Skip to Content

Sunday, October 17th, 2021

به‌داخه‌وه‌ ڕۆژنامه‌ی (ڕۆژنامه‌) په‌یامه‌كه‌ی ئێمه‌ی شێواند…؟!

Be First!
by February 23, 2009 گشتی

ڕونكردنه‌وه‌
به‌داخه‌وه‌ ڕۆژنامه‌ی (ڕۆژنامه‌) په‌یامه‌كه‌ی ئێمه‌ی شێواند…؟!

گومان له‌وه‌ دانییه‌ كه‌ ده‌بێت ڕۆژنامه‌نووس بابه‌تێك یان كێشه‌یه‌ك كاریگه‌ری له‌سه‌ر درووست بكات، ئینجا بابه‌ت یان ڕاپۆرتێكی ڕۆژنامه‌وانی له‌سه‌ر بنووسێت یان ئاماده‌بكات، جا ئه‌م كاریگه‌ری درووست كردنه‌ له‌ ڕووی ویژدان و هه‌ست و سۆزه‌وه‌ بێت یان واقع و مه‌ترسی بابه‌ته‌كه‌ بێت…
كاتێكیش ئه‌و ڕۆژنامه‌نووسه‌، بۆ نموونه‌ بابه‌تێكی وه‌ك: كێشه‌ی گه‌نده‌ڵی له‌ فه‌رمانگه‌یه‌كدا كاریی تێكرد، تاوه‌كو ڕاپۆرتێكی له‌سه‌ر ئاماده‌بكات، ئه‌وا بێگومان ئه‌و ڕۆژنامه‌نووسه‌ ده‌چێت لێدوانی ئه‌و كه‌س و لایه‌نانه‌ وه‌رده‌گرێت كه‌ گه‌نده‌ڵیه‌كه‌ زیانی پێگه‌یاندوون به‌ڕێژه‌ی یه‌كه‌م نه‌ك ئه‌و كه‌سه‌ی كه‌ سه‌رچاوه‌ی گه‌نده‌ڵییه‌كه‌یه‌، وه‌ ئه‌گه‌ر ڕاپۆرته‌ كه‌ پشت ببه‌ستێت به‌ وه‌رگرتنی ڕای خه‌ڵك له‌سه‌ر ئه‌و شوێنه‌، ئه‌وا بیگومان كاری ڕۆژناموونووسه‌كه‌ ده‌بێته‌ ئه‌وه‌ی كه‌ به‌دوای ئه‌و كه‌سانه‌دا بگه‌ڕێت كه‌ قسه‌یان هه‌یه‌ له‌سه‌ر ئه‌و گه‌نده‌ڵیه‌ و ڕۆژنامه‌ نووسه‌كه‌ش ته‌نیا ئه‌ركی گه‌یاندنی ئه‌و په‌یامانه‌یه‌ به‌ ئامانه‌ته‌وه‌ نه‌ك ڕه‌ئی دان، وه‌ ئه‌مه‌ش به‌ مانای ئه‌وه‌ نایه‌ت كه‌ ئه‌و ڕۆژنامه‌نووسه‌ لایه‌نگری بكات (كه‌ هه‌ندێك به‌و شێوه‌یه‌ لێكی ده‌ده‌نه‌وه‌)… به‌ڵًكو ئه‌و ته‌نیا ئه‌و په‌یامانه‌ ده‌گوازێته‌وه‌ و ڕای ئه‌وان وه‌رده‌گرێت و هیچ ڕایه‌كی خۆی تێدا نابێت، وه‌ دیاره‌ ئامانجی ڕۆژنامه‌نووسه‌كه‌ش ده‌بێت ئه‌و به‌رپرسیاریه‌تیه‌ی تێدا بێت كه‌ ڕاپۆرته‌كه‌ی خزمه‌ت به‌ نه‌ته‌وه‌كه‌ی بكات و ڕاپۆرته‌كه‌ی نه‌چێته‌ قاڵبی خزمه‌ت كردن به‌گه‌نده‌ڵی، چونكه‌ ئه‌گه‌ر ڕۆژنامه‌نووس به‌رپرس بێت ناچێت له‌ ڕاپۆرته‌كه‌یدا وه‌سفی گه‌نده‌ڵی بكات،  به‌ڵكو به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ كارده‌كات.
