Skip to Content

Sunday, January 24th, 2021

بزوتنەوەی ژنان لە دژی پیاو یان سیستەمی کۆمەڵایەتی ! …2

Be First!
by May 21, 2013 ژنان

 

 

بەشی دووەم 

 

 

لە بەشی یەکەمی ئەم باسەدا ڕەخنەمان گرت لە لێکدانەوەکانی هۆزان مەحموود لە وتاری ” فۆبیای فیمینزمدا – کە لە هاوڵاتی بەرواری ٢٨/٤/٢٠١٣ بڵاو بۆتەوە ” لەسەر مێژووی کێشمە کێشی بزوتنەوەی ناسیۆنالیزم و ئیسلامیزم و کۆمۆنیزم لە مەسەلەی ژناندا لە ساڵی نەوەدەکاندا , وە بەشێک لە مێژوو و کارکردنی ئەو بزوتنەوانەمان گێڕایەوە . بە تایبەت ئەو جیاوایانەمان نیشان دا کە لە نیوان دەورو ونەخشی بزوتنەوەی کۆمۆنیستی و ژنانی کۆمۆنسیت لە نەوەدەکاندا هەبوو لەگەڵ بزوتنەوەکانی ناسیۆنالیزم و ئیسلامیزمی و ڕیکخراوەژنانەکانیان . 

لەم بەشی دووەمەدا دەچینە سەر باسی “فێمینیزم” بۆ “ژنانی کورد”  لە ڕوانگەی هۆزانەوە ، هەوڵ دەدەین ئەوە شی بکەینەوە کە ئەم فیمینزمە بەم شێوەیەی پێشنیار کراوە چ پەیامیکی پێیە بۆ بزوتنەوەی ژنان، دواتر ڕۆشن کردنەوەیەکی زیاتر بدەین سەبارەت بە پەیوەندی واقعی فیمینزم بە بزوتنەوە کۆمەڵایەتیەکانی ترەوە وەک جوڵانەوەی ژنان بۆ بەدەست هێنانی ماف و داخوازی لە چوارچیوەی سیستەم و ڕژێمی مەوجوددا و هەروەها باس بکەین لەوەی کە ڕەخنەی کۆمۆنیستی لە “فیمینزم” چیە؟  

هەڵبەت بە دوور لەو زمانەی کە هۆزان بەکاری هێناوە کە ڕێکخراو و چالاکی ژنان بە ” کەم مەعریفە” دادەنێت ، پەیداکردنی زانیاری لە لایەن ژنانی کوردستانەوە لەسەر ” فیمینزم ” و ئەزمونی ژنانی ئەوروپا کارێکی ئیجابی یە  ، ژنان و چالاکی ژنان دەبێت هەمیشە لە هەڵدا بن بۆ تێگەشتن لە  بزوتنەوە جیا جیاکانی ژنان و مێژوویان و دەرس و تەجروبەیان لێ وەربگرن هەروەک چۆن زۆر ئیجابیە کە زانیاریان هەبێت لەسەر مێژووی بزوتنەوە کۆمەڵایەتیەکان و ئەدەب و هونەر و فەلسەفە و  شۆرشەکانی کە گۆڕانکاریان هێناوەتە ناو ژیانی کۆمەڵگەی سەردەم. بەڵام ڕەخنەی من لە باسی هێنانی فیمیزم لە وتارەکانی هۆزاندا  لەسەر چەند تەوەرێکی سەرەکیە :  یەکەم فیمینزم لەسەر بنەمای مانایەکی گشتی و دابڕاو له‌ دابه‌شبوونه‌ چینایه‌تیه‌کان وبزوتنەوە و سیسته‌مە کۆمه‌ڵایه‌تیه‌کان بۆ ژنانی کوردستان پیشنیار دەکات ، دووەم داوا دەکات لە ژنان کە پیاوان بەرنە دەرەوەی بازنەی ئەم خەباتەیان و جۆریک لە ته‌قدیسی جیاوازیه‌ بایۆلۆژیه‌کانی ئینسان دەکاتە بنەمای ڕزگاری ژنان و مەرجی دابڕانیان لە پیاو بۆ دادەنێت، سێیەمیش فیمینیزم وەک ڕزگاری بەخشی ژنان مەترەح دەکات نەک وەک خۆی کە هەیە و بووە و مێژووەکەی شایەتی بۆ دەدات . 

