Skip to Content

Sunday, May 9th, 2021

به‌هاری عه‌ره‌بی و شكستی پۆست ئیسلامیزم

Be First!

 

 

پۆست ئیسلامیسته‌كانیش وه‌ك هه‌ر ئایدۆلۆژیا و ڕێبازێكی ئاینی و سیاسی به‌ جۆرێك له‌ جۆره‌كان له‌ ململلانێ سیاسیه‌كان و هاتنه‌ سه‌ر كورسی ده‌سه‌ڵاتیان ئه‌گه‌ر هه‌یه‌ ناشرینی له‌گه‌ڵ خۆیاندا هه‌ڵگرن.

به‌ بڕوای بیرمه‌ندی فه‌ره‌نسی ئۆلیڤه‌ر ڕوا، پۆست ئیسلامیسته‌كان ئه‌و هێز و گروپ و تاكانه‌ن كه‌ له‌ دنیای عه‌ره‌بی و ئیسلامیدا لانی كه‌م بڕوایان به‌ هه‌ڵبژاردنی پارله‌مانی و موماره‌سه‌ی سیاسی هه‌یه‌ و له‌ موماره‌سه‌كردنی ژیان و  سیاسه‌ت و كاردا وه‌ك كاره‌كته‌ر یان گروپ و هێزه‌ عه‌لمانیه‌كان ڕه‌فتار ده‌كه‌ن. ئۆلیڤه‌ر ڕوا ئه‌م جۆره‌ گروپ و هێزانه‌ ناو ده‌نێت پۆست ئیسلامیست و پێی وایه‌ ئه‌مان به‌مانایی ئیسلامی وه‌ك ئه‌وه‌ی له‌ سه‌ده‌ی ڕابردوودا حزبه‌ ئیسلامیه‌كان بانگه‌شه‌یان بۆ ده‌كرد ته‌واو جیاوازن. ئه‌و نمونه‌ی ئه‌م هێزانه‌ به‌وه‌ ده‌هێنێته‌وه‌ كه‌:

یه‌كه‌م: ئیسلامیسته‌كان وه‌ك عه‌لمانیه‌كان ئه‌وه‌نده‌ی ڕوو له‌ زانكۆ و ناوه‌نده‌ ئه‌كادیمیه‌كان ده‌كه‌ن، ئه‌وه‌نده‌ ڕوو له‌ مزگه‌وت ناكه‌ن و سه‌رقاڵبوونیان به‌ دامه‌زراوه‌كانه‌وه‌ وایان لێ ده‌كات وه‌ك عه‌لمانیه‌كان سه‌رقاڵ بن به‌ ژیانه‌وه‌.

دووه‌م: باس له‌ یه‌كسانی كۆمه‌لایه‌تی و جیاوازی ده‌كه‌ن و ئه‌وه‌ی لایان جێی باس نیه‌ ئوممه‌ی ئیسلامیه‌. بۆ نمونه‌ حزبێكی وه‌ك برایانی موسوڵمان له‌ مسر و نه‌هزه‌ له‌ تونس ئه‌وه‌نده‌ی سه‌رقاڵی وڵاته‌كه‌ی خۆیانن ئه‌وه‌نده‌ باس له‌ ئوومه‌ی ئیسلامی ناكه‌ن وه‌ك ئه‌وه‌ی ئیسلامیسته‌كان له‌ سه‌ده‌ی ڕابردوودا له‌سه‌ری كۆك بوون.

سێیه‌م: ئه‌م هێزه‌ دینیانه‌ وه‌ك هێزه‌ عه‌لمانییه‌كان به‌شدار ده‌بن له‌ پرۆسه‌ی دیموكراسیدا. ئه‌م هێزانه‌ به‌ به‌شدارییه‌كی جدییه‌وه‌ له‌ ململلانێی سیاسی به‌ كه‌ره‌سته‌ مۆدێرنه‌كانه‌وه‌ به‌شدار ده‌بن. باس له‌ مافه‌كانی مرۆڤ ده‌كه‌ن و ته‌له‌فزیۆنیان هه‌یه‌ و ئه‌وه‌ی هێزه‌ عه‌لمانیه‌كان بۆ گه‌یشتن به‌ كورسی ده‌سه‌ڵات ده‌یكه‌ن، ئه‌مان به‌زیادیشه‌وه‌ ئه‌نجامی ده‌ده‌ن به‌بێ ئه‌وه‌ی بیر له‌وه‌ بكه‌نه‌وه‌ وه‌ها ڕه‌فتارێكی سیاسی و تاكه‌كه‌سی چه‌نده‌ له‌گه‌ڵ ده‌قی پیرۆزدا یه‌كده‌گرێته‌وه‌.

