Skip to Content

Tuesday, January 19th, 2021

به‌شی من…. ڕۆمانێك له‌ ئه‌وین و شكست

Be First!

 

 

 

    ڕۆمانی “به‌شی من” له‌ نووسینی ژنه‌ نووسه‌ری ئێرانی په‌رینووشی سه‌نیعی و وه‌رگێڕانی خاتوو (ڕووناك شوانی)یه‌. شایانی باسه‌ هه‌ر ئه‌مساڵیش له‌ لایه‌ن (مها عزالدین)ـه‌وه‌ كراوه‌ به‌عه‌ره‌بی و (دار العربیه‌ للعلوم ناشرون) په‌خشی كردووه‌.

 له‌ به‌راییدا، ده‌سخۆشی له‌ وه‌رگێڕ ده‌كه‌م، یه‌كه‌م بۆ هه‌ڵبژاردنه‌كه‌ی، دووه‌میش بۆ ئه‌و زمانه‌ به‌ئاب و تاب و بۆ ئه‌و وشه‌سازییه‌ی له‌ ڕۆمانه‌كه‌دا كردوویه‌تی و له‌ كاتی وه‌رگێڕاندا به‌ناو فه‌رهه‌نگی به‌رینی زمانی كوردیدا گه‌شتی كردووه‌ و بۆ جوانتركردنی ده‌قه‌كه‌ كۆشاوه‌ وشه‌ی له‌بار  و گونجاو له‌ شوێنی خۆیدا دابنێت.

 سۆرینیان ده‌ڵێت: “به‌ڕای من باشترین وه‌رگێڕان ئه‌وه‌یه‌ وا له‌ خوێنه‌ر ده‌كات بیری بچێته‌وه‌ كتێبێكی وه‌رگێڕراو ده‌خوێنێته‌وه‌”. به‌ڕاستی وه‌رگێڕ ئه‌و هه‌سته‌ی لا ڕوواندووین بۆ ئه‌وه‌ بچین ڕۆمانه‌كه‌ له‌ بنه‌چه‌دا كوردی بێت. هه‌ر له‌سه‌ر ئه‌م بنه‌مایه‌شه‌ وه‌رگێڕ به‌نووسه‌ری دووه‌می هه‌ر به‌رهه‌مێك داده‌نرێت و ده‌توانێت به‌رزترین به‌رهه‌می گه‌وره‌نووسه‌رێك بشێوێنێ، یاخۆ به‌چاكی و به‌شێوه‌یه‌كی باڵا به‌خه‌ڵكی بناسێنێت. په‌رینووش سه‌نیعیی ڕۆماننووسی ئێرانی ساڵی 1949ز له‌ تاراندا له‌دایك بووه‌. به‌ڕه‌چه‌ڵه‌ك خه‌ڵكی خووزستانه‌. ڕۆمانی (سهم من _ به‌شی من) به‌ناوبانگترین و پڕفرۆشترین ڕۆمانییه‌تی. 

ئه‌م ڕۆمانه‌ له‌ پڕفرۆشترین ڕۆمانه‌كانی ئێرانه‌، چه‌ندین جار چاپكراوه‌ته‌وه‌ و خوێنه‌رێكی ئێجگار زۆری هه‌بوو و هه‌ن. ڕۆمانه‌كه‌ وه‌رگێڕراوه‌ته‌ سه‌ر زمانه‌كانی ئینگلیزی، ئئیتاڵی، ئه‌ڵمانی، توركی و عه‌ره‌بی. وه‌كو باشترین ڕۆمانی ئافره‌تان له‌ ساڵی 2010دا له‌ ئیتاڵیا خه‌ڵاتی قه‌ڵه‌می پیكاچیۆی پێ به‌خشرا.

بدر ان دیكری/ باوكی ئه‌وی تریان

رنج همبستكی/ ده‌ردی پێكه‌وه‌نووسان

ئه‌م ڕۆمانه‌ هه‌مبه‌ر ژیننامه‌ی لاله‌ و لادنه‌، ئه‌و دوو خوشكه‌ دووانه‌یه‌ی به‌زگماك پێكه‌وه‌ نووسابوون. 

