به‌بۆنه‌ی فالانتاینه‌وه.. عیباده‌ت خه‌ڵوه‌تێك له‌میحرابی یاردا
بۆ سرووشت پایز
جیاكردنه‌وه‌ی عیباده‌ت له‌ناو مانای ئاینی ڕزگاركردنی عیباده‌ت نیه له ره‌هه‌نده رۆحیه‌كه‌ی به‌قه‌د ئه‌وه‌ی ڕزگاركردنی عیباده‌ته له‌سیاقێكی ئاینی وئیش پێكردنه‌وه‌ی له‌ناو دنیای عه‌شق، ئه‌وه‌ش بابه‌تێكه به‌دوای تێڕامانی رۆحیانه‌ی عاشق دێت.. ئه‌وه‌ش ئه‌زموونێكه عه‌شقێك ناگرێته‌وه كه له‌ته‌مه‌نی هه‌رزه‌یی ده‌ست پێده‌كات، به‌ڵكو ئه‌وه عه‌شقی كاملی مرۆڤه، ئه‌وه گه‌یشتنی خوده به خه‌ون.
عیباده‌ت جۆرێكی زمانه ئه‌وه ده‌ربڕین نیه بۆ به‌رامبه‌ر، به‌ڵكو خه‌ڵوه‌تێكی خودگه‌راییه.. چونه ناو ناخه تیایدا خود له‌وڕێگه‌یه‌وه دڵنیا ئه‌بێت له خه‌ون، خه‌ونی هاتنه دی داهاتوو، به‌وه‌ی داهاتووی وێناكراو له‌و ڕێگه‌یه‌وه هاتۆته دی، ئه‌وه‌ش یه‌كه‌م ساته‌وه‌ختی دابڕانی ڕاسته‌قینه‌ی مرۆڤه له دنیا به‌وه‌ی دنیای ئه‌و دنیایه‌كه سه‌ر به ئه‌خلاقی كۆمه‌ڵگا نیه، عاشق ئه‌و كاره‌كته‌ره‌ی خۆی كولتورو سیستمی ئه‌خلاقی وگوتاری جوانناسیانه‌ی بۆ ژیان بنیات ده‌نێته‌وه.
عیباده‌تكردنی یار گه‌ڕانه به‌دوای پرسیاری: موقه‌دده‌س چیه؟ ئه‌و پرسیاره ترسێكی سایكۆلۆژی له‌مردن نایهێنێته بوون وه‌ك چۆن ئاین له‌به‌ره‌نجامی هه‌ستی مردن ئه‌یخوڵقێنێت، به‌ڵكو لای عاشق ئه‌و پرسیاره ئاره‌زووی ژیاندۆستی بنیاتی ده‌نێت، بۆیه موقه‌دده‌س بوون وێنه‌یه‌كی ڕاسته‌قینه‌ی رۆحی بارگاوی كراوه به فانتازیا وێنه‌یه‌ك كه حه‌قیقه‌ت بریتیه له خۆشویستنی به‌رامبه‌ر به‌وه‌ی ئه‌وه یاره ئه‌و كائینه موقه‌دده‌سه‌ی كه له‌هه‌موو شتێكی دنیا پیرۆزتره ئه‌وه هێزی غه‌یبانی نیه به‌ڵكو هێزی ناخی و رۆحی عاشقه كه ژیان و وجود له خۆشه‌ویست ده‌بینێته‌وه، خۆشه‌ویست كه ئه‌و رۆحه موقه‌دده‌سه بێت ئیتر عیباده‌تكردنی وه‌ك پێویستیه‌كی ناو ژیانی لێدێت.
پرسیاركردن له‌عیباده‌تكردنی خۆشه‌ویست بریتیه له‌سوژده بردنی ئه‌به‌دیانه له‌ساتی كازێوه بۆ غروبی خۆرئاوا ئه‌و ده‌مه‌ی سه‌رله‌نوێ ژیان له‌ركوعی نوێژێكی تری یاره‌وه تریفه‌ی مانگ هه‌ڵدێنێت ئه‌وه‌ش ساته‌وه‌ختی گه‌یشتنه به‌رۆحی موقه‌دده‌س ئه‌و ده‌مه‌ی له‌شه‌قامێكدا بێ‌باك له‌هه‌موو دنیا عاشق سوژده ئه‌بات وپێڵاوه‌كانی یار ماچ ده‌كات ئه‌وه‌ش عه‌شقێك نیه له‌سه‌رتای ته‌مه‌ن وله‌ئه‌وینێكی ڕووكه‌ش مرۆڤ تێی بگات به‌لكو به‌ره‌نجامی ڕامانی عاریفیانه‌ی ئینسانه له‌وه‌ی ئه‌ویتر كه رۆح وجه‌سته‌ی یاره ئه‌بێته په‌رستگایه‌ك بۆ خودا په‌رستی بینینی یار به‌خودا شه‌رعیه‌ت وڕه‌وا پێدانه بۆ ئه‌وه‌ی هه‌موو ساتێك به‌بێ تێگه‌یشتن وڕوانین له‌زه‌مان و شوێن پێلاوه‌كانی خۆشه‌ویست ماچ ئه‌كرێت وخه‌ڵوه‌تێكی قووڵ له‌به‌رده‌می بۆنی گه‌ڵاكان كه له‌قژی یار دێت له‌ڕێگه‌ی هه‌ستی پۆنكردن وهه‌ناسه‌كانه‌وه به‌ره‌و دنیایه‌ك ئه‌رۆین كه دنیای ئه‌و زه‌مان وڕۆژگاره نیه ئه‌وه ئینتیماكردنێكی ئیرۆسیانه‌یه بۆ زه‌مه‌ن كه ته‌نها یار ئه‌توانێ له‌ماناكانی پیرۆزی ئه‌و عه‌شق وسووتان وپه‌رستنه تێبگات
نیهاد جامی