لێره‌وه‌ دیدی ئۆلیڤه‌ر ڕوا دیدێكی جیاوازه‌ له‌ دیده‌كانی تر له‌مه‌ڕ ئیسلامیه‌كان. ئه‌و گه‌ره‌كێتی چه‌مكی موقه‌ده‌سی سیاسی له‌م هێزه‌ دینیه‌كانه‌ بكاته‌وه‌ و پێمان بڵێت ئه‌وانیش هێزی مۆدێرنن و ئه‌گه‌ری هه‌ڵه‌ و كه‌مو كوڕیشیان هه‌یه‌.

چۆن پۆست ئیسلامیسته‌كان ببه‌ستینه‌وه‌ به‌ به‌هاری عه‌ره‌بییه‌وه‌؟ هێزه‌ دینیه‌كانی دنیای عه‌ره‌بی كه‌ ئۆلیڤه‌ر ڕوا به‌ پۆست ئیسلامیست ناویان ده‌با، چون ده‌توانن له‌ به‌هاری عه‌ره‌بیدا مامه‌ڵه‌یه‌كی عه‌قڵانی بكه‌ن؟ به‌ڵام ئه‌وه‌ی له‌ به‌هاری عه‌ره‌بی و به‌تایبه‌ت مسر دا ڕویدا ڕێك وامان لێ ده‌كات قه‌ناعه‌ت به‌و دیده‌ بهێنین كه‌ ئیسلامیه‌كان دیموكراسی وه‌ك ماسكێك به‌كار ده‌هێنن.  

به‌كورتی ڕاستی هێزه‌ دینیه‌كان له‌ به‌هاری عه‌ره‌بیدا ده‌رده‌كه‌وێت و به‌ هه‌ڵبژاردنی مورسی یه‌كه‌م سه‌رۆكی ئیسلامی له‌ مسردا خه‌ریكه‌ ده‌مامكی ئه‌م هێزه‌ پۆست ئیسلامیسته‌( به‌دیدی ڕوا) داده‌ماڵرێت. بۆیه‌ لامان سه‌یر نه‌بێت ئه‌مه‌ وا له‌ بیرمه‌ندی عه‌ره‌بی تارق ڕه‌مه‌زان بكات كه‌ له‌ سه‌ره‌تاوه‌ به‌هاری عه‌ره‌بی به‌ شۆڕش ناو ده‌بات و له‌ چاوپێكه‌وتنێكی كه‌ناڵی جه‌زیره‌ له‌گه‌ڵ بیرمه‌ندی جیهانی سلاڤۆی ژیژه‌ك به‌هاری عه‌ره‌بی به‌ شۆڕش ناوببات و پاش هاتنه‌ سه‌رده‌سه‌ڵاتی ئیسلامیه‌كانیش تارق ڕه‌مه‌زان به‌ ده‌نگی به‌رز ڕایبگه‌یه‌نێت كه‌ له‌ مسردا شۆڕش دزاروه‌.

ئه‌وه‌ی ئیشكال هه‌ڵده‌گرێت له‌ دیدی ئۆلیڤه‌ر ڕوادا ئه‌وه‌یه‌ كه‌ قسه‌ له‌سه‌ر ئه‌و ماسكه‌ ناكرێت كه‌ ئیسلامیسته‌كان هه‌ڵیانگرتووه‌. خوێننه‌وه‌ی ئه‌و ماسكه‌ زۆر گرنگه‌ بۆ توێژه‌ر، ئه‌و گه‌مه‌یه‌ی هێزه‌ دینیه‌كان له‌ خۆرهه‌ڵات ده‌یكه‌ن زۆر ترسناكه‌. ئه‌وه‌ی ئۆلیڤه‌ر ڕوا هه‌ستی پێناكات ئه‌و ماسكه‌یه‌ كه‌ ئیسلامیسته‌كان پۆشیویانه‌ و له‌گه‌ڵ هاتنه‌ سه‌ر ده‌سه‌ڵاتیان داده‌ماڵرێن.

