Skip to Content

Thursday, March 28th, 2024
با نێچیرڤان بارزانی واز بێنێت!…..سالار بابەشێخ

با نێچیرڤان بارزانی واز بێنێت!…..سالار بابەشێخ

Closed
by April 18, 2009 گشتی

 با نێچیرڤان بارزانی واز بێنێت!
سالار بابەشێخ

ئەمڕۆ و سبەی، یان تا دوای هەڵبژاردنێكی دیكە، نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان، یان دەبێت پۆستەكەی بۆ كەسێكی دیكە چۆڵ بكات، یان دەبێت بەشێكی زۆر لە جەماوەری دانیشتووی هەرێمی كوردستان بە هەموو نەتەوەكان و هەڵگرانی بیروباورەڕی ئایینی جیاوازەوە، دەنگی متمانە بە خۆی و حزبەكەی بدەن، بۆ ئەوەی جارێكیتر و بۆ ماوەیەكی دیكە ئەركی پێسپێردراوی ئیرادەی گشتیی وڵاتەكەی و میللەتەكەی لە ئەستۆ بگرێت و كارنامەیەكی دیكە بخاتە ئەرشیڤی مێژووی دەسەڵاتی كوردی.
بێگومان هەر كاربەدەست و هەر(پۆلیتیكاڵ مەن) و هەر خاوەن بڕیارێك هەموو كارەكانی شایانی ستایش نین، چونكە روانگەی جیاواز و خوێندنەوەی جۆراوجۆر بۆ بەرنامە و پراكتیكی خاوەن بڕیار وادەكات، لە لایەكەوە بەرهەڵستكار و تەنانەت نەیاریشی هەبێت و بەردەوام كارە باشەكانیشی بە خراپ لە قاو بدرێ، لە لایەكی دیكەشەوە خەڵكانێك هەن كە بەردەوام ستایشی كارەكانی دەكەن و بەشان و باڵیدا هەڵدەدەن و كەموكوڕییەكانی بۆ دەشارنەوە، هەشە بە راستگۆیی و بوێرییەوە خوێندنەوەی دروستی بۆ كار و بەرنامەكانی خاوەن بڕیار هەیە و هەموو شتێك وەك خۆی باس دەكات، نە شتێك زیاتر و نە شتێك كەمتر. جا لە هەر سێ حاڵەتەكەشدا، سێ خاڵی(تاریكبینی – گەشبینی – واقعبینی) لە جۆری دەربڕینی روانگەی خۆیان بۆ كارنامەی سەرۆكێك، رۆڵی سەرەكی دەبینن. ئەز هیوادارم ئەم خوێندنەوەیەم نەكەوێتە خانەی خاڵی یەكەم و دووەم و بە ئاراستەی واقعبینیدا ئامانجەكانی بپێكێ و لەسەرووی هەموو شتێكەوە بەرژەوەندییە نەتەوەییەكانم رەچاو كردبێت.
لە راستیدا گلە و گازاندەی خەڵك لە قەیرانی گەندەڵی و ویژدان بە گیرفان بوونی هەندێك لە بەرپرسان، شتێكی بەرچاوە و حاشای لێناكرێت. دادپەروەری سەربەخۆ و بە بێ دەستتێوەردانی حزبی، هێشتا لە كوردستان جێنەكەوتووە، حزب و لایەنە سیاسییەكان چ لە ناو خۆیان و چ لە دەرەوەی هەیكەڵی حزبی و چارتی رێكخراوەییان، ئەوەندەی گیرۆدەی كێبڕكێیەكی ناتەندروست و زۆرجار نەیارانەن و زۆربەیان ئەوەندە خولیا و شەیدای دەسەڵات و كورسین، نیو ئەوەندە بیر لەوە ناكەنەوە كە دەبێت بە كام پێوەر و پێوانە لە گەڵ بەرهەمی خوێنی شەهیدان و هاوسەنگەرانی دوێنێی خۆیان مامەڵە بكەن!! واسیتە و بەرتیل زۆربەی فەرمانگەكانی كوردستانی تەنیوە، زۆرێك لە پێشمەرگەكانی دوێنێ و بەرپرسانی ئەمڕۆ كە پێڵاوی قایش و قیریان لە پێ دەكرد، لە پڕێك بوون بە خاوەن چەندین شوقە و ویلا و كۆمپانیا و. هتد. پێشیلكردنی مافی مرۆڤ و ژنكوژی و توندوتیژی نەك بنبڕ نەكراوە، بەڵكو چەند ساڵێكە زیاتر باس دەكرێن و بەشێك لە رووبەری رۆژنامەكان و شاشەی(تیڤی)یەكانی داگیر كردووە، گەندەڵی نەك تەنها دامودەزگای حكومی و حزبی، بەڵكو كەرتی تایبەتیشی گرتۆتەوە، نموونەی بەرچاویان كۆمپانیاكانی هێڵی مۆبایلن، بە سەدان هاووڵاتی باسی ئەوەیان بۆ كردووم و بۆ خۆیشم تاقیمكردۆتەوە، وادەرچووە كە زۆرجار لە پەیوەندییەكی دەرەوەی وڵاتدا كە لایەنی بەرامبەر وەڵامی نەبووە و چی زەنگ لێدراوە، هەڵینەگرتووە، كەچی چەندین سەنت و جاری وایە زیاتر لە دۆلاریش لە "یەكە"ی هاووڵاتی داماو لووش دراوە و بە ریكلامە سەرسامەكانیان بۆ تەكنۆلۆژی سەردەم، ئەو دادۆشین و دزییانەش دەشارنەوە. بێكاری و گرانی و كرێی خانوو، تەنگی بە چینی كەمدەرامەت هەڵچنیوە، گەنج توانای هاوسەرگیری و پێكهێنانی خێزانی نییە. خەڵك دوای فەشەلهێنانی جیهانی دوو قوتبی و گەشەی سەرمایەداری، وا خەریكە سەرلەنوێ باسی خەباتی چینایەتی دەكەن و بەها نەتەوەییەكانیان كاڵ و كاڵتر دەكەنەوە!!
لەگەڵ هەموو ئەم كەموكوڕییانە و ئەم قەیران و گرفتانەدا كە دەخرێنە ئەستۆی حكومەت، تاكی كوردیش هێشتا ژماریەكی زۆریان گیرۆدەی كاڵفامین، بۆ نموونە بەكارهێنانی توندوتیژی و ژنكوژی لە ژێر پەردەی نامووسپەرستی، ئەوە نییە كە حكومەتی هەرێم بەربەستی بۆ دروست نەكردبێت، یان پلانی بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئەم دیاردەیە نەبووبێت، ساڵانی كۆن چەندین بەرامبەری ئێستا و ئەم سەردەمە، ئەم نەریتە سواوانە و ئەم توندوتیژییانە لە كۆمەڵگەی كوردیدا هەبووە و كەس باسی نەكردووە، وەك سەرۆكی حكومەت لە وتارەكەی ناو پەرلەمانی كوردستاندا ئاماژەی پێدا هەر ئەوەی كە ئێستا باس دەكرێ، هێمای كرانەوەی كۆمەڵگەی داخراوی كوردییە بەرەو كۆمەڵگایەكی كراوە و یاساسەروەر كە هێشتا لە سەرەتای هەنگاوناندایە، ئێستا رۆژانە ئافرەتان سكاڵا و گازاندەی خۆیان لە ناوەندەكانی تایبەت بە ژنان و لە لای پۆلیس و دەزگاكانی ژنپارێز تۆمار دەكەن. نموونەكان زۆرن، دەیان و سەدانجار بە مەبەستی بەرزكردنەوەی ئاستی وشیاری ژینگەپارێزی لە لای هاووڵاتییان، لە رێگەی جۆراوجۆرەوە كاری بۆ كراوە، لە سەیرانگەكان ئەلاگەی زبڵ و كارتی هاندانی ژینگەپارێزی بەسەر خەڵكدا دابەشكراوە، ئەم نەورۆزە دوو میوانی بیانیم لەگەڵ خۆم بۆ سەیران برد، كە چاویان بەو ئاسەواری زبڵ وخاشاكە كەوت و بینییان خەڵك چۆن شار و ژینگەی خۆیان پیس دەكەن و قوتووی بیرەكانیان لە جامی ئۆتۆمبیلەكانەوە دەخەنە ناوەندی شەقام و جادەكان، نەیانشاردەوە كە بەزەییان پێماندا دێتەوە!!! لەگەڵ هەموو ئەمانەدا، كۆمەڵێك پڕۆژەی تەواوكراو، نیوەكراو و دەستپێكراو لە بواری ئاوەدانی و شارسازی و وەبەرهێنان و گەشەی ئابووری دەبینرێن