Skip to Content

Friday, September 25th, 2020

با تێرۆركردنی رۆژنامەنووسان نەبێتە كلتور

Be First!
by July 30, 2008 گشتی

 دواجار، دوای دوو مانگو شەش رۆژ لەهەڕەشەلێكردنی، سەعات نۆی شەوی 21\22ی ئەم مانگە، لەبەردەم ماڵی خۆیان لەگەڕەكی رەشیداوای شاری كەركوك، سۆران مامە حەمەی لێپرسراوی نووسینگەی كەركوكی گۆڤاری "لڤین" تێرۆركرا.
 ئەمەی سەرەوە لەچوارچێوەی چەند فاكتێكدا هەواڵێكی سادەیە، بەڵام زەنگێكی ترسناكی لەپشتەوەیە، كە لەهەموو وشەیەكیدا لەرەوشێكی پڕ مەترسی ئاگادارمان دەكاتەوە.
 بەهای زاڵ لەم هەواڵەدا تێرۆركردنی رۆژنامەنووسێكە، چونكە رۆژنامەنووسی خۆی پیشەی هیلاكبوونو سەریەشەیە، سەریەشە لەپێناو ئاسودەیی هاووڵاتییان، بۆیە گرتنو ئازاردانو كوشتنی رۆژنامەنووسان كپكردنی چاودێرە هۆشیارەكەی خەڵكە.
 كوشتنی رۆژنامەنووس، لەناوبردنی جەستەی تەنها تاكێكی كۆمەڵ نیە، بەقەد ئەوەی كوشتنی دەنگی كۆمەڵو میللەتێكە.
 بەپێی ستانداردە نێودەوڵەتییەكان، رێژەی ئازادیی رادەربڕینو رۆژنامەنووسی وەك گرنگترین مافو ئازادییەكانی مرۆڤ لەناو هەر كۆمەڵو میللەتێكدا یەكێكە لەپێوەرە دیارەكانی هەڵسەنگاندنی دۆخی دیموكراسییەتو رادەی پاراستنی مافەكانی مرۆڤ.
 لەهەر دەوڵەتێكیشدا، مافی ئازادیی رادەربڕینو رۆژنامەنووسی بكەوێتە ژێر مەترسییەوە، دەسەڵاتداران دەبنە بەرپرسیاری یەكەمی ئەو پێشێلكارییەو دەخرێنە لیستی رەشەوە.
 تێرۆركردنی سۆرانی رۆژنامەنووس، تەمەن 22 ساڵ، لەگەڕەكێكی كوردنشینی "هێمن" بەر لەهەر شتێك جێگەی پرسیاری میدیای كوردییە. لەبەرئەوەی هەموو پەنجەكانی تۆمەت بۆ "بەرپرسانی كورد لەو شارەدا" درێژدەكرێت، هۆكارەكەیشی دەگەڕێنرێتەوە بۆ "نووسینو بڵاوكردنەوەی راپۆرتە رەخنە ئامێزەكانی". یان سەرباری ئەمە، بۆچوونێكی تر پێیوایە كوشتنی سۆران هەوڵێكە بۆ بێدەنگكردنو لەكارخستنی رۆژنامەنووسو میدیای ئازاد. یان … تاد.
 بەهەر حاڵ، تێرۆركردنی رۆژنامەنووسێكی كورد، كە پێشتر راپۆرتێكی لەسەر سۆزانییەكان لەكەركوك لەگۆڤاری "لڤین" دا بڵاوكردبوەوەو تێیدا لەزاری چەند سۆزانییەكەوە هەندێ كەس لەهێزەكانی پۆلیسو ئاسایشو بەرپرسان "بەرێگەدان بەكاری لەشفرۆشیو هاوكاریكردنییان تۆمەتباردەكات". راشیگەیاندبوو: ناوی ژمارەیەك عەقیدی پۆلیسو موقەدەمو رائیدو ئەفسەری تری پۆلیسو ئاسایشو دەزگای دیكەی لایە كە لەگەڵ سۆزانییەكاندا رادەبوێرن.