ئه‌مه‌ی سه‌ره‌وه‌ وه‌ك نموونه‌یه‌ك باسم كرد بۆ ئه‌وه‌ی لای هه‌مووان دیاربێت كه‌ چۆن له‌ لاپه‌ڕه‌ پێنجی  ژماره‌ (407)ی (16/2/2009)ی ڕۆژنامه‌ی (ڕۆژنامه‌) به‌داخه‌وه‌! ئه‌و ڕاپۆرته‌ی به‌نده‌ ئاماده‌ی كردبوو له‌مه‌ڕ سه‌رنجی ئه‌و لایه‌نانه‌ی كۆنفرانسی (ئابانت پلاتفۆرم) یان به‌ باش نه‌زانیوه‌ كه‌ له‌ هه‌ولێر سازدرا له‌ (15-16/2)دا به‌ڵام جارێكی تر ده‌یڵێمه‌وه‌ به‌داخه‌وه‌! ڕۆژنامه‌ی (ڕۆژنامه‌) ئه‌و په‌یامه‌ی منیش و ئه‌و لایه‌نانه‌ی به‌ ئامانه‌ته‌وه‌ نه‌گه‌یاند و زۆربه‌ی بۆچوونی ئه‌و لایه‌نانه‌ی پێچه‌وانه‌ كردۆته‌وه‌ و هاوكات له‌نێو ڕاپۆرته‌كه‌دا هه‌ندێ ڕای تێدایه‌ كه‌ به‌هیچ شێوه‌یه‌ك دوور و نزیك ڕای من نییه‌ و په‌یوه‌ندی به‌ منه‌وه‌ نییه‌، وه‌ سرووشتی ڕاپۆرته‌كه‌ش (ئه‌وه‌ی كه‌ من ئاماده‌م كردووه‌) پێویستی به‌وه‌ نه‌بووه‌ من ڕا بده‌م له‌سه‌ری… 
ئه‌و مانشێته‌ی من بۆ ڕاپۆرته‌كه‌م ئاماده‌م كردبوو به‌م شێوه‌یه‌بوو (پاش ئه‌وه‌ی له‌ دیاربه‌كر ڕێی پێنه‌درا، گروپی فه‌تحوڵا گوله‌ن، له‌هه‌ولێر كۆنفرانس ده‌به‌ستێت) به‌ڵام كاتێك ڕاپۆرته‌كه‌م له‌ ژماره‌ی له‌سه‌ره‌وه‌ ئاماژه‌ بۆ كراوی ڕۆژنامه‌ی (ڕۆژنامه‌)دا بڵاو بۆوه‌، به‌م جۆره‌ بوو (كۆنفرانسی ئابانت پلاتفۆرم ڕۆشنبیرانی كورد و تورك كۆده‌كاته‌وه‌)، وه‌ له‌ به‌شێكی پێشه‌كی (لید)ی ڕاپۆرته‌كه‌ی مندا هاتووه‌: (ڕۆشنبیران و پارته‌كوردییه‌كانی كوردستانیش كاره‌كانی ئه‌م گروپه‌ و ئایدۆلۆژیاكه‌ی به‌مه‌ترسی بۆ سه‌ر گه‌لی كورد ده‌زانن و هۆشداریی ده‌ده‌نه‌ به‌رپرسانی هه‌رێم كه‌ به‌شداری وه‌ها كۆنفرانسێك نه‌بن كه‌ هیچ له‌خزمه‌ت كێشه‌ی كورددانییه‌) به‌ڵام له‌و پێشه‌كییه‌ گۆڕڕاوه‌ی كه‌ له‌ ڕۆژنامه‌كه‌دا بڵاو بۆته‌وه‌ به‌مشێوه‌یه‌یه‌: (كاره‌كانی كۆنفرانسه‌كه‌ ده‌رگا به‌ڕووی بیرو ڕا جیاوازه‌كاندا ده‌كاته‌وه‌ و چاودێرانیش به‌هه‌نگاوێكی گرنگی ده‌زانن…) كه‌ ئه‌مه‌ش به‌و مانایه‌ دێت كه‌ (100%) سه‌دی سه‌د ئامانجی ڕاپۆرته‌كه‌ گۆڕدراوه‌، وه‌ له‌ چه‌ند شوێنێكی تریشدا له‌و نموونه‌یه‌ی تێدایه‌ كه‌ ده‌رفه‌ت نییه‌ هه‌مووی لێره‌دا باس بكه‌م…
بۆیه‌ لێره‌وه‌ به‌ پێویستم زانی، وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی مێژووی ڕۆژنامه‌وانی و قه‌ڵه‌می ڕۆژنامه‌وانیم ڕه‌ش نه‌بێت، ئه‌م سه‌رنجانه‌ بده‌م و لێره‌وه‌ ڕای ده‌گه‌یه‌نم كه‌ ڕاپۆرتێكی به‌و چه‌شنه‌ بڵاوه‌ بوو هیچ كات ئاماده‌ نیم به‌ ناوی منه‌وه‌ بڵاوبێته‌وه‌، وه‌ داوا له‌ ڕۆژنامه‌كه‌ش ده‌كه‌م ئه‌و كاره‌ ڕاست بكه‌نه‌وه‌ به‌ پێی پره‌نسیپه‌ ڕۆژنامه‌وانییه‌كان…