له‌م ڕۆمانه‌دا نووسه‌ر هێند زیره‌كانه‌ و به‌باڵاده‌ستی كاری له‌ ناو ڕۆمانه‌كه‌دا كردووه‌، خۆی له‌ قه‌ره‌ی وه‌ڵامدانه‌وه‌ به‌گه‌لێك بابه‌تی هه‌ستیار و ئه‌سته‌م داوه‌، كه‌ ئه‌گه‌ر ڕۆشنبیرییه‌كی فره‌وانی نه‌بێت ناتوانێت توخنی پرسیارێلی وا ببێته‌وه‌. ئه‌م ڕۆمانه‌ فره‌ ڕه‌هه‌نده‌ و ئاماژه‌ به‌چه‌مكه‌ جیاوازه‌كانی كێشه‌ و كۆژانی ئافره‌تان ده‌كات.

سه‌ره‌تای ڕۆمانه‌كه‌ باس له‌ هه‌رزه‌ كچێك ده‌كات دڵ به‌كوڕێك ده‌دات ناوی سه‌عیده‌. پاش ئه‌وه‌ی براكانی پێی ده‌زانن، كوڕه‌ داركاری ده‌كه‌ن و كچه‌ش له‌ كونجی ماڵه‌وه‌ ده‌په‌ستن، له‌ ئه‌نجامدا چاره‌نووسی كوڕه‌ په‌نهان ده‌بێت و كچه‌ش له‌ تۆڵه‌ی ئه‌وه‌ له‌ قوتابخانه‌ ده‌ردێنن.

به‌زۆر بێ ئه‌وه‌ی یه‌كتر ببینن ده‌یده‌ن به‌حه‌مید ناوێك، كوڕه‌ ئه‌ندامی حزبی كۆمۆنیسته‌ و دوای خه‌باتێكی زۆر بۆ ڕووخانی شا و پاشان بۆ ڕووخانی كۆماری ئیسلامیی ئێران، له‌ سێداره‌ ده‌درێت. مه‌عسوومه‌ی كاراكته‌ری سه‌ره‌كیی ڕۆمانه‌كه‌، بێوه‌ژن ده‌مێنێته‌وه‌ و خۆی بۆ دوو كوڕ و تاقه‌ كیژه‌كه‌ی ته‌رخان ده‌كات، له‌و نێوه‌دا حه‌زی هه‌رزه‌كارییه‌كه‌ی بۆ ته‌واوكردنی خوێندن تێیدا سه‌رهه‌ڵده‌داته‌وه‌، بۆیه‌ ده‌ست به‌خوێندن ده‌كات و خوێندنه‌كه‌ی ته‌واو ده‌كات، تاكو به‌فری سه‌رما و كڕێوه‌ی زستان په‌یتا په‌یتا له‌ قژی ده‌نیشێ و چرچ و لۆچی به‌ڕوخسارییه‌وه‌ به‌دی ده‌كرێت.

 دوای ئه‌وه‌ی دوو كوڕه‌كه‌ی ژن ده‌هێنن و كچه‌كه‌یشی له‌ سه‌روبه‌ندی شووكردندایه‌، سه‌عیدی خۆشه‌ویستی قۆناغی هه‌رزه‌یی به‌ده‌ر ده‌كه‌وێته‌وه‌، ئیدی دڵی لاوی ئه‌م له‌ ناو قه‌فه‌سێكی سه‌رووی په‌نجا ساڵییه‌وه‌ به‌كوته‌ كوت ده‌كه‌وێت و كۆنه‌ ئه‌وینی زینده‌به‌چاڵكراو له‌ ناخیدا سه‌رهه‌ڵده‌داته‌وه‌. دوای چه‌ندین یه‌كتر بینین سه‌عید داوای خواستنی ده‌كات “- توخوا وه‌ره‌ با جارێك له‌ ژیانماندا ته‌نیا بیر له‌ خۆمان بكه‌ینه‌وه‌. سه‌رئه‌نجام ئێمه‌ش به‌شێكمان له‌ ژیاندا هه‌یه‌، وانییه‌؟؟

ده‌بێت له‌گه‌ڵ منداڵه‌كانم قسه‌ بكه‌م” ل512.

