to Content

Thursday, March 28th, 2024
باكگراوندى رۆشنبیرى و وشیاریی كوردى  .. قۆناغى دواى ڕاپەڕین

باكگراوندى رۆشنبیرى و وشیاریی كوردى .. قۆناغى دواى ڕاپەڕین

Closed
by December 21, 2008 گشتی

 باكگراوندى رۆشنبیرى و وشیاریی كوردى  .. قۆناغى دواى ڕاپەڕین
 ڕانان و ڕەخنەى :حەمەى  ئەحمەد  رەسوڵ

   ڕۆشنبیری  (culture الپقافە ( وهوشیاری) conscionsnessالوعى ) دوو لایەنو دوو باڵى گرنگى نێو كایەى  )ژیاری  ( civilization لە گشت جڤات و كۆمەڵگەیەكدا ، جێگەیان بەرزە، سەرخانى سەرەوەى مەعریفەى كۆمەڵن، لەڕۆژئاوا وتراوە كەپێوەرى پەرەسەندنو تۆكمەیى شارستانییەتن لە هەر كۆمەڵگەیەك و لە دنیادا وابەستەى ئەو كەناڵە گرنگەى مەعریفەن بەهەموو ژانرەكانیانەوە! بەڵام ئێمە وتمان رۆژئاوا بۆیە ئەو دەڤەرەى ئەم هەسارەیەمان ئاماژە پێدا، چونكە زۆربەى هەرە زۆرى كەناڵە  گرنگەكانى مەعریفە: وەك فەلسەفەو زانستو تەكنۆلۆژیاى پیشەسازىو تەكنۆلۆژیاى ئەلكترۆنیاتو كۆسمۆلۆژیاو بایۆلۆژیاو زانستى نووژدارىو بیناسازىو تەلارسازىو جیۆلۆجیاى زەوىو ئۆقیانووسەكانو پاشان ئەدەبو هونەرو سینەماو سیاسەتو چىو چى لەكایە زانستىو مەعریفییەكاننو گرنگى بەژیانو رەفاهییەتى مرۆڤ ئەدەن لەرۆژئاواوە بناغەیان بۆ  دانراو رێساو یاسایەكانى تەشەنەیان كردو پڕیشكو پزیزكى بەر ئێمەو باشوور و رۆژهەڵاتى گۆى زەوى كەوت، لەساى مەعریفەو زانستى رۆژئاواوەیە ئێمە كەوچك بۆ خواردنو پێڵاو بۆ رۆیشتنو قەڵەمو كاغەز بۆ نووسینو گڵۆپو وزە بۆ روناكىو سەرجەم چالاكییەكانمان بەكار ئەبەین!.
           زانستو مەعریفە،كە لە كەناڵ وسەرژاوە هەرە گرنگەكانی رۆشنبیری و هوشیارین : پێداویستییەكى مێژوویىو حەتمى بوونو لەپێناوى ئینسانو ژیاندا ئافەریدە بوونو بۆ خزمەتكردن هاتوونەتە گۆڕآ، پێبەپێى گۆڕانى كۆمەڵیش، ئامرازو كەرەستەكانى تەكنۆلۆژیاى بەرهەمهێنانیش بەرەو پێشەوە چوون و  لەگەڵ ئاسانتركردنو ئاسوودەتركردنى ژیانو رەوڕەوەى گوزەرانیى خەڵكاندا مەكینەى زیاترو ماشێنى كارو ئیشكردنى دیكە داهێنراونو مامەڵەكردنى رۆژانەى مرۆڤى كاربەدەستو بەرهەم هێنیش (بەپێى میكانیزمییەتى بەكارهێنان) گۆشە نیگاو دیدەو روئیاى نوآو نۆژەنى بەرپا كردووە، هەموو شتەكان لە گۆڕاندا بوون، رێگاى خۆڵ بۆتە چەوو بۆتە خشتو بەردڕێژو پاشان بۆتە قیرو ئەسفەلت،.. كەپرو كووخو خانووى قوڕو گەچو بەردو تەختە بۆتە كۆشكو ڤێلاو تەلارو باڵەخانەو ئەوجا بۆ تەلارە لە هەور نشینەكان – ناگحات السحاب – ، ئامێرى سلكىو لاسلكىو رادیۆ بۆتە تەلەفزیۆنو سەتەلایتو كۆمپیوتەرو ئینتەرنێتو چادو.. تاد. لەنێوانو لەناوبڕى ئەو قۆناغانەدا چەندین ساڵو سەدە تێپەڕیوون.. مۆدیلەكانى بیركردنەوەو تێڕامانو ئەندێشەو خەیاڵاتى مرۆڤــــ وەكو مۆدیلەكانى جلوبەگو پۆشاكى پیاوانو ژنان، شاریىو گوندیى، زستانەو هاوینە.. گۆڕانو كوودەتاو شۆڕشى ئەوتۆیان بەسەردا هاتووە، كە ئێمە بە ئاسانى لە نێو دونیاى  فەلسەفە و سیاسەت و ئەدەبو هونەر و بیركردنەوەی كۆمەڵایەتی جیهانیدا بەگشتىو رۆژئاوایدا بەتایبەتى ئەیانناسینەوە، بەو پێودانگو رێسا لۆژیكییەى كە پێى ئەڵێن: "رەنگدانەوەى واقیع".. ئەبینیین لە داستانە رۆمانەوە بۆ كلاسیكىو رۆمانسىو سیمبۆلێزمى (رەمزى) و سوریالیزمىو بێهودەیى (عەبەسى) و ناماقوڵو مونتەمىو نامونتەمىو داداییزمو مۆدێرنیزمو ریالیزمو ریالیزمى ئەفسووناویىو (جادووگەریى – سیحریى) و پۆست مۆدێرنیزمىو هەروەها لە فەلسەفەی سروشتی و لێكدانەوەی میسالی و ئایدیالییەوە بۆ ماددی و ماركسی و لینینیزمی و وجودی و عەبەسی و نەهیلیستی و بوونیاتگەری و هەڵوەشاندنەوەگەری  و  .. تاد.
