Skip to Content

Thursday, September 24th, 2020

با هەبێ (3)… كوفری تەوقەكردن لەگەڵ جوولەكە

Comment
by July 16, 2008 گشتی

  Sangarzrary@gmail.com

 بە شەرعی خوا و پێغەمبەران، تەوقەكردنی بەینی پیاو و پیاو، ژن و ژن حەرام نییە و شتێكی ئاساییە، جا ئەو پیاو و ژنانە لەهەر قەوم و عەشیرەتێك بن، شەرت نییە ئەگەر یەكێك موسوڵمان بێ، ئیلاوبیلا دەبێ تەوقە لەگەڵ موسوڵمانان بكا، پێغەمبەری ئیسلام خۆی دەرودراوسێی جوولەكە و مەسیحی هەبوونە و مامەڵەی لەگەڵ كردوون، تۆ بڵێی رۆژێك تەوقەی لەگەڵ یەكێكیان نەكردبێ. ئەوەی ئیختیلافی لەسەرە و فوقەها و شەرعزانەكان لەسەری ناكۆكن، تەوقەكردنی بەینی پیاو و ئافرەتە، زۆربە پێیان وایە جائیز نییە و حەرامە. كەچی ئەو برا عەرەبە چاوڕەشانە كە خۆیان بە نەوەی قوڕەیشییەكان دادەنێن و پێیان وایە لەوان زیاتر كەس میراتگری ئیسلام نییە، تەنانەت لەوەش دەترسن كە كەسێكی دۆستی ئەوان تەوقە لەگەڵ جوولەكاندا بكات و لایان وایە حەرامە.
 "خولەی عەباسە فەنی" كە سەرۆكی فەلەستینە و هەموو عەرەب و ئیسلامی دنیا لەسەر فەلەستینەكەی ئەو رقیان لە جوولەكان دەبێتەوە، خۆی دەستی "ئیهود باراك"ی جوولەكەی گرت و بەزۆری زۆردارەكی گوتی دەبێ بچین تەعارفێك لەگەڵ "جەلال تاڵەبانی" بكەین. لەبەرامبەردا ئەم عەرەبە هیچ لەبارنەبووانە نەیانگوت ئەرێ كاك نامەحموو ئەدی ئەمە دوژمنی تۆ نییە؟ بۆچی ئاوەها پیلیت گرتووە و دەیبەی لەكن ئەم و ئەوی دەگێڕیی و بە خەڵكی دەناسێنی؟ كەچی یەخەی "مام جەلال"یان گرت و دەڵێن بۆ تەوقەی لەگەڵ دەكەی؟ ئەدی ئەوە جوولەكە نییە و دوژمنی عەرەب نییە؟ وەكو ئەوەی ئێمە سەرە گەورەكەی خولە لە بەینی هەردووكاندا نەبینین.
 بەخوا برا قسەی خۆمان بێ خەتای ئەوان نییە، خەتای خۆمانە، ئەگەر نا بۆ ئەوەندە زوو بەیاننامە و روونكردنەوە دەردەكەین، دە پێیان بڵێ كاكە ئەگەر من لە ئیسرائیل عادز بم لەسەر ئەم مەحمود عەباسەیە، كەچی ئەو خۆی ئەوی هێنا بۆ لای من و دە ئازا بن گوێی راكێشن و محاسەبەی بكەن. ئاخر كاكە ئەگەر وابكەین و لە دوای هەر سڵاوێك بەیاننامەیەك دەر بكەین، عەیب نەبی پێمان فێر دەبن، خۆ ئەوە جاری یەكەمیان نییە، ئەدی ئەوە نەبوو دووسێ ساڵ پێش ئێستا كە "هۆشیار زێباری"ش تەوقەی لەگەڵ "بنیامین بن ئەلیعازر"ی وەزیری ژێرخانی ئیسرائیلی كرد، ئەو عەرەبانە مێشكیان بردین و داوای روونكردنەوەیان دەكرد، تا ئەوە بوو هۆشیار زێباری گوتی: كورە بابە وەڵڵا وەبیلا مەبەستم هیچ نەبووە لەو تەوقەیە، ئەو بە خۆی هات بە لەهجەی عەرەبی عێراقی گوتی: چۆنی؟ ئەمنیش عێراقیمە.. ئەمن بە عەرەبی هەر جواب نەداوە، بە ئینگلیزی گوتم: باشە سەر سەر و سەر هەردوو چاوم… باشبوو عەرەبەكان بەوە وازیان لێ هێناین.
 جا بەخوای برادەرینە ئەگەر ئێمە پاش هەر سەلامێك بەیاننامە دەركەین و روونكردنەوە بدەین، هێدی هێدی هەموو شتێكمان لە بن دەستی دەردەینن.
 

Previous
Next

Leave a Reply