Skip to Content

Tuesday, October 20th, 2020

به‌ندایه‌تی به‌ یه‌كسانی باشتره‌ له‌ ئازادییه‌ك كه‌ یه‌كسانی تێدا نه‌بێ

Be First!
by March 2, 2012 گشتی

 له‌مێژووی سیاسی كوردیدا به‌رده‌وام پرۆسه‌یه‌كی به‌په‌ڕاوێز خستنی مرۆڤی ژیرو خاوه‌ن به‌هره‌و به‌ئه‌زموون هه‌بووه‌و هه‌یه‌ , له‌به‌رانبه‌ریشدا مرۆڤی كه‌م ئه‌زموون و كه‌م مه‌عریفه‌و بێ به‌هره‌ به‌ڵام له‌ ڕووی جه‌سته‌ییه‌وه‌ خورت و به‌هێز زۆر گرنگی پێدراوه‌و له‌هه‌موو قۆناغێكدا پێگه‌ی به‌هێز بووه‌و له‌هه‌موو كاروبارێكدا له‌ڕێزی پێشه‌وه‌ بووه‌ , هۆكاره‌كه‌شی حیزبایه‌تی و ئینتیمای سیاسییه‌ , یه‌كێك له‌كاره‌ساته‌ سیاسییه‌كانی كورد ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ده‌سه‌ڵاتی گرته‌ ده‌ست ئیتر ناتوانێ یاخود نایه‌وێ عه‌داله‌تی كۆمه‌ڵایه‌تی په‌یڕه‌و بكات و به‌ یه‌كسانی مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ تاكه‌كانی كۆمه‌ڵگادا بكات , ئه‌وانه‌ی سه‌ر به‌حیزبی قائیدن ده‌یان جار ماف و ده‌سكه‌وت و ئیمتیازاتیان زیاتره‌ له‌خه‌ڵكی تر , حیزبه‌ ده‌سه‌ڵاتداره‌كان به‌م جیاوازی و نایه‌كسانییه‌ نه‌ریتێكی دزێویان هێنایه‌ ناو سیسته‌می سیاسی و ئیداری و به‌ڕێوه‌بردنی كاروباری وڵات , حیزب حیزبانێ له‌وه‌ش بچوكتر خزم خزمانێ بۆته‌ بیدعه‌یه‌كی خه‌راپ و ته‌واوی كۆمه‌ڵگای هه‌راسانكردووه‌ , ئه‌م ره‌فتاره‌ نالۆژیكی و نامرۆییانه‌ی حیزب هه‌ڵوێستی زۆربه‌ی تاكه‌كانی كۆمه‌ڵگای سه‌باره‌ت به‌ پرسه‌ نه‌ته‌وه‌یی و نیشتمانی و سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان لاواز كردووه‌ , وای كردووه‌ تاكی كوردی هه‌میشه‌ به‌دوای به‌رژه‌وه‌ندی تایبه‌تی خۆیدا بگه‌ڕێت و پشت له‌به‌رژه‌وه‌ندی نیشتمان بكات , له‌ڕاستیدا ئه‌م ناعه‌داله‌تی و نایه‌كسانی یه‌ ئه‌م ڕه‌فتاره‌ ناشارستانییه‌ له‌ هه‌موو دام و ده‌زگاكانی حكومه‌تدا ڕه‌نگ ده‌داته‌وه‌ , بۆ نمونه‌ كه‌سێكی بێلایه‌ن ده‌بێ هه‌موو قۆناغه‌كانی خوێندن ببڕێ هه‌ر له‌ سه‌ره‌تاییه‌وه‌ هه‌تا زانكۆ و خوێندنی باڵاو به‌دیهێنانی شه‌هاده‌ی به‌رز ئینجا ئه‌گه‌ر بكرێت له‌ شوێنێك دابمه‌زرێت , به‌ڵام حیزب دێت بۆ ئه‌ندامه‌كانی خۆی ئه‌و هه‌موو قۆناغانه‌ به‌ یه‌ك هه‌نگاو ده‌بڕێت و به‌بێ خوێندنی زانكۆ و به‌بێ ڕه‌نج و تێكۆشان خه‌ڵكی خۆی له‌هه‌مان شوێن داده‌نێ كه‌ كه‌سه‌ بێلایه‌نه‌كه‌ به‌ ڕه‌نجی خۆی پێی گه‌یشتووه‌ , ئه‌و ناعه‌داله‌تی و نایه‌كسانییه‌ به‌ ئاستێك گه‌یشتووه‌ كه‌ شیرازه‌ی كۆمه‌ڵگای تێكداوه‌و هه‌موو شته‌ جوانه‌كانی له‌ناو بردووه‌ , له‌ وڵاتی ئێمه‌دا عه‌داله‌ت و یه‌كسانی نه‌بۆته‌ نه‌ریتێكی یاسایی و ڕه‌گو ڕیشه‌یه‌كی قووڵی نیه‌ , یاخود زه‌مینه‌ی چه‌سپاندن و گه‌شه‌كردنی نیه‌ , ئه‌وانه‌ی له‌بواری سایكۆلۆژی و سۆسیۆلۆگی كارده‌كه‌ن هه‌میشه‌ ته‌ئكید له‌وه‌ ده‌كه‌نه‌وه‌ كه‌ چ ئه‌ندامانی خێزانێك كه‌ باوك سه‌رپه‌رشتیان ده‌كات چ تاكه‌كانی كۆمه‌ڵگایه‌ك كه‌ حكومه‌ت به‌ڕێوه‌یان ده‌بات ئه‌گه‌ر به‌ یه‌ك چاو سه‌یر بكرێن و به‌ یه‌كسانی مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵدا بكرێت ئه‌وا له‌ڕووی ده‌روونییه‌وه‌ زۆر ئاسوده‌ ده‌بن ئه‌گه‌ر هه‌ژارو كه‌م ده‌رامه‌تیش بن , به‌ڵام له‌ وڵاتی ئێمه‌دا عه‌داله‌ت و یه‌كسانی ته‌نها قسه‌ی سه‌رزاری به‌رپرس ده‌سه‌ڵاتداره‌كانه‌و له‌دام و ده‌زگاكاندا رۆژێ له‌ رۆژان پڕاكتیزه‌ نه‌كراوه‌و خه‌ڵك جگه‌ له‌ گه‌نده‌ڵی و نایه‌كسانی شتێكی تر نابینێ , ناعه‌داله‌تی و نایه‌كسانی به‌جۆرێك په‌ره‌ی سه‌ندووه‌ كه‌ خه‌ڵك هه‌یه‌ مانگێك نابێ له‌زانكۆ و په‌یمانگاكان ده‌رچووه‌ كه‌چی له‌ڕێگای حیزبه‌وه‌ له‌ باشترین شوێن ته‌عین بووه‌ , خه‌ڵكێكی زۆریش هه‌یه‌ چه‌ندین ساڵه‌ به‌ پله‌ی باش و به‌ بڕوانامه‌ی به‌رز ده‌رچووه‌ كه‌چی له‌هیچ شوێنێ وه‌ری ناگرن و خه‌ڵك له‌بێكاریدا نازانێ په‌نا بۆكێ به‌رێت , سیاسه‌ت كردن له‌ كوردستان پرۆسه‌یه‌كی ئاڵۆزه‌ بۆیه‌ چاره‌سه‌ری بۆ كێشه‌و قه‌یرانه‌كان پێ نیه‌ , كه‌ ده‌ستیش له‌ كێشه‌و قه‌یرانه‌كان ده‌دات له‌جیاتی چاره‌سه‌ركردنیان ئاڵۆزترو قووڵتریان ده‌كاته‌وه‌ , چه‌نكه‌ له‌دیدی حیزبه‌وه‌ بۆ كێشه‌كان ده‌ڕوانێت و چاره‌سه‌ركردنه‌كه‌شیان هه‌ر له‌به‌رژه‌وه‌ندی حیزب ده‌بێت , بۆیه‌ كێشه‌و قه‌یرانه‌كان وه‌كو گه‌ڵای دار به‌سه‌ر یه‌كدا كه‌وتوون , ئه‌مڕۆ سیاسه‌تی كوردی وای لێهاتووه‌ كه‌وا كه‌سایه‌تی هاوڵاتی كه‌سایه‌تی تاكی كۆمه‌ڵگا به‌ پێوه‌ری حیزب هه‌ڵده‌سه‌نگێندرێ , هاوڵاتی ئه‌گه‌ر حیزبی بوو ئه‌وا دڵسۆزو نیشتمانپه‌روه‌رو خاوه‌ن خه‌بات و هه‌روه‌ها خاوه‌ن ئه‌رك و ماف و هه‌مووشتێكه‌ , به‌ڵام ئه‌گه‌ر حیزبی نه‌بوو ئه‌وا وه‌كو نیمچه‌ مرۆڤ ته‌ماشای ده‌كرێت و له‌ زۆربه‌ی ئه‌رك و مافه‌ سه‌ره‌تاییه‌كانیش بێ به‌ش ده‌كرێ , گه‌ر قسه‌ش بكات گومانی لێده‌كه‌ن و ده‌یان تۆمه‌تی بۆ هه‌ڵده‌به‌ستن چونكه‌ بیرو بۆچوونی ئه‌و حیزبانه‌ وه‌ها ساویلكانه‌یه‌ گه‌ر یه‌كێك ڕه‌خنه‌یان لێ بگرێت یه‌كسه‌ر به‌دوژمنی خۆیانی له‌ قه‌ڵه‌م ده‌ده‌ن , بێگومان مرۆڤ كاتێ هه‌ست ده‌كات كه‌ له‌گه‌ڵ كه‌سانی هاونیشتمانی و هاوڕه‌گه‌زی خۆی جیاوازی پێ ده‌كرێت و