ئایا کێشەی ژن تەنیا مەسەلەی ڕەگەزی ژنانە یا مەسەلەی کۆمەڵگە و بزوتنەوە کۆمەڵایتیەکانە

کاتێک هۆزان باس لە فیمینزم دەکات وەک چارەسەری کێشە و چەقبەستوویی مەسەلەی ژنان لە کوردستان جۆرێک لە فیمینزمی توند ڕەو لەسەر بنەمای جیاکردنەوەی رەگەزی ژن لە ” حیزب و سیاسەتی پیاوانە ” باس دەکات ، ئەو پێی وایە کە  “ژن ” وەک کائینێکی دابڕاو دەبێت خۆی دوور بخاتەوە لە “حیزبایەتی” و سیاسەت کردن لە نیو حیزبەکاندا بە دەلیلی ئەوەی کە ئەمانە پیاوانەن ، کاتێک لە وتاری  فۆبیای فیمینزمدا” لە پێناو دروست کردنی ” هوشیاریەکی فیمینستیانە ” ئەم ڕێگایەی خستۆتە بەردەم ژنان لە کوردستان  ” ئه‌وه‌ی هه‌ستی پێده‌کرێت، بۆشاییه‌‌که‌ بۆ دروستکردنی هۆشیاریه‌کی ژنانه‌. ده‌کرێ ئه‌مه‌ وه‌کو شه‌پۆلێک له‌ کارو چالاکی ژنانه‌ پۆلێنبکرێت. ئه‌م جاره‌ به‌ کارو تیۆر و تێڕوانینی ژنان بۆ شیکاری و تیۆریزه‌ کردنی چه‌وسانه‌وه‌و پله‌دووی خۆیان له‌ کۆمه‌ڵگەدا. دوور له‌ مه‌وعیزه‌ و ئامۆژگاری  پیاوانی ناو پارتە سیاسیەکان.” “ژنان خۆیان له‌م کێشمه‌ کێشه‌دا ده‌بێت بزانن قازانجی گشتی یان له‌ کوێدایه‌ و کام فیکر و کام کامپ هه‌ڵبژێرن. ئه‌م شه‌پۆله‌ تازه‌یه‌ ئه‌رکێتی تیۆریزه‌ی هه‌موو لایه‌نه‌کانی ژیانی ژن بکات. وه‌ ده‌ستپێشخه‌ر بێت بۆ دروست کردنی هۆشیاری یه‌کی فێمینیستی و ستراتیجی خه‌باتێک له‌به‌رامبه‌ر بێ مافی ژناندا.” . 

بە پێی ئەم ڕوانگە “فێمینیستی ”  مەسەلەی ژن لە کۆمەڵگەدا لای هۆزان تەنیا مەسەلەی ڕەگەزی ژنە و مەسەلەی نیوەکەی تری کۆمەڵگە کە پیاوە نیە ، وە بە نەتیجە مەسەلەی ژن لای ئەو دابڕاوە لە  مەسەلەی سەرجەم کۆمەڵگەی ئینسانی و بزوتنەوە کۆمەڵایتیەکان کە چوارچێوەی فکری و پراتیک و دەخالەتی ئینسانەکان بە ژن و پیاوەوە لە کێشەکانی کۆمەڵگەدا دیاری دەکەن .

 ڕاستیەکەی ئەم بۆچونەی هۆزان  ڕەگەز پەرستیەکی فکری و ئیدیۆلۆژیە و دەکرێت بە فیمینزمێکی توندڕەو پیناس بکرێت . ئەم بۆچونە زۆر جیاواز نیە لەو پێناسە گشتی  و ” عامەیە ” کە لەم سەردەمەدا لە نێو هەر کۆمەڵگەیەکدا بە ئەوروپیشەوە لەسەر فیمینزم هەیە، کاتێک یەکسەر بە مانای دژە پیاو بوون لێکی دەدەنەوە و لە نەتیجەشدا باس کردن لە ڕزگاری و ئازادی و یەکسانی بۆ ژنان تەنها بە کاری ڕەگەزی ژن دەزانن و بەدیهێنانی ئەمانەش تەنها بە ئیشی ژنان دەزانن نەک وەک ئەرکێکی کۆمەڵایەتی و ئینسانی و چینایەتی بۆ بەدەست هینانی کۆمەڵگەیەکی یەکسان و دوور لە چەوسانەوە ، بەڵکو وەک خەباتی دابڕاوی ژنان لە دژی پیاوان چاوی لی دەکرێت . مێژوو و ئێستای ژیانی سیاسی وکۆمەڵایەتی و ئابووری ئەوە دەسەلمێنیت کە مەسەلەی ژنان لەکوردستانیشدا ولە باقی کۆمەڵگە و ووڵاتانی تری دنیا وەک مەسەلەیەکی کۆمەڵایەتی گەورە پەیوەندی بە ململانێی سیاسی و فکری نێوڕەوتە سەرەکیەکانی کۆمەڵگەوە هەیە نەک مێژووی دژایەتی دوو رەگەزی نێر و مێ و خەباتی ڕەگەزی مێ دژ بە ڕەگەزی نێر.  

