بزووتنه‌وه‌ی هاریکاری: ئه‌ڵته‌رناتیڤ و ئاسۆ و ئامانجه‌کانی …هه‌ژێن
بزووتنه‌وه‌ی هاریکاری: ئه‌ڵته‌رناتیڤ و ئاسۆ و ئامانجه‌کانی
هه‌ژێن
23 فێبریوه‌ری 2009ڕۆژی 19ی فێبریوه‌ری له‌م ئیمه‌یل ئه‌دره‌سه‌وه (bzwtnaway.harikari@gmail.com) په‌یامێکم پێگه‌یشت، که هاوپێچی په‌یامه‌که، ڕاگه‌یاندنی (بزووتنه‌وه‌ی هاریکاری)* له کورستان بوو. منیش وه‌ك هه‌ڵسوڕاوێك پێم باشبوو، که سه‌رنج و پێشنیاره‌کانم بۆ ده‌ستپێکی ئه‌و بزووتنه‌وه‌یه، که یه‌که‌مجاره له کوردستان هه‌وڵێك له ده‌ره‌وه‌ی بازنه‌ی پارته‌کان و ده‌سه‌لاتداران و به‌بێ ئاراسته‌ی هه‌ڵپه‌گه‌ری بۆ ده‌سه‌ڵات، خۆی ڕاگه‌یاندبێت، بخه‌مه ڕوو و بۆ ئه‌وه‌ی پیرۆزبوون و سه‌رووڕه‌خنه‌یی به‌سه‌ر بزاڤه‌که‌دا زاڵ نه‌بێت، هیوادارم هه‌ڵسوراوانی ئه‌م بزاڤه له قوڵکردنه‌وه‌ی قسه‌وباسه‌کاندا به‌شداری په‌یگیرانه بکه‌ن.
پێش ئه‌وه‌ی بێمه سه‌ر هه‌ر سه‌رنج و ڕه‌خنه‌یه‌ك، پێویسته ئه‌وه بخه‌مه ڕوو، که هاتنه‌ده‌ره‌وه‌ی وه‌ها بزووتنه‌وه‌یه‌ك له کوردستان و عیراق خه‌ونی چه‌ندین ساڵه‌مه و هه‌ر لێره‌وه ئاماده‌بوونی خۆم بۆ هه‌ڵسوران و چالاکی له هاوپشتی بزووتنه‌وه‌ی هاریکاری (بزووتنه‌وه‌ی کۆمه‌ڵایه‌تی چین و توێژه بێبه‌شه‌کانی کۆمه‌ڵگه) ڕاده‌گه‌یێنم.
هه‌روه‌ها له‌ته‌ك زۆربه‌ی تێڕوانینه‌کانی نێو ڕاگه‌یانده‌که خۆم هاوڕا ده‌زانم و هیوادارم له‌م چه‌ند دێڕه‌دا بتوانم به ئه‌رکی سه‌شانی خۆم به‌رامبه‌ر ئه‌و بزووتنه‌وه هه‌ستابم.
وه‌ك وتم له به‌شی ڕوونکردنه‌وه‌ی ڕۆڵی پارت و پله‌وپایه قوچکه‌ییه‌کانی ده‌سه‌ڵاتدا، به زۆری هاوبۆچوونم، بۆیه ناچمه سه‌ر ئه‌م به‌شه له راگه‌یاندنه‌که، به‌ڵام له به‌شی خاڵبه‌ندی داخوازییه هه‌نووکه‌ییه‌کانی کۆمه‌ڵگه‌دا ده‌کرێت لیستێکه گشتگیر و هه‌مه‌لایه‌نه‌تر بێت، هه‌روه‌ها ده‌بوو له به‌رامبه‌ر ڕه‌تکردنه‌وه‌ی ڕێکخستنی قوچکه‌یی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی کۆمه‌ڵگه‌دا ئه‌ڵته‌رناتیڤی بزووتنه‌وه‌که وه‌ك سه‌رخه‌ت و سه‌ره‌تاکان بخرایه‌ته ڕوو.
