Skip to Content

Friday, December 4th, 2020

با ڕاستگۆ بین لەگەڵ دروشمی یەکسانی ژن و پیاو

Be First!
by February 2, 2014 ژنان

 

 

 

 

شیعاری کۆتایی هێنان بە توندو تیژی بەرانبەر بە ژنان و بەرزکردنەوەی دروشمی یەکسانی نێوان نێر و مێ بۆتە وێردی زمان و زیاتر لە سەد ساڵە کاغەزی سپی پێ پڕدەکەنەوە،  بەڵام زۆربەی جار بێ ناوەرۆک و بێ بنەمایە و هەڵاوگێڕ بەرز کراوەتەوە.

دروشمی یەکسانی بۆ ڕاماڵینی چەوسانەوەی ژنانە، بۆ بڕینی پەتی ناوکی توندو تیژیە، بۆ دابڕانە لەو دۆخە نالەبارەی کە مێژوی کۆمەڵگا بەدیاری بە ژنانی بەخشیوە، بەکورتی بڵێم کە ئێمەی ژن هەر لەسەرەتاوە وەک و کەرەستەی یاری دەستی پیاو دروستکراوین وە لە قۆناخە جیاوازەکانی ئەم مێژوە دڵ ڕەقەدا کراوین بە کێڵگەی پیاوان- پلە دوو – زەعیفە وە بەکورتی دابونەریت و یاسا کردوینی بە کۆیلەی ڕەگەزەکەی تر کە ناوی پیاوەو بەشێکە لە لەشی خۆمان. بێڕەحمانە هەست و ئارەزوەکانمان سەرکوت کراوەو بوینە بوکەشوشەی دەستی پیاو بەئارەزوی خۆی دەتوانێت سادو سەودامان پێبکات، ئەمرو نەهیمان بەسەردا بسەپێنێت و کۆنتڕۆڵی ژیانمان بکات، وە ئەگەر بیەوێت دەتوانێت بەس بۆ هەوەس چوارو پێنجمان وەک سەیارە لەماڵەوە پارک بکات یان بازرگانی بە لەشمانەوە بکات وە هەرنەبێت بۆ چەند ساتێک بمان کڕێت و……… هتد.

بەرەی یەکسانیخواز بۆ گۆڕینی ئەم دۆخە دروشمی یەکسانییان بەرزکردۆتەوە بۆ گۆڕینی ئەم هەلومەرجە. بەڕای من کەسانێک دەتوانن خەباتکاری ڕاستەقینەی ئەم دروشمەبن کە هۆشیاربن بەوەی کە دەبێت تۆزی قەیدو بەندی کۆنەپەرستی لەخۆیان ڕاتەکێنن، کۆڵەپشتی کۆتو زنجیری دەست و پێیان کە بەناوی دابوو نەریت و پیرۆزی ئاینی و بەهای ئەخلاقی مێژو وەک و دیاری پێی بەخشیون فڕێدابێت. ئەگەر نا ئەو ژن و پیاوانەی کە جانتاکانیان پڕە لە کۆنەپەرستی دەتوانن چ قازانجێکیان هەبێت لەم ڕێگایەدا، کەسانێک دەتوانن دروشمی ئازادی ژن بەرزکەنەوە کە دەستپێکیان ئینسان بێت و خەبات بۆ یەکسانی واتا جیاکردنەوەی دین لە دەوڵەت وە ئیداریات و سەرجەم پەیوەندیەکانی کۆمەڵگا و گۆڕینی یاساکان و تێکشکاندنی مناسەباتی دەرەبەگایەتی وە ڕێکخستنەوەی پەروەردەو پرۆسەی خوێندن لەسەر بنەمایەکی ئینسانی هەنگاوی یەکەمی بێت.