كە لە دادێدا بەرهەم و سوودی زۆری بۆ هاووڵاتییان دەبێت، بەڵام تەنانەت سیاسەتوان و رۆشنبیری ئێمە كەمتریان كاری بابەتییانە و لێكدانەوە و شیكاری دروستیان بۆ هاوكێشەكان و تایبەتمەندییەكانی كوردستان هەبووە، ئاستی پێدانی زانیاری و شەفافییەت زۆر لاواز بووە، بۆیە ژمارەیەكی زۆر لە دانیشتووانی ئەم كەرتەی كوردستان ئەگەر چەند كاتژمێرێك كارەبایان نەبێت، دەبێتە هۆكارێك بۆ ئەوەی ئینتیمای نیشتمانی و نەتەوەیی خۆیان بە تاقەوە بنێن و هەڕەشەی بەشداری نەكردن لە هەڵبژاردنەكان بكەن و بە لایانەوە گرنگ نەبێت كە دەسەڵاتی خۆماڵی و سەروەرییەكانی كورد جارێكی دیكە لەگەڵ ژێردەستی و چەپۆكخۆری و داگیركەریدا جێگۆڕكێ بكەن!!!
خەڵك بە رێژەیەكی زۆر دەڵێن حكومەت سەركەوتوو نییە، پلانی نییە، ستراتیژ و سەرخان و ژێرخانی ئابووری وڵات كاڵفامانە مامەڵەی لەگەڵ دەكرێت. لە هەندێك لەماڵپەڕەكانیشدا نووسەری وا هەن كە سووكایەتی بە كەسانی ماندوونەناس و دڵسۆزی ئەم وڵاتە و دەستكەوتەكانی كورد دەكەن، خوشیان لەو واقعە گێل دەكەن كە كارنامەی حكومەتی هەرێم لە سەر شارە وێرانكراوەكان و گوندەكانی داڕووخێنراو، حزبەكانی تەژی بە توندوتیژی و گۆمەكانی خوێنی براكۆژی و.. هتد بونیات نرا. وەك سەرۆكی حكومەت لە ناو پەرلەمانی كوردستاندا ئاماژەی پێدا دروستكردنی متمانە و پێكەوە ژیان و كاركردنی حزبەكان و یەكخستنەوەی رەنگەكان كارێكی ئاسان نەبوو. زۆر كەسیش بە كارێكی مەحاڵیان دەزانی، بەڵام كران و لەبەرچاو نین، بۆیە من پێشنیار دەكەم سەرۆكی حكومەت واز لە پۆستەكەی بێنێ، بۆ ئەوەی بزانین كام جێگرەوەی دەتوانێت لە ماوەیەكی كورتدا ئەو هەموو كونسولگەری و كۆمپانیا ناودارانەی جیهان بێنێتە كوردستان و با بیبینین كە شارسازیی پایتەخت و شارەكانی دیكەی باشووری وڵاتەكەمان، بە چ ئاقارێكدا دەبات و چەند ناوەندی دیكەی دژی توندوتیژی بەرامبەر بە ئافرەتان دروست دەكات. یان ئەگەر دیسان هەڵبژێردرایەوە، یان ئەگەر دیسان یەكێتی و جەماوەرەكەی و خەڵكی كوردستان متمانەی خۆیان پێبەخشییەوە، با جگە لە پەرۆشی بۆ كێلگە نەوتییەكانی كوردستان كە داهاتووی كورد گەرەنتی دەكات، با بە پەلە سەردانی گەرمیان بكات و رەشپۆشەكانی كەسوكار ئەنفالكراو و جادە پڕ كەند و كۆسپەكانی بەردەم خانووەكانیان بەسەر بكاتەوە و پشتیوانی خۆی بە كردەوە بۆ جەرگسووتاوانی پاشماوەی ئەنفاڵ دووپات بكاتەوە، سەردانێكی دەربەندیخانیش بكات، تا بزانێت ئەو نامەیەی منداڵانی ئەو شارە لە رۆژنامەی كوردستان راپۆرت ئاراستەیان كرد، هەتا هەنووكە بێوەڵامە و منداڵە بێنازەكانی دەربەندیخان هەتا ئێستاش لە خزمەتگوزاری حكومەت بێبەشكراون و پارك و یاریگەیەكی تایبەت بە منداڵانیان نییە.

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.