چونکه کاتێك که ئێمه ڕێکخستن و به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی له سه‌ره‌وه‌ڕا له‌سه‌ر بنه‌مای قوچکه‌یی (هه‌ره‌می) ڕه‌تده‌که‌ینه‌وه، پێویسته ئه‌ڵته‌رناتیڤێك که ئێمه پێسنیاری ده‌که‌ین، لێده‌ری بنه‌ماکانی ڕێکخستنه هه‌ره‌مییه‌کان بێت، واته نابێت پیشنیاره‌که‌ی ئێمه‌ش له سه‌ره‌وه‌را سه‌رهه‌ڵبدات و خۆی بناخه‌ڕێژی بکات. به‌واتایه‌کی تر ئه‌گه‌ر سیسته‌می چینایه‌تی بۆ خۆهێشتنه‌وه‌ی پێویستی به سه‌پاندن هه‌بێت، ئه‌وا به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه‌ك که بڕیاره ئه‌وه ڕه‌ت بکاته‌وه، پێویسته له خواره‌وه‌ڕا سه‌رهه‌ڵبدات، ئه‌مه‌ش به‌واتای ده‌ستبه‌کاربوون بۆ پێکهێنانی ڕێکخستنی جه‌ماوه‌ریی سه‌ربه‌خۆی توێژه‌کانی کۆمه‌ڵگه وه‌ك به‌ردی بناخه‌ی بزووتنه‌وه‌ی هاریکاری، که بڕیاره هه‌م ئامرازی خه‌باتی ڕۆژانه و هه‌م فیرگه‌ی خه‌باتی چینایه‌تی و پراکتیزه‌کردنی ئه‌ڵته‌رناتیڤه‌کان له ڕه‌وتی خه‌باتی ڕۆژانه‌دا و هه‌م ئه‌ڵته‌رناتیڤ بۆ یه‌که‌کانی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی داهاتووی کۆمه‌ڵگه‌ی ئازاد بێت.
ئه‌وه‌ی له راگه‌یاندنه‌که‌دا به‌دی ده‌کرێت، شوێنپێی چه‌پگه‌راییه له شێوازدا، که ده‌کرێت به نموونه‌یه‌ك ڕونتری بکه‌مه‌وه: فیدراسیۆن له تێڕوانینی سۆشیالیسته ئازادیخوازه‌کاندا واته چوارچێوه‌یه‌کی ریکخراوه‌یی بۆ یه‌کێتی سه‌رتاسه‌ری، که له‌سه‌ر بنه‌مای یه‌کگرتنی ئازادانه‌ی ڕیکخراوه جه‌ماوه‌رییه‌کان پیكدێت و ڕێکخراوه ئه‌ندامه‌کانی سه‌ربه‌خۆی خۆیان له بریار و جێبه‌جێکردندا له‌ده‌ست ناده‌ن. به‌ڵام ئه‌مه له تێروانینی چه‌په‌کاندا به واتای یه‌کخستنی رێکخراوه‌کان و ناوه‌ندێتی کردنی بڕیار و جێبه‌جێکردنه‌کان، واته ڕێکخراوه ئه‌ندامه‌کان هه‌رده‌م ملکه‌چی بڕیاره‌کانی ناوه‌ندی یا سه‌رکردایه‌تی سه‌رووی خۆیان ده‌بن، هه‌وه‌ك چۆن له یه‌کێتییه زه‌رده‌کاندا خواره‌وه ملکه‌چی سه‌ره‌وه‌یه، ئاواش دوابریار بۆ سه‌ره‌وه ده‌گه‌ڕێته‌وه. به‌کورتی له تێروانینی سۆسیالیسته ئازادیخوازه‌کاندا بڕیاردان و جێبه‌جێ له خواره‌وه‌ڕا به‌ره‌و سه‌ره‌وه ده‌ڕوات، به‌ڵام له تێروانینی چه‌په‌کاندا بڕیاردان و جێبه‌جێکردن له سه‌ره‌وه‌را بۆ خواره‌وه تێده‌په‌رێت و سه‌ره‌وه بڕیارده‌ر و خواره‌وه جێبه‌جێکه‌ر و ملکه‌چ ده‌بێت، ئه‌مه‌ش هیچ ناکۆکییه‌کی له‌ته‌ك سیسته‌مه چینایه‌تییه‌که‌دا نییه و ته‌واو که‌ری ده‌بێت.