بەرزکردنەوەی دروشمی یەکسانی وە هەوڵدان بۆ بەدیهێنانی لە کۆمەڵگای کوردستان وەک تێپەڕاندنی شەمەندەفەڕە بە تولە ڕێگایەکی باریک لەدارستانێکی چرو پردا. بۆ تێپەڕاندنی ئەم شەمەندەفەڕە ئەگەر هەرجارە کە گیریکرد بکەوینە سەرو گوێی شەمەندەفەڕەکە وە بەشێکی لێبکەینەوە بۆ ئەوەی لە هەر کۆسپێک تێپەڕێت، ئەوا هەتا دەگەینە ناوەڕاستی دارستانەکە دەبێت مەکینەکەشی فرێبدەین وە بەکەر ڕایبکێشین. لەو کاتەدا ئاسەوارێک لە شەمەندەفەڕ نامێنێت. لەڕاستیدا بۆ تێپەڕاندی شەمەندەفەڕ دەبێت ڕێگا هەموار بکرێت و لقو پۆپی دارەکان فڕێبدرێ و ڕێکبخرێت، چونکە ئامانج تێپەڕاندنی شەمەندەفەرە نەک پاراستنی لقو پۆی دارەکان و تولە ڕێگاکە. 

بۆ تێپەڕاندنی شەمەندەفەڕی یەکسانی ژن و پیاو بە کۆمەڵگای کوردستاندا بەهەمان شێوە گرفتو کۆسپی زۆر هەیە، دەیان کۆمپانیاو لقی میللی و مەزهەبی، عەشیرەتی وە بازرگانی سێکسی هەن کە کۆسپ و گرێن لەبەردەم گەشەکردنی کۆمەڵگا بەگشتی و یەکسانی ژن و پیاو بەتایبەتی. ئەگەر لەکاتی تێپەڕاندنی ئەم شەمەندەفەڕە وە گیرکردنی لە بالکۆنی هەر فرقەیەکی مەزهەبی تۆزێکی لێ هەڵکڕێنین ئەوە لە نیوەی ڕێگا خاسیەت و هەیمەنەی خۆی لەدەستدەدات.

یان دەبێت واز لە دروشمی یەکسانی بهێنین، یان دەبێت ڕێگای بۆ هەموار بکەین، هەموارکردنی ڕێگاش واتا داتاشینی دابونەریت، یاسای کۆن وە هەموو ئەو سیستەمەی کە ئەمڕۆ لە ئارادایە بۆ هێشتنەوەی کۆیلایەتی ژن. هەروەک ئاماژەم پێدا ئامانجی سەرەکی و دەستپێکمان بەرزکردنەوەو سەپاندنی یەکسانییە نەک پاراستن و پارێزگاریکردن لە بیروباوەڕی کۆنەپەرستی و دواکەوتوانە کە لێواوە لێوە لە توندوتیژی. 

دیواری فریوکاری

کاتێک بەرژەوەندیان دەکەوێتە هەڵدێرەوە، دیوارێکی ساختەو فریوکارانە هەڵدەچنن بۆ پاراستنی بەرژەوەندیەکانیان وە دەڵێن ئاخر ئێمە کوردین دابونەریتی خۆماڵی خۆمان هەیە خەڵکی کوردستان دیندارن و سکۆلاریزم و عەلمانیەت نامۆیە بە کۆمەڵگای ئێمە، کۆمەڵگای ئێمە تەقەبولی ئەمە ناکات و ئێمە خاوەن پیرۆزی و بەهای ئەخلاقی و گشتین. لە ڕاستیدا دروستکردنی ئەم دیوارە ئیهانەو بێڕێزیە بە عەقڵ و شعوری خەڵکی کوردستان وە پێمان دەڵێن فەرهەنگی کورد ڕێژەی نەگۆڕەو خاسیەتی پێشکەوتنی تێدا نییە. واتا کورد گەمژەو مێشک داخراوەو بەم شێوەیە دواکەوتویی و جەهالەت دەکەنە بەرگی هەتا هەتایی بۆمان وە زانستی کۆمەڵایەتی بڤەیەو نابێت لێی بەهرەمەندبین. 

