Skip to Content

Thursday, September 24th, 2020

باله‌جیاتی به‌رمیلله‌ باروت،………!

Be First!
by August 9, 2008 گشتی

 باله‌جیاتی به‌رمیلله‌ باروت، به‌رمیلله‌ تۆوی گوڵی ڕه‌نگاو ڕه‌نگ بۆ خه‌ڵکی که‌رکوک بێت!
 تایه‌ر حاجی حه‌سه‌ن
 
 ئه‌گه‌ر به‌رمیلله‌ باروت ڕه‌مزی کوشت و بڕی و لێکترازان و نه‌مان بێت، ئه‌وا ده‌کرێت ئه‌و دسه‌ته‌ و ده‌سه‌ڵاتانه‌ی که‌ ئه‌م بیرۆکه‌یان کرد به‌تایبه‌ت مه‌ندێتی شوێنێکی وه‌ک که‌رکوک، به‌ هۆکاری هه‌ڵگیرسانی ئه‌و شه‌ڕو مه‌ینه‌تیانه‌ بزانین که‌ ڕووبه‌ڕوی دانیشتوانی که‌رکوک ده‌بێته‌وه‌. له‌ کاتێکدا خه‌ڵکی ئاسایی ئه‌و شاره‌ خوازیاری جۆرێک له‌و به‌رمیلله‌ باروته‌ نین و ده‌خوازن ئه‌گه‌ر ده‌سه‌ڵاته‌ سیاسیه‌کانی ئه‌مڕۆی عێراق و ده‌ره‌وه‌ی عێراق لێیان بگه‌ڕێن، ئه‌وان له‌ جێی ئه‌و به‌رمیلله‌ باروته‌ تۆیی هه‌زاران گوڵی ڕه‌نگاو ڕه‌نگ بۆ شاره‌که‌یان بچێنن.
 
 شاری که‌رکوک به‌ جیاوازتر له‌ زۆربه‌ی شاره‌کانی دیکه‌ی عێراق بووه‌ به‌ خاوه‌نی تایبه‌ت مه‌ندیه‌کی زیاتر، ئه‌م جیاوازیه‌ش نه‌ک هه‌رته‌نها له‌به‌ر هۆکاری جیوازی جۆری ڕه‌گه‌زه‌ جیاوازه‌کانی ناو خه‌ڵکه‌ کورد و عه‌ره‌ب و تورکمان و ئه‌وانی دیکه‌ی که‌ هه‌یه‌، به‌ڵکو جۆری جیاوزیه‌ک که‌ له‌ خودی ئه‌و مه‌زنێتی ڕاده‌ ئابوریه‌ی هه‌یه‌تی، واته‌ ئه‌و به‌رهه‌مه‌ سروشتیه‌ خاوه‌ی که‌ ناوی (نه‌وته‌). ئه‌م ململانێ و تا سنوری کوشت و بڕیه ‌ پێم وایه‌ هۆکاره‌ سه‌ره‌کیه‌که‌ی ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ بارودۆخی ڕووه‌ ئابوریه‌که‌ی، ئه‌گه‌ر نا زۆر جێگای دیکه‌ له‌ عێراقدا به‌ شێوازی جۆراوجۆر دانیشتوانی پێکهاته‌ جیوازه‌کان پێکه‌وه‌ تێیدا ده‌ژین و به‌ ئه‌ندازه‌ی مه‌سه‌له‌ی که‌رکوک مشتومڕه‌کان توند نه‌بوه‌ته‌وه‌. مه‌گه‌ر له‌ناو شاره‌ شیعی نشێن و سونی نشیه‌کاندا نه‌بێت ئه‌ویش ته‌نها هۆکاریان ئه‌و هێز و بزوتنه‌وانه‌ن که‌ سه‌رتاپا گیرۆده‌ی شوفێنیست و ده‌مارگیری عه‌شایه‌ری و دینی بوون، و ڕقه‌ ده‌ره‌کیه‌کانیان هۆکارێکن بۆ لیکترازانی ئه‌و په‌یوه‌ندیه‌ له‌ مێژینه‌ی هه‌یانبوه‌، هه‌ر له‌ ته‌داخولاتی ده‌سه‌ڵاتی سیاسی ئیسلامی ئێرانه‌وه‌ تا ده‌گات به‌ ده‌سه‌ڵاته‌ سونیه‌کانی وڵاتانی عه‌ره‌بیی.
