Skip to Content

Monday, November 30th, 2020

با دێ‌ ….. عه‌بدولموته‌ڵیب عه‌بدوڵڵا

Be First!

 

 

 

(1)

هه‌موو ته‌مه‌نم با بردی

بۆ تاریكی

من مامه‌وه‌.

 (2)

به‌یانیان منداڵه‌كه‌م یاری به‌ قژم ده‌كا

من دایكم له‌ خه‌و ده‌بینم

وه‌ك كوێر له‌ بازاڕ

 به‌دوامدا ده‌گه‌ڕێ‌.

 (3)

دنیا ئه‌وه‌نده‌ گه‌رمه‌

له‌ دڵی خۆت ده‌ڵێی

بروخێ‌ با.

(4)

كاتێ‌ قسان ده‌كه‌ی

ده‌ماری با ده‌بینم

شین هه‌ڵده‌گه‌ڕێ‌.

 (5)

هیچ كاتێ‌ خۆشه‌ویستیم

له‌ كه‌س نه‌شاردۆته‌وه‌

با نه‌بێ‌.

 (6)

حیكایه‌تی هه‌ڵسه‌ له‌ خه‌و

وه‌ك با 

له‌ ته‌نیایم ده‌ڕژێ‌

دڵم كون كون 

ده‌ناڵێنێ‌.

(7)

له‌چاو ئازایه‌تی با 

مرۆڤ 

له‌ باران ده‌كا

هه‌میشه‌ ده‌كه‌وێ‌.

 (8)

دڵم خراپ پیس بووه‌

با به‌ هه‌موو شوێنێكیدا ده‌با

ئاو نه‌بێ‌.

(9)

قسه‌یه‌كم له‌سه‌ر زمان راگرتبوو

ویستم ده‌م بكه‌مه‌وه‌ 

با بردی

پشیله‌ نه‌بوو.

 (10)

با به‌ نه‌رمی

له‌ رۆژ نزیك ده‌بێته‌وه‌

به‌ باران نا

به‌ حیكایه‌كانی شه‌و.

(11)

له‌گه‌ڵ ئاو 

به‌رۆژو ده‌بین

له‌به‌ر با 

ده‌كه‌وین.

(12)

هه‌میشه‌ ئاو به‌ هاوه‌ڵی با

سه‌ما ده‌كا

مرۆڤ له‌ته‌نیایی راده‌كا.

(13)

ده‌می خۆم ده‌گرم

كات به‌ فیڕۆ نه‌ده‌م

نه‌بمه‌ زه‌حمه‌تی با.

(14)

به‌و هه‌موو گه‌رمایه‌

با ده‌جولێته‌وه‌

من یه‌ك قسه‌م بۆ ژیان هه‌یه‌

خۆشه‌ویستی واته‌

مه‌رگێكی بێ‌ سنور.

(15)

له‌به‌ر باران

سه‌رم خستبووه‌ كۆشی با

خه‌یاڵم گرتبوو.

 (16)

له‌ بازاڕ به‌تووندی خۆم له‌ با دا

یه‌ك دینارم پێ‌ نه‌بوو

به‌ڕووتی ئاوڕ ناده‌مه‌وه‌

ده‌ڕۆم.

 (17)

با بۆ هه‌موو شتێ‌ دێ‌

هه‌موو شتێ‌ له‌به‌ر با.

 (18)

هه‌میشه‌ خۆم به‌ند ده‌كه‌م

له‌ ژووری با

به‌ ئه‌ندازه‌ی وشه‌ی ترس

ده‌جولێمه‌وه‌.

(19)

ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌یه‌

با، ئاو، خاك، ئاگر

له‌ وڵات ئاگر ده‌بارێ‌.

(20)

له‌پڕ هه‌موو ده‌نگه‌كان 

له‌ده‌نگی هاوین نوغرۆ ده‌بن

تازه‌ مێشكم با بردی.

(21)

هه‌فته‌ی چه‌ند جارێ‌ ده‌مه‌وێ‌ پێبكه‌نم

له‌به‌ر ژیان نا

له‌به‌ر با گۆڕكێ‌.

(22)

بیست و دوو رۆژه‌

دڵم له‌ رسته‌ی با توونده‌

باڵی كراوه‌.

 (23)

ته‌نیا و ته‌نیا

به‌ كۆڵانه‌كانی بادا ده‌ڕۆم

له‌به‌رخۆم ده‌پاڕێمه‌وه‌

ته‌ڕ نه‌بم.

(24)

له‌ باوه‌ فێر بووین

تازه‌ دره‌نگه‌ بۆ ژیان

دنیا به‌و دره‌نگه‌ خۆشه‌.

(25)

به‌بیرم دێ‌

له‌سه‌ر دیواران ده‌نووسرا 

بژی با

بروخێ‌ با.

(26)

ئه‌مشه‌و له‌ خه‌ونم

به‌تووندی با به‌سه‌رم كه‌وت

كێ‌ فریام ده‌كه‌وێ‌؟

 (27)

مانگ پڕ بووه‌ له‌ با

له‌ چاوی من نا

له‌ چاوی منداڵه‌كانم.

 (28)

هاوڕێیه‌كم هه‌یه‌

ئازادی به‌ با ده‌پێوێ‌

به‌ ئه‌ندازه‌ی چۆله‌كه‌یه‌ك

قسه‌ له‌ جه‌سته‌ ده‌كا.

(29)

نازانم نه‌ من پێشبڕكێ‌ له‌گه‌ڵ با ده‌كه‌م

نه‌ دنیا ده‌فڕێ‌

بۆیه‌ هیچ شتم لا گرنگ نییه‌

ئاو نه‌بێ‌.

(30)

ئه‌وه‌نده‌ با هات

له‌بیرمان چوو

بیر له‌ ژیان بكه‌ینه‌وه‌

ئێستاش هه‌ر بایه‌.

 (31)

هه‌میشه‌ زمانم ده‌گرم

له‌به‌ر پشیلان

به‌ با ده‌ڵێم

سبه‌ی له‌گه‌ڵ باران دێمه‌وه‌.

 

هه‌ولێر ته‌مموزی 2012

 

Previous
Next

Leave a Reply