ئەم جۆرە ناساندنە ی فیمینزم کە هۆزان دەیکات نە مێژووی مەسەلەی ژنان پێک دێنێ چونکە لە ئەساسەوە ڕیشەی کێشەی ژن وەک ئینسانی ژێردەستە لە کۆمەڵگە دا لە نێو سیستەمی زاڵی سیاسی و کۆمەڵایەتیدا دەشارێتەوە و پیاوان دەکاتە بەرپرسی ئەم ستەمە.  وە نە هاوتایە لەگەڵ خودی ناسنامەی فیمینزم لە مێژووی سەرهەڵدان و گەشە و دەرکەوتنیدا ، چونکە  فێمینیزم لەدەورانی مێژوویی جیاجیادا فکر و تیۆری جیاجیای هەبوە کە هەمیشە کاریگەری بزوتنەوە کۆمەڵایەتی و سیاسیەکانی وەک لیبرالیزم و سۆشیالیزم و پۆست مۆدێزنیزمی بەسەرەوە بوە کە پیاو و ژن بەشدار بوون تێیدا ، هەر بۆیەش  بە درێژایی مێژووی سەرهەڵدانی ، فیمینزمیش دابەش بووە بە سەر مەکتەبی جیا جیای فکری و سیاسی کە هەر یەکەیان سەری بە یەکێک لە بزوتنەوە کۆمەڵایەتیە کانەوە بووە ، کاتێک باس لە “فیمینزم”  دەکرێت هیچ کات وەک ووشەیەکی تەنها و سەربەخۆ  پێناسێکی دیاری کراوی نیە ، هەروەک بەشیکی زۆر لە فیمینستە ناسراوەکانی ئەم سەردەمەش خۆیان باسی لی دەکەن ، بەڵکو فیمینزم بەم ناوانەوە دەردەکەوێت : ” لیبرال فێمینیزم” یا “فێمێنیزمی سوشیالیستی و مارکسیستی ” یا ” فێمێنیزمی ڕەش پێست ” یا “فیمێنیزمی ڕادیکال ” و لەم سەردەمەشدا تیرمی ” فیمینزمی ئیسلامی” سەری هەڵداوە . کەوایە هیچ کات فیمینیزم جوڵانەوەیەک نەبووە کە وەک هۆزان بە شێوەیەکی زەینی دەیەوێ “به‌ کارو تیۆر و تێڕوانینی ژنان بۆ شیکاری و تیۆریزه‌ کردنی چه‌وسانه‌وه‌و پله‌دووی خۆیان له‌ کۆمه‌ڵگەدا. دوور له‌ مه‌وعیزه‌ و ئامۆژگاری  پیاوانی ناو پارتە سیاسیەکان.” کاری کردبێ  . بە پێچەوانەوە بزوتنەوەی فیمینستی و ڕەگە جۆراوجۆرەکانی ، ڕەوتێکی ڕیفۆرمیستی نێو بزوتنەوەی ژنان بوە کە بەدوای بەدیهێنانی ئازادی ومافی ژنانەوە بوە لەچوارچیوەی سیستەمی سەرمایەداریدا. ئەم ڕەوتەش لەگەڵ هەڵچوون و داچونەکانی بزوتنەوە کۆمەڵایەتیەکاندا بە شۆڕشگێڕ و ناشٶڕشگێڕیەوە بە درێژایی مێژووی سەرهەڵدانی ئەویش کاریگەری لەسەر بووە و دیدگا و تێڕوانینی جۆراو جۆری لی هاتۆتە دەرێ ،  کە هەمیشە لەپاڵ ژناندا پیاوانیش تیوریسیەن و نوێنەری لیبرالیزم و مارکسیزم و پۆست مۆدیرنیزم بوون کە کاریان کردۆتە سەر لقەکانی فیمینیزم. 

