Skip to Content

Friday, April 19th, 2024
بلوسى یەخە حەوتى …نەوزاد بەندى

بلوسى یەخە حەوتى …نەوزاد بەندى

Closed

 

 

 

بلوسێکم هەبوو

شین ..شین

یەخە حەوتى

لە سەدا نەوەد خورى

لە سەدا پێنج پەموو

لەسەدا پێنج ئەکریلیک

وەک بە دەست چنرابێ وابوو

سەر مەچەکى ڕاستى ،

کەمێک هەڵوەشابوو ..

بلوسێکم هەبوو 

شین .. شین 

شانازیم پێوە ئەکرد

وەک شانازى نێوان

مەزرا و گوندنشین

بەیانیەک

هێشتا بلوسەکەم تەڕ بوو

لە ئاگرى عەلادینەکەم نزیک کردەوە

قۆڵێکى و قەپرغەى چەپى، سووتان ..

زەرد بوون ..

بەیانیەک نەمئەزانى بە چى دڵى خۆم بەمەوە

دەستێکى تەڕم پیا هێنا

بەڵکو لاچن و .. لانەچوون ..

بلوسێکى یەخە حەوتى ..

لەسەدا نەوەد خورى

مەچەکى ڕاست ، هەڵوەشاو ..

قۆڵى چەپ و

لاقەپرغەى چەپى سووتاو ..

نەئەکرا لەبەرى بکەم ..

دواى چەند کۆبوونەوەیەکى

زۆر نهێنى لەگەڵ خۆم..

بڕیارم دا ئەو بلوسە

دانێم بۆ ژێر چاکەتەکەم ..

بلوسێکى یەخە حەوتى ..

بەو جۆرە شین ..

بەو جۆرە وەک ئەوەى بە دەست چنرابێ ..

بەو جۆرە لە سەدا نەوەد خورى

لەسەدا پێنج پەموو

لەسەدا پێنج ئەکریلیک ..

لە ژێر چاکەتا داتەپى ..

کۆن بوو ..

توکى هەڵدا ..

دواجار نەمزانى چى لێ هات ..

بلوسى یەخە حەوتى

شین ..شین

وەک مورووى ژوور سەرى مناڵى لادێ

وەک ئاسمانى هاوین

کاتێ 

کە خۆر ئاوا ئەبێ

%90 خورى

%5 پەموو

%5 ئەکریلیک ..

نابێ ئوتو بکرێ

پلەى گەرماى شوشتن

پەنجا پلەى سەدى ..

1980

 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.