          هەموو قۆناغو رێبازەكانى تێفكرین و بیركردنەوە و مەودا و ڕەهەندی رۆشنبیری و هۆشیاری و ئینجا زانست و مەعریفە و  ئەدەبو هونەریش گۆڕاونو هەر قۆناغەش وابەستەى شێوازى ژیانو جۆرى پێشكەوتنو بەكارهێنانى مەكینەو ئامرازێكى ئابووریى دیاریكراوو جیاوازە لە قۆناغەكەى پێش خۆىو دواى خۆى.. لە سەردەمى هۆمیرۆس و دانتی و دۆن كیخۆتەكەى سێرڤانتسى ئیسپانیایدا، كۆمەڵگە كشتوكاڵىو رەوەندىو راووشكاریى بووە، سەرەتاى سەنعەتكارییەكى – پیشەسازى سادەى تێدا بووەو شەوچەرە پێویستى بە داستانو حەكایەتو سەرگوزەشتەو پاڵەوانبازیى بووە، بۆیە حەتمییە ئەبێت هەریەك لەوان ئەو شیعر و بالادە شیعر و قەسیدە و حیكایەت و رۆمانە داستانییانە ئافەریدە بكەن، سەردەمى شەكسپیریش ئەوەى سەپاندووە پاڵەوانبازىو كێشەى كۆمەلایەتىو دەسەڵاتو ئابورى لە كۆشكو تەلارە بەرزو راقییەكانداو بەزمانى پاراو و پتەوى ئەو شەكسپیرە بنووسرێتەوە..! هەروەها لە ئەمریكاى لاتینیدا، تەرزو مۆدێلى بیركردنەوەو كاریگەرى (ئایین + خورافە) و ماكو پاشماوەكانى كۆڵۆنیالیزمى ئیسپانیایى – ئەمریكى ئەو جۆرە رێبازە (جادووگەریى – سیحراوییەى) لەوێدا هێنایە گۆڕآو واقیعو گوزەرانى ئابوورىو ئەندێشەى رۆشنبیرىو كەلتووریى بارگاویى بە ئەفسانەو سیحرو تۆبۆگرافیاى سەختو دژوارى جوگرافیاى لاتینى ئەو ئەدەبەى داهێناو بەوآو بە بیروباوەڕو گۆشە نیگاكانى ئەوێ و ژیارى (مایا) نامۆ نین..! كەواتە ڕۆشنبیری و هوشیاری دوو كەناڵن و سەرچاوەیان لە ژیار و شارستانییەتەوە وەرگرتووە .. ئەمەش حەتمی و بەڵگەنەویستە..
            ئەوان وەك ئێمەی كورد نین، ئەمریكاى لاتینى وەك ( ئەوروپا و  رۆژهەڵاتی دوور –ژاپۆن و چین ) ژیارو شارستانیەتییەكی  پڕ سروتو ئایین و كارەساتی مێژوویی و ئایینین و تژین و پڕن  لە  ئاسەوار و جێ پێی كەرەستەی ماددی و  هەستپێكراو و (مەلمووس)ی كیشوەرێكى گرنگن لە بیركردنەوەی ئایینی و كۆمەڵایەتی كراوەدا, نەك داخراو بە ڕِووی دراوسێ و دونیادا ..!
         نموونەشمان بۆ سەلماندنی پاساوەكەمان هەر ئەمەریكای لاتین باسئەكەین( كە كیشوەرێكی نەدار و دواكەوتووە و بۆ ئەوەی بەراووردەكەمان  باڵانسی لۆژیكی و مەعقول وەرگرێت ! )وەلی لەگەڵ ئەوەشدا ,بڕوانە  تەقاندنەوە و ناوبانگی ژیاری مایا و رۆشنبیری و ئەدەبی لاتینی هەر  لەگەڵ گەشتەكەى كۆڵۆمبۆسەوە (1542)  دەستپێئەكات ,كە چۆن  دەرگاو پەنجەرەیان بەسەر دونیادا بە گشتى و بەسەر رۆژئاوادا بە تایبەتى، وا لەسەر گازى پشت، نووسراووی مێژوویی و رۆمانیان نییە باس لە پاپۆڕو كەشتىو گەشتو ئۆقیانووسو دەریا نەكات..! ئەوان هەر هیچ نەبێت كەلتورو سرووتو ژیاریان جێگەى سەرنجى دانیشتوانەكەى گۆى زەوییە ..!