• تێبینی:
• ئه‌م ڕوونكردنه‌وه‌یه‌ی سه‌ره‌وه‌م نارد بۆ ڕۆژنامه‌ی (ڕۆژنامه‌) تاوه‌كو وه‌ك ئه‌ركێكی ئه‌خلاقی و ڕۆژنامه‌وانی، وه‌ به‌پێی یاسای ڕۆژنامه‌وانی له‌ دووژماره‌ دوایی ئه‌وه‌دا بڵاوی بكه‌نه‌وه‌، به‌ڵام وادیاره‌ چه‌ند ژماره‌ تێپه‌ڕی و بڵاویان نه‌كرده‌وه‌، بۆیه‌ ناچاربووم له‌ ڕێگه‌ی سایت و ڕۆژنامه‌كانی تره‌وه‌ ئه‌م ڕوونكردنه‌وه‌یه‌ بڵاو بكه‌مه‌وه‌، تاوه‌كو خوێنه‌ر له‌ ڕاستی ڕاپۆرته‌كه‌ی من بگات، هاوكات ئه‌و خه‌مخۆریه‌ی ڕۆژنامه‌ی (ڕۆژنامه‌) بخاته‌ ڕوو كه‌ بۆ پارته‌كه‌ی ئه‌ردۆگان و گروپی فه‌تحوڵا گوله‌ن هه‌یه‌تی…
• له‌گه‌ڵ ئه‌م ڕوونكردنه‌وه‌یه‌دا به‌هیوام به‌پێی ده‌رفه‌تی سایته‌ به‌ڕێزه‌كان، ئه‌و ڕاپۆرته‌ی من ئاماده‌م كردبوو بڵاو بكه‌نه‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و چه‌واشه‌كارییه‌ی كه‌ ڕۆژنامه‌ی (ڕۆژنامه‌) ئه‌نجامیداوه‌ ڕوونتر بێته‌وه‌ بۆ خوێنه‌رانی به‌ڕێز…

 

له‌گه‌ڵ ڕێزی
كاروان سالار
22/2/2009
Salar_karwan@yahoo,com

Previous
Next

Leave a Reply