کاتێك له سه‌ره‌تاکانی تێڕوانینی ئازادانه‌وه سه‌رنجی بریاری راگه‌یاندنی بزووتنه‌وه‌یه‌کی سه‌رتاسه‌ری کۆمه‌ڵایه‌تی ده‌درێت و به‌بێ کارکردن بۆ پێکهێنانی پایه کۆمه‌لایه‌تییه‌کانی (ڕێکخراوه جه‌ماوه‌رییه سه‌ربه‌خۆکان) ڕاده‌گه‌یێنرێت، ئیتر لێره‌وه شوێنپێی چه‌پایه‌تی به‌دی ده‌کرێت، سێبه‌ری تێڕوانینی چه‌پایه‌تی بۆ بزووتنه‌وه‌ی کۆمه‌ڵایه‌تی به‌سه‌ریه‌وه به‌دی ده‌کرێت. لێره‌وه من ده‌مه‌وێت بڵێم، راگه‌یاندن ناتوانێت کار بێت و وه‌ك هه‌وڵه‌کانی سالانی 1991 – 2008 که چه‌پ تێیدا چه‌ندین ریکخراوی له سه‌ره‌وه‌ڕا به‌ناوی چین و توێژه پڕۆلیتێرییه‌کانه‌وه قوتکرده‌وه و دواجار بیجگه له ناوی سه‌ر کاخه‌ز و یاداوه‌ری چه‌ند چه‌پێکی پیشه رامیار، واوه‌تر نه‌چوون و نه‌یان توانی له که‌تواری ژیانی رۆژانه و ناڕه‌زایه‌تییه‌کاندا ببنه ئه‌ڵته‌رناتیڤ و له به‌رامبه‌ر ئه‌واندا کولیچه‌خواردن له به‌هه‌شت زۆرتر بووه خه‌ونی خه‌ڵك تا گۆران و چێ‌کردنی کۆمه‌ڵگه‌یه‌کی ئازاد!
به‌ڵام ئه‌گه‌ر هه‌ڵسوڕاوان له هه‌موو چین و توێژه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کاندا، له ناڕه‌زایه‌تی و جموجووڵه ڕۆژانه‌ییه‌کاندا به تێڕوانینی ئازادیخوازانه و سه‌ربه‌خۆوه – سه‌ربه‌خۆ به واتای سه‌ر_به_خۆ_بوون، نه‌ك که‌ناره‌گیری له پرسه رامیاری و ئابورییه‌کانی کۆمه‌ڵگه- ئاماده بن و وه‌ك وه‌ڵام به پێداویستییه‌کانی خه‌بات، ئه‌ڵته‌رناتیڤه‌کان پیشنیار بکه‌ن، ئه‌وا ده‌بنه هه‌وێنی سه‌رهه‌ڵدانی بزووتنه‌وه پایه‌داره‌کان و ده‌بنه به‌شێك له تێڕوانینی چه‌وساوان بۆ ژیان و داهاتوو. به‌ڵام به شێوازی باوی چه‌پانه، که له راگه‌یاندنی