          باسى كام لە كەناڵی رۆشنبیریی دونیا بكەین !!! رۆشنبیری هونەریى لە  رۆژئاوادا  دەستى هێندە درێژە، هەر لە یۆنانەوە هەتا بە رۆژاواى كەنەداو ئەمەریكا ئەگات واڵایە بۆىو، هەر گۆڕەپانو كڵێساو باخچەو سەرچیاو رۆخ كەنارو سەر دیوارو كۆڵەكەو پایەى خانوویەك ئەگریت. ئەوە جآ پەنجەو شوێنو جێى هونەرى كۆنو نوێیەو بە هونەری تەلارسازی رازاوەتەوە ..! هونەرمەندەكانى دونیاى ئەو دەڤەرانە، تەنها فڵچەو قەڵەمو پەڕە مریشك سەرف ناكەن، ئەوان سەنعاتكارن!.چونكە ئەوان خاوەنی ژیار و شارستانین !بە واتای ئەوەی خاوەنی كەسایەتی ژیارین ، كە ئەوەش ئەوە ئەگەیەنێت خاوەنی هەستییارییەكی پۆڵایین  و هەست بە بەرپرسیارێتی ئەكەن !
                  ئەوان ، داهێنەرانی ڕۆژاوا ، دارتاشو داربڕو ئاسنگەرو پینەچىو كوورەچىو بەردتاشن و  تاد..! پەیكەرى بەردینو تەختەو بڕۆنزو ئاسنینو پلاستیكىو ئەلەمنیۆمىو شووشەیى ئەوان گۆڕەپانەكانى واشنتۆن تۆرنتۆو لەندەنو پاریسو بەرشەلۆنەو ئامستردامو بەرلینو مۆسكۆو رۆماو پەكینو تۆكیۆو تەنانەت بەیروتو ئاستەنبوڵو قاهیرەش بەو ئیشە هونەرییانە رازاونەتەوە..!
          وەلـآ موخابن پەیكەرى هونەریى ئێمە لەم دەڤەرەدا: زۆر زۆر دەگمەنن، دەگمەنەكانیشى لە شتى دەوروبەرى قۆناغى نێندەرتاڵ و زاڕۆڵەكانى دایناسۆرو كەركەدەن ئەچن! هونەرمان بەگشتى وێرانە (چەند كارێكى باش نەبن كە لە ژمارەكانى پەنجەى دەست تێناپەڕن!) ئیدى فەرموو وەرە تۆژینەوەیەكى ئەكادیمىو زانستىو هونەرییان لەسەر مەیسەر بكە! بزانە چ قۆناغێك لەگەڵ مێژووەكەى خۆیدا هاودەنگە! بزانە تەعبیرو گوزارشت لەكام واقیع ئەكەن.! تابلۆكان لە چێشتى مجێور ئەچن! + بۆچى؟-  لەبەرئەوەى لە تابلۆیەكدا فڵًچەكەى رامبرانتو پیكاسۆو دالىو سیزانو گۆگانو كاندنسكىو گاودىو كآو كێى دیكەى تێدا رەنگئەداتەوە، بەڵام هەریەك لەو هونەرمەندە داهێنەرانەى سەرەوە ئێمە لەمسەری دونیاوە بیستوومانن و خۆیان سەر بە ڕێبازو قۆناغو مێژوویەكن كە ئەوان لە لایەكو خەڵكانیش لە لایەكى دیكەوە مۆدیلێكى جیا لە یەكترو لە دوو ئاستدا: بیركردنەوەو تێڕامانى خۆیان خستۆتە نێو كایەكانى مەعریفەو رۆشنبیریى مرۆڤایەتى كۆمەڵگەكەیانەوە..!
              ئێمە لەبەرئەوەى ژیارو شارستانییەتمان نییە، فەلسەفەو مەعریفەی كوردیشمان نییە , لەبەرئەوەش كە دروستكاری مێژوومان نییە .. شاكارى سیاسىو كۆمەڵایەتىو ئەنترۆپۆلۆژىو ئابووریمان هەر نییە..  ئێمە لەبەرئەوەى زانامان نییە، زانستمان بریتییە لە شیعرو دروشمو پەخشانێكى هەناسە ساردو زەلیل ، ئەستێرەناسو نووژدارى میللى (لەوەى چینو ژاپۆن و هیند و ئێرانمان) نییە، ئێمە لەبەرئەوەى هیچ (.. ناس) و هیچ (.. ناسێك) نینو بەسەر ئاینێكى
 بەزۆر سەپێنراو بەسەرمانداو بەسەر كەلتوورێكى خێڵەكىو رەوەندىو راوشكاریىو گوندیى توندو چەقبەستوودا داخراوین، كایەكانى دیكەى دونیاى نووسینو نومایشكردنیشمان زۆر لاوازو بێهێزو سادەو بێدەرەتانە.. نامۆیە بە خۆمانو تەعبیرو  گوزارشت لە كۆمەڵە داخراو و ئاڵقەڕێزەكەى خۆمان ئەكات .. كاریگەرىو وەرگرتنو ئیستیعمارە لە ئەدەبى كوردیماندا لەوپەڕى پلەكانیدایە.. پڕییەتی لە پاشماوە و ئاسەواری هەریەك لە ئەدەبى عەرەبىو توركىو فارسی و ….هتد.