مێژووی بزوتنەوەی بەدیهێنانی مافی دەنگدان بۆ ژنان ،نمونەی زیندوی ئەم ڕاستیەن کە پێچەوانەی قسەکانی هۆزان لەسەر مێژووی” ژنانە و فێمێنستانەی” بزوتنەوەی ژنان دەسەلمێنێ. ئەگەر چاوێکی خێرا بگێڕین بەسەر مێژووی بزوتنەوەی ژنان بۆ مافی دەنگدان ، بەم شێوەیە فۆرمولە دەبێت لە مێژوودا : 

“لەکاتێکدا لەسەدەی نۆزدەدا سەرمایەداری گەشەی بەرفراوانی کرد و لە سەرەتای سەدەی بیستدا بازاری کار پێویستی بەهێزی کاری ژنان بوو لەپاڵ پیاواندا . سەرمایەداری و تەوژمی لیبرالیزم وەک بزوتنەوەیەکی بورژوازی  پێویستی بە لابردنی ڕیگریەکانی بەردەم هاتنە ناوەوەی ژنان بۆ بازاڕی کارو مافی هاوڵاتی بوونیان بوو. هەربۆیە لەپاڵ ژنانی وەک “مێرى والستون کرافت”، ئلیزابێت کیدى ستنتون” پیاوی وەک “جۆن ستیوارت میل”یش لە  تیوریسینەکانی لیبرالیزم بوون کە باوەڕیان وابوو ژنانیش پێویستە خاوەنی مافی سیاسی یەکسان بن لەگەڵ پیاواندا. ئەمە مەیلی لیبرال فیمینیزمی لێکەوتەوە . لەئەمریکادا ئەم فیمینزمە لیبرالیە لەسەرەتاوە کەخۆی لە ڕێکخراوی (NAWSA) دەبینەوە لە ژنانی ناودەسەڵاتەوە نزیک بوو و مافی دەنگدانی بۆ ژنانی سپی پێست و خاوەن موڵک داوا دەکرد ، لە کاتێکدا کە دژ بە مافی دەنگدان بۆ ژنان و پیاوانی ڕەش پیست و پەنابەران بوو و وەخۆی بەدووردەگرت لە سەندیکاکانی کریکاران . بەڵام لە هەمان کاتدا لە ئەڵمانیا کە بزوتنەوەی کۆمۆنیستی خۆی لە حزبی سوشیال دیموکراتی کریکاریدا ڕیکخستبوو، خەباتێکی فراوانی بۆ مافی دەنگدانی هەموو ژنان بەبێ جیاوازی بەڕێخستبوو و لەسەربنەمای بیروڕا و ئامانجی مارکسیزمدا ، مافی سیاسی ژنانی وەک چەکێکی خەباتی شۆڕشگێڕان دەبینی. کەچی لە دەورانی جەنگی جیهانی یەکەمدا بزوتنەوەی مافی دەنگدانی ژنان کەوتە ژێرکاریگەری ئامانج و سیاسەتی ئیمپریالیستی زاڵ بەسەر شەڕەکەدا. بۆیە بەشەکانی لیبراڵ و کۆنسەرڤاتیزمی ئەم بزوتنەوەیە لەوانە “یەکێتی سیاسی و کۆمەڵایەتی ژنان” وازیان لە چالاکی بۆ مافی دەنگدان هێنا و بوون بەلایەنگرانی سەرسەختی شەڕ و پشتیوانی لەدەوڵەتی بەریتانیا. لە کاتێکدا بەشی سوشیالیستەکانیش لەم دەورەیە دژ بەجەنگ خەباتیان دەکرد و بەردەوام بوون لە هەوڵدان بۆ بەدەستهێنانی مافی دەنگدان بۆ ژنان. 

لە ساڵی ١٩١٧ دا بەهاتنە سەرکاری حکومەتی کریکاری لە سۆڤیەتدا و بەرەسمی ناسینی مافی دەنگدان بۆ ژنان و ڕاگەیاندنی یاسای یەکسانی ژن وپیاو و دابینکردنی مافە سیاسی و ئابوری و کۆمەڵایەتیەکانی ژنان بەفراوانترین شێوە ، تەنها ئەوکات ووڵاتانی ڕۆژئاوا ناچار لەژێر کاریگەر و فشاری ئەو تەوژمە جیهانیەی شۆڕشی ئۆکتۆبەر بە بزوتنەوەی شۆڕشگێڕانەی ژنان و کریکاران و چین و توێژە ستەملێکراوەکانی دا لەساڵانی ١٩١٨ و ١٩١٩ مافی دەنگدانی ژنانیان بەرەسمی ناسی”.(شیکردنەوەی بزوتنەوەی مافی دەنگدانی ژنان، اعظم کم گويان)