کەم نین ژمارەی ئەو بەڕێزانەی خۆیان بە ڕۆشەنبیرو پێشکەوتو یان بگرە سکۆلار دەزانن، کە لەماوی یەکساڵی ڕابردوو بە دەخالەت، یان بێدەنگ بوونیان بەرامبەر ڕەشنوسی دەستوری هەرێم و تەئکیدکردنەوە لە سەوابتی ئیسلامی کە پڕن لە دواکەوتویی، کۆنەپەرستی و نایەکسانی. بەداخەوە ئەمانە نەک تەنها ناتوانن وەک ڕۆشەنبیر داینەمۆی ڕەوڕەوەی پێشکەوتن بن، بەڵکو تەنها کۆمەڵێک خەڵکی پۆپۆلیست، کۆیلەو دەستەمۆی دابونەریتن کە لەودیوی دیواری ئێمە کوردین و لە گۆمیلکەی جەهالەت پەل دەکوتن و تەنها فێری نوسین و کۆپی کردن بوون وەک و بازرگانی بەردەرگای حیزبەکان. ئەمانە تەور بەدەستی شکاندنی شەمەندەفەرەکەن نەک هەموارکەرانی ڕێگا.

هێشتنەوەی ئەم دیوارە لەبەردەم گەشەکردنی کۆمەڵگا درێژەی سیاسەتی بەعس و دەسەڵاتە دیکتاتۆرە یەک لەدوای یەکەکانە بۆ هێشتنەوەی خەڵک لە جەهالەت و دواکوتویی. 

ئەگەر بنەڕەتی و کۆنکرێت بڕوانینە سەرچاوەکانی توندو تیژی، دەبینین زۆر ساویلکانەیە چاوەڕوان بین، ڕەوتە ئیسلامی و ناسیۆنالیستەکان، چارەسەری کێشەی ژنان بکەن. ئەگەر تیشک بخەینە سەر ئەو ڕێکخراوانەی کە لە پاشکۆی دەسەڵات و حیزبەکانەوە دروست کراون لە ژێر ناوی داکۆکی لە مافی ژنان و بەدیهێنانی یەکسانی، وەکو کۆمپانیای زنجیرەیی لق و کەرتیان بڵاو بوتەوە، بە ئاشکرا دەردەکەوێت کە زۆربەیان ئامانجیان تەنها پاراستنی بەرژەوەندی حیزبەکانیانە لە بواری ژناندا. لە ٢٣ ساڵی ڕابردو دەستی ئەحزابی دەسەڵاتدار ئاواڵە بووەو کەس پێشی پێ نەگرتوون، دەکرا ڕەوشی ژنان بەرەو باشتر بوون بچێت، بەڵام بەداخەوە دەیان هەزار ژن کوژراون و بونەتە قوربانی، ئەگەر ڕێژەیی لێکی بدەینەوە، دەبینین ئەم دەسەڵاتەی ئێستا بە دەیان کەڕەت خراپتر بووە لە دەسەڵاتەکانی پێشو بە نیسبەت کێشەی ژنانەوە.

تەنها ڕەوتێک دەتوانێت پێشەنگی خەباتی ژنان بێت بۆ چارەسەرکردن کێشەکانیان و گەڕاندنەوەی ئیرادە و بەهای ئینسانییان، کە سەرجەم دەسپێکی، موقەدەسات، پیرۆزی و بەهای گشتی و ئەخلاقی، لە سەر رێزگرتن لە ئینسان چەقی بەستبێت. بێگومان بە پێی ئەزمونی مێژوی کۆمەڵگای بەشەری، هەمیشە ڕەوتی چەپ و سوسیالیست بووە بە خەباتی بەردەوام لە بەرانبەر ڕەوتە مەزهەبی، ناسیۆنالیست، کۆنسەرڤاتیو و کۆنخوازیەکاندا لە ململانێدا بووە، هیچ هەنگاوێکی مۆدێڕن و پێشکەوتو نیە کە مۆری خەباتی چەپ و کۆمۆنیستی پێوە نەبێت. هیچ جاریش نەبووە کە ڕەوتە مەزهەبی، ناسیۆنالیست، کۆنسەرڤاتیو و کۆنخوازەکان نەبن بە ڕێگر و کۆسپ لەبەردەمیان.

 

لاوژە جواد
Previous
Next

Leave a Reply