بزووتنه‌وه‌ی هاریکاریشدا ڕه‌تکراوه‌ته‌وه، سه‌رمان له تێكشکان و نائومێدییه‌کانی پێشتر ده‌رده‌چێته‌وه. نموونه‌یه‌ك که ده‌کرێت بۆ بزووتنه‌وه‌ی هاریکاری له کۆمه‌ڵگه‌ی کوردستاندا له‌به‌رچاو بگیرێت، بزووتنه‌وه‌ی سۆلیدارێتی پۆلۆنیای ده‌هه‌ی هه‌شتای سه‌ده‌ی رابوردوو یا بزاڤه‌کانی (ئه‌مه‌ریکای لاتتین)ه له ئێستادا، که له هه‌ردوو باره‌که‌دا بزووتنه‌وه‌که له‌سه‌ر بنه‌مای ئاماده‌بوونی کرده‌یی رێکخراوه‌ی سه‌ربه‌خۆی جه‌ماوه‌ری به‌شه بنده‌سته‌کانی کۆمه‌ڵگه‌یه و پیکهاتنی بزووتنه‌وه‌که له‌سه‌ر ئاستی سه‌رتاسه‌ریدا وه‌ك وه‌ڵامدانه‌وه به پێداویستییه‌کانی سه‌رتاسه‌ریبوونه‌وه‌ی خه‌بات سه‌ریهه‌ڵداوه.
له به‌شی دووه‌می راگه‌یاندنه‌که‌دا له سه‌رخه‌تی داخوازییه‌کاندا هه‌ندێك داخوازی سه‌ره‌کی و به‌رجه‌سته‌ی ئه‌مڕۆ که‌م یا نادیده گیراون؛ له‌وانه پرسی نه‌هێشتنی هه‌ڵاواردنی ژێنده‌ری به‌رامبه‌ر ژنان، قه‌ده‌خه‌کردنی کاری مناڵان، گۆڕینی سیسته‌می په‌روه‌رده و راهێنان، دابینکردنی بیمه‌ی بێ‌کاری و بیمه‌ی ده‌رمانی، باشترکردن و دابینکردنی سه‌رپه‌نا و گوزه‌رانی به‌سالاچووان، ده‌سکۆتاکردنی بانده‌کانی بازارئازاد و بۆژانه‌وه‌ی که‌رته کشتکاری و گشتییه‌کانی به‌رهه‌مهێنان له کوردستان و عیراق و …تد، ده‌بوو فره‌تر جێیی سه‌رنج بووایه‌ن. چونکه ئه‌و به‌شانه‌ی کۆمه‌ڵگه شوێنی خۆیان له سه‌رخه‌تی داخوازییه‌کانی بزووتنه‌وه‌که‌دا نابیننه‌وه. هه‌روه‌ها داخوازی کۆمه‌ڵایه‌تیکردنی که‌رته‌کانی به‌رهه‌مهێنان له‌به‌رامبه‌ر ڕه‌وتی تایبه‌تیکردن و ئه‌ڵته‌رناتیڤی چه‌پ بۆ تایبه‌تیکردن (میلیکردن)، ده‌بوو ڕوونتر په‌نجه‌ی بۆ رابکێشرێت.