 هەروەها سۆران چەندین بابەتی دیكەشی بڵاوكردۆتەوە، لەوانە: وتارێك كە رەخنەی توندە لەبەرپرسێكی باڵای هەرێم لەرۆژنامەی "هاوڵاتی" دا بڵاویكردۆتەوە. كاتێكیش هەڕەشەی لێدەكرێتو دواجار تێرۆردەكرێت، هەموو ئەمانەمان بیردەكەونەوە، بەدوای ژمارەی ئەو گۆڤارو رۆژنامانە دەچینەوە تاوەكو جارێكیتر ئەو بابەتانە بخوێنینەوە، بزانین ئاخۆ ئەو هێڵە سورانە چین سۆران بەزاندوونیو بەخوێنو گیانی خۆی باجەكەیشی دەدات؟!.
 ئەو كاتەی سۆران، لە 15ی ئایاری ئەمساڵدا بەژمارە تەلەفۆنێك هەڕەشەی لێكرا (ژمارە تەلەفۆنەكە ئێستاش لەكاردایە)و سەندیكای رۆژنامەنووسانیش لەبڕگەی (2) ی راپۆرتەكەیدا لەبارەی پێشێلكاریی بۆ سەر مافو ئازادییەكانی رۆژنامەنووسانی كوردستان، كە لەكۆتایی حوزەیراندا بڵاوكرایەوە، ئاماژەی پێدا، بەڵام نازانین دەزگا ئەمنییەكان بەدواداچوونو لێكۆڵینەوەیان لەسەر كرد یان نا؟ ئەگەر كردیان هیچ سەرەداوێكیان دۆزییەوە؟ ئەی بۆ دۆخەكە بەكوشتنی رۆژنامەنووسەكە كۆتاییهات؟ بۆ هەوڵنەدرا گیانو ژیانی ئەو رۆژنامەنووسە بپارێزرێت؟! (وەكچۆن تاكو ئێستا ئەنجامی لێكۆڵینەوە لەتێرۆركردنی د. عەبدولستار تاهیر شەریف- رووناكبیرو مامۆستای زانكۆ كە لە 5/3/2008 هەر لەكەركوك تێرۆركرا، رانەگەیەنراوە).
 هەر ئەو پرسیارو گومانانەی سەرەوەشە وایكردوە رۆژنامەنووسان "بەرپرسیارێتیی راستەوخۆی كارەكە" بخەنە ئەستۆی سەرۆكایەتیی هەرێمو پارلەمانو حكومەتو بەكەمتەرخەم لەقەڵەمیان بدەن.
  لەئێستاشدا كە كار لەكارترازەوەو رۆژنامەنووسێكی گەنج بوەتە قوربانی، لێكۆڵینەوەیەكی نێودەوڵەتی بەپێویست دەزانرێت، لێكۆڵینەوەیەك لەسەر ئاستێكی باڵا.
  هەروەك پێویستە لەچوارچێوەی یاسای رۆژنامەنووسی، یان راگەیاندن، كە بڕیارە پارلەمانی كوردستان تاووتوێی بكاتەوە ئەو پرسە بەهەند وەربگرێتو گرەنتی پاراستنی سەلامەتیی رۆژنامەنووسان بكاتو سزای توند بۆ ئەو كەسو لایەنانە دابنێت كە دەبنە هەڕەشەو مەترسی بۆ سەر ژیانی رۆژنامەنووسانو لەمپەر دەخەنە بەردەم كاری رۆژنامەنووسی.
 كۆدەنگیو یەكهەڵوێستیو فشاری رۆژنامەنووسانیش لەهەر پێشهاتێكی لەمجۆرەدا، هۆكارێكی دیكەیە بۆ گەیشتن بەئەنجامی لێكۆڵینەوەكانو دۆزینەوەی تاوانباران.
 تێرۆركردنی سۆران هەڕەشەیەكە بۆ سەر ئازادیی رادەربڕینو رۆژنامەنووسیو سەرەتایەكی ترسناكە لەبەردەم كاری رۆژنامەنووسیو ئاشكراكردنی راستیەكان.
 پێشتر زۆرمان وت: با گرتنو ئازاردانو هەڕەشەو نانبڕینی رۆژنامەنووسان لەهەرێمی كوردستاندا نەبێتە كلتور، بەڵام وا هەڕەشەكان رۆژنامەنووسی تریشی گرتەوەو رەوشەكە گەیشتە ئەوەی ئەمجارە بڵێین: با تێرۆركردنی رۆژنامەنووسان نەبێتە كلتور.

 هێرش رەسوڵ
 
 

Previous
Next

Leave a Reply