              ئەتوانم بڵێم (مەمو زینى ئەحمەدى خانى) لێدەرچێت، ئەوەكانى دیكە، بریتین لەجووینەوەو لاسایی و تەقلیدگەرێتی ئەدەبى دەوروبەرمان بەڵام بە زمانى كوردى ! سیما و شەقڵ و ستایلی بیركردنەوەی كۆمەڵایەتی  و ڕۆشنبیری و هوشیاری كوردەواری لە ئەدەبی كوردی كۆن و نوێدا ئەدۆزرێتەوە .. كە لە خەسڵەتە هەرە گرنگەكانی ئەمانەن :
              (((  ئاخو ئۆفو نەگبەتىو بێدەرەتانىو لاڵانەوەو كڕووزانەوەو چەپاندنى خولیاو ئارەزووى عاتیفىو سێكسىو كۆمەڵایەتىو بگرە چەوساندنەوەو بەرهەڵستى هەڵوێستى سیاسى بەرامبەر بە دوژمنە زۆرەكانن، ئەو ئەدەبە ئینشایىو سۆزدارىو حەماسىو ئەندێشە ئامێزیىو ئامۆژگارىو واعیزدان ))) ى بەرهمهێناوە كە بۆتە دونیاى رۆشنبیرىو فەرهەنگى كوردیمان.. ئێمە چەندەها نەوەو وەچەیەكینو سەدان ساڵە ، مرۆڤى كورد بەو دێڕە شیعرانە.. بەو پەندو ئامۆژگارىو سروودە حەماسىو – ئاخو ئۆف – ئامێزانە بەخێو ئەكرێین، سەدان ساڵە لە قوتابخانەو خوێندنگاكاندا پێش وەرگرتنی هەر  زانینو زانیارییەك (ئەگەر هەبوو بێت! ) .. كڕنووش بۆ ئاڵا ئەبەین، ئاڵاى دوژمنو كۆڵۆنیالو قەسابەكانمان ! ئاڵاى زەلیلیمان ! ئاڵای خەیاڵپلاو و بێدەرەتانی و  هەشبەسەریمان بە سروودو شیعرێك مەڵاشوومان هەڵدراوەتەوە، جگە لە نامۆیى بە وڵاتو بە زێد و جگە لە حەسرەتمان بە ئاسوودەیىو سەرفرازى، هیچى دیكەمان لێ نەچنییەوە.. نائومێدىو تەمەن بە هەدەر دان  نەبێت لە پێناوى (لە چاوەڕوانى گۆدۆدا) هەتا كرۆكو سەرئێسقانمان رەگى داكووتیوە..!
 ***
             ئەمڕۆ كە بەراوردێكى چكۆلەى نێوان دوو ژانر و كەناڵى ئەدەبىو هونەریى نێوان رۆژاواو لاى خۆمان ئەكەم..! هەیهوو ! جیاوازییەكە ئاسمانو رێسمانە ! ئاست و ئەتمۆسفێر و كەناڵەكانی وەرگرتن و بەخشینی  رۆشنبیریى ئەوێی ڕۆژاوا تەنها بە ژانرەكانى وەكو شیعرو چیرۆكو رۆمانو تابلۆیەكەوە نەوەستاوەتەوە.. ئەوان، یان باشتر وایە بڵێین رۆشنبیریى گەلان وابەستەیە و وەكو هێڵى شەمەندەفەر ئاسا، بە شێوەیەكى تەریب لەگەڵ شێوازى ژیانو قۆناغى ئابووریى كۆمەڵەكەیاندا هاوشانە.. ئەوان چەندین ساڵە فێركراونو پەروەردەى دەستى ئەو فێركارانەن كە رۆڵەى نیشتمانەكەیانو نەوە دواى نەوە وەكو سەنعاتكارو پیشەگەرێك پراكتیزەى ئەكەن، مەشقى تیۆرىو پراكتیكى كردارەكەى (عەمەلی) ئەوان پێكەوەیە.. ئەوان خوێندنگاكانیان پڕو تژییە لە لابۆرو مەكینەو كۆمپیوتەر، تیۆرییەكانى داروینو لاماركو نیوتنو گالیلۆو پاستۆرو ماركۆنىو ئاینشتاینو .. تاد  لە لابۆرو لە پانتایى شاشەى تەلەفزیۆنو سینەما و هەروەها لە شێوەی نامێلكە و كوڕاسەی ڕەنگاو ڕەنگدا  لە نێو خوێندنگەو ئامۆژگاكاندا فێر ئەكرێن..!
