Skip to Content

Thursday, May 6th, 2021

به‌ره‌و پیری به‌هار ده‌چم….ئاواره‌ وڵات

Be First!
by April 24, 2009 ئەدەب

"به‌ره‌و پیری به‌هار ده‌چم"
 ئاواره‌ وڵات

خه‌ون ده‌بینم
به‌ سه‌ر په‌لکه‌زێڕینه‌ دا ده‌په‌ڕمه‌وه‌
نوقمی رووناکی و ره‌نگ ده‌بم
گه‌واڵ گه‌واڵ
گه‌رووم که‌یلی به‌ره‌که‌تی هه‌ور ده‌که‌م
دڵم له‌ خۆر هه‌ڵده‌کێشم و
چاوم به‌ تیشک و تریفه‌ ده‌شۆمه‌وه‌
خۆم به‌ جوانی ده‌سپێرم و
له‌ ئه‌به‌دییه‌تی "بوون"و
بێ نیهایه‌تیی واتا دا بزر ده‌بم
ژاوه‌ژاوی هه‌رچی ده‌نگی گۆی زه‌وین و‌
سه‌رده‌رک و بن ده‌رکی ره‌نگان
روخسارێکی جیاوازتر به‌ "بوون" ده‌به‌خشن
چه‌واشه‌یه‌ یان راستییه؟
[ ئه‌م گه‌ردوونه‌ زه‌به‌لاحه‌
له‌ گوێی گایه‌ک دا نوستووه‌
که‌ له‌ ئاخوڕی گومان و
دڵه‌ڕاوکه‌ی بوون– نه‌بوون دا
به‌ گوڵمیخی یه‌قین و له‌خۆباییبوون
راگیراوه‌.]
ئه‌ندێشه‌یه‌ک گڤه‌ی دێت و
به‌ره‌و " شت"ێک رامده‌پێچێ
ده‌مامکه‌کان له‌به‌ر چاوم هه‌ڵده‌وه‌رێن
هه‌ست به‌ رووتی و قووتی ده‌که‌م
له‌ ئه‌وپه‌ڕی سه‌رسامی دا
ده‌بم به‌ پاژێک له‌ سرووشت
رۆحم له‌ خاک دا ده‌چێنم
چاوه‌ڕێی شین بوونه‌وه‌ی خۆم
چاوه‌ڕوانی رسکانه‌وه‌ و هه‌ستانه‌وه‌ و
چاوه‌ڕێی دۆزینه‌وه‌ی خۆم.
ئاخۆ ئه‌وه‌ی بزر ده‌بێ
منم یان خودی بزربوون؟
ژانه‌سه‌رێ کاسم ده‌کا
له‌ حه‌ژبه‌تان راده‌چه‌نم
چاوی دڵم هه‌ڵده‌گڵۆفم؛
ئه‌رێ گیانه‌
سه‌رماوسۆڵه‌ی زستانێیه‌ و
گوڵه‌گه‌زیزه‌ی رۆحی من
به‌ره‌وپیری به‌هار ده‌چێ.

 

Previous
Next

Leave a Reply