Skip to Content

Saturday, September 19th, 2020

بریندارێكى هەڵەبجە نایەوىَ بمرىَ..!

Be First!

 بریندارێكى هەڵەبجە نایەوىَ بمرىَ..!
 لەپەراوێزى ڕوفاتى ئەنفالكراوەكانى نەجەفدا

 
  عومەر محمەد
 پاش ئەوەى هەواڵى گۆڕە بەكۆمەڵەكەى ناوچەى حیدریەى پارێزگاى نەجەف بڵاوبووەوە، دەیانو بگرە سەدان ووتارى باشو خراپى لەبارەوە نوسراوە، وەفدى كورد بەوەزیرو گزیرەوە، بەشۆڕوشەقەوە بەرەو شارى نەجەف بەرێكەوتن. هەتا لەوىَ بەتێروتەسەلى باس لە ئەنفالو تەرمەكانى بیابان بكەن.. بێگومان بەرێزەوە بەڵام بەچاوى ڕەخنەوە لەهەموو ئەو هەوڵانە دەڕوانم، چونكە ئەوان بەدەم تەرمى مردوەكانى ئەنفالەوە چوونو منیش قسەم لەحاڵى زیندوانە، وەلى ئەفسوس..ئەوەى بەهاى لەدەستداوە ڕەخنەو پێشنیارە، خۆ وەنەبىَ خەلەلە كە هەرحكومەت بىَ،  نا بەڵكو میللەتیش بەجۆرێك لێى شێواوە، ئاخرى خێر بێت.. ڕەنگە باشترین پێناسە بۆ ئەم میللەتە ئەوەبىَ پێى بڵێَیت: (مردوو پەرستى زیندوكۆژ) ئەوەى دەربارەى تەرمەكانو هێنانەوەیان دەنوسىَو قسەدەكاتو داوا دەكات ڕوفاتى ئەنفالكراوەكان بهێنرێنەوە بۆ كوردستان راستى فەرمووە، وەزیرى شەهیدانو ئەنفالكراوانیش، ئەركى سەرشانێتى بچێت بەشدارى لەكۆنگرەى نەجەف بكاتو كارێكى باش دەكات..  وەلىَ بەداخەوە.. ئەوەى ئەو بەڕێزانە خۆیانى لێلا دەدەن بەهاى زیندووەكانە.. ئاخر بەچى دەچێت گۆڕى باوكم بۆبكەن بەچراخانو خۆم لەتاریكیدا بژیم ؟  هەموو ڕوفاتى ئەنفالكراوەكان بهێنرێتەوە بۆ كوردستانو لەمەراسیمێكى پڕلەخەرجى شایستەدا بنێژرێن.. تەنانەت ئەگەر گۆڕەكانیان بۆ بكرىَ بە ڤییەللا…بەچى دەچىَ ئەگەر زیندووەكان لەژیانێكى ناشایستەدابنو لەكۆڵیتو كەلاوەو وشكەكەڵەكدا بژین..؟!  وەنەبىَ بڵێم: با ڕوفاتى
 
 ئەنفالكراوەكان لەبیابان فەرامۆش بكرێن.  نەخێر بروام وایە ئەوەى پێى باشنیە ڕوفاتى ئەنفالكراوەكانى لە بیابان بهێنرێنەوە، خوێنساردیەكەى دەگاتە ئاستى گێلێتى، بەڵام لەوان گێلتر ئەوكەسانەن كە پێیان وایە تەرمى ئەنفالكراوەكان لەزیندووەكان بەرێزترو لەپێشترن.. من تەنها نمونەیەك دەهێنمەوە هیچى ترنا، دەنا كوردستان بەسەرنمونەدا وێران بووە.. فەرموون هەتا نەجەف نا، بەڵكو خەرجى هەتا سەرسنورى (حەمرین)ى ئەو وەفدەى چوون بۆنەجەف، با بۆ ئەو هەڵەبجەییە بریندارەى چەكى كیمیاوى خەرج بكەن، كە عەیامێكە هاوارێتى پارەى نەشتەرگەرىو دكتۆرەكەى بۆ دابینبكرێت؟!  مامۆستا محمد حەسەن عەزیز، كەبریندارێكى هەڵەبجەیە، بەئازایەتى خۆى گەیشتووەتە وڵاتە یەكگرتووەكانى ئەمریكا، ماوەى چەند مانگێكە كەسوكارى سەرقاڵى پەیداكردنى بڕێك پارەن بۆ چارەسەرى نەشتەرگەریەكەى، تەنها (20000) بیست هەزار دۆلارە، فەرموون ئەو مامۆستایەى هێشتا نەبووەتە شەهیدێكى ترى چەكى كیمیاوى..؟ با بەزیندوویى رێزى لێبگرن.؟ من ئەم داوایەم بەتەنها لەحكومەتى هەرێمى كوردستان نیە، بەڵكو لەهەر مرۆڤێكە ویژدانى زیندووەو دەتوانىَ كۆمەكى بكات ؟! كىَ دەیەوێت مەردایەتى بنوێنىَ  ئەوە هەڵەبجەییەكى بریندارو دكتۆرێكى بیگانە چاوەڕوانتانن، بەپێچەوانەوە لەدواى مەرگى پێناسەوموچەى شەهیدانى كیمیابارانى بۆچیە؟ ئەگەر بەزیندوویى قەدرى نەبوو لە گۆردا دروشمو هەڵا خزمەتى كىَ دەكەن؟ ئەگەرمامۆستا محمدومامۆستا كامیلى هەڵەبجەو مام ئەحمەدى شێخ وەسانان بەدەم ئازارەوە مردن سندوقى هاوپشتى قوربانیانى شەهیدانو جینۆسایدمان بۆچییە؟!
 
 

Previous
Next

Leave a Reply