لێره‌وه‌ ئێمه‌ له‌به‌رده‌م به‌هارێكی عه‌ره‌بیداین كه‌ تا دێت ماسكی هێزه‌كانی تێدا ده‌كه‌وێت و ده‌ستی پۆست ئیسلامیسته‌كان كه‌شف ده‌بێت و به‌ دیموكراسی دێنه‌ سه‌ر ده‌سه‌ڵات و دواجار خۆیان دیموكراسی ده‌كوژن. ڕێك ئه‌مه‌ له‌ ئێستای مسردا ده‌رده‌كه‌وێت. ده‌سكاریكردنی یاساكان له‌لایه‌ن مورسیه‌وه‌( سه‌رباری تێبینی له‌سه‌ر یاساكان) ده‌سكاری مسر بكات و بیكاته‌ ده‌وڵه‌تێكی ئیسلامی. هه‌رچه‌نده‌ ئه‌مان شه‌ڕی گه‌وره‌یان دژ به‌ دیكتاتۆریه‌ت كردووه‌ به‌ڵام نوسه‌ر عه‌بدولڕه‌حمان ڕاشد ئه‌وه‌ ناشارێته‌وه‌ كه‌ زۆرێك له‌ هێزه‌ دینیه‌كان شه‌ڕی دیكتاتۆریه‌تیان كردووه‌ و دواجاریش وه‌ك دیكتاتۆره‌كان ڕه‌فتاریان كردووه‌. ڕاشد له‌ نوسینێكدا به‌ناوی ( مورسی به‌هاری عه‌ره‌بی كوشت) نمونه‌ی خومه‌نی له‌ ئێران و حه‌سه‌ن تورابی له‌ سودان و حه‌ماس له‌ فه‌له‌ستین ده‌هێنێته‌وه‌، كه‌ چۆن ڕه‌فتار و ئه‌و ده‌سه‌ڵات و نیمچه‌ ده‌سه‌ڵاته‌ی هه‌یانبووه‌ ڕاستی خۆیان تێیدا ده‌ركه‌وتووه‌. 

بۆ ئه‌وه‌ی شۆڕشه‌كان بمێننه‌وه‌، بۆ ئه‌وه‌ی به‌هاری وڵاتان نه‌بێت به‌ زستانی سه‌رخت، ده‌بێت ئه‌و ماسكانه‌ ببینین كه‌ هێزه‌ دینیه‌كان ده‌یپۆشن، هه‌رچه‌نده‌ گرنگه‌ ئه‌م هێزانه‌ بێنه‌ سه‌ر ده‌سه‌ڵات بۆ ئه‌وه‌ی سحری ته‌ماحه‌ سیاسییه‌كانیان به‌تاڵ بێته‌وه‌، به‌ڵام نابێت ئه‌وه‌ش بشارینه‌وه‌ ڕه‌نگه‌ ئه‌م هێزانه‌ به‌هاتنه‌ سه‌ر 

ده‌سه‌ڵاتیان زۆر شت له‌گه‌ڵ خۆیاندا بسوتێنن. 

 

عه‌زیز ڕه‌ئووف

سه‌رچاوه‌كان:

1.دیدی ئۆیڤه‌ر ڕوا:  http://geopolitics.blog.lemonde.fr/2011/04/03/%E2%80%9Cthis-is-not-a-islamic-revolution%E2%80%9D-olivier-roy-and-the-middle-east-uprisings/

2.دیدی تاریق ڕه‌مه‌زان: http://www.aljazeera.com/programmes/rizkhan/2011/02/2011238843342531.html

3.دیدی عه‌بدولره‌حمان راشد: http://www.asharq-e.com/news.asp?section=2&id=31936

 

 

 

 

Previous
Next

Leave a Reply