تائێره وێڕای سه‌رنج و ڕه‌خنه‌م، به‌ڕیژه‌یه‌کی زۆر هاوتیڕوانینی خۆم له‌ته‌ك سه‌رخه‌ته‌کاندا به‌دی ده‌که‌م. به‌ڵام کاتێك که دوا په‌ره‌گرافی راگه‌یاندنه‌که له‌ته‌ك سه‌ره‌تاکه‌یدا گڕیده‌ده‌مه‌وه، ناکۆکی و جیاوازی به‌دی ده‌که‌م، ئه‌ویش ئه‌وه‌یه که له سه‌ره‌تادا ده‌ڵیت " بزووتنه‌وه‌ی هاریکاری (حرکه التچامن) ئاڵته‌رناتیڤێکه بۆ چاکسازیه پێشنیارکراوه‌کانی (چه‌په‌کان)، (ڕه‌گ)، (چوار حیزبه‌که)، (ریفۆرمخوازان)، تاڵه‌بانی) له تاقیکردنه‌وه‌کانی ژیانه‌وه فێربووین، تیکرای پارته سیاسیه‌کان، به هه‌موو جیاوازیه ئایدیۆلۆژیه‌کانیانه‌وه هه‌میشه هه‌وڵیانداوه بزووتنه‌وه‌ی کۆمه‌ڵایه‌تی له سنووری به‌رژه‌وه‌ندیه‌کانی خۆیاندا به‌ند بکه‌ن،….. میژوو فیرمان ده‌کات، دواین ئامانجی پارتی سیاسی، هه‌ول و کۆششه له پێناوی ده‌ستگرتن به‌سه‌ر ده‌سته‌ڵاتی سیاسیداو به‌کارهێنانی بۆ خزمه‌تی خۆیان و خاوه‌ن سامانه‌کان،….. پارته سیاسیه‌کان هیچ نین جگه له کۆمه‌له بیرۆکراسیه‌کی مشه‌خۆر که قورسایی زۆریان له‌سه‌رسانی کۆمه‌ڵگا دروستکردووه. …. ئامانجی پارتی سیاسی و ده‌سته‌ڵاته سیاسیه‌که‌یان، به‌تالان بردنی سامانی کۆمه‌ڵگاو دابه‌شکردنێتی له‌به‌رژه‌وه‌ندی به‌رته‌سکی حیزبایه‌تی وده‌سته‌ڵاتدارانی سیاسی و داموده‌زگا پۆلیسی و داپلۆسێنه‌ره‌کان و ده‌ست و پیوه‌نده‌کانیاندا. …. پارتی سیاسی هه‌میشه سیاسه‌ت ده‌کاته پڕۆسیسیك بۆ ده‌ستکه‌وتی تایبه‌تی و جامبازیش به کورسییه‌کانی پارله‌مان و پۆسته ئیداریه‌کانه‌وه ده‌کات بۆ …… حیزب هیچ شتێکی پێشکه‌ش به کۆمه‌ڵگا نه‌کردووه جگه له نه‌هامه‌تی و ملکه‌چ پێکردنی زۆربه‌ی زۆری کۆمه‌ڵگا بۆ ئیراده‌ی ده‌سته‌ڵات و سیاسیه مشه‌خۆره‌کان".
که‌چی له کۆتاییدا ڕاگه‌یاندنه‌که چه‌په‌کان بانگه‌واز ده‌کات، بۆ ئه‌وه‌ی ده‌ستبه‌رداری شتێك بن، که فیلۆسۆفی بوونیان پێکده‌هێنیت: " بزووتنه‌وه‌یه‌ك که له هه‌مان کاتدا بانگه‌وازه بۆ هه‌موو چه‌په‌کان، ریفۆرمخوازه‌کان، ره‌گ، چوارحیزبه‌که، حیزبی شیوعی عیراق که ده‌ستبه‌رداری کێشمه‌کێشی ئیمتیازاتی سیاسی و شه‌ڕی کورسیه‌کانی پارله‌مان بن و له به‌رژه‌وه‌ندی هه‌ژارانی کمه‌ڵگاوه بڕواننه رۆڵی خۆیان نه‌ك له به‌رژه‌وه‌ندیه حیزبیه به‌رته‌سکه‌کانی خۆیانه‌وه."