                 ئەوان ماتماتیكو ئەندازەش (كە چەند تیۆرىو وشكن) هەر بە پراكتیكى و لە لابۆردا بۆ شرۆڤەو راڤە ئەكرێت.. بەرنامەو پرۆگرامەكە وایە و ستافێكى پسپۆڕو زانا دایان ڕشتووەو ئەزانن وڵاتو رەوڕەوەى مێژوویان بەرەو تەكنۆلۆژیاو تەكنۆترۆن هەڵئەسووڕێت.. ئەوان ئەزانن كە تەنها قەڵەمو كاغەز و ئەندێشەى رۆمانسىو نووسینى ئینشاو ستایشكردن، قولانجو سانتیمەترێك كۆمەڵگەكەیان ناباتە پێشآ..! مناڵان ى ئەوان لە (12) دوانزە ساڵییەوە لە تەك سینەما و مۆسیقا و كۆمپیتەردا ,ئاشق بە  پلایس و دەرنەفیسو ئەنتیگرێتو چەكوشو بزمار و بڕغون.. ئەوان نەوەكانیان بۆ سەنعەتو ئیشو كۆمپیوتەر و داهێنان  تەرخانكردووە، لەوەش بترازێت كامێراو ئۆتۆمبێلو شەمەندەفەرو پاپۆڕو تەلەفزیۆنو گەردوون و وەرزشی هزری و یۆگا  ئەكەنە خولیاو خواستى خۆیان.. گەر بە چاوێكى لێڵیش لەو كارو خولیایانە بڕوانین، ئەوەمان بۆ ئاشكرا ئەبێت كە ئاراستەى پرۆگرامەكە لە دەسەڵاتو حكومەتەوە بۆ ئەوەیە: خەڵكان مامەڵە لەگەڵ دونیاى ماددیدا بكەن نەك ئەندێشەو خەیاڵى رۆمانسیى بەتاڵ و دێباتەی سیاسی پڕ لە درۆ و كرچوكاڵ..! لەبەرئەوە هەر بوارێك لە بوارەكانى كشتوكاڵو پیشەسازىو بیناسازىو نوژداری و ئەلكترۆنیات بگریت، لەشكرێكى بەرفراوان لە پسپۆڕو كارمەندو بەرهەمهێن وەكو مێروولە، وەكو سەعات، وەكو رووبار، بێسرەوتنو بێهەدادان لە جووڵەو كاركردندان..!.
 ***
     كەواتە ئەوەی ئێستا خۆی ئەسەپێنێت ئەوەیە كە ئایا ئێمە خاوەنی چین لە فەزا و ئەتمۆسفیری ڕۆشنبیری و ئاستی بیركردنەوە و فەرهەنگی كوردیمان لە چیدایە و چۆن ئەتوانین لەگەڵ دونیای دەوروبەرماندا .. لەتەك ڕۆژاوادا بەراوردكاری  ئەنجام بدەین !؟
 بەراوردی دونیای ئەدەبیاتی ئێمەو زانست و مەعریفەی ڕۆژاوا : بە گشتىو لە سەراپاى جیهاندا دونیای ئەدەبیات و هونەری سادەی لاساییكار رۆڵێكى ئەوتۆیان نەماوە. ژمارەى شاعیرانو چیرۆكنووسان و هونەرمەندان زۆر كەم بوونەتەوە، لەجیاتى خەیاڵ و ئەندێشەی پڕ لە كەپت و چەپێنراو , لە جیاتی شیعرو پەخشان بێژیی ، خەڵكانێكى زۆر لە كۆمەڵگە پێشكەوتووەكاندا خامەی زانستی و هزری و بوارەكانی دیكەی پیشەسازی و دەڕنەفیسو پلایسو ماوسى كۆمپیوتەریان بە دەستەوەیە.. جووتیاری هاوچەرخ و (بەننا) و كرێكارو ئاندازیاری كۆمەڵگای مەدەنی ، جێگەى ئەدیبی سەلەفی و هونەرمەندی لاساییكەرەوە  و كەسانی ئەندێشەباز و خەیاڵپڵاو و سیاسەتمەدار و حیزبی و خیتاببێژ و شیعرونووسو چیرۆكنووسو كۆلكە خاوەن بڕوانامە ئارەق وبیرە خۆر وبێكارە زۆرو زەوەندەكانی  گرتۆتەوە ( كە لای ئێمە بە ڕۆژ جمەیان دێت و بە شەویش سەرخۆشن و لە یانەكان فیشكەی سیگار و هاڕەی پێكەكانیان ئەگاتە عەرشی كردگار !)