ئەمەی سەرەوە تەنها نمونەیەک بوو کە چۆن بزوتنەوەی ژنان و “فیمینستی” لەسەر یەک داواکاری ژنان هاوتەریبی بزوتنەوە کۆمەڵایەتیەکان دابەش بووە و هەڵوێستەکانی بەشی بورژوازی و لیبرالی و سۆشیالیستی  کۆمەڵگە کاریگەری ڕاستەخۆیان لەسەر داناوە  ، وە بەردەوام دەور و نەخشی فیمینزم لە ژێر کاریگەری ئەو بزوتنەوانەدا بووە.  

ئەوەی هۆزان سەبارەت بە مێژووی فێمینیزم لە ئەوروپا دەڵێ کە:”ژنان خۆیان که‌وتنه‌ نوێنه‌رایه‌تی کردنی کێشه‌کانی خۆیان و خۆڕێکخستن بۆ به‌ده‌ست هێنانی مافه‌کانیان. وه‌ هه‌روه‌ها دروست کردنی هۆشیاری یه‌کی فێمینیستی به‌ دژی سێکسیزم و هه‌یمه‌نه‌ی موتڵه‌قی پیاو له‌ ناو خانه‌وه‌دا و کۆمه‌ڵێک بێ مافی تر. هه‌ربۆیه‌ش‌ فێمینیزم گرنگی خۆی هه‌بووه‌ له‌ بردنه‌سه‌ره‌وی ئاستی هۆشیاری ژنان و به‌ده‌ست هێنانی کۆمه‌ڵێک ئازادی.” بەم ووتەیە ڕاستی مێژووی بزوتنەوەی ژنان پیشان نادات بەڵکو وای دەناسێنێت کە گوایە تەنیا ژنان بە هوشیاریەکی فێمینستیەوە ماف و ئازادی ژنانیان بەدەستهێناوە ، بە پیچەوانەی ئەو  نمونەیەی کە لە بزوتنەوەی مافی دەنگدان بۆ ژنان نیشانمان دا ، کە ژنان وەک بەشی چالاکی نێو بزوتنەوە کۆمەڵایەتیەکانی تر لەوانە لیبرالیزم و سۆشیالیزم لە سەدەی ١٩ و ٢٠دا ناڕەزایەتی و چالاکی و بزوتنەوەی ژنانیان ڕێکخستوە و فێمینیزم بەشێک بوە لەنێو بزوتنەوەی ژناندا کە لەژێرکاریگەری و لەپاڵ ئەم مەیلە سەرەکیانەی تردا دەرکەوتوە. 

ڕیشەی ژێردەستەیی ژنان پیاوە یا سیستەم ؟

  جێگەی خۆیەتی بڵێین کە لە ئەساسدا ئەم فیمینیزمە ی هۆزان باسی دەکا تاوانبارکردنی “پیاوە” وەک ڕەگەزێکی ئینسانی کە بە سەرچاوەی ستەمکاری و بێ مافیەکانی ژنانی دادەنێت وەک ئەوەی پیاو لە ئەسڵدا “عیلەتێکی” هەبێت وە بەمەش ڕیشەی کێشەی ژن وەک ئینسانی ژێردەستە لە کۆمەڵگە و سیستەمی زاڵی سیاسی و کۆمەڵایەتیدا دەشارێتەوە . سەرچاوەی ئەم بوچونەشی لە یەک خاڵی هاوبەشی جۆرەکانی فیمینزمەوە هێناوە ، چونکە هەرچەندە تیۆری فەلسەفی،سیاسی و کۆمەڵایەتی فێمینیزم کۆمەڵیک بیروبۆچونی جۆراوجۆرو پەرتەوازەیە ، بەڵام  خەسڵەتی هاوبەشی جۆرەکانی فیمینیزم ئەوەیە کە نایەکسانی ژنان لەگەڵ پیاواندا دەگەڕێنێتەوە بۆ هۆکاری جیاوازی بایەلۆژی و خۆبە باشترزانینی پیاوان لە بەرامبەر بە ئینسانی ژن بە بیانووی جیاوازی بایولۆجی و چەند ئۆرگانێکی جیاوازی لەشیەوە ، ئەمەش دەکەنە سەرچاوەی ستەم و نابەرابەریەک کە ژنان تووشی بوون ، بەم لێکدانەوەیەش ستەم و چەوسانەوەی ژنان دەبەنە دەرەوەی سیستەمێکی سیاسی و ئابوری و کۆمەڵایەتی کە ژن لەگەڵ ئینسانی پیاودا تیایدا دەژی. ئەم بۆچونە ناتوانێ ئەوە ببینێ کە کۆمەڵگەی مرۆڤایەتی لە قۆناغی جیاجیادا وەک ژن و پیاو پێکەوە ژیاون ، وو جیاوازی و نایەکسانی نێوان ژن وپیاو لەم سەردەمەدا بەشیک لە پێویستیەکانی مانەوە و درێژەدان بە سیستەم و نیزامی سەرمایەداری ئەمرۆیان دابین کردوە . لەبەرامبەر بۆچونی فێمینستیدا ، مارکسیزم بەم شێوەیە هۆکاری مانەوەی جیاوازی ژن و پیاو و بێمافی ژنان و ستەمی ڕەگەزی و پیاوسالاری لێکدەداتەوە:

” سەرمایە لە دابەشکردنی ڕەگەزی ئینسانەکان بەژن و پیاو لە مەیدانی بەرهەمهێناندا وەک فاکتەرێکی گرنگی ئابوری و سیاسی لە بەدیهێنانی بەدەستهێنانی سودی زیاتر و کەڵەکەی زیاتر سودی وەرگرتوە..سەرمایەداری بە دروستکردنی جیایی و قەڵشت لەنێوان ژن و پیاودا خودهوشیاری ئینسانی وچینایەتی ئینسانی کرێکار و بێبەشی شێواندوە و درێژەکێشانی بیروڕاو دەمارگیری کۆن و داڕزیو مومکین دەکا.. ئەمە هۆ و سەرچاوەی مانەوەی جیایی و قەڵشتی نێوان ژن و پیاو، جیاکردنەوە و لیک ترازاندنی مەیدانی خسوسی و مەیدانی کۆمەڵایەتیە، پێناسەی ژن لەگەڵ مەیدانی ژیانی خسوسی (ماڵ و خێزان) و پێناسەی پیاو لەگەڵ مەیدانی (چالاکی بەرهەمهێنان ،سیاسەت،دەوڵەت،هونەر و ئەدەب و..)، پاشکۆیەتی ژن بەپیاو، جێگای ژێردەستەیی ژن و درێژەکێشانی بیروڕای پیاوسالارانە لەژیانی ئینسانی ئەمڕۆدایە.” (دنیایەکی باشتر- بەرنامەی کۆمونیزمی کرێکاری).

لە ئەنجامدا ئەم بۆچونە ی فێمینیزمەی هۆزان باسی دەکا  کە سەرچاوەی کێشەی ژنان بە پیاوان و کاری پیاوان وەک ڕەگەز دەزانێ ، ڕێگای لابردنی ستەمیش لەسەر ژنان بە جیابونەوە لە پیاو و هوشیاری ژنانە نیشان دەدات ، ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوەی کە ژنان لە کوردستان لە جیاتی ڕووبە ڕووبونەوە لەگەڵ سیستەم  و دەسەڵاتی هەرێم ، ڕوو بەڕووی پیاو ببنەوە ، بەمەش بزوتنەوەی ژنان لە بزوتنەوەیەکی سیاسی وشۆڕشگێڕانەوە بۆ ڕزگاری و یەکسانی ژنان دەکاتە بزوتنەوەیەکی ریفۆرمیستی کە ژنان بە داواکردن و ڕاوێژکردن لەگەڵ دەسەڵات بۆ دورخستنەوەی دەسەڵاتی پیاو خەریک دەکا. 