له‌ ئه‌رك و مافه‌كاندا یه‌كسان نیه‌ له‌ناخه‌وه‌ هه‌ست به‌نامۆ بوون ده‌كات , بۆیه‌ بۆ هه‌نده‌ران و بۆ غوربه‌تی سه‌ری خۆی هه‌ڵده‌گرێ , ئه‌و ناعه‌داله‌تی و نایه‌كسانییه‌ی كه‌ له‌ سیسته‌می سیاسی كوردیدا هه‌یه‌ حیزبه‌ ده‌سه‌ڵاتداره‌كان زه‌مینه‌ی بۆ خۆشده‌كه‌ن چونكه‌ له‌به‌رژه‌وه‌ندی خۆیاندایه‌ , ئێستا حیزبه‌ ده‌سه‌ڵاتداره‌كانی كوردستان بوونه‌ته‌ سه‌كۆی دیبلۆماسییه‌تی كوردی و ده‌بێ له‌ڕوانگه‌ی ئه‌وانه‌وه‌ ته‌ماشای ئاینده‌ی ئه‌م گه‌ل و نیشتمانه‌ بكرێت و چی به‌قازانجی ئه‌وان بێت قسه‌ی له‌سه‌ر ده‌كرێت و ئه‌وه‌ی به‌قازانجی ئه‌وانیش نه‌بێت وه‌كو به‌ردی بن گۆمی لێڵ بزر ده‌كرێت ,  بنه‌بڕكردنی گه‌نده‌ڵی و چه‌سپاندنی عه‌داله‌تی كۆمه‌ڵایه‌تی یه‌كێكه‌ له‌ پێداویستی یه‌ هه‌ره‌ گرنگه‌كانی ئه‌مڕۆی كوردستان , چونكه‌ ئێمه‌ هه‌موومان له‌هه‌ر شوێنێك بین و له‌هه‌ر ئاستێكدا بین پێكه‌وه‌ باجی ئه‌م دیارده‌ دزێوه‌ ده‌ده‌ین , بۆیه‌ پێویسته‌ له‌سه‌ر هه‌موومان پێكه‌وه‌ هه‌وڵ بده‌ین بۆ ده‌سته‌به‌ركردنی ماف و ئازادی و عه‌داله‌ت و یه‌كسانی كه‌ ده‌روازه‌ی سه‌رفرازی و به‌ختیاری به‌ڕووی كۆمه‌ڵگاكه‌ماندا ده‌كه‌نه‌وه‌ , ئێمه‌ ده‌بێ هه‌وڵ بده‌ین بێگومان هیچ هه‌وڵێكیش به‌فیڕۆ ناچێت , جارێكیان قوتابییه‌ك له‌ سوكڕاتی پرسی : مامۆستا گیان چۆن ده‌توانین هێزو تواناو ژیری به‌ده‌ست بێنین ؟ سوكڕات وتی با پیاسه‌یه‌ك بكه‌ین بۆ ده‌م ڕوبار , كه‌ چوونه‌ ده‌م ڕوبار له‌وێ سه‌ری قوتابییه‌كه‌ی گرت و نوقمی ژێر ئاوی كرد , قوتابییه‌كه‌ كه‌ خه‌ریك بوو بخنكێ یه‌كسه‌ر ته‌كانێكی داو سه‌ری له‌ژێر ئاو ده‌رهێناو هه‌ناسه‌یه‌كی قووڵی هه‌ڵمژی , سوكڕات پێی وت كه‌ له‌ژێر ئاو بوویت ئاره‌زووی چیت كرد , قوتابییه‌كه‌ وتی هه‌وا هه‌ڵمژین , سوكڕات پێی وت هێزو تواناو عه‌قڵ و ژیری ئه‌گه‌ر به‌م شێوه‌یه‌ ته‌كانی بۆ بده‌یت و هه‌وڵی بۆ بده‌یت ده‌ستت ده‌كه‌وێت , بێگومان ئێمه‌ش ده‌بێ هه‌وڵ بده‌ین بۆ به‌ده‌ست هێنانی ئازادی بۆ به‌ده‌ست هێنانی یه‌كسانی و دادگه‌ری كۆمه‌ڵایه‌تی , با ماف و ئازادی و یه‌كسانی بۆ هه‌موو كه‌س وه‌كو یه‌ك بێت نه‌ك بۆ هه‌ندێك كه‌س به‌ غڕام بێت و بۆ هه‌ندێك كه‌سیش به‌ كێلۆ بێت , ( تۆكفیل ) یش له‌م باره‌یه‌وه‌ قسه‌یه‌كی جوانی هه‌یه‌و ده‌ڵێ ( به‌ندایه‌تی به‌ یه‌كسانی باشتره‌ له‌ ئازادییه‌ك كه‌ یه‌كسانی تێدا نه‌بێت ) * 

 
        
نه‌جات ئه‌سپینداره‌یی                                                                                              

Previous
Next

Leave a Reply