ئیتر کاتێك که سه‌ره‌تا و کۆتایی پیکه‌وه گرێ ده‌ده‌ینه‌وه، تووشی سه‌رلێشیواوی ده‌بین. ئاخر بانگه‌وازکردنی زیندانه‌وان بۆ ئازادکردنی زیندانیان، ده‌چێته خانه‌ی ناڕۆشنیمان له مه‌ڕ ڕۆڵ و ئه‌رکی ده‌سه‌ڵات و دژه ده‌سه‌ڵات. من تێکه‌ڵی و ناڕۆشنییه‌كی وا به بارێکی تردا ده‌خوێنمه‌وه، که هه‌ر ده‌کاته‌وه ئه‌وه‌ی که ده‌سه‌ڵات داوا له خه‌ڵك ده‌کات، ده‌ستبه‌رداری داواکاری نان بن و به‌رد به زگیانه‌وه ببه‌ستن، تاوه‌کو شکۆمه‌ندی نه‌ته‌وه و نیشتمان و ده‌سه‌ڵاتی نه‌ته‌وه‌یی پاریزراو بێت! ئایا بانگوازکردنی پارتگه‌ل و که‌سانێك که به‌پێی په‌ره‌گرافی یه‌که‌می راگیه‌ناندنه‌که بوونیان بۆ سه‌روه‌ری چه‌وساندنه‌وه‌یه و مانه‌وه‌یان به کۆیله‌تی ئێمه‌وه به‌ستراوه، بۆ له‌به‌رچاوگرتنی داخوازی زۆرینه‌ی کۆمه‌ڵ و پابه‌ندبوونیان به ئازادی کۆمه‌ڵگه‌وه، هاوتێڕوانینی بانگه‌وازه‌که‌ی ده‌سه‌ڵاتداران نییه؟
ئه‌وه‌ی که بۆ من زیاتر جێی سه‌رنجه که ڕاگه‌یاندنه‌که یه‌کسه‌ره به‌دوای ئه‌و بانگه‌وازکردنه ناهوشیارانه‌یه، دیسانه‌وه دگه‌ڕێته‌وه سه‌ر تێڕوانینی ئازادیخوازانه‌ی سه‌ره‌تا و دروشمی کۆتایی دووباره ده‌گه‌ڕێته‌وه سه‌ر ره‌وتی شۆڕشگێرانه و بانگه‌واز بۆ یه‌کخستنی ڕیزه‌کان له ده‌ره‌وه‌ی هه‌موو ئه‌و پارت ڕێکخراوه ڕامیاریانه‌ی که دوو ڕسته پێشتر تێدا بۆ چاکبوون، بانگه‌واز کراون!
دوا وشه، وه‌ك وتم من خۆم به به‌شێك له هه‌ر هه‌ولێکی شۆرشگێرانه‌ی جه‌ماوه‌ری ده‌زانم و ئاماده‌م وه‌ك سه‌ربازێکی گومناو هه‌موو ته‌مه‌ن و ژیانی ڕۆژانه‌م له‌و پێناوه‌دا ببه‌خشم، به‌ڵام ئه‌مه ناکاته ئه‌وه‌ی که من ڕه‌خنه‌ی وێرانگه‌ر نه‌گرم. چونکه لای من هه‌موو بنیاتنانێك پابه‌ندی ڕه‌خنه‌یه‌کی وێرانگه‌ره له دوێنێ و ئێستا، ڕه‌خنه گه‌ر ویرانگه‌ر نه‌بێت، ناتوانێت شۆڕشگێڕانه بێت و هه‌ر پیاهه‌ڵدانێكێش به‌ناوی ڕه‌خنه‌ی بنیاتنه‌رانه‌وه، ده‌بێته چه‌کی ده‌ستی پارێزه‌رانی سیسته‌می کۆیلایه‌تی. له‌سه‌ر ئه‌و بنه‌مایه‌ی که چۆن شتێك به‌ناوی له‌سێداره‌دانی شۆرشگیرانه و ناشۆڕشگێرانه، کوشتنی دڕندانه و نادڕندانه نییه، ئاواش ڕه‌خنه‌ی ڕوخێنه‌رانه و ناڕوخێنه‌رانه بوونی نییه و ڕه‌خنه ئه‌گه‌ر ڕوخێنه‌رانه نه‌بێت، ناتوانێت بنیاتنه‌رانه بێت، هه‌ر بۆیه به‌وپه‌ڕی توانامه‌وه هه‌وڵمداوه ڕوخێنه‌رانه له تێڕوانینه ناڕۆشن و لاوازه‌کانی نێو راگه‌یاندنه‌که بده‌م.