               باخەوانێك.. یان جووتیارێك ,گاوانێك ,شەنگەبێرییەك , یان كەنناسێك، یاخود شۆفێرێكى پاس یان شەمەندەفەرێك، خزمەتگوزاری  زیاتر لە (10) شاعیرى گرینۆكو (10) چیرۆكنووسى دووكەڵكێشو30 گۆرانیبێژی ئەم سەروەختە و  پێنج هەزار سیاسی و بیست هەزار حیزبی و (10) شێوەكارى شقلىو پقلى دروستكەر و بە كۆمەڵەكەیان ئەگەیەنن.. تەنها رۆمان نەبێت، ئەویش هەموو رۆمانێك ناگرێتەوە لەهەزار دا تەنها چوار پێنجێكیان ! شانسى رۆمان بەرزترە لە ژانرەكانى دیكەى ئەدەب، رۆمان جێگاى بەرزو بڵندى لە كەلتوورو رۆشنبیرى گەلاندا داگیر كردووەو هێشتاكە لەگەڵ ئەوەشدا كە ئینتەرنێتو سەتەلایتو تەلەفزیۆنى لۆكاڵى و سینەما پانتاییەكى گەورەترو كاتێكى بەرفراوانترى لە ژیانى خەڵكانى ئەم هەسارە رووناكەماندا داگیر كردووە!كەچی لە رۆژاوا : پیرو گەنجان، ژنانو پیاوان لە میترۆو شەمەندەفەر و پاسدا، لە كافیتێریاكاندا.. هاوینان لە حەوشەو بەر دەرگاو كەنار دەریاو ئۆقیانووسەكاندا بە دەم قاوەو بیرەو ساردەمەنى خواردنەوەوە، رۆمانى خۆش خۆش، بە بەرگێكى جوانو قەشەنگەوە ئەخوێننەوە، واتا وەكو زاخاوى مێشك (پاش ماندووبوونیان لە ئیشوكار) بەكارى ئەبەن.. بۆ كات بەسەربردنو وێناكردنى دونیایەكى رۆمانسى لەنێو ئەو جەنجاڵىو قەرەباڵغییەى كە ئامێرو ماشێنو كۆمپیوتەرو تەكنۆلۆژیا دەستەبەرى كردووە، چەند ساتێك بۆ حەواندنەوەو پشوو وەكو یۆگاكەى لاى چینو ژاپۆن بەكارى ئەهێنن.. وەكى تریش رۆمان لەدەستگاكاندا لەبەرئەوەى ئەتوانرێت بكرێت بەسیناریۆو پاشان لەسینەمادا كارى فیلمسازى پآ مەیسەر بكرێت، بۆیە بە ئاشكرایى ئەبینین رەواجو برەوى رۆمان زۆر لە شیعرو چیرۆك و شانۆش زیادترەو گرنگترە..
                 سینەماش  هونەرێكى ئێجگار بەرزەو لە   سەنعەتو پیشەسازیی پێكدێت .. داهێنانێكەو بوارەكانى نووسینو كامێراو نواندنو كۆمپیوتەرو كەرەستەكانى سینەما (وەكو بیناو مەكینەو كەرەستەى دیكە) پێكەوە گرێئەداتو كارێكى بڵندو راقى بە كۆمەڵ ئەبەخشآ! دروستكردنى فیلمو سینەما لە دروستكردنى رۆكێتێك ئەچێت! ئەگەر  سەرنج بدەین، ئێمە لە دەقى (مەمو زینەوە) بیگرە تادەگات بە  دواهەمین  دەقی كوردی  نەمانتوانیوە هیچ ئامادەگییەك لە هیچ كۆڕو كۆنفرانسو فێستڤاڵو مەربەدێكى ڕۆژەڵاتی وجیهانیدا وەدەست بێنین، بەڵام زۆر بە ئاسانى فیلمەكانى – بەهمەنى قوبادى – شانبەشانى فیلمەكانى هۆڵیودو فەڕەنسا و ئیتالیا و كۆمپانیاكانى دیكەى دونیا ئامادەگى زۆرچاك بە دەست دێننو بگرە پێشبڕكێش ساز ئەدات..! ئەو ئامادەگىو پێشبڕكێیە لەمڕۆى جیهانگیریدا زۆر گرنگەو خاڵى وەرچەرخانێكى بآ وێنەیە..!
                  لە ڕاستیدا من لایەنگرى ئەفلاتۆنیزمى نوآ نیمو ئەدەبیات و هونەرم پآ كارێكى نابەجآو نائاكاریىو سووكو نزم نییە، هێندەى ئەوەى بە پەرۆشم بۆ بارى واقیعى كۆمەڵگاكەمان، ئەڵێم خۆزگە كە وەكو ئێمە خاوەنى فەلسەفەو فەیلەسوفێك، بیریارێك نین، یاخود خاوەنى زانستو زانایەك نین، با هەر هیچ نەبێت حەكیم و پیتۆڵێكی  وەكو كۆنفۆشیۆسو تاوو تاگوور و ئیبن خەلدون فارابیشمان هەبووایە، بارودۆخەكە گۆڕانێكى بەسەردا ئەهاتو وەكو چینو هیندستان و ژاپۆن و بگرە ئێرانیش خاوەنى خۆمان ئەبووین ! بوونى ئەو هەموو شاعیرو چیرۆكنووسو لۆتی و گۆرانیبێژە تووتی ئاسا و نەزۆكانە و هونەرمەندە خەسیوو و شێوەكارە لاساییكارانەی هەمانن زەنگێكى ترسناكەو نەوە دواى نەوە تۆخترى ئەكەنەوە.. داهێنانو بیناكردنو دروستكردن و  زانست و مەعریفە و هەموو كایەكانی هوشیاری و سەنعەت (پیشە) و كارو كاسپى خوێنەرو گوێگر ونووسەرانمان بۆتە شیعرو بیرۆكەو چیرۆكو سەرگوزەشتە هۆنینەوە و تەنانەت ئەو مۆدێلە تازەیەی ئەوڕۆكە پێی ئەڵێن كلیپ و گۆرانی كلیپ ، كە ئەویش لە قەیران ماڵوێرانییەكی گەورەدایە  :- گۆرانی ووتنێكی ناخۆش و ناوازە و زیقە زیق و دەهۆڵ و زوڕنا ژەنین بۆ هەڵپەڕكێ و سێ پێیی ( كلیپ و ئاهەنگ و كۆنسێرتەكانی ئەوروپا نەنگی و شەرمەزاری وجووینەوە و پووچگەرایی نوومایش دەكەن و هیچی تر !)  …  ئەم لەسەر ئەوى دیكەی كۆپى ئەكاتەوەو ئەم زەمى ئەوی تر  ئەكاتەوە.. لاسایىو تەمەڵى (هزرو مێشك) و چەقبەستنو خەیاڵاتو دوكەڵو سەرابى دونیاى ئەدەب و هونەری كوردیمان لەسەر رۆژنامەو گۆڤارو نامێلكەكان و كەناڵە تەلەفزیۆنییەكانمانەوە هێندە جەنجاڵە، لە قەرەباڵغىو دوكەڵى ئۆتۆمبێلە فرە زۆرەكانى جادە تەسكەكانمان ئەچێت بەڵام لە رۆژى هەینى دا و لە نزیك دەشتودەرى پڕ لە عەلاگەو بوتڵە ئارەق و بیرە شكاوەكاندا..!