  ئه‌و لایه‌نه‌ی که‌رکوکی شوبهاند به‌ به‌رمیللێک باروت، ڕه‌نگه‌ ئه‌م داهێنانه‌ ترسناکه‌ ته‌نها به‌رهه‌می ئێستا نه‌بێت هێنده‌ی ڕه‌گ و ڕیشه‌که‌ی ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ ده‌ورانی وه‌ده‌ر نانی ئیمپراتۆریه‌تی (عوسمان)ی و هاتنی ده‌سه‌ڵاتی ده‌ره‌کی ئه‌وکاتی (ئینگلیز و فه‌ره‌نساییه‌کان)(له‌ نوسینه‌کانی مامۆستا عه‌لی وه‌ردیدا ئیشاره‌ت به‌و بارودۆخه‌ی ده‌ورانی ساڵی 1922 ده‌کات، به‌جۆرێک هاوشێوه‌ی ئه‌م ته‌نگه‌ژه‌ییانه‌ی ئێستایه‌) که‌ دواجار به‌ پێی به‌رژه‌وه‌ندیه‌ ئابوری و سیاسیه‌کان عێراق وه‌ک وڵات که‌وته‌ ژێر ده‌ستی (ئیمپراتۆریه‌تی ئینگلیزیه‌)وه‌. ئه‌و ده‌ورانه‌ش جێگایه‌کی وه‌ک که‌رکوک و ویلایه‌تی موسڵ که‌ تورکیای سه‌رده‌می ئه‌تاتورکیش ده‌یخواست بکه‌وێته‌ ژێر ده‌ستیه‌وه‌، ته‌نها هۆکار هه‌ر ڕوه‌ ئابوریه‌که‌ی بوو، نه‌ک ئه‌وه‌ی ئه‌م ده‌توانێت ژیانێکی باشتر بۆ خه‌ڵکه‌که‌ی دابین بکات.
 تائیره‌ وه‌ک ڕووه‌ ڕابردوه‌که‌ی و ئه‌و ته‌نگوچه‌ڵه‌مانه‌ی که‌ ته‌نها ده‌سه‌ڵاته‌ یه‌ک له‌دوای یه‌که‌‌کان نه‌یان توانیوه‌ له‌سه‌ری ڕێک بکه‌ون، ته‌نها به‌هۆکاری به‌های گرنگی خودی ئه‌و ڕاده‌یه‌  له‌ ئابوریه‌ک  که‌ له‌ ژێر زه‌ویه‌که‌یدایه‌.
 به‌دوای ڕوخانی ڕژێمی به‌عسه‌وه‌، و به‌هاتنی داگیر کاری ڕژێمی ئه‌مریکایی، ئه‌و جێگایانه‌ی که‌ له‌ عێراقدا خاوه‌ن سامانی سروشتی نه‌وتن پێم وایه‌ هه‌موو ڕابه‌رایه‌تیه‌که‌ی له‌ ژێر کۆنترۆڵی خودی ده‌سه‌ڵاتی سه‌ربازی ئه‌مریکادایه‌ و هه‌ر بوونی ئه‌و ژێرخانه‌ گرنگه‌ش بوو پاڵی به‌ده‌سه‌ڵاتێکی زلهێزی وه‌ک ئه‌مریکا نا به‌ ڕوخانی ڕژێمی دڕنده‌ی به‌عس و خۆی وه‌ک یه‌ک لاکه‌ره‌وه‌ی ئاینده‌ی عێراق و ناوچه‌که‌ش پێناسه‌ بکات،
 