هه‌روه‌ها پێویسته ئه‌وه‌ش به هاوڕێیانی هه‌ڵسوراو له بزووتنه‌وه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کاندا بڵێم، که هیچ کات ئامانج له‌م نووسینه لێدان له هه‌سته‌ی بزووتنه‌وه‌یه‌ك نییه، که ئاسۆ و ئه‌ڵته‌رناتیڤی کۆمه‌ڵگه‌یه‌کی ئازاد و یه‌کسان و دادپه‌روه‌ر دیاری ده‌کات؛ بزووتنه‌وه‌یه‌ك که بێجگه له ئازادی و گێڕانه‌وه‌ی دوابڕیار بۆ تاك و ڕێکخستنه‌وه‌ی ئازادانه‌ی کۆمه‌ڵگه له‌سه‌ر بنه‌مای پێکهاتن و یه‌کگرتنی ئازادانه‌ی هه‌ره‌وه‌زییه گه‌لکاره‌کان، هیچ ئامانجێکی تایبه‌ت و سه‌روو تاکی نییه، به‌ڵکو به پێچه‌وانه‌وه به ته‌نیا سه‌نگه‌ری راسته‌قینه‌ی چینایه‌تی چه‌وساوانی ده‌بینم و له ده‌ره‌وه‌ی بزووتنه‌وه‌ی کۆمه‌ڵایه‌تیی چین و توێژه چه‌وساوه‌کان (پڕۆلیتاریا) وه‌ك تاقه سه‌نگه‌ری شۆرسگێرانه، هیچ ئاسۆیه‌کی ڕۆشن بۆ داهاتووی مرۆڤ به‌دی ناکه‌م!
* بۆ ئه‌وه‌ی سه‌رنج و پێشنیاره‌کانم له‌سه‌ر ڕاگه‌یاندنه‌که بۆ خوێنه‌رانی هێژا ڕۆشن بن و خوێنه‌ر بزانێت، که من باس له چی و کامه به‌شی راگه‌یاندنه‌که ده‌که‌م، له ڕێگه‌ی ئه‌و ئیمه‌یل ئه‌دره‌سه‌ی سه‌ره‌وه په‌یوه‌ندیم به هه‌ڵسوراوانی بزووتنه‌وه‌ی هاریکارییه‌وه کرد، تاوه‌کو لینکی بڵاوبوونه‌وه‌ی راگه‌یاندنه‌که‌م له‌سه‌ر تۆڕی ئینته‌رنێت بۆ بنێرن، له وه‌ڵامدا ئه‌و به‌ڕێزانه نووسیبوویان که بۆ زۆربه‌ی ماڵپه‌ره‌کانیان نادرووه، منیش که‌وتمه گه‌ران و ته‌نیا دوو لینکم ده‌ستگیر بوو، که ڕاگه‌یاندنه‌که‌یان دانابوو. به‌داخه‌وه یه‌که‌میان هه‌ر له سه‌ره‌تاوه لینکه‌که ئه‌کتیڤ نه‌بوو و دووه‌میش پاش دوو ڕۆژ بابه‌ته‌که‌ی تێدا نه‌ما، ئه‌مه‌ش لینکه‌کانن و هیوادارم خوێنه‌ر به‌خۆی بتوانێت له گه‌راندا شتێك به‌ده‌ست بهێنێت:
به‌رنامه‌یه‌کی کۆمه‌لایه‌تی نه‌ک به‌رنامه‌یه‌کی سیاسی : http://www.bergry.com/feb-09/bzutnaway-harikari-21pdf
بزووتنه‌وه‌ی هاریکاری، ئه‌ڵته‌رناتیڤێك بۆ چاکسازی: http://www.helwist.com/