به‌ڵام ئه‌و ده‌بێت ڕووبه‌ڕووی مناڵه‌كانی ببێته‌وه‌ و پێیان بڵێت، ئه‌و مناڵانه‌ی هه‌موو ته‌مه‌نی خۆی كرده‌ قوربانیان، كه‌چی مخابن دوای پرس پێ كردن و ڕا وه‌رگرتنیان و بوێرانه‌ ڕووبه‌ڕوو وه‌ستانیان، كاتێك ئه‌و لای ئه‌وان ده‌بێته‌ مایه‌ی گاڵته‌جاڕی و تانه‌ و ته‌شه‌ر، ئیدی به‌رگریی له‌ خۆی پێ ناكرێت و به‌داخ و حه‌سره‌ته‌وه‌ و دوور له‌ ویستی خۆی خوازبێنییه‌كه‌ی سه‌عید ڕه‌ت ده‌كاته‌وه‌.

خۆشه‌ویستییه‌كی خه‌فه‌كراوی چه‌ندین ساڵ چه‌پێنراو دیسانه‌وه‌ زینده‌به‌چاڵ ده‌كرێته‌وه‌ و ئه‌مجاریان بۆ یه‌كجاری ده‌مرێت. نووسه‌ر گه‌لێك ژیرانه‌ هه‌ر دوو قۆناغی فه‌رمانڕه‌وایی شا و خومه‌ینیمان بۆ تاوتوێ ده‌كات و له‌ڕێگه‌ی ژیانی كاراكته‌ره‌كانه‌وه‌ ڕه‌تیان ده‌كاته‌وه‌ و به‌ر نه‌فره‌تیان ده‌دات، بێ ئه‌وه‌ی قسه‌یه‌كی ته‌نانه‌ت كاڵیشیان پێ بڵێت، واتا خۆی لاپه‌ڕ ده‌گرێت و وه‌كو كه‌سێكی بێلایه‌ن قسان ده‌كات. سه‌یر له‌وه‌دایه‌ هێند به‌سه‌بر و به‌ئارامه‌ به‌درێژی 534 لاپه‌ڕ ژیانی زۆربه‌ی كاراكته‌ره‌كان به‌و گۆڕانكارییانه‌ی به‌سه‌ریاندا دێت، ده‌گێڕێته‌وه‌، بێ ئه‌وه‌ی هه‌ناسه‌ی سوار بێت، یان خۆی له‌ كاردانه‌وه‌ گرینگه‌كانی ڕووداوه‌كان بدزێته‌وه‌. تابڵێی واقعبینانه‌ قسان ده‌كات و ده‌دوێت. ده‌فته‌ری سپیی زۆرێك له‌ كاراكته‌ره‌كان به‌سپێتی ده‌كاته‌وه‌ و به‌ڕه‌شی كۆتایییان پێ دێنێت. ده‌كرێت بڵێین ڕۆمانێكی په‌روه‌رده‌یییه‌ هێنده‌ی سیاسی بێت، ڕۆمانێكی پڕ له‌ خۆشه‌ویستییه‌ هێنده‌ی ڕق و تۆڵه‌سه‌ندنه‌وه‌ بێت.

ته‌نیا تێبینیم بۆ وه‌رگێڕی به‌ڕێز ئه‌وه‌یه‌ ده‌بوو باسی نووسه‌ری بۆ بكردینایا و پێی بناساندینایا، چونكه‌ مانه‌وه‌ی به‌م ئاوایه‌ به‌نووسه‌رێكی نه‌ناسراو و بێ ناو ده‌كات، له‌كاتێكدا یه‌كێك له‌ نووسه‌ره‌ هاوچه‌رخه‌ گه‌وره‌كانی ئێرانه‌.

* ڕۆمانی به‌شی من، په‌رینووش سه‌نیعی، وه‌رگێڕانی له‌ فارسییه‌وه‌: ڕووناك شوانی، ده‌زگای چاپ و بڵاوكردنه‌وه‌ی ئاراس، هه‌ولێر 2012. 

 

 

Ojeen_sabah@yahoo.com

 سه‌باح ئیسماعیل

Previous
Next

Leave a Reply