باله‌جوگرافیای ڕۆحی منا …. عمرحسین
با.. له ده‌ریای پڕ له‌حوزنی حه‌زه خنكاوه‌كانمه‌وه
گه‌واڵه گه‌واڵه هه‌ناسه مه‌ئویسه‌كانم هه‌ڵده‌گرێ
وه‌ك گه‌ڵای پایزێكی وه درانگكه‌وتو
له‌چاوه‌ڕوانی وه‌ریندا وشك ده‌بم و
خه‌یاڵی باخچه‌یه‌ك نامڕێژێ
ئیدی ڕه‌وه قوڵینگه‌كانی به‌خته‌وه‌ریم
له‌كه‌ناری هیچ ده‌ریچه‌و گۆلاوێكدا ئارام ناگرن!
من له نه‌سڵی ئاگرم
له دراوشانه‌وه‌مدا ده‌چمه‌وه سه‌ر ئه‌سڵی با !
ئه‌ڵقه رێزێ ده‌ترازێنم
له ناو ئه‌و هه‌موو خه‌ڕاباته‌داڕێگاكانی گه‌ڕانه‌وه‌م ونكردوه‌و
ئیدی وه‌ك سه‌ربازێكی شكه‌سته و‌دڵ پڕ له حه‌سره‌ت وخه‌م
له مژی خه‌ونێكی ئه‌به‌دیدا ون ده‌بم
ئیدی هه‌موو حه‌قیقه‌ته‌كانم ده‌چنه‌وه سه‌ر خه‌ون
تێده‌گه‌م ژیان له وڕێنه‌یه زیاتر نییه
ئیدی له‌وه تێده‌گه‌م :
له نێوانی هه‌قیقه‌ت و خه‌وندا
له نێوانی واقیع وخه‌یاڵدا
ته‌نها دیوارێك به ڕه‌نگی ئاو هه‌ڵزنراوه
ئیدی هه‌موو ڕه‌نگه كان ,له بێ ڕه‌نگی ئه‌ودا ده‌چنه‌وه .
با ده‌مدا به با دا‌و..!
ئیدی من مه‌وجودێكم به ده‌ر له یاساكانی فیزیك
دوور له هاوكێشه‌كانی كیمیا‌و
له‌ودیو سنوره‌كانی جوگرافیاوه
حاشا له‌رێساكانی كات و شوێن
بێ ئاگا له‌جه‌برو لۆگاریتم وماتماتیك
ئیدی له‌شوێنێ بۆم مه‌گه‌ڕێن
وام له ناشوێنا .!
با ، ئاره‌زووی فرینی خه‌ونێكی مناڵیمه
هه‌ڵایساوه له نێله‌ی ئاگری سوتانم
منم ئه‌ولادی شه‌رعی با
دایك وباوكم دوو كوتله بوون له جنسی با
به‌چه‌ند پشتێ ده‌چمه‌وه سه‌ر ئاگر
ئیدی دۆزه‌خ نیشتمانی هه‌میشه‌یی منه
ئه‌وه منم له قه‌ده‌ری قه‌قناسدا
له جیاتی خوێن گڕ به ده‌ماره‌كانما ده‌گه‌رێت
با قه‌ده‌ری نوسراوی منه
له‌ره‌ی هه‌زاران شه‌پۆلی له له‌پما ده‌بنه ڕێ
ئه‌و هه‌موو ڕیِیانه كوێوه‌م ده‌به‌ن..؟!
من كه جه‌وری بێ ره‌حمی ڕۆژگاره‌كان ووردو خاشم ده‌كا
با به‌ده‌ستێكی پڕ له‌سۆز كۆم ده‌كاته‌وه سه‌ریه‌ك
باده‌رگا كڵۆم دراوه‌كانی ژیان
له‌وه زیاتر كه‌پێیان كرا بمره‌نجێنن
با ، له ناو گرێی خه‌یاڵی شه‌ونمێكا
ده‌مباته‌وه ناو باخچه‌و له‌خه‌ونی غونچه‌یه‌كا ده‌منوێنێ..!
من له‌و دیو ده‌رگا داخراوه‌كانی دنیاوه
وه‌ك نه‌فره‌ت لێكراوێك وام
وام له‌په‌یكه‌ره‌ی به‌ردێكدا حه‌په‌ساو
وه‌كو كۆله مسێكی سه‌نگین
بێده‌نگ بێده‌نگ گرانیم
به‌ناخی زه‌ویدا ڕۆم ده‌با
كه‌چی با له‌خه‌یاڵی دڵۆپه ئاونگێكا
ده‌مباته‌وه ناو حه‌زی باخچه
من له‌سێبه‌ری مناڵی فلیم كارتۆنه‌كان ده‌چم
به‌ته‌نها هه‌ر خه‌یاڵی ڕه‌های وێنه‌كانن ده‌مبه‌ن .
من له‌و دیو وجودمه‌وه
گێژه‌ڵوكه‌یه‌كی هه‌لكردووم له‌خه‌ونی شه‌یتان
وام له‌به‌ر نه‌فره‌تی ئاسمان
منم وه‌ك نه‌یزه‌كێكی سه‌رگه‌ردان
خه‌یاله به‌ده‌كانی ئاسمان ڕۆژی هه‌زارجار ده‌مشكێنن
با دێ وكۆمده‌كاته‌وه سه‌ریه‌ك
له‌تریفه‌یه‌كی دابڕاوی مانگ ده‌چم
چه‌ند ده‌كه‌م ناگه‌مه‌وه به‌خۆم و
سه‌گ وه‌ڕی ئاوایی سه‌ریان له‌دوناوم و هه‌راسانیان كردووم
با ،له خه‌یاڵی فریندا ده‌مباو ناگه‌مه هه‌ركوێیا
ئیدی من كوری بام
چاره‌نوسم به‌سه‌ر باڵی فرینه‌وه‌یه
هه‌میشه وام له ناشوێناو جوگرافیایه به‌خۆم ناگرێ
منم وا له‌به‌ر نه‌فره‌تی زه‌ویا
هه‌موو خه‌ونه‌كانم وان له‌ناو بوخچه‌ی سه‌فه‌ری به‌رده‌وامی مانگ
چه‌ند ده‌كه‌م ده‌ستم پێ ناگا
هه‌ڵوه‌داو ده‌ست به‌تاڵ ته‌ی ده‌كه‌م..
ئیدی من لێره‌م ولێره‌ش نیم
منم له‌زوڕیاتی حاسڵی با
منم كوری سه‌رگه‌ردانی با
رانیه