 ده‌کرێت خودی ئه‌حزابه‌ سیاسیه‌کانی عێراقیش به‌به‌شێک وه‌ک له‌و شه‌راکه‌ته‌ ئابوری و سیاسیه‌ هه‌ڵبسه‌نگێنین و هه‌ر له‌و کایه‌ ئابوریه‌شه‌وه‌ ئاستی دڵسۆزی و به‌ته‌نگه‌وه‌ هاتنیان سه‌یر بکه‌ین بۆ خه‌ڵکه‌که‌ی، واته‌ ئه‌وان شه‌ڕه‌کانیان بۆ به‌رژه‌وه‌ندی تایبه‌تمه‌ندی خۆیانه‌ نه‌ک بۆ دابین کردنی شایسته‌یی ژیانێکی ئابرومه‌ندانه‌ بۆ خه‌ڵکه‌که‌ی.
 باشترین ده‌لیلیش له‌ په‌راوێزی ئه‌و سه‌ردانه‌ی به‌ڕێز (مه‌سعود به‌رزانی و جێگره‌که‌)ی بوو بۆ شاری که‌رکوک، ئه‌مڕۆ واته‌ 08/08/2008 له‌و چاوپێکه‌وتنه‌ یه‌ک له‌ دوای یه‌کانه‌ی به‌شه‌ جیاوزاه‌کانی ناو پێکهاته‌ی خه‌ڵکی که‌رکوک به‌کۆی ده‌نگه‌ جیاوزه‌کان ئه‌وه‌ ده‌بینرا و ده‌بیسترا که‌ ئه‌و خه‌ڵکه‌ بۆخۆیان له‌ مێژه‌ ڕاهاتون به‌ شێوه‌ ژیانێکی دۆستانه‌ و دراوسێیانه‌، تا ئه‌ندازه‌ی ژن خواستن له‌ یه‌کتری و به‌شدار بوون له‌ خۆشی و ناخۆشیه‌کانی ژیانی ڕۆژانه‌یاندا، ئه‌و ده‌ربڕینه‌ سادانه‌ی ناو ئه‌و خه‌ڵکه‌ ئه‌وه‌ی ده‌رده‌خست ئه‌وان خاوه‌نی ئه‌و گرفتانه‌ نین که‌ ڕووبه‌ڕویان ده‌بێته‌وه،‌ هێنده‌ی ئه‌وه‌ی خودی ده‌سه‌ڵاته‌ سیاسیه‌کان به‌رپرسیارن لێی. لێره‌دا جوانترین ئاستی ساده‌ی هوشیاریه‌ک به‌رچاو و دیده‌ن ده‌که‌وێت ئه‌ویش ئه‌وه‌یه‌، ئێوه‌ی ده‌سه‌ڵاتدار شه‌ڕمان لێلاده‌ن ئێمه‌ ده‌توانین پێکه‌وه‌ بژین؟ که‌واته‌ مێژوی ده‌سه‌ڵاته‌ سه‌رو خه‌ڵکیه‌کان هۆکاری بارگرژی و نه‌هامه‌تیه‌کانن نه‌ک خودی ئه‌و خه‌ڵکه‌ی که‌ خۆیان به‌ بێئاگا کراون به‌ دوژمنی یه‌کدی! ئایا ئه‌گه‌ر که‌رکوک ئه‌و به‌رهه‌مه‌(نه‌وتیه‌) زه‌به‌لاحه‌ی نه‌بوایه‌ له‌ زه‌ویه‌که‌یدا که‌س هه‌بوو له‌ده‌سه‌ڵاته‌ سیاسیه‌کانی ده‌روه‌ و ناوخۆ لێی به‌ئاگا بوایه‌؟ دیاره‌ ئێستاش که‌س خۆی ناکات به‌ خاوه‌نی و ئه‌و شاره‌ بووه‌ به‌ دیمه‌نێک له‌ ناشیرینی!!!!!!!
 ئه‌گه‌ر ده‌سه‌ڵاتی ئه‌مڕۆی عێراق ده‌خوازێت پرس به‌خه‌ڵکی که‌رکوک بکات، با بتوانن له‌ ڕیفراندۆمێکی سه‌ربه‌خۆدا خودی ئه‌و خه‌ڵکه‌ ئاینده‌ و چاره‌نوسی خۆیان دیاری بکه‌ن. نه‌ک له‌ژێر زه‌بری هه‌ڕه‌شه‌ی شۆڤێنیانه‌ و تا ئه‌ندازه‌ی ملکه‌چ کردنی به‌زۆری خه‌ڵکی که‌ ده‌بێت به‌ زۆر و له‌ ژێر فشاردا بخرێنه‌ ناو ده‌نگدانه‌وه‌. بۆیه‌ له‌ته‌نها بارودۆخێکی ئازادانه‌دا خه‌ڵکی که‌رکوک ده‌توانن بڕیار بده‌ن ده‌خوازن سه‌ربه‌ عێراق بن یان کوردستان، دیاره‌ ته‌نها به‌ ڕیفراندۆمێکی ئازادانه‌ش ده‌توانرێت ئاینده‌ی سه‌رجه‌م خه‌ڵکی کوردستانیش دیاری بکرێت له‌ مانه‌وه‌یان له‌ چوارچێوه‌ی عێراقدا یان به‌سه‌ربه‌خۆیی له‌ چوارچێوه‌ی کوردستاندا بژین. بێجگه‌ له‌م تێڕوانینه‌ ته‌نها ده‌کرێت بڵێین ده‌سه‌ڵاته‌ زلهێز و ناوچه‌یی و ناوخۆییه‌کان هۆکاری هاورده‌ی ئه‌و به‌رمیلله‌ باروته‌ن و به‌ خه‌ڵکی ئه‌و شاره‌یدا ده‌ته‌قێننه‌وه‌.
 به‌ده‌ر له‌ خواستی ده‌سه‌ڵاته‌ به‌رژه‌وه‌ند خوازه‌کانی ئه‌مڕۆ، ده‌کرێت بڵێین خه‌ڵکی که‌رکوک و زۆرینه‌ی گشتی عێراق له‌بری ئه‌و هه‌موو ده‌رد و به‌ڵایه‌ ده‌خوازن ژیانیان و ئه‌مڕۆ و ئاینده‌یان بۆ بکرێت به گه‌ڕانه‌وه‌ی شوناسی ئینسان دۆستی و یه‌کسانی   بوونیان له‌سه‌رجه‌م کایه‌ فه‌رهه‌نگی ئابوری و کۆمه‌ڵایه‌تیه‌کانیان بۆ دیاری بکرێت، به‌م ئامانجه‌ به‌نرخه‌ ده‌توانرێت شه‌ڕومه‌ینه‌تیه‌کان دوربخرێته‌وه‌ له‌ ژیانێک که‌ زه‌مانێکی دورودریژه‌ به‌ئه‌ندازه‌ی ده‌سه‌ڵاته‌ چینایه‌تیه‌کان یه‌خه‌ی پێگرتوون.
 
 
 تایه‌ر حاجی حه‌سه‌ن
 هۆڵه‌ندا
 08/08/2008
 

Previous
Next

Leave a Reply