                هەر گەنجو جوان و لاوى كۆمەڵى كودەواریمانەو بە دیار (مۆم) و (بیرە) یان (چاى گەرم) و دوكەڵى جگەرە و نێرگەلە و سەرابى چاوى یارى نادیارەوە، زەرد هەڵاتوو.. لێو وشكەوە بوو.. دەستو مەچەك لەرزیوو، كاغەزى زەردو خامەى زامدارى لەخۆى كۆكردۆتەوەو پادشاش بەگەدا راناگرێت..! شیعرو هۆنراوە و خەیاڵی بێسوود و ئەندێشەی نەزۆك  و بەیتو بالۆرەی  خەساو خشت بە خشت بونیات ئەنێت… هەر بە شیعرۆكە و خەیاڵات سەفەر ئەكاتو ئەگاتە ئەوپەڕى كەنارەكانى رۆژئاواو لەگەڵ بووكى دەریادا، بووكى قژ زەردى چاوشیندا ئاوێزان ئەبێتو زێدەكەى خۆشى لە پریاسكەیەكدا گرد كردۆتەوە لە دەریاوە دەرخواردى ماسى هەندەرانى ئەدات.. ئەو بیردۆزەیە ئەسەلمێنآ كە ئەڵێت: زەڕەیەك خاكى وەتەن نادەم بە قەسرى قەیسەریى..!
            بابەتى ئەم گوتارە ئاوى زۆر ئەكێشآو پێویستە لە كورتى بیبڕینەوەو گرنگ ئەوەیە ئامانجەكەمان رابگەیەنینو بڵێین، ئیدى پێویستە سەعاتى سفر دەست پێبكاتو پرۆگرامو بەرنامەكانمان كە بەرهەمى ئەقڵو عەقڵانییەتى سەردەمەكەمانن رابگەیەنین، گرنگى زۆرتر بدەین بەجیهانى ماددەو ماتریاڵ.. زیاتر ئیش بكەینو كەمتر قسە بكەین، زیاتر بجووڵێینو ژمارەى لابۆرو تاقیگەكانمان زێتر بكەینو كەمتر لە خەیاڵو ئەندێشەى نێو تەپوتۆزو سەرابدا نوغرۆ بین! خولى فێركردنى كۆمپیوتەرو وانەكانى زانستە سروشتیەكان زۆرتر بكەین، با هەوڵ بدەین دارتاشو ئاسنگەرو جوتیارو باخەوانو سەنعەتكار و میكانیكی و ئەندازیار وكامێرامانو فیلمسازەكانمان دە (10) ئەوەندە زۆرتر بن لەشاعیرو چیرۆكنووسو هونەرمەندى خەسیوو و گۆرانیبێژی نەزۆكو گرینۆكو شێوەكاری دەستوپآ سپىو نەخۆشو نەرجسى و سیاسەتمەداری تەڕەزانو حیزبییە بێشوومارەكان كە لە رامبۆى فشەڵ دەچن و بوونەتە بار و گەندەڵی بەسەر كۆمەڵگای كوردی هەناسە ساردەوە..!
           من ناڵێم ئیدى با شاعیرو چیرۆكنووسە گەنجەكانمان، یان من ناڵێم با شێوەكارە دۆڕاوەكانو گۆرانیبێژە دەنگ ناخۆشەكانمان ببنە قەسابو فیتەرو شۆفێرى تاكسىو پۆلیس، بەپێچەوانەوە، ئەگەر شاعیرى داهێنەرن، ئەگەر ڕۆماننووسی ڕەسەنن و لە ئەدەبی گەلانەوە فەرهود ناكەن و ئەگەر گۆرانیبێژی شایستەن و ئەبنە زیرەك و دیلان و خالقی وبێژن كامكارن و سیلۆن دیۆنى كەنەداین،.. ئەگەر سیناریستو رۆماننوسن لەشێوەى گارسیا ماركێزو ئیزابێل ئالێندی و پاولۆ و كۆندێران، ئەگەر دەرهێنەری داهێنەرى وەكو سپیلبێرگ وبەهمەنى قوبادین، ئەگەر ئێوە لەكارى مۆنتاژو دیزاینى هونەریدا بآ وێنەو هاوتان.. ئەگەر پەیكەرە قەشەنگەكانى ئێوە گۆڕەپانو باخچەكانى كۆمەڵەكەمانى رازاندەوە، ئەگەر وتارە فەلسەفییەكانى ئێوە خۆیدا لەقەرەى نووسینەكانى "كانتو سپینۆزاو هێگڵ و ئیبن روشدو تاگورو  جابرىو تەرابیشىو ێادق جەلال عەزم – یش، بەڵام بەبآ ئەوەى كۆپیى بكەنەوەو ئاماژەى پآ نەدەن..!" ئەوا ئێمە وەكو داهێنەرەكانى رۆژئاواو جیهان مامەڵەتان لە تەكدا ئەكەینو بە پەرۆشین نووسین و كارەكانتان بەدونیا بناسێنین، ئەوا ئێوەش وەكو (4) چوار شاعیرەكەى هۆڵەندا بەباوەش ئەگوێزینەوە تاوەكو گەردو تۆزتان لێنەنیشێت..!
      ئەگەرنا پێویست ناكاتو لەجیاتى قەڵەمە نەزۆكەكانتان ، ماوسى كۆمپیوتەرو داسى گەنم دوورینەوەو چەكووشى دارتاشێك و دیوارى كارگەیەكى دۆشاو دروستكردن هەڵچنن زۆر باشترە لە بالۆرەو حەیرانى ئێوارانو چیرۆكى ناوەرۆك كرۆمۆڵو رۆمانى دزراوو نۆڤلێتى بآ سەرو بەرەو تابلۆى رەزا قورسو پەیكەرى دایناسۆریى و گۆرانی زیقاوی و بۆڕەبۆركار..!
 ئیدى بەڕاستىو بەجیددى پێویستە هەموومان، سەرجەمى كوردانى ئەم دەڤەرە، دوور لەجیاوازىو دووبەرەكایەتى حیزبىو ئیدارەچێتىو هەرێمچێتى و دەڤەرچێتی.. دوور لەقسەى زلو كردارى پووچەڵ.. دوور لە نییەتى خراپو بەوپەڕى نیكرانى زاتەوە، بەرنامەو پرۆژەكانمان بخەینە سەر مێزى كاركردنو جووڵەو چالاكییەوە، لەجیاتى ئەوەى ئەو هەموو نامێلكە كرچانەو ئەو هەموو پێشانگا نەزۆكانەو شانۆگەرىو چیرۆكى تەمسیلیە بە بەرد بووانە، لە جیاتی ئەو هەموو سیدییە ناخۆش و كۆنسێرتە بێمانایانەی كە پارەو پول و بوودجەی حكومەتە ساواكەمانی تیا خەرجكرا و  ئوتێل و باڕو ڕێستێورانتی تیپە مۆسیقیەكانی گۆرانیبێژە نەزۆكەكانمانی پارەو پولێكى زۆریان بۆ خەرج كراو مێشكى لاوانى ئێمەى پآ قانگ بدرێت، پێویستە كۆمەڵ بەرەو كشتوكاڵی و پیشەسازىو تەكنۆلۆژیا ببەین، پێویستە ساڵى كۆتایى هێنان بێت بە بآ كارەبایىو لە تاڤگەو هەڵبەز و دابەزی ئاشى هەوایى كارەبا دروست بكرێت، بەنداوى نوآ بنیات بنرێت، زەوییە وشكو برینگەكان ئاو بدرێن، سەوزایى پێویستە شەپۆل بێنێت.. كوردستان لە نێو بەروبوومى كشتوكاڵیدا نوغرۆ بكرێت، دۆنمەكان سەرلەنوآ دابەش بكرێنەوە بۆوەى ببنە كارگەو كەوچكو قاپو كورسىو مێزو دۆشاو و میوەى قووتووكراو بە بەرهەم بێنین، ئاخر ناكرێت وڵاتێك جمەى بێت لە شاعیرو چیرۆكنووسو هونەرمەند و گۆرانیبێژی كەمئەندامو  خەیاڵپڵاوی  بێكارو چىو چى دیكەو جوتیارو باخەوانو كرێكاریش ببنە شۆفێرى تاكسى یان  ببنە پۆلیسو حەس حەس و فەڕاش ، لەبەرئەوەى موچەكەیان چەورە..!
 خوایە وەتەن ئاواكەى.. بەڵام بە هیمەتى كشتوكاڵ و پیشەسازىو مەكینەو تەكنۆلۆژیاو كۆمپیوتەر نەك بەقسەى بەرئاگردانى ئەشكەوت و پەخشانى حیزبیی نەزۆك و سیخناخ لە گەندەڵی و پووچگەرایی..!
 
 
 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.