جوڵانەوەیەکی فیمینستی لەم شیوەیە هەموو ژنێک دەتوانێت ئەندامی بێت و ئیدعای هەوڵدان بۆ بەدەست هێنانی ماف و ئازادیەکانی ژن بکات ، بۆ نمونە ژنێکی نیو ڕەوتێکی ئیسلامی دەتوانێت خۆی بە فیمینست بناسێنیت بەوەی کە لە چوارچێوەی دیندا بۆ مافی بە مەلا بوون و بوونە زانای ئایینی و بەشداری کردن لە بڕیاردان و سیاسەتی ئیسلامی سیاسیدا کار بکات ، بەڵام ئەم فیمینستە هیج کات ناتوانێت بەرگری لە ماف و ئازادیە تاکە کەسیەکانی ژن بکات ، ناتوانێت بە دژی فرەژنی و حساب کردنی ژن بە نیو شایەت و بوونی نیوە بەشی میراتی بۆ ژنان لە چاو پیاوندا بوەستێتەوە ، هەروەک چۆن  ژنێکی نێو سەرکردایەتی حیزبێکی دەسەلاتدار کە بەرژەوەندی وا لە پاراستنی بەرژەوەندی حیزبی چینەکەی خۆیدا لەوانەیە بۆ ماوەیەک لە پیناو مافی زیاتری سیاسەت کردن و چوونە شوێنی بریاردان وەک فیمینستێک هەڵسوڕیت ، بەڵام هیچ کات ” ژن بوون” بۆی نابێتە بنەما بۆ بەرگری کردن لە یەکسانی هەمەلایەنەی ژن و پیاو و ئەمە بە کێشەی خۆی نازانێت چونکە بوونی ئەو لە نیو چینێکی باڵا دەستدا زۆرێک لەو مافانەی بۆ بە دەست هێناوە کە ژنێکی کرێکار یان بی کار یان ماڵ نیەتی و بە دەست هەژاری و بیکاری و نەبوونی خوێندن و بیمەی کۆمەڵایەتی دەناڵێنێ ، هیچ کات بەرگری لە بەرژەوەندی چینەکەی خۆی و حیزبەکەی خۆی ناخاتە دوای مەسەلەی بەرگری لە ماف و ئازادی بۆ هەموو ژنانی نێو چین و توێژەکانی تر .  بەڵام کاتێک دێتە سەر ژنانی کرێکار و کارمەند و بێکار و دەرگیر بەکاری ناوماڵ ئەوا بۆ داواکاری یەکسانی ئابووری ، یاسایی ، کۆمەڵایەتی کە گرنگترین مافەکانی ئەوان دابین دەکات ، هیچ کام لەم ژنانە ناتوانن بە ” فیمینست”  بوون لە بەرامبەر بە بەرژەوەندی حیزبی  دەسەڵاتداری بورژوازی راوەستن و تێبکۆشن لە دژی دەسەڵات و سیستەمیک کە ئەم نەهامەتیانەی بۆ هێناون لەبەرئەوەی ئەم دیدگا فێمینستیە ڕوبەڕوی پیاوێکیان دەکاتەوە کە دەرگیری هەمان دەردی نایەکسانی  ئابوری و سیاسیە کە هەمان دەسەڵات بەسەر ئەو پیاوانەشیدا سەپاندوە .  پیاوسالاریش پێش ئەوەی لەمێشکی پیاوی کرێکار و کەم دەرامەتدا بێ ، ژەمێکی فکری و سیاسی ئامادەکراوی سیستەمی دەسەڵاتدارە بۆ کۆمەڵگە تا ژن و پیاو لەو سیستەمە نایەکسانیەدا بهێڵێتەوە و بەرەوڕووی یەکیشیان کاتەوە. هەقیقەت ئەوەیە کە لە هەموو جیهاندا ژنانیش هەروەک پیاو دابەش بوون بەسەر چین وتوێژی خاوەن بەرژەوەندی جیاواز . نمونەیەکی جیهانی ئەوەیە کە هیلاری کلینتۆن لە مینەبەرکانەوە و لەسەر ئاستی جیهانیدا باس لە چارەسەری مەسەلەی توند تیژی لەسەر ژنان دەکات و وەک فیگەرێکی نیو فیمینستەکان بە ژنێکی بە توانا و سەرکەوتوو ناو دەبرێت ، لە هەمان کاتدا یەکێک بوە لە سیاسیە بڕیاردەرەکانی سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکا کە بەشی هەببوە لە بریاری جەنگ وکوشتاری هەزارەها ئینسان لە ئەفغانستان و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و عێراق ، بیریشی نەکردۆتەوە لەوەی کە لەم شەڕ وکوشتارانەدا بە هەزاران ژن تیا دەچن وهەژار تر دەبن و هەژموونی دین و کۆنەپەرستی باڵ دەکێشێت بەسەر ژیانی کۆمەلاتی و خێزانیدا .. ئەم ” ژنە فیمینستە ” چ بەرژەوەندیەکی ژنانی بەگشتی پاراست !؟ یاخود ئەو ژنە پەرلەمانتارانەی نیو یەکێتی و پارتی و ئیسلامیەکان کە دەنگیان بە “یاسای فرەژنی” لەپەرلەماندا داوە دەبێت چ هەستێکی هاوڕەگەزی و هاوپەیمانیان هەبێت بۆ ژنانی نێو کۆمەڵگە بەگشتی !؟  ئایا بە ڕاستی ئەمانە دەتوانن ڕۆژێک لە ڕۆژان و بە هۆی “هوشیاری فیمنستیەوە ” لە ڕیزی ئەو ژنانە بن کە دەتوانن یەکسانی و سەربەخۆبوون و ڕزگاری بۆ ژنان بە گشتی بەدی بێنن ؟. ئەگەر تەنیا ڕەخنەی هۆزان لە “چێژ وەرگرتنی ئەم ژنانە بێت لەدەسەڵات” ئەوا بەدەرسی ئەخلاقی فێمینستی ناتوانێ ژنانی چینی بورژوازی قەناعەت پێ بێنێ کە ئەم چێژە لەدەسەڵاتیان وەرنەگرن و بێنە ڕیزی ژنانێک کە بەشی شێریان پێ بڕاوە لە نایەکسانی و هەڵاواردن . ئەم فێمینیزمە قسەیەکی بۆ ئەو نایەکسانیە پێ نیە کە ژنان و پیاوانی چینی باڵادەست  لەم سیستەمەدا سەرچاوەی مانەوەین . 

لە کۆتاییدا قسەیەکی منسور حیکمت بە نمونە دەهێنمەوە دەربارەی فێمێنستەکان سەبارەت بەوەی ڕەگەزی ژن دەکەنە پێوەر بۆ ڕەوایەتدان بە لێکدانەوەکانیان و دەڵێ ” بەبڕوای من بزوتنەوەی فیمینیستی تەنانەت خۆی لە ڕوکەشی مەسەلەی ژنانیش نادات. هەمان ئەوکەسانەی کە پێیان وایە دەرکی مەسەلەی ژنان دەکەن، هەتا زۆرێک لە فیمینیستەکان لە وڵاتە جیاجیاکان ئێستا بەرەو باڵی چەپی ئەحزابی دەسەڵاتدار کێشبوون کە تەنانەت ئیمتیازە لاوەکیەکانی ژنان دەسێننەوە. سەرەنجام من هەتا باسی ڕەخنەی فیمینیستەکان لە مارکسیستەکان، لەسەر بنەمای ئەوەی کە لەبەرئەوەی بۆ نمونە لەناو مارکسیستەکاندا پیاو زۆر هەن یان ئەوەی کە بەشی پیاوان لە بزوتنەوەی کۆمۆنیستیدا مەسەلەی ژن دەرک ناکات، بە جدی وەرناگرم. ئەوەڕۆشنە کە هیچ کەس تەجروبەی شەخسی کەسێکی تر دەرک ناکا. لە دوالێکدانەوەدا هەرکەسە خۆی باشتر لەهەرکەسێکی تر تەجروبەی ژیانی خۆی کردوە. بەڵام نازانم بۆنمونە مارگریت تاچەر، سەرۆک وەزیرانی پێشووی بەریتانیا کە بێ ئەندازە کۆنەپەرست و ڕاست ڕەو بوو، یا نوێنەری مەجلسی ئیسلامی، وەکو یەکەم کەس ئەبێ چ شتێک تەجروبە بکەن کە، بۆنمونە، ئەو کۆمۆنیستانەی کە ٢٠-٣٠ساڵ تەمەنیان لەپێناو یەکسانیدا خەباتیان کردوە،  نەتوانن تەجروبەی بکەن  و تێی بگەن. بەڕای من ئەمە بێ مانایە . ئەو شتانە موزایەدە کردنن .موزایەدەی  سیاسی زۆرن  کە بەم مانایەک کەسێک دەڵێ “من سەربە فڵان نەتەوەم و هەربۆیە من غەم و دەردی ئەم میللەتە من هەستی پێدەکەم”..هیچ بەڵگەیەکی نیە! هەموو هەست بەدەردوغەمی ئینسانەکان دەکەن. هەرکەسێ کە خەتی فکری و سیاسی دژی هەڵاواردن و نایەکسانی بێ دەتوانێ خۆی لەجێگای ئەو بەشە ژێردەستەی کۆمەڵگە دابنێ و بیر لە کیشەکانی بکاتەوە. لەمێژوودا هەڵویستی بزوتنەوەی کۆمۆنیستی لەبەرامبەر مەسەلەی ژناندا ڕادیکاڵترین و گشتگیرترین هەڵوێست بوە.”  

(سەرچاوەhttp://www.marxists.org/kurdi/hikmet/babetekan/2001_sabarat_ba_mafi_jnan.pdf )

 

